زیـــــانەكـانی نەرگیلە لەڕووی كۆمەڵایەتی و تەندروستییەوە

زیـــــانەكـانی نەرگیلە لەڕووی كۆمەڵایەتی و تەندروستییەوە
***
كێشانی نێرگەلە لە شوێنە‌ گشتییە‌كان یان لە ماڵە‌وە یان لە گەشتو سەیران لە‌لایەن گە‌نجانە‌وە،‌ كارێكی ئاسایی و سروشتییە، بەڵام ماوە‌یە‌كە‌ خە‌ریكە‌ كێشانی نە‌رگیلە‌ لە‌لایە‌ن كچانە‌وە‌ دە‌بێتە‌ دیاردە‌یە‌ك، ئە‌مە‌ش لە‌ زۆر لایە‌نە‌وە‌ مایە‌ی تێبینی و سە‌رنجە‌، چونكە‌ بە‌دە‌ر لە‌زیانە‌ زۆرە‌كانی جگە‌رە‌ بۆ سە‌ر تە‌ندروستی ئە‌وا لە‌لایە‌كی دیكە‌وە‌ پێویستە‌ كچان مێینە‌تی خۆیان لە‌بە‌رچاو بگرن و درك بە‌وە‌ بكە‌ن كە‌ جگە‌رە‌و نە‌رگیلە‌ تا ڕادە‌یە‌ك مێینە‌تیان د‌ەشارێتە‌وە، ئایا ئە‌م دیاردە‌یە‌ لە‌ ئە‌نجامی ئازادی و ڕێگا پێدانی كە‌سوكارە‌، یان لە ئە‌نجامی بڵاوبوونە‌وە‌ی دیاردە‌كەیە، یانیش لە‌ ئە‌نجامی هەبوونی هاوڕێی خراپە‌.
***
ئا/ دیار سالار



كێشانی نێرگەلە لەناو ئافرەتاندا لەئێستادا لەهەرێمی كوردستان بۆتە دیاردەیەكی باو، هەندێك لە ئافرەتەكان بە بەردەوامی ڕۆژانە ئارەزوو دەكەن بیكێشن، بەجۆرێك بەكارهێنانی ڕۆژ بەڕۆژ لە تەشەنە كردن وپەرەسەندندایە، هەندێكیان وەك چاولێكەرییەك بەكاری دەهێنن، بەشێكی تریان بۆڕاكێشانی سەرنجی پیاوانە بە لای خۆیاندا، هەندێكی تریان لایان بووەتە نەریتێك و ناتوانن وازی لێبهێنن.
ئەوەی گرنگە نێرگەلەكێشان بەیەكێك لەمەترسییە سەرەكییەكانی سەردەم ئەژمار دەكرێت، بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی پاراستنی تەندروستی جیهانی ژمارەی نێرگەلەكێشەكان لەجیهاندا 100 ملیۆن كەس دەبێت.
بەشێكی زۆری كچانی هەرزەكار بۆسەرنج ڕاكێشانی پیاوان نێرگەلە دەكێشن، لەمبارەیەوە تامان حەسەنی تەمەن 27ساڵ ئاماژەی بەوەدا كە زۆربەی كچان ئارەزوو دەكەن پیاوان تەماشایان بكەن، نێرگەلەش هۆكارێكی زۆر گرنگە بۆ ڕاكێشانی سەرنجی پیاوان، تامان هەروەها دەڵێت: (ئەو كاتەی جگەرەم دەكێشا بەبەردەوامی كوڕانی دەوروبەری خۆم سەیریان دەكردم، كەچی ئێستا چونكە كچی جگەرەكێش زۆربوون كەس تەماشام ناكات، بەڵام كەكچێك لەكافتریایەكدا نێرگەلە دەكێشیت سەرنجی هەموو پیاوەكان بۆخۆی ڕادەكێشێت، ئەمە بێجگە لەوەی كەنێرگەلە خۆشییەكەی لەجگەرە زیاترە) ئەو كچە وەك خۆی باسی دەكات شەوانە سێ بۆ چوار نێرگەلە دەكێشێت، رێژەیەكی زۆر لەكوڕان سەرسامی دەبن و داوای ژمارەی مۆبایلی لێدەكەن.
سوهەیلە عومەری تەمەن 26 ساڵ خەڵكی شاری بەغدایە، بەهەمان شێوە پێشتر جگەرەكێش بووە، ئەو دەڵێت: جگەرەم تەرك كردء فێری نێرگەلەكێشان بووم، بەڵام نێرگەلەكە لەجگەرەكە خراپترە، زیانی زۆرە فێری بووم و بۆم تەرك ناكرێ، ئەو كچە هەروەها ئەوە دەدركێنی كە چۆتە لای پزیشكء پزیشكەكە پێی وتووە ئەگەر یەك نێرگەلە بكێشیت وەكوئەوە وایە یەك پاكەت جگەرەت كێشا بێت، ناوبراو دان بەوەدا دەنێت كە لەڕووی مادییەوە زیانی پێگەیشتووە، چونكە یەك نێرگەلە بەشەش تاحەوت هەزاردینارە خەرجیی شەوێكی چوونە دەرەوەی دەگاتە چل هەزار دینار، ئەمەش هەموو شەوێك دووبارە دەبێتەوە.
ئاورینگ زێوەری تەمەن چل وپێنج ساڵ پێشتر لەبەغدا ژیاوەو فێری نێرگەلە كێشان بووە، سەبارەت بەچۆنییەتی خوو گرتنی بە نێرگەلەوە دەڵێت: لەگەڵ هاوڕێكانمدا بۆ ڕێستۆرانتەكان دەڕۆیشتین و نێرگەلەم دەكێشا، ئێستاش دوو هاوڕێی ئافرەتی عەرەبم هەیە كە بەیەكەوە نێرگەلە دەكێشین.
بەشێكی زۆری كچە هەرزەكارەكان بەنهێنی و بەبێئاگاداری كەسووكاریان نێرگەلە دەكێشن لەم بارەیەشەوە سندوس كە كچێكی 21 ساڵە دەڵێت: (زۆربەی جار لە كافتریاكان لەگەڵ برادەرە عەرەبەكانمدا نێرگەلە دەكێشم، بەڵام تائێستا نەمهێشتووە باوك و براكانم بەمە بزانن، چونكە ئەگەر ئەوان بزانن سزام دەدەن، سەبارەت بەتووش بوونی بەكێشەو گیروگرفت، سندوس ئاماژەی بەوەدا كە زۆر جار لەكاتی كێشانی نێرگەلەدا كوڕان داوای ژمارە مۆبایلیان لێكردووە كێشەیان بۆدروستكردووە.
بەپێچەوانەوەی هەندێكی تر لە ئافرەتان هەن كە نەرگێلە بەنەریتێكی نادروست دەزانن، لەمبارەیەوە ئارەزوو عەلی پێیوایە نێرگەلە كێشانی ئافرەتان شتێكی ناشیرینە، ناوبراو پێوایە فێربوونی ئافرەتان بەم كارە جگە لەوەی چاولێكەرییەكی كوێرانەیەو هیچی تر نییە.
خاوەنی كافتریای سەفیر لەشارۆچكەی عەنكاوە، پێیوایە بەهۆی چاولێكەری كچە عەرەبەكانەوە كچە كوردەكان فێری كێشانی نێرگەلەبوون، ئەو خاوەن كافتریایە، كە ماوەی دوو ساڵە ئەو كارە دەكات، ئاماژە بەوە دەكات كە بەبەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوودا رێژەی نێرگەلە كێشان لە نێو كچان زۆر زیادیكردووە.
بەبۆچوونی جوان كەمال، كە توێژەری كۆمەڵایەتییە، زیادبوونی ڕێژەی نێرگەلە كێشانی ئافرەتان دەگەڕێتەوە بۆچاولێكەری و نێرگەلەكێشانی ئافرەتان دیاردەیەكی ناپەسەندە، چونكە كۆمەڵگەی ئێمە خاوەنی كۆمەڵێك دابوونەریتی كۆمەڵایەتی جوانە كەپیرۆزی خۆی هەیەو ئافرەتێك كەلەبەرچاوی كۆمەڵێك پیاودا لەكافتریایەك نێرگەلە دەكێشێت سووكایەتی بەخۆی و خێزانەكەی دەكات.
سەبارەت بەكاردانەوەی كۆمەڵگە جوان دەڵێت ((نێرگەلەكێشانی ژنان دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی ناپەسەندە زۆرجار ئافرەتی نێرگەلەكێش دەكەوێتە بەرتیرو توانجی پیاوان، یان هەندێكجار بەهۆی كێشانی نێرگەلەوە ئافرەتەكان دووچاری كێشەی كۆمەڵابەتی دەبنەوە،تەنانەت ئافرەت هەبووە بەهۆی نێرگەلەكێشانەوە تووشی كاری لەشفرۆشی بووە.
ناوبراو ئاماژە بەوە دەدات كە كێشانی نێرگەلە لەڕووی دەروونییەوە زیانی زۆری هەیە كە هەندێك كەس بەجۆرێك لەخودگیری و تووشی دەبن ئالوودەبوون دێن، هەروەها لەڕووی ئابووریشەوە زۆربەی ئەو ئافرەتانەی نێرگەلەكێشن پارەیەكی زۆر خەرج دەكەن زیان لە ئابووریی خێزانەكەیان دەدەن.
دكتۆرە هانا عوسمان پسپۆڕی نەخۆشیەكانی ژنان سەبارەت بەكێشانی نێرگەلە لەلایەن ئافرەتانەوە دەڵێت: كێشانی نێرگەلە لەڕووی تەندروستییەوە زیانێكی زۆری بۆ ئافرەت هەیە، بەڵام بەداخەوە ئافرەتان زیانەكانی بەهەند وەرناگرنء پێیانوایە ئەگەر بەراوردی بكەیت بەجگەرەكێشان ئەوا نێرگەلە زیانی نییە، بەڵام هەموو توێژینەوەكان سەلماندویانە كە لەڕووی تەندروستییەوە زیانێكی زۆری هەیە، ناوبراو ئاماژە بەوە دەكات كە نێرگەلە و جگەرە بەماددەی هۆشبەر ناودەبرێن، ئەو توێژینەوە دەڵێت: نێرگەلە لە جگەرە زۆرخراپترە پێكهاتەكانی وەكوجگەرە وان، باس لەوەشدەكات كە لەڕووی تەندروستییەوە هەموو ئەندامەكانی لەش دەكەونە ژێر كاریگەری نێرگەلەوە، بێجگە لەوەی زۆرجار بەهۆی فلتەری دەمی نێرگەلەوە چەند كەسێك نەخۆشی لەیەكترەوە دەگرن، هەروەها نێرگەلە هۆیەكە بۆبڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان.
نێرگەلە زیانەكانی زۆر زیاترە لەزیانەكانی جگەرە ئاماژە بۆ ئەوە دەكرێت لەهەندێك لەتوێژینەوەكان دەریخستووە نێرگەلە ئەگەر بۆماوەی یەك كاتژمێر بیكێشیت 100 - 200 هێندەی جگەرە لەدوكەڵ و 70 ئەوەندەی جگەرەیەك لەنیكۆتین زیاترە، هەروەها گەورەترین زیان بەئافرەتی دووگیان دەدات، جگەلەوەش كە مادەی هۆشبەرو ئاڵودەكەر وەردەگرێت، بەڵام ئافرەتان هۆشیاریان زۆركەمە لە ئاست ئەم ئاماژانە، بەجۆرێك هەندێك لەو ئافرەتانەی بەكاری دەهێنن زۆرجار پێچەوانەیە وادەزانن كە نێرگەلە زیانی كەمە یان هەر نییەتی.
ناوبراو، دەڵێت: ئافرەتی نێرگەلە كێش زۆر زوو تووشی نەخۆشیەكانی سی دەبێت بیجگە لەوەی ئەگەر دووگیان بێت مەترسی لەسەر ژیانی كۆرپەلەكەی دروست دەبێت، رەنگە منداڵەكەی كەمئەندام دەربچێت..
Top