تاچەند دایكان و باوكان ئاگاداری مەترسییەكانی بەكارهێنانی مۆبایلن لەلایەن منداڵەكانیانەوە؟

تاچەند دایكان و باوكان ئاگاداری مەترسییەكانی بەكارهێنانی مۆبایلن لەلایەن منداڵەكانیانەوە؟
گاڵتەمان بە كچێكی دراوسێمان دەكرد
سەفا ڕەفیق كوڕێكی تەمەنی 11ساڵەو پۆلی پێنجەمی سەرەتاییە و دەڵێت «زۆر حەزم لەمۆبایل بوو، چونكە هەموو هاوڕێكانم هەیان بوو، بەزۆر بەباوكمم كڕی. ئێستا لەماڵەوە بەردەوام چاودێری نێو مۆبایلەكەم دەكەن. بەردەوام پێم دەڵێن جارێ تۆ منداڵی. ئەومنداڵە ئەوەش دەخاتە ڕوو «هاوڕێیەكم ژمارەی مۆبایلی كچێكی دراوسێكەیانی لەناو مۆبایلی خوشكی دەرهێنابوو، ئەو ژمارەیە لای هەموومان هەبوو بە كەیفی خۆمان تەلەفۆنمان بۆ دەكرد و دەمانگوت حەزت لێ دەكەین، زۆربەی هاوڕێیەكانم وێنەی ژنان بە رووتی لەناو مۆبایلەكانیان هەیە، بەڵام من ناوێرم وەریگرم، چونكە باوكم سەیری ناو مۆبایلەكەم دەكات».

منداڵەكەم ناچاری كردین مۆبایلی بۆ بكڕین
گوڵستان ئەسعەد دایكی محەمەدی نۆ ساڵانە، بەكارهێنانی مۆبایل لەلایەن منداڵانەوە بەكارێكی نابەجێ دەزانێت، چونكە وەك خۆی دەڵێت «لەهیچ شوێنێكی ئەو دنیایە نەبووە كە منداڵی (10-11)ساڵی مۆبایلی تایبەت بەخۆی هەبێت، بەڵام منداڵەكەم ناچاری كردم و نەمتوانی بۆی نەكڕم، چونكە منداڵەكەی منیش چاوی لە منداڵەكانی وەك خۆی دەكرد، ئەو ئافرەتە پێیوایە سەرەڕای هەموو ئەمانەش ئێمە دەزانین زەرەر و زیانێكی زۆر بە منداڵ دەگات، چونكە ئەو منداڵە لە ئێستادا هەڵسوكەوتی تەواو گۆڕاوە و زیاتر وەكو پیاوێك هەڵسوكەوت دەكات. ئەوەش كاریگەری زۆر خراپ لەسەر دەروونی منداڵان دروست دەكات، ڕەنگە لە داهاتوودا تووشی جۆرەها كێشە بێت.

رەشید محەمەد بەكارهێنانی مۆبایل لەلایەن كوڕەكەی بەشتێكی زۆر ناشرین دەزانێت و دەڵێت «زۆر بەلامەوە ناخۆشە كاتێك كە سەیری منداڵەكەم دەكەم مۆبایلی لەدەستە و یاری پێدەكات. ڕۆژانە زۆربەی كاتەكانی لەگەڵ هاوڕێكانی بە بەكارهێنانی مۆبایل بەڕی دەكات، یاخود زۆر جار بووە لەگەڵ هاوڕێكانی كردویەتیە شەڕ لەسەر مۆبایل یاخود لەلای مێوانەكانمان گۆرانی لێدەدات و نایەڵێ كەس لەكەس بگات، یاخود بە هیتفۆن گۆرانی لێدەدات كە هەموومان دەزانین كاریگەریێكی زۆر خراپ لەسەر مێشك دروست دەكات، بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو كاریگەرییە خراپانەش زیان بە منداڵەكەمان دەگەیەنێت و كاریگەریێكی زۆر خراپ لەسەر كەسایەتی منداڵەكەمان دروست دەكات لە داهاتوودا».

مۆبایلی منداڵێك. 350 گرتەی سێكسی تێدابوو
توێژەری كۆمەڵایەتی هیوا رەئوف سەبارەت بەم باسە دەڵێت: بەكارهێنانی ئامێری مۆبایل لەلایەن منداڵانەوە زیانی دەروونی و كۆمەڵایەتی لێدەكەوێتەوە بۆ نموونە» هەندێك لەو منداڵانە لە ڕێگەی بلوتووسی مۆبایلەكانیانەوە هەندێك وێنەو گرتەی نەشیاو بەدەست دەهێنن كە دەبێتە هۆی لادانی كۆمەڵایەتی، بۆمان دەركەوت كە مۆبایلی منداڵێكی خوار تەمەن 13 ساڵان سێسەدو پەنجا گرتەی سێكسی تێدابوو، دایك و باوكی ئەم منداڵە بەم كارەی منداڵەكەیان نەزانی بوو، بەڵام دوای تووش هاتنی منداڵەكەیان بە ڕووداوێك و دواتر بۆ گەیشتن بە سەرەداوی ڕووداوەكە، پۆلیس پشكنینی مۆبایلەكەی كرد ئەم هەموو گرتە سێكسیە لەنێو مۆبایلی منداڵەكەدا بوو، بۆیە ڕووی پرسیارمان ئەكەینە دایكان و باوكان ئەوانەی مۆبایلیان بۆ منداڵەكانیان كڕیوە و دەپرسین «ئایا ئاگادارن منداڵەكانیان چۆن مۆبایلەكانیان بەكار دەهێنن و چی لەناو مۆبایلەكانیاندایە، ئاخر بۆیە ئەم پرسیارە دەكەم، چونكە ئەو دایك و باوكەی كەلەسەرەوە باسم كردن تووشی شۆك بوون كاتێك زانییان ئەو هەموو گرتە سێكسیە لەناو مۆبایلی منداڵەكەیانە، هەرگیز پێشبینی ئەوەیان نەدەكرد كە ئەوە لە هەڵسوكەوتی منداڵەكیان بوەشێتەوە» ئەو توێژەرە دەڵێت «پێویستە باوكان و دایكان بەردەوام چاودێریەكی باشی منداڵەكانیان بكەن بەشێوەیەك بێت كە منداڵەكان تووشی بێزاری نەكات و هەروەها نەشبێتە هۆی لادانی كۆمەڵایەتی».

تووشی ئاڵۆزی دەروونی دەبێت
پسپۆری دەروونی د.سیروان عەبدوڵا جیاوك دەڵێت «دایك و باوكان مۆبایل بۆ منداڵەكانیان دەكڕن بێ گوێدانە ئەوەی كە ئەم منداڵانە چۆن ئەم مۆبایلە بەكار دەهێنن، چونكە ئەو منداڵە تووشی گرفتی دەروونی دەكات و هەر لە منداڵیەوە وای لێدێت خۆی بە كۆمەڵێك بابەت خەریك بكات. كە دەبێتە هۆی ئاڵۆزی دەروونی و كاردانەوەی لەسەر هەڵسوكەوتی ئەو منداڵە. بۆیە پێویستە دایك و باوكان كە مۆبایل بۆ منداڵە بچووكەكانیان دەكڕن هەوڵدەن مۆبایلێكی سادەیان بۆ بكڕن بۆ ئەوەی تەنیا لە كاتی پێویست بەكاری بێنن. هەروەها ئەركی دایك و باوكیشە كە لە دەرەوەی قوتابخانەو نێوماڵدا چاودێری منداڵەكانیان بكەن، بۆ ئەوەی دووربن لەهەموو ئەو زەرەر و زیانە تەندروستی و كۆمەڵایەتی و دەروونی و تەنانەت ئابووریانەش كە دەرئەنجامەكەی بەكارهێنانی مۆبایلە، جیا لەمانەش بەكارهێنانی مۆبایل كاریگەری نێگەتیفی هەیە لەسەر گەشەو تەركیزی منداڵان و بەپێی توێژینەوەكانیش، زۆرجار بەكارهێنانی بەردەوامی مۆبایل لەلایەن منداڵانەوە دەبێتە هۆی تێكشكاندنی خانەكانی مێشك و تووش بوون بە شێرپەنجەی مێشك.
Top