لێدانی منداڵ لەلایەن خێزانەوە تاچەند كاریگەری لەسەر كەسایەتی منداڵەكە هەیە لەداهاتوودا...؟

لێدانی منداڵ لەلایەن خێزانەوە تاچەند كاریگەری لەسەر كەسایەتی منداڵەكە هەیە لەداهاتوودا...؟
ئا:سانە

منداڵ بوونەوەرێكی ناسك و بێ تاوانە، زۆرجار هەڵە دەكات و هەرخۆیشی لە مانای هەڵەكە نازانێت، بەڵام لەجیاتی ئەوەی لەلایەن گەورەكانەوە هەڵەكانی بۆ شیبكرێتەوە ئەوا رووبەڕووی لێدان و هاوارو توندو تیژی دەبێتەوە ئەمەش لەداهاتوودا كاریگەری خراپ لەسەر كەسایەتی و تەندروستی منداڵەكە دروست دەكات .

كاتێ براكەم لە منداڵەكانی دەدات هەست بەناڕەحەتییەكی زۆر دەكەم
جوان حەمەكەریم كچێكی تەمەن 36 ساڵە شووی نەكردوەو فەرمانبەرە، لەگەڵ ماڵی براكەی دەژیێت براكەی كرێكاری دەكات و خاوەن 3 كوڕەو ئەم كچە هەست بە بێزارییەكی زۆر دەكات، لەدەست براكەی كە لەسەر بچووكترین هەڵە لەماڵەوە منداڵەكانی دەدات و دەیكاتە هاوارو لێدان بەسەریانەوەو دەڵێت» زۆر بێ تاقەت دەبم كاتێك ئەو منداڵانە بەم جۆرە دەبینم، لەبەر ئەوەی زۆر بچووكن، كوڕە گەورەكەی لەپۆلی دووەمی بنەڕەتییە، لەسەر پەرداخ شكاندنێك لەماڵەوە بەدەستی باوكیان ڕووبەڕووی لێدان دەبنەوە وایان لێهاتووە لە هەمووكەسێك دەترسن، بەجۆرێكی تر سەیری ئەو دنیایە دەكەن كە لەو تەمەنە بچووكەدا كەسێكی دڵخۆش دەبینن بڵێن خۆزگەمان بەخۆی، ئەمە وایكردووە، ئەو منداڵانە لەناو هەموو منداڵەكانی كۆڵان دیار بن و بەردەوام ترسێكیان هەیە لە دەورووبەریان، زۆر خەفت دەخۆم بۆ ئەو منداڵانە كە بەوجۆرە دەیانبینم و هیچم بۆ ناكرێت چونكە باوكیان بە هیچ جۆرێك بە قسەی من و دایكیان ناكات هەرچۆنێك قسە بكەم دەڵێت ئەوە منداڵی خۆمە پێویست ناكات كەس لەسەر چۆنییەتی پەروەردەكردنیان ئامۆژگاریم بكات»

منداڵەكانم هەرگیز ناتوانن وەكو باوكیان ببن
رۆندك فەتاح ئافرەتێكی تەمەن 43 ساڵەو خاوەن 4 منداڵە بەوتەی خۆی 24 ساڵە شووی كردووە دوای ساڵێك كوڕێكیان بووە، بەڵام ئەو منداڵە هەر لەسەرەتای تەمەنێكی بچووكەوە ڕووبەڕووی لێدان و هاواری باوك و مامەكانی بۆتەوە لەبەر ئەوەی ئەوان باوكیشیان هەر بەو جۆرە پەروەردەی كردبوون ئەو ئافرەتە دەڵێت» كوڕە گەورەكەم تاقانە بوو ڕووبەڕووی لێدان و هاواری باوكی بووەو لە ژیاندا، دوای ئەوە منداڵەكانم كە ئێستا تەمەنیان گەورەو بووەو خۆیان خاوەن ماڵ و منداڵن هەرگیز هەوڵیان نەداوە هەڵسوكەوتەكانی باوكیان دووبارە بكەنەوە بەرامبەر منداڵەكانیان».

ناتوانم بیر لە منداڵی بكەمەوە
ئومێد شكور گەنجێكی خوێندكارە لە كولێژی ئاداب بەشی زمان دەڵێت» هەرگیز نامەوەێ بیر لە منداڵیم بكەمەوە ڕاستەمنداڵی تەمەنێكی خۆشە، بەڵام ئەو یادگارییە ناخۆشانەشم دێنێتەوە یاد كاتێك باوكم نەمابوو لەلایان خاڵم پەروەردە كرام و كارم پێكراوە لەسەر هەڵەیەكی بچووك لێدانم خواردوە جەستەم ئازار دراوە بۆیە تاوەكو ئەمڕۆش هەست دەكەم كاردانەوەی لەسەرم هەیە من پێم باشە حكومەت بتوانێت یاسایەك دەربكات بۆ ئەوەی ڕێگر بێت لەو دایك و باوك و ئەو خێزانانەی كەمنداڵ تێیدا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە»

منداڵ بە لێدان فێری توندوتیژی دەبێت
سیروان مەحمودی توێژەری دەروونی دەڵێت» بەگشتی منداڵ لە قۆناغەكانی تەمەنیدا پێویستی بە پەروەردەیەكی ڕاستە كە لە لایەن ئەو خێزانەی كە تیایدا دەژیێت بۆی بەرجەستە بكرێت بە مەرجێك هەموو بنەماكانی پەروەردە لە خۆ بگرێت و پەروەردەیكی نەرم و نیان بێت، ئەگەر بەپێچەوانەی ئەمەوە هەر خێزانێك یان بڵێین هەر دایك و باوكێك یا هەر ئەندامێكی تری خێزانێك لایەنەكانی تری پەروەردە بەهەڵە بەرامبەرمنداڵەكانیان بەكار بهێنن لەوانەش لێدان وەك سزایەك هەمیشە بەسەریاندا بسەپێنن، بەو جۆرە لە داهاتووی پێگەیشتنی تەمەندا كاریگەرییەكی خراپ بەسەر هەست و دەروونی منداڵەكە جێ دەهێڵێت، چونكە منداڵ هەر لەسەرەتای تەمەنییەوە بە لاسایی كردنەوە فێر دەبێت، لە ڕاستیدا دەبێت بڵێین كەوا منداڵ بە لێدان فێری لێدان و دەست وەشاندن وتوندوتیژی دەبێت لەنێو كۆمەڵدا بەتاكێكی شەڕانگێز لە قەڵەم دەدرێت، لە هەمان كاتدا بە دەربڕینی توندوتیژی لە ئاستی منداڵەكە وای لێدێت ئەویش فێری توندوتیژی ببێت لەگەڵ دەوروبەرەكەی خۆی» بۆیە پێویستە دایك و باوك دڵسۆزانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دەروونە ناسكەدا بكەن، ئیتر بەو هەموو هەڵەیەی خۆیان مناڵە جوانەكانیان نەكەن بە ئەندامێكی ناتەندروستی نێو كۆمەڵگا.

متمانە بەكەسایەتی خۆیان لەدەست دەدەن
توێژەری كۆمەڵایەتی بەهزاد محەمەد لە بارەی لێدان لە منداڵ دەڵێت» ئەو دایك و باوكەی كاتێك لەسەر هەڵەكانی منداڵەكانیان بە لێدان سزای منداڵ دەدەنەوە پێویستە بیر لەوە بكەنەوە ئایا چ هەڵەیەك دەبێتە هۆكاری ئەوەی ئەو منداڵەی بە لێدان سزا بدرێت، چونكە ئەو لێدانە كاریگەری لەسەر كەسایەتی ئەو منداڵە دروست دەكات و تووشی ترسێكی بەردەوامی دەكات بەرامبەر تاكەكانی كومەڵگاو تاوەكو متمانەی بەخۆی نامێنێت و زوو دەتوانرێت كەسایەتی كۆنترۆڵ بكرێت لەلایان كەسانێك كە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاریان بێنن و هەروەها ناتوانن پێوەندیەكی بەهێزیان هەبێت لەگەڵ تاكەكانی ناو كۆمەڵگە و ناتوانن خۆ ڕاگربن و بەرەنگاری ئەو كێشانە ببنەوە كە لە داهاتوودا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە چونكە بەردەوام كەسانێكی هەڵچوو توڕەیان لێ دروست دەبن»
Top