كاتێك پیاو چاوی دەبێتە هەڵۆ و بەكەس ناگیرێت...!

كاتێك پیاو چاوی دەبێتە هەڵۆ و بەكەس ناگیرێت...!
سەیركردنی ئافرەتان لەلایەن پیاوانەوە یەكێكە لەو دیاردە كۆمەڵایەتیانەی كە لە زۆربەی زۆری وڵاتانی دنیادا بوونی هەیە، لەزۆربەی كاتدا بەدیاردەیەكی ناپەسەند وەسفدەكرێت، ئەوەی لێرەدا باس كردنی سەیر بێت ئەوەیە بۆچی پیاوان لە دوای ئەوەی كە ژن دەهێنن و دەچنە نێو پرۆسەی هاوسەرگیریەوە ئەو كاتیش بەردەوام تەماشای كچان دەكەن و زیاتریش ئارەزوو دەكەن تەماشای ژنان بكەن، لەكاتێكدا هیچ پیاوێك ئامادە نییە ئەوە قبوڵ بكات كەخەڵكی بە جۆرێك تەماشای ژنەكەی بكات .

ئەركان ڕەسول ماوەی پانزە ساڵە ژیانی هاوسەری پێكهێناوەو تائێستا خاوەنی سێ منداڵە دەڵێت «ئەم بابەتە پێوەندی بەئازادی پیاوانەوە هەیە لەكۆمەڵگایەكی پیاوسالاریدا كە ئەو سیمایە بەسەری زاڵ بێت ئەمەش وای كردووە كە كۆمەڵێك كەندو كۆسپ بۆئافرەت زیاد بكات بەتایبەت ئەو بابەتانەی كەپێوەندی بەڕەگەزی بەرامبەرەوە هەیە، «ئەركان» ئاماژە بەوەشدەدا كەئافرەتیش وەكو پیاو حەزو ئارەزووی هەیە .
خۆ بە تەماشا نابینە پاشا
كاروان عەلی پێی وایە جوانی بۆ خۆی هۆكاری سەرەكی سەیركردنی ئافرەتە، دەڵێت «ئەگەر ئافرەتەكە جوان و سەرنج ڕاكێش نەبێت ئەوا پیاو ئەوەندە سەیری ناكات .كاروان ئاماژە بەوەشدەدا بەدەگمەن كەم پیاو هەیە كەسەیری ئافرەت نەكات. بەڵام «ئەركان» بە پێچەوانەی ڕای «كاروان»ەو دەڵێت: شۆڕشی گەیاندنیش لە ڕێی ئینتەرنێت و سەتەلایتەوە حەزی پیاوانی بۆ سەیركردنی ژنان زیاتركردوە و خەیاڵ پێوەكردن و چاو خستنە سەر زۆر بووە، وای لێهاتووە كە چاومان بۆتە هەڵۆو كەچی خۆمان هەڵدەخەڵەتێنین و دەڵێین (خۆ بە تەماشا نابینە پاشا)، حاڵەتیش هەیە وەك نەخۆشی و خوو پێوەگرتن و چەپاندنی سێكسی لێهاتووە، كە بەهۆی تێڕوانینی بەردەوامی ژنانەوە پیاو هەیە دەزانێت دەرمانی ئەو نەخۆشییانەی خۆی پێ مسۆگەر دەكات، لەكاتێكدا هەندێكیانی وەك پڵنگی برسی لێ كردووە، دوای ئەوە ئافرەتانیش بۆیە خۆیان جوان دەكەن تا پیاوان سەیریان بكەن، چونكە جوانی سەرەكیترین سەرمایەی ئافرەتانە.
ئافرەت دوای پڕۆسەی هاوسەرگیری تەنیا سۆزوخۆشەویستی دەبەخشێتە هاوسەرەكەی
لەكاتێدا زۆربەی پیاوان هەمیشە بەدوای ئافرەتانەوەن، ئەوەندە بایەخ بە هاوسەری خۆیان نادەن، بەڵام بەپێچەوانە ئافرەت كەدەچێتە پرۆسەی هاوسەرگیریەوە كەمتر سەیری پیاوی تر دەكات، كەژاڵ عومەر كە فەرمانبەرە لەوەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی دەڵێت: زۆربەی پیاوان حەزدەكەن سەیری ئافرەتان بكەن، هەرچەندە پیاوەكە بەتەمەن بێت یان ژنی هەبێت بەڵكوو پیاو هەبووە، هەمیشە بەدوای ژنانەوە بووە،ـ لەكاتێكدا ژن و ماڵی هەبووەو منداڵی گەورەی هەبووە، كەپیاوێك چووە تەمەنەوە پێویست بەوەناكات بەجۆرێكی نەشیاو سەیری ژن و كچی خەڵكی بكات. كەژاڵ ئەوەش دەخاتەڕوو كەپیاوان زۆربەیان هەر لەسەر ئەم هەڵسوكەوتە بەردەوام دەبن، كەچی ئافرەت دوای ئەوەی كەژیانی هاوسەری پێكهێنا ئەوەندە بایەخ بەوە نادات كەسەیری پیاوی بێگانە بكات جگە لەهاوسەرەكەی خۆی.
هۆكای دەروونی پاڵنەری سەرەكیە
لەبارەی ئەوەی تاچەند هۆكاری دەروونی دەبێتە پاڵپشت بۆئەوەی پیاوان سەیری ئافرەتان بكەن، ئارەزوو واحید توێژەری دەروونی وتی: سەیركردنی ژنان لەلایەن پیاوانەوە ڕەفتارێكی كۆمەڵایەتیە بەڵام پاڵنەرێكی دەروونی لە پشتە دەربارەی ئەو پاڵنەرە دەروونیانەی كەوا لە پیاو دەكەن تەماشای كچان بكات لەم بارەیەوە وتی: ((زۆرجار پیاوێك ئارەزووی سەیركردنی نییە، بەڵام كە كچێكی شۆخوشەنگی جوان دەبینێت كۆمەڵێك پاڵنەری دەروونی و فسیۆلۆژی هەن، كەوای لێدەكەن سەیری كچەكە بكات و بێگومان ئەم هۆكارانەش زیاتر دەروونین، چونكە ئەو پاڵنەرە دەروونیانە دەبنە هۆی ئەوەی كەپیاوان زیاتر سەیری ئافرەتان بكەن . ئارەزووئاماژەی بەوەشدەدا، كە هەموو پیاوێك ئارەزووییەكی هەیە سەیری كچان بكات، زۆرجاریش ئەمە دەبێتە چاولێكەری لەلایان پیاوانەوە كەسەیری ئافرەتان بكەن، چونكە زۆرپیاو هەیە ئارەزووی سەیركردنی نییە، بەڵام كە دەچێتە لای هاوڕێكانیەوە ئەویش وەك ئەوان سەیری ئافرەتان دەكات)).
دواتر مامۆستا نوعمان خالص پێشنوێژی مزگەوتی حسێن گەردی پێی وایە، كە سەیركردن هەر ڕەگەزێك لەلایەن ڕەگەزی بەرامبەرییەوە لەڕووی ئاینیەوە بەنەزەر دادەنرێت، دەڵێت: هەمووشمان زۆر باش دەزانین نەزەر حەرامەو یەكێكە لەو دیاردانەی كە پێغەمبەری خودا نەهی لێكردووە، لەبەرئەوە هیچ پاساوێك بۆكەس نییە تەماشای رەگەزی بەرامبەری بكات.
Top