پێویستە پیاوان بەشێك لە ئەركی ماڵەوەی ژنەكانیان كەم بكەنەوە

پێویستە پیاوان بەشێك لە ئەركی ماڵەوەی ژنەكانیان كەم بكەنەوە
ئا: سانه

نهێنی خێزانی بەختەوەر لەوەدایە كە هەر تاكێكی ناو خێزان هاوكاری یەكتر دەكەن، بەڵام لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆ ئافرەتان ئەركیان زۆر قرسترە لە ئەركی پیاوان . لەبەرئەوەی لە ڕۆژێكدا كاری دەرەوەو ماڵەوە ئەنجامدەدات، بۆیە پێویستە پیاوانیش هۆكارێك بن بۆكەمكردنەوە ئەركی ئافرەتەكانیان.


لەگەڵ هاوسەرەكەم هەموو كارەكان بەیەكەوە ئەنجام دەدەین
ڤیان عەبدوڵڵا ئافرەتێكی تەمەن 37ساڵە 11 ساڵە ژیانی هاوسەرگیری پێك هێناوە ئێستا خاوەن 3 منداڵە دەڵێت» ئەوكاتانەی لەماڵ نەبم هاوسەرەكەم لە ماڵە، ئێمە هەردووكمان مامۆستاین و دەوامەكەمان پێچەوانەی یەكترە، خۆمان ئەو جۆرە دەوامەمان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی ئەوكاتەی من لە ماڵەوە نەبم، مێردەكەم ئاگاداری ماڵەوەو منداڵەكان بێت « ئەو ئافرەتە باس لەوە دەكات كە لەگەڵ مێردەكەی بەو جۆرە تەواوكەری یەكترن و ژیانیان زۆر بە خۆشی دەچێتە سەر ڕۆژانە زۆر شانازی بە هاوسەرەكەشی دەكات كە توانیویەتی یارمەتی بدات لەو كاتانەی ئەو لە دەرەوەیە بۆ پەیدا كردنی بژیوی ژیانیان، ئەوە هاوسەرەكەی لە ماڵەوە هاوكاری دەكات و كارەكان جێبەجێ دەكات».

ژنەكەم پێوست ناكات ئەركی دەرەوە بخاتە سەرشانی خۆی
نەوزاد مەحمود ئیبراهیم تەمەنی 28 ساڵە 5 ساڵە ژیانی هاوسەریی پێكهێناوەو خاوەن دوو منداڵە ئەو پیاوە دەڵێت» من پیشەم كاسبە و هاوسەرەكەشم فەرمانبەرە هەرچەندە ئەو كاتانەی ئەو دەچێتە دەرەوە من لە ماڵ نیم، بەڵام ئەگەر لە ماڵیش بم هەرگیز ناتوانم هەست بەو ئەركە بكەم كە ئافرەتەكەم هەستی پێدەكات. بۆ كاروباری ناو ماڵ لەڕاستیدا چەندین جار پێم وتووە واز لە دەوام كردن بهێنە من پێویستم بەو بڕە پارەیە نییە كە تۆ بە مووچەی مانگانە هەتە، وەرە لەلای منداڵەكانت دانیشەو بۆ خۆت خەریك بە بەكاری ناو ماڵەوە خۆت بە بۆ ئەو بڕە پارەیە ماندوو مەكە. چونكە ئەو شەوان پێش ئەوەی بخەوێت ماڵ پاك دەكاتەوەو چێشت ئامادە دەكات بۆ ئەوەی كەنیوەڕۆ هاتەوە چێشتی حازربێت و دووكوڕەكەشی دەباتە ماڵی باوكی لەڕاستیدا من پێموایە ئەو ئافرەتە ئەوەندە خۆی هیلاك دەكات ئەوەندەی بۆ قەرەبوو ناكرێتەوە تەنیا مووچەیەكی كەمی هەیە، بۆیە من پێم زوڵمە ئافرەتێك بەو هەموو زەحمەتیەوە كاری ماڵ و دەرەوەشی لەسەربێت».

یارمەتی ژنەكەم دەدەم، بەمەرجێك لە سنوور لانەدات
رێكان هەولێری كوڕە گەنجێكی دەرچووی پەیمانگای تەكنیكیە، ژیانی هاوسەرگیری پێك نەهێناوەو دەڵێت» زۆرئاساییە بەلامەوە كەمن ژیانی هاوسەرگیری پێك بێنم و یارمەتی هاوسەركەم بدەم، من چەندینجار بەخۆم خواردنم بۆ خۆم ئامادە كردووەو بۆیە لە داهاتوو ئامادەم لەو كاتەی كە ژنەكەم پێویستی بوو یارمەتی دەدەم و كارەكانی بۆ ئاسان دەكەم چونكە ئەوە ئەركی پیاوە ئەگەر لەو كاتەی ژن پێویستی بوو پیاو یارمەتی بدات و بەڵام لە سنووری خۆی لانەدات و ئەو ئافرەتە هەموو كارێك بە مێردەكەی بكات» ئەو گەنجە پێیوایە بەرێوەبردنی بەشێك لە كارەكانی ناوماڵ لەسەر پیاو پێویستە لە كاتێكدا ئەگەر ئەو ئافرەتە بەشێك لە كاری دەرەوەی كەوتوتە ئەستۆ و یارمەتی مێردەكەی دەدات».

تۆ ئافرەتیت و پێویستە
كاری ماڵەوە ئەنجام بدەیت
رێژنە لوقمان كچێكی تەمەن 20 ساڵە و قوتابییە ئێستا مارە بڕاوەو دەڵێت» دەسگیرانەكەم هەر لە ئێستاوە دەڵێت من هیچ لە كاری ئافرەتان نازانم، دەبێت خۆت هەموو كارەكان جێبەجێبكەیت و ئەوە كێشەی من نییە تۆ كاری دەرەوەش دەكەی، گرینگ ئەوەیە تۆ وەكو وەك ئافرەتێك كاری ناوماڵ هەمووی ئەنجام بدەیت، هیوادارم پیاوەكانیش لەوە تێبگەن كە پیاوو ئافرەت تەواوكاری یەكترن، پێویستە لە هەموو بوارێكی ژیان هاوكاری یەكتر بكەن».

پێویستە كوڕ لەمنداڵییەوە فێربكرێت یارمەتی دایكی بدات
توێژەری كۆمەڵایەتی بەهزاد محەمەد باس لەوە دەكات كە كۆمەڵگای ئێمە لەبەر ئەوەی هەر لە سەرەتاوە ڕۆڵێكی گەورەی بە پیاو داوە تەنیا ئافرەتی وەك ئامێرێكی خزمەت كردنی ناو ماڵ هاتۆتە بەرچاوو بۆیە كاتێك كە گەنجێك ژیانی هاوسەرگیری پێك دێنێت هەست دەكات ئەو ئافرەتە تەنیا بۆ خزمەتكردن دەیهێنێت، هەرچەندە بەشێك لە پیاوان ئێستا دەتوانن یارمەتی هاوسەرەكانیان بدەن، بەڵام بەو جۆرە نییە كە بتوانرێ بەتەواوی ئەرك لەسەر شانی ژنەكەی كەم بكاتەوە» بەهزاد وتی» پێویستە دایك و باوكان هەر لەو كاتەی كە منداڵەكانیان لە ژیانیان هەست بە ئەو كەلوپەلانە دەكەن كە لە دەوروبەریان هەیە بیانپارێزن و یارمەتی دایكیان و خوشكیان بدەن بۆ ئەوەی كە گەورە بوون بەلایانەوە ئاسایی بێت و هەست نەكەن ئافرەت تەنیا بۆ كاری ناو ماڵەوە دروست كراوە».
Top