چیرۆكی خۆشەویستی نابیناكان عەشقی ڕاستەقینە لەناو دڵدایە نەك چاو

چیرۆكی خۆشەویستی نابیناكان عەشقی ڕاستەقینە لەناو دڵدایە نەك چاو
خۆشەویستی یەكێكە لەو چەمكانەی كەهەموومان بەپیرۆزییەوە تەماشای دەكەین و بەشێوەیەكی گرنگ لێی دەڕوانین لەبەر ئەوەی كە هەموومان دەزانین خۆشەویستی بەهۆی ڕووخسارەوە دروست دەبێت و مرۆڤ بەهۆی چاوەكانیەوە بەكەسێك كارتێكراو دەبێت، بەڵام نابیناكان كەبێبەشن لەبینین و تەنیا بەبیستن مامەڵە لەگەڵ كەسی بەرامبەریان دەكەن و خۆشەویستیەكەشیان جیاوازترە لەهی مرۆڤە چاوساغەكان، لەبەر ئەوەی نابیناكان بە وتەی خۆیان تەنیا بەهۆی بیستن و هەستی شەشەمەوە، دەتوانن هەست بەسۆز و خۆشەویستی بەرامبەریان بكەن.
***
ئا/سانە



دڵ كانگای هەست و سۆز و خۆشەویستییە، بۆیە كاتێك مرۆڤ ئەگەر هەستی بینینی لەدەست دابێت یاخود هەر بە درێژایی ژیانی نابینا بووە، مانای ئەوە نییە كە نەتوانێت خۆشەویستی خۆی بدۆزێتەوە، لەمبارەیەوە نابینا حەسەن یوسف قوتابی خوێندنی باڵا و مامۆستا لەپەیمانگای ڕووناكی نابینایان ئاماژەی بە گرنگی دەنگ و بیستن دا كە بۆ دروستبوونی خۆشەویستی ڕۆڵێكی گرنگ لەژیانی هەموو نابینایەكدا دەبینێت و دەڵێت «خۆشەویستی لای چاوساغەكان لەرێگەی ڕووخسارەوە دەبێت، بێگومان ئەمەش هەڵەیە، چونكە هەركاتێك ئەو كەسە ئەو جوانی ڕووخسارەی لەدەستدا، ئەوكات ئەو خۆشەویستیە كەم دەبێتەوە، بەڵام نابیناكان لەكاتی خۆشەویستیدا پەنا دەبنە بەر دەنگ و لەو پێناوەدا لەرێگەی دەنگ و هەستی كەسی بەرامبەرەوە یەكتریان خۆشدەوێت، زۆرجار ڕەنگە دەنگەكە ئەگەر ناسكبێت ئێمەی نابینا هەست بەجوانی ئەو كەسە دەكەین، بەجۆرێك خۆشەویستی لەناو نابیناكاندا لەسەر بنەمای ڕوحیە بەپێچەوانەی چاوساغەكانەوە كە ڕووخساریان كردۆتە بنەمایەكی سەرەكی». ئەو مامۆستایە بەو جۆرە هەستی خۆی بۆ خۆشەویستەكەی دەربڕیوە لەرێگەی شیعرەوە كە دەڵێت:
گەلێ سەیرە بەبێ دیتن لەبۆت مەلوول و كەساسم نازانم چۆن خۆشم ویستیت بەبێ ئەوەی بتناسم
بڕوا بكە تەینا یەكێك ناوی تۆی بەگوێدا چرپاندم لەوكاتەوە دڵم دێشێت جەرگ و دڵی خورپاندنم
وێناكردنی عەشق لەلای نابیناكان لەسەر بنەمای وێنەكردنی ڕوح دەبێت و لەم بارەیەوە مامۆستا حەسەن ئاماژەی بەوەدا كە هەموو نابینایەك كە دەكەوێتە وتووێژ لەگەڵ بەرامبەرەكەیدا، لەزهنی خۆیدا وێنەیەكی ڕوحی بۆ دروستدەكات، بەجۆرێك ئەگەر دەنگێكی ناسكی گوێ لێبێت وێنەی كچێكی شۆخوشەنگی جوانی باڵابەرز دەكێشێت، لەبەر ئەوە خۆشەویستی لای نابیناكان تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەدەگمەن نابینایەك شكست بەخۆشەویستیەكەی دێت، حەسەن بۆ چەمكی خۆشەویستی دەڵێت «پێویستە خۆشەویستی لەسەر بنەمایەكی ڕۆحی بێت، بەداخەوە زۆر لە هەرزەكارەكان پێوەندییەكانیان ناولێدەنێن عەشق، بەڵام عەشق چەند قۆناغێكی هەیە، سەرەتا پێوەندیە ئەگەر پێوەندییەكە لەسەر بنەمای ڕۆحی بێت، دەگوازێتەوە بۆ قۆناغی خۆشەویستی و دواتر بۆ قۆناغی عەشق، لەبەر ئەوە گەیشتن بەقۆناغی عەشق كەمێك قورسە، چونكە عەشق تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەجۆرێك تێكچوونی ڕووخسار یان لەدەستدانی ئەندامێكی جەستە كارناكاتە سەر عەشق».
نابینا كەسێكی خۆش بووێت لەبیری خۆی وێنەی بۆ دەكێشێت
زێرەڤان بورهان مونیر یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەیمانگای ڕووناكی نابینایان سەبارەت بە خۆشەویستی لای نابیناكان پێوایە «دەنگ گەورەترین ڕۆڵی لەدروستكردنی خۆشەویستی لەلای نابیناكان هەیە، بەجۆرێك بەهۆی دەنگەوە دەتوانین ڕاستەوخۆ وێنەیەكی خەیاڵی ئەو كەسە بۆخۆت دروستبكەیت، دەنگ دەتوانێت هەموو هەست و سۆزێك لەلای مرۆڤ دروستبكات». هەموو مرۆڤێك كۆمەڵێك خەون و خەیاڵی هەیە بۆ ڕەگەزی بەرامبەری كە دەبێتە هاوبەشی ژیانی و دەربارەی ئەوەی زێرەڤان دەڵێت «خۆشەویستی لای نابیناكان بەقۆناغێك و شێوازێكی تایبەتیدا تێدەپەڕێت بەجۆرێك، نابینا كاتێك كەسێكی خۆشدەوێت ڕاستەوخۆ ئەو كەسە نابینێت، بەڵكو لەبیری خۆیدا وێنەیەكی خەیاڵی بۆ ئەو كەسە دروست دەكات، چونكە ئەو كەسە لە دڵییەوە خۆشەویستە و دەتوانێت هەموو مەرج و خەیاڵەكانی لەو كەسە لەرێگەی دڵییەوە هەست پێبكات، زۆرجار دەنگیش كاریگەری هەیە، چونكە لای ئێمە دەنگ سەرەكیترین پێوەرە بۆ ژیانی خۆشەویستی، ساتەكانی دڵداری لای نابینا وەك هەر مرۆڤێكی تری ئاسایی دڵی پڕە لەدەربڕینی هەست و نەست بەجۆرێك هەموو نابینایەك لەكاتی دڵداریدا هەست بەسۆز و خۆشەویستی كەسی بەرامبەری دەكات و كاتێك كە لەگەڵ عاشقەكەیدا دادەنیشێت هەست بەجوانی ڕۆحی ئەو كەسە دەكات، وێنەیەك لەمێشكیدا دروست دەكات كەجوانترین و ناسكترین كەس بەرامبەری دانیشتووە».
خۆشەویستی لە بینینی چاو بەهێزترە
گوڵزار حەسەن مامۆستایەكی نابینایە لەپەیمانگای ڕووناكی نابینایان ماوەی سیانزە ساڵە چۆتە پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە و مێردەكەشی هەر نابینایە، باسی لەوە كرد كە نابینا وەكو هەر مرۆڤێكی تر هەست و سۆزی هەیە و دەتوانێت بچێتە ناو پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە و خۆشەویستیش لە دڵیان دا ڕۆژ بەرۆژ بەردەوام لە زیاد بوون دایە و دەشڵێت «ئەگەر من چاوەكانم نابینێت مانای ئەوە نییە دڵیشم نەبینێت و نەتوانم خۆشەویستی بكەم، بەڵكو زۆركەس هەیە چاوەكانی ساغە، بەڵام ناتوانێ خۆشەویستیەكی تەندروست بەدەست بێنێت، چونكە خۆشەویستی خۆی لە بینینی چاو بەهێزترە كاتێك دەچێتە دڵی مرۆڤەوە، زۆرجاریش خۆشەویستی وایكردوە كە مرۆڤەكان هیچ عەیبێكی یەكتری نابینن».
كچان كۆمەڵێك مەرجیان هەیە بۆ ئەو كەسەی كە دەبێتە هاوبەشی ژیانیان، گوڵزاریش وەكو هەر كچێكی ئاسایی مەرجی تایبەتی هەبووە بۆ ئەو كەسەی كە دەبێتە خۆشەویستی و هاوسەری ژیانی، مەرجە سەرەكیەكانی ئەویش ئەوەبووە كەنابێت دڵی پیس بێت و ئازادی لێ بستێنێت و ڕەزیلیش نەبێت. گوڵزار دەڵێت «دوای ئەوەی ژیانی هاوسەرگیریم پێكهێناوە هاوسەرەكەم هەرچەندە لەتەمەن زۆر لەمن گەورەترە، بەڵام هیچ كێشەیەكمان نییەو زۆر ڕێزم لێدەگرێت و خۆشی دەوێم و ژیانی ڕۆژانەشمان بە دەوام و كاری ناو ماڵەوە بەسەر دەبەین و كچێكی تەمەن 11ساڵەشمان هەیە، كە پۆلی پێنجەمی سەرەتایە و ئەو چاوەكانی ساغە لە زۆربەی كارەكانی ناو ماڵەوە یارمەتیمان دەدات من ڕووخساری كچەكەم نەبینیوە، بەڵام بەچاوی دڵمەوە دەتوانم بیبینم كە جوانترین كچی دنیایە».
خۆشەویستی لە ڕێگای دڵەوە دەكرێت نەوەك چاوەكان
گرنگترین بنەما بۆ دروسبوونی خۆشەویستی ڕاستگۆییە لەنێوان مرۆڤەكاندا لەبەر ئەوەی كە مرۆڤەكان پێویستیان بەیەكترە هاوكاری یەكتر بین متمانە بەیەك بكەن، بێریڤان فایەق ماوەی شانزە ساڵە كارمەندە لەپەیمانگای نابینان ئاماژەی بەوەدا كە هەر مرۆڤێك سۆز و خۆشەویستی لە دڵەوە هەبێت، ئەوا دەتوانێت خۆشەویستی بكات و دەشڵێت «خۆشەویستی لەنێوان مرۆڤەكاندا ئاسایی یان نابینا لەكاتێكدا دروست دەبێت كەسۆز و خۆشەویستیان لە دڵەوە هەبێت، چونكە خۆشەویستی لە ڕێگەی دڵەوە دەكرێت نەوەك چاوەكان».
لە ڕێگەی دەست لێدانەوە دەروونیان هاندەدرێت كە دڵیان پڕبێت لە خۆشەویستی
هەمووكات خۆشەویستی پێوەندیەكی بەهێزی هەیە لەگەڵ لایەنی دەروونی، زۆرجار خۆشەویستی وادەكات لە ڕێگەی دەروونەوە ئومێدێكی گەورە لە ژیان بە مرۆڤەكان ببەخشێت و لەهەمانكاتیشدا هەر خۆشەویستی دەتوانێت دەروونی مرۆڤ ئازار بدات. بۆیە خۆشەویستی توانای ئەوەی هەیە كاریگەری لەسەر دەروونی نابیناكانیش هەبێت، توێژەری دەروونی نەدا ئیبراهیم پێیوایە كە نابیناكان لەڕووی دەروونییەوە زۆر هەستیان ناسكە، لەبەر ئەوە پێویستە بەشێوەیەكی زۆر سۆسیۆلۆژیانە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و هەست بەوە نەكەن كە نابینان و ئیتر لە خۆشەویستی و خۆشی ژیان بێ بەشن، لەبارەی بوونی خۆشەویستی و لایەنی دەروونی نابیناكان ئەو توێژەرە دەڵێت «نابینا زیاتر بەدەنگ خۆشەویستی دەكات، چونكە دەنگ كاریگەری لەسەر دەروونیان هەیە، بۆیە كاتێك عاشقی كەسێك دەبن پێویستە ئەو كەسە هەوڵبدات گرنگیەكی تایبەت بەو خۆشەویستیە بدات. بۆ نموونە بەردەوام دەستەكانی بگرێت و لێی نزیك بێتەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی دەست لێدانەوە دەروونیان هان بدرێت كە دڵیان پڕبێت لە خۆشەویستی».
Top