دڵ فراوانی.. لێبوردن و گەردن ئازایی لێ كەوتەوە

دڵ فراوانی.. لێبوردن و گەردن ئازایی لێ كەوتەوە
محێدین وەك كەسێكی دەستكورت و ڕەنجبێوەر، بە قیستی دووساڵ لە كۆمپانیایەكی ئۆتۆمبێل فرۆشتنەوە، تەكسییەكی كڕییەوە، ئەمەش دوای ئەوەی كە پارچە زەوییەكی بێ تاپۆی لە دەرەوەی شار هەبوو، زەوییەكەی فرۆشت تا پارەی پێشەكی ئۆتۆمبێلەكەی پێ بدات و بۆ هەمان مەبەستیش خانووەكەی ماڵی باوكیشی لە فەرمانگەی تاپۆ نیشانەی دەست بەسەرداگرتنی لەسەر دانرا، لەماوەی دوو ساڵەكەدا ئەوانیش ناتوانن كڕین و فرۆشتن بە خانووەكەیانەوە بكەن تا هەموو پارەی قیستەكە دەداتەوە، ئیتر هەروەك چۆن گەڵای درەخت بەزەیی بە باڵندەیەكی سەرمابردەڵەی بێلانەدا بێتەوەو ببێتە پۆشاك بۆی، ئەو تەكسییەش دەروازەی كاسپییەكی لەم كردەوەو تەكسی تایەن بۆیان بوو بە چەترێكی پارێزگاری كردن، چ لەخۆی و چ لە منداڵەكانی، بەو ئومێدەی كەمێك لە هەناسەسواری و هەژاری و برسێتی و بێكاری ڕۆژانە ڕزگاریان ببێت، مانگێكی بەسەردا تێپەڕی و ئەم هەر بە بەردەوامی لە بەیانیانەوە تا شەوانێكی درەنگ تەكسییەكەی دەگێڕا، تا ئێوارەیەكیان نەفەرێكی بۆ بەرماڵیان گەیاندەوەو لە ناو جەرگەی كۆڵانێكی نوتەك و تەسكدا بەگی بە تاكسیەكە دانا، تا بێتەوە سەر شەقامە گشتییەكە، لە نكاوڕا تەپەیەك لە جانتای پشتەوەی ئۆتۆمبێلەكەوە هات و بە زریكەی منداڵێك بێدەنگی لە كۆڵانەكە شكا، كاتێك دادەبەزێت منداڵێكی تەمەن حەوت ساڵان دەبینێت كە لە تاو ئازاری لاقی لەسەر تەوقی سەر دەخولێتەوەو دەزریكێنێت، كەسیش لە ناو كۆڵانەكەدا دیار نییە لە منداڵێكی تر زیاتر، محێدین بە منداڵەكەی تر دەڵێت ((تۆ ئەمە دەناسیت. ماڵیان لە كوێیە؟؟)) ئەویش دەڵێت ((لێرۆكانەیە)) پێی دەڵێتەوە ((دە بە ڕاكردن خێرا بە ماڵەوەیان بڵێ، مناڵەكەیان براوەتە ئیمرجنسی)) مناڵەی لاق شكاوی خستە ناو ئۆتۆمبێلەكەوەو بە هۆڕن و ڕەماش لێدانەوە زۆر بە خێرایی بەرەو ئیمرجنسی برد، لەوێ كە پۆلیسەكانی ناو ئیمرجنسی بینی بەرەو پیری هاتن زۆر شپرزەبوو، ترسی لێ نیشت و ئەوان پێیان وت ((ئەم مناڵە بەچی وای لێ هاتووە؟ كێ لێیداوە؟)) لەترساندا وتی ((چوزانم. ئۆتۆمبێلێك لە پێشمەوە خۆی لێداو بەجێی هێشت و منیش وەك خێركردنێك گەیاندومەتە ئێرە)) پۆلیسێكی لێ هاتە پێش و وتی ((كاكی برا ئەو فلیمەمان زۆر دیتووەو جارێ تۆ سویچی سەیارەو ساڵنامەو مۆڵەتی شۆفێری خۆتمان بدەرێ، ئینجا بە پۆلیسەكانی تری وت چاوی لێ غافڵ نەكەن ها، ئەرێ ژمارەی ئۆتۆمبێلەكەی وەك دەڵێی لە پێشمەوە بوو چەندە؟)) ئەمیش دەمی داچەقابوو، محێدین لەهێنان و بردنی مناڵەكەدا بوو بۆ ژووری تیشك و بلیت بڕین و گەچتێگرتن لەو كاتەدا باوك و مامەكانی مناڵەكە گەیشتنە هۆڵی نەخۆشخانەی ئیمرجنسی و كردیانە هات و هاوارو دەیانوت ((ئەمە چ كۆرەیەك خۆی لێ داوە)) محێدینیش بە ملێكی كەچەوە وەك مالیكە حەزین لە تەنیشت بابی مناڵەكەوە وەستاو پێی وت ((قوربان من لێمدا، هەر زوو هێناومەتە ئێرە، لاقی سوكە درزێكی داوە، منیش لەبەردەمتاندا ڕاوەستاوم و چی دەفەرموون لە خزمەتدامە..))ئینجا مامی منداڵەكە لێی هاتە پێشەوە تا لێی توڕەبێت بەڵام هەر كە تەماشای كرد پێی وت ((هەی خۆ تۆ كوڕەكەی مام سەمیریت)) ئینجا بە باوكی مناڵەكەی وت ((سەید. لە بیرت دێت پار لەئێوارەیەكی ڕەمەزاندا ئاسۆی كوڕم بە ئۆتۆمبێلەكەی لە پیرەمێردێكی دا و شانی شكاندبوو، ئەم شۆفێرە كوڕی ئەو پیاوەیە كە دەمودەست گەردنی ئاسۆیان ئازادكردوو دواتر منیش مەڕێكم كردە خێر كە تووشی خەڵكی مەردی وەك ئەمانە بووین، ئای سەیدی برام پێویستی نەدەكرد بە تووڕەیی قسە لەگەڵ ئەم زاتە بكەیت، هەر ئێستا تۆش گەردنی ئەم ئازاد بكە)) ئینجا باوكی مناڵەكە لە دوای نەرمە كۆكەیەكەوە وتی پێشینانمان بە هەوانتە نەیانفەرمووە ((هەرچی بچێنی ئەوە دەدوریتەوە، كوڕم خۆ بە پۆلیسەكانی ئێرەت نەوتووە كە خۆت لە ئاكاری كوڕمت داوە)) محێدینیش ئاماژەی دا بەوەی كە گومانیان هەیە بۆیە هەندێ شتی فەرمی ناو تەكسییەكەو سویچەكەشیان دەست بەسەردا گرتووە لەبەرئەوە باوكی مناڵەكە چووە لای دادوەری یەكەی پۆلیسی نەخۆشخانە تا وەریانگرێتەوە، دادوەر پێی وتبوو مام سەید سوێندم بۆ بخۆ كە ئەو شۆفێرە لە منداڵتی نەداوە ئەمیش وتبووی ((سوێند خواردن لای من مەحاڵە بەس دەزانم ئەو پیاوە هاریكاری مناڵەكەمی كردووە، چۆن چاكەی بە خراپە بدەمەوە)) بەو شێوەیە شتەكانی لێ وەرگرتنەوەو بە محێدینی وت ((بڕۆ كوڕم تۆ گەردنت ئازاد بێت، بە باوكیشت بڵێ ئێمەش وەك ئەوین)) لە تەنیشتیەوە بە هێواشی چرپاندییە گوێی سەیدو وتی((بڵێ لە دڵ و دەرووندا وەك یەكین، بەڵام ئەو فەقیرانە كە گەردنی كوڕەكەمیان ئازادكرد كرێچیش بوون و پارەی چارەسەریشیان لە ماڵدا نەبوو، كەچی لەخوا بە زیادبێت تۆ سوپەر ماركێتێكی گەورەت هەیە، دەوڵەمەندی دڵی ئەوان دڵی ئێمەشی دەوڵەمەند كرد تا گەردنی ئازاد بكەیت و لێی ببووریت)).
Top