میرات.. دەبێتە هۆی بەخاك سپاردنی ویژدانی كەسێك

میرات.. دەبێتە هۆی بەخاك سپاردنی ویژدانی كەسێك
حاجی مەحموود بەسەر گۆڕی برا بچكۆلەكەیەوە دەگریاو بیری لە ساتەوەختەكانی گەنجێتی خۆی دەكردەوەو دەستی لەسەر سنگی خۆی دادەناو هەستی بە ئازارێكی كوشندە دەكرد، ئەو غەدرانەی دەهاتەوە پێش چاوان كە دەرهەق براكانی خۆی كردونی، بۆیە ئێستا بەو شێوەیە ئازاری پێوە دەكێشان، تازە چ سوودی هەیە كە هەموو بەیانیانێك گوڵ بكڕێت و بۆ ئێوارنیش لە تەنیشت ئەم گڵكۆیەوە گوڵەكان سیس ببنەوە!!

بیرو زەینی حاجی لە گەنجێتیدا لەناو قاوغێكی تەسكی بەرژەوەندخوازی و نێرگسیەتدا كۆت وبەند بوو، كاتێك باوكی ڕەحمەتییان عەمری خوای بەجێهێناو دوا ماڵئاوایی لێكردن، بێ دایك و باوك مانەوە، ئەم براگەورەیان بوو، برای ناوەنجییان بۆ پێشمەرگایەتی لە ژیانی ناو شار دوور كەوتبوەوە، برا بچكۆلەكەشیان نەخۆشی دەروونی هەبوو، خوشكە تاقانەكەشیان هەر بەزوویی و بە تەمەنی شازدە ساڵی بە شوودرابوو، ئەویش لە ماڵە مێردی خۆیدا بەسەر كۆمەڵێك گرفتی نەداری و هەژاریدا كەوتبوو، هەرچی موڵك و دوكان و لۆری و باخچەی میراتییان هەبوو، كەوتبوونە ژێر ڕكێفی مەحموودە فەندییەوە، بە كەیف و ئارەزووی نەفس، تەخشان و پەخشانی پارەو سامانی بەجێماوی ماڵە باوانی بەسەر ماڵ و مناڵەكانی خۆییدا دەكردن، بێ ئەوەی لە حاڵی خوشكە تاقانەكەیی و برا نەخۆشەكەی و براكەناوەنجییەكەی تری بپرسێتەوە كە ئەم شاخ بۆ ئەو شاخی دەپێواو ژیانی بۆ مەسەلەیەكی پیرۆز لەسەر لەپی دەستی خۆی دانابوو، ئیتر ئەم مەحموودە وەك هەندێك لەو مرۆڤانەی كە بەدوای تێركردنی حەزو ئارەزووەكانێتی، هەموو بیركردنەوەكانی هەر لە تێگەی پێداویستی ڕۆژانەیە بۆ ئەو شتانەی چێژی دەداتێ و لەوانە تێناپەڕێت، واتە لە خەمی پاراستنی بەهای باڵا ئینسانیەكاندا نەبوو، تەنانەت لەگەڵ هاوخوێن و نزیكترین كەسەكانی خۆیدا حەقخۆری سپڵەو بێ هەڵوێست دەرچوو، كاتێك برا ناوەنجییەكەی لە داستانێكی نەبەردانەدا بە گوللەی بەعسییەكان شەهیدكرا، گەرچی ڕژێمی ئەوسا پرسەدانانی بۆ شەهیدانی پێشمەرگە قەدەغەكردبوو، هەروەها پارەی گوللەكانیش كە بەر جەستەی پێشمەرگە دەكەوتن لە كەسوكاریانی دەسەندەوە، بەڵام ئەم هێندە نانەجیبانە لەناو خەڵكدا لەسەر ئەو برا شەهیدەی دەدوا، گوایە هەر خۆی لێ بێبەری كردووە، ئەوەش لە پێناوی ئەوەی نەوەك ڕۆژێك لە دائیرەی ئەمنەوە یان لە مونەزەمەیەكی حزبی بەعسەوە دەرگای پێ بگرن و باجێكی لێ وەربگرن و لە پارەو سامانی كەم بێتەوە، ئەو خوشكە قوڕبەسەرشی كە برا بچووكە نەخۆشەكەی لە ماڵەمێرد گل دابۆوەو تەنانەت لەكاتی ساڵانی گەمارۆی ئابووری و گرانییەكەدا زێڕەكانی خۆی بۆ دەرمانی ئەو برا نەخۆشەی دەفرۆشت، هێندە دڵی بۆی دەبرژا بەڵام نەیدەزانی لەوە زیاتر چی بۆبكات، تا دواجار مێردەكەی تەنگی پێ هەڵچنی بوو، ناچار ئەوكوڕە نەخۆشەیان لە مزگەوتێك دانابوو، بۆ ئەوەی لەوێ بخەوێت وخەریكی خاوێنكردنەوەی مزگەوتەكەو هاوكات هاوكاریی مجێورەكانیش بكات، ئەمانیش لەملاوە خانوویان فرۆشتبوو و بە پارەكەی ڕوویان كردبووە هەندەران و بەر لەوەی بگەنە جێی مەبەست لە دەریاچەی ئیجەوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت دیار نەماون و، بێ سەرو شوێن كەوتوون..
ئەو مارە چڵێسە ڕاكشاوەی ناخی مەحموود لەبەر تینیوێتی بۆ پارەكۆكردنەوەو زەویوزاروخانوو و كارگەو عەقارەت نەیهێشت بەجددییەتەوە سۆراغێكی ماڵی خوشكەكەی بپرسێت داخۆ ماون یان زیندوون، ئەوانیشی تێهەڵدایە كونجی فەرامۆشی و لەبیركردن، ئەو هەموو سامان و بەروبوومەی پێگەیشتبوو بەڵام هەستی مرۆڤانەی پێنەگەیشت، پارە تەنیا شتێك بوو كە مەحموود دەیناسی و شارەزای بوو نەك هەستی مرۆڤدۆستی، لەم ڕۆژانەدا مناڵەوردكەی جادەو كۆڵانان بە هۆیها كەوتبوونە دوای مرۆڤێكی كەمژیری نەخۆش كە جلەكانی لەبەری خۆیدا داكەنیبوو، ڕاویان دەنا تا خۆی كردبوو بە نەمامگەیەكی مەحموودە فەندیداو لە ناو درەخت و نەمامەكاندا خۆی حەشار دابوو، مناڵەكان نەمامگەكەیان بەردباران دەكرد، كاتێك مەحموود بە مۆنیكاكەی دەگاتە ئەوێ، لە منداڵەكان تووڕە دەبێت و دووریان دەخاتەوە، كە دەچێتە نەمامگەكەوە یەكێك لە باخەوانەكان بە مەحموود دەڵێت: ڕووەكی نیاندرتاڵمان بۆ هاتۆتە ژوورێ..
مەحموودیش وەك سروشتی هەمیشەیی خۆی لە قاقای پێكەنین دەدا، بەڵام كەچاوی دەكەوێتە سەر ئەو كوڕە جحێلە ڕووتەی لە بن دارەكاندایە، مەحموود بۆ كوڕە دەكەوێتە سەرچۆك و بروسكێ لە تەوقی سەری تا پاژنەی پێی هەموو گیانی ڕاچڵەكان، بۆ یەكەمین جارە لە ژیانیدا لاواز دەردەكەوێت و هەست بە گەورەترین دۆڕاندن دەكات، ئەو كوڕە ڕووت و قووتەی بەردەمی كە لە ترساندا هەڵترووشكابوو، دەرچوو برا بچكۆلەكەی مەحموودە كە بێ كەس و تەنیا كەوتبووە بەر مەرحەمەتی ڕق و بوغزو بێ شعووریی هەندێك خەڵكی بێ ویژدان، مەحموود ئەوكی لە گریاندا قوڵپی ئەدا و بە پەلە لە بەتانییەكەوە ئاڵاندی و خستییە ناو ئۆتۆمبێلەكەی و تا بەماڵەوەی گەیاندەوە چاوەكانی بە ڕشتنی فرمێسكی پەشیمانی سوورهەڵگەڕان، بۆ بەیانیش زوو بە زوو خۆی گەیاندە سەر مەزاری برا شەهیدەكەی تری و سوێندی خوارد بەو گۆڕە پیرۆزەی كە تا مابێت لە ژیاندا ئاگاداری برا بچكۆلەكەی بێت و هاوكاری كەسانی وەك وی بكات.
Top