ون بوونی هەوراز

ون بوونی هەوراز
كاندێش


وەك چۆن باڵندەیەك فڕینی بیرچووبێتەوەو بێ ئامانجانەو بە باڵ كوتانەوە ئەم پەناو ئەوپەسێو بكات، هەورازی تەمەن 13 ساڵانیش كە ئۆتیزمی هەیە، لەناو چەند ژوورو داڵانێكی ماڵەوەدا بەو دەرگاو پەنجەرانەدا هەڵدەگەڕێت و باڵەكانی بە شیش و دارە داخراوەكاندا دەكوتێت، ئەم نەخۆشی ئۆتیزمەی هەوراز هەیەتی وەك ڕەشەبا وایە، لە هەڵكردنیدا پرس بەكەس ناكات، كە هەڵیش دەكات، وەك بروسكە ئاسا لە مێشكی هەر مناڵێك بدات، هەسارەكانی بیركردنەوەو تێگەیشتنی لە خولگەی سروشتی خۆی دەردەكاتە دەرەوەو بەردەوام لە سوڕانەوە دەیوەستێنێت، تا ئێستا كەس نازانێت ڤایرۆسە نادیارەكەی ئۆتیزم لەچییەوە سەرچاوە دەگرێت، خونچەی هیچ چارەسەرێكیش لە تاقیگەكانی دنیادا بۆ چاك بوونەوەیان ناپشكوێت، تا هیچ نەبێت بۆ ساتەوەختێك باخچەی ڕۆحیان بە دنیا شاد بكاتەوە، خۆ هەر ماڵێك كە مناڵێكی ئۆتیزمی تێدا بێت، بەجارێك لەشكری نیگەرانی و خەم و بێزاری ڕووی تێدەكەن، چوونە دەرەوەو پێوەندیی و گەشتەكانی ئەندامانی ئەو ماڵە لە بازنەی داخراوی دنیایەكی تەسكدا قەتیس دەدرێت، ئێستا باسی ئەو ڕۆژە دەكەین كە هەوراز بە یەك چاو خافڵانێكی كەم، نیوەڕۆیەكی گەرمی هاوین لە قەفەزی ماڵەوە دێتە دەرەوەو لەنكاوڕا بزر دەبێت، هەر وەك چۆن تیرێك لە دانگەو كەوانی دەربچێت، ئەمیش كە لە دەرگای حەوشە دەردەپەڕێت، ئیتر ئاوڕ بۆ دواوە ناداتەوەو تێیدەتەقێنێت، بەڵام بە پێچەوانەی تیرەوە هیچ ئامانجێك لە پێش ڕۆیشتنی هەوراز نییە، رەنگە لە دوورەوە چۆلەكەیەكی نیگا كردبێت، یان بیەوێت بەم دەرچوونەی تۆڵەی زیندانی كردنی لە ناو چوارچێوەی ژوورەكانی ماڵەوەدا لە دایك و باوكی بكاتەوە، لەوانەیە خۆیشی نەزانێت كە ئەم؛ وەك زیندەبوویەكی سەر زەمین بۆچی دروست بووە، ئایا بۆ ئەوەی هیچ شتێك فێر نەبێت و تەنیا وەك بارگرانییەك بەسەر دایك و باوكیەوەو دوای ئەوانیش كەس نازانێت كە كێ بەرگەی بەخێوكردنی تۆپەڵە گۆشتێكی بێ بەرهەم و ئایندەو ئامانج دەگرێت..؟!!
داخۆ هەوراز بە پێی پەتی لە كۆڵانەكاندا بووبێتە نێچیری چەند داوی نیگاو تەماشای تەنزئامێزو توانجلێدەری ئەو مرۆڤانەی لەكەسێك دەگەڕێن تانەی تێبگرن و بە دەستەفڕكەكانی ئەم پەپولەیە بخەنن..
ئیتر ئەو ڕۆژە بەبەر قرچەی گەرماو لەبەرتینی سووتێنەری خۆردا دایكەو باوكەو هەندێك لە خزمان و دراوسێكانیان بۆ دۆزینەوەی هەوراز بە پیادەیی و بە سواری چەندین ئۆتۆمبێلەوە جادەو كۆڵانەكانی ئەو گەڕەكانەی دەوروبەریان تەی دەكرد، هەرچی هەوری زستانە بەو هاوینە هاتنە سەر پێڵووی چاوانی دایكی هەورازو و نمەی فرمێسكیان لە چاوانیدا دەباران، هانایان بردە بەر مایكرۆفۆنی مزگەوتەكان((خەڵكینە خێرتان دەگاتێ هەر كەسێك گەنجێكی سێزدە ساڵانەی كەڕولاڵی بینیوەتەوە بیهێننە مزگەوتی.....تا بیدەینەوە بە كەسوكاری))، ئێوارە داهات و شڵەژان و دڵەڕاوكێ لەبەر بێ سۆراغی هەوراز لەلای ئەوانەی بۆی دەگەڕان زیادی كرد، ڕوویان كردە رادیۆو ئێستگەكان و لەوانەشەوە هەواڵی بزربوونیی بڵاودەكرایەوە، وێنەیان گەیاندە چەند تەلەفزیۆنێكی ناوخۆ، بازنەی سوڕان و گەڕانیان فراوانتر كرد، هەوراز لە خۆی ناپرسێت من دەچمە كوێ؟ ئەوانیش لە خەمدا بوون داخۆ چووەتە كوێ؟؟ ئەو هەرگیز نەیزانیوە ئەو پرسیارە سەركێشانە لە خۆی بكات و بڵێت من كێم؟یان بڵێت بۆچی سەنتەرێكی ڕاهێنانەوەم بۆ دانانێن، تا ڕانەكەم بەرەو هیچ؟لە هیچەوە بۆ هیچ، من چیم؟ ئەوانیش لە كاتی بەشوێن گەڕانیدا لە خۆیان دەپرسی، باشە ئەم قوڕبەسەرە ئۆتیزمە كەوتۆتە چ پێچ و پەنایەكەوە؟ بۆ وا ماندوومان دەكات، باشە هەورازی نامۆ بەخۆی و دەوروبەری، بۆچی بێ پرسانە لە دەستمان ڕادەكات؟؟؟
بازووی زیوینی ئێوارە بەرزبووەوە تا پەردەی تاریكی شەو دابداتەوەو هەوراز هەر نەدۆزرابوەوە، تا كاتژمێر یازدەو دوازدە دەقیقەی پێش نیوەشەو ئامانجی خاڵۆزای باوكی هەوراز بە پەلەو هەناسە بڕكێ تەلەفوونی بۆ كردن و وتی بگەنە ئێستگەی....و لە نزیك گوندی مەلا ئۆمەر پۆلیسی فریاكەوتن هەورازیان دۆزیوەتەوەو ئێستا لە نووسینگەی ئێستگەكە خەوتووەو وەرن تا وەریبگرینەوە، لەگەڵ خۆتاندا دەستێ جلی خاوێنی بۆ بهێنن، چونكە دەڵێن هەموو جلەكانی لە سیان و قوڕو چڵپاودا پیس بووە، بەو حاڵە گەیشتنە سەر هەورازو پۆلیسێك پێی وتن، ئەمە لای ئێوارە، لە كاتی گەڕانەوەی سەیرانكەران، هەواڵیان بە بازگەكە داوە كە مناڵێك لە ناو گەلە سەگێكدا ڕزگاركراوەو خەڵك لێی كۆبووەتەوەو مناڵەكە هیچ قسەناكات و لە تەواویش ناچێت، فەرمان بە ئێمەدرا كە بڕۆین لەو دەشت و دەرەوە بیهێنینەوە، كاتێك دۆزیمانەوە هەر ڕای دەكردو ئاوڕی نەدەدایەوە، لە كاتی هاتنەوەمان بۆ شار لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا گوێبیستی بانگەوازی رادیۆیەك بووین خەڵكی ئاگادار دەكردەوە لە ونبوونی مناڵێك لەسەر ئەم سیماو خەسڵەتانەی مناڵەكەی ئێوە؛ ئێمەیش زانیمان كە ئەم مناڵە مەبەستە، بۆیە بە پەلە گەیاندمانە نووسینگەی ئەم ئێستگەیە، تكاتان لێ دەكەین جارێكی تر بەرەڵڵایی مەكەن، پۆلیسەكە لەو قسانەیدا بوو،كە هەوراز گەمەی بەو كەلەپچانەی بەرنیتاقەكەیەوە دەكردو بۆی پێدەكەنی..
Top