مەلا عومەر مەلا حەسەن مرۆ: لەم مانگەدا ڕەوشتی مرۆڤەكان بەرەو باشبوون دەڕوات، چونكە مرۆڤەكان خۆیان لەئاكاری خراپە بەدووردەگرن و هەوڵدەدەن كاری باش بكەن

مەلا عومەر مەلا حەسەن مرۆ: لەم مانگەدا ڕەوشتی مرۆڤەكان بەرەو باشبوون دەڕوات، چونكە مرۆڤەكان خۆیان لەئاكاری خراپە بەدووردەگرن و هەوڵدەدەن كاری باش بكەن
مامۆستا(عومەر مەلاحەسەن مرۆ) زانای ئایینی و ئیمام و خەتیبی مزگەوتی رەشاد مفتی، لە دیمانەیەكی تایبەتیدا بۆ گۆڤاری گۆڵان باسی لە پیرۆزی ئەم مانگەو سوودەكانی بەڕۆژووبوون و ئەو دیاردە كۆمەڵایەتیە ئەرێییانەی كرد كە سەرهەڵدەدەن؛ هەروەها مانگی ڕەمەزان لەهەموو لایەنە كۆمەڵایەتی و مێژوویی و تەندروستییەكانیەوە بەسەر دەكاتەوەو دەڵێت: مانگی ڕەمەزان بەمانگی ڕۆژوگرتن دەناسرێت، لەم مانگە پیرۆزەدا رۆژوو لەسەر موسڵمانان فەرزكراوە، ڕوون و ئاشكرایە رۆژووگرتنیش یەكێكە لەو پێنج ڕوكنەی كە ئایینی پیرۆزی ئیسلام لەسەر موسڵمانی فەرز كردووە، ئەم مانگە لە هەموو ڕووییەكەوە لەمانگەكانی تر جیاوازە، چونكە قورئانی پیرۆزی تیادا دابەزیوە، لەبەر پیرۆزی مانگی ڕەمەزان دەرگاكانی جەهەنەم دادەخرێن و لەبەرامبەریشدا دەرگاكانی بەهەشت دەكرێنەوە، ئەمە بێجگە لەوەی كە لەم مانگەدا ڕەوشتی مرۆڤەكان بەرەو باشبوون دەڕوات، چونكە مرۆڤەكان خۆیان لەئاكاری خراپە بەدووردەگرن و هەوڵدەدەن كاری باش بكەن، شەیتان ناتوانێت زەفەر بەكەسانی ئیماندار بدات، چونكە مرۆڤی موسڵمان هەموو ئەندامە زیندوو گرنگەكان لە جەستەیدا وەك چاوو زمان و دەستی خۆی لەئاكاری خراپ دەپارێزێت، مانگی ڕەمەزان بەمانگی برایەتی ولێبوردن دەناسرێت، زۆربەی مرۆڤەكان لەو مانگەدا هەوڵدەدەن دەرفەتێك دروست بكەن تا ئەو كێشە كۆمەڵایەتیانەی هەیانە چارەسەری بكەن، لەم مانگەدا دەوڵەمەندەكان بەزەییان بەهەژاراندا دێتەوە، لەبەر ئەوەی كاتێك مرۆڤەكان بەڕۆژوو دەبن هەست بەئازارو تینوێتی برسێتی دەكەن، تێدەگەن لەوەی كە خەڵكانێك هەن لەو نیعمەتەی ئەمان تێیدان بێبەشن و سوپاسی خودا دەكەن كە ئەو نیعمەتە جوانەی پێ بەخشیون.
ناندانی ڕۆژووان گرنگترین سونەتی ڕەمەزانە
سەبارەت بەوسوننەتانەی كە پێویستە لەم مانگەدا مرۆڤ ئەنجامی بدات، مامۆستا عومەر مەلاحەسەن مرۆ وتی ((یەكێك لەو سوننەتانەی كەڕۆژووان پێویستە ئەنجامی بدات، دەبێت هەموو رۆژووانێك سحوور(پارشێو)بكات و خواردنی پێویست بخوات بۆ ئەوەی لەڕووی دەروونییەوە بەتەواوی خۆی بۆ ڕۆژووگرتن ئامادە بكات و لەڕووی جەستەییەوە ئەو خۆراكەی پێویستەو بۆجەستەی خواردبێتی، تەنانەت پێغەمبەری خودا دروودی خوای لێبێت دەفەرموێت ( تسحرو فان السحور بركە) .
تەراویح سوننەتە بەڵام خێری زۆرە
سەبارەت بەنوێژی تەراویح مامۆستا عومەر دەڵێت (نوێژی تەراویح سوننەتە نەك فەرز بەڵام خێری زۆرە، واتا واباشترە هەموو ڕۆژووانەكان لەم مانگەدا نوێژی تەراویح بكەن، چونكە پێغەمبەری خودا نوێژی تەراویحی كردووە، یەكێك لەو سونەتانەی كە زۆر گرنگە دوعاكردنە، هەموو مرۆڤەكان پێویستە لەم مانگەدا دوعا بكەن و هەروەها ناندانی كەسانی بەڕۆژوو یەكێكە لە سوننەتە هەرەگرنگەكان، پێویستە هەموو مرۆڤەكان لەم مانگەدا هەوڵبدەن خێر بكەن و هاوكاریی كەسانی بەڕۆژوو بكەن، نان بدەن بەو بەڕۆژووانەی كە باری داراییان نالەبارە.
نەرموونیانی جوانترین هەڵسوكەوتە بۆمرۆڤی ڕۆژووان
سەبارەت بەڕەفتاری ڕۆژووان لەمانگی ڕەمەزاندا مامۆستا عومەر وتی (( پێویستە كەسی ڕۆژووان زۆرنەرمونیان بێت و زمانی پاراوبێت و لەسەرخۆبێت و خۆی لەهەموو توڕەبوون و هەڵچوونێك بپارێزێت، واتا دەبێت هەڵسوكەوتی مرۆڤی بەڕۆژوو زۆرجیاوازبێت و هاوكاری كردنی خەڵك لەلایەن مرۆڤی بەڕۆژووەو زۆرگرنگەو دەبێت بەهەموو شێوەیەكی ماددی و مەعنەوی هاوكاری خەڵكی بكات، ئەگەر فەرمانبەرێك لەدەزگایەك بەڕۆژوو بوو، دەبێت بەوپەڕی بەئەمەكی و لەخۆبوردوییەوە هاوكاری ئەو كەسانە بكات كەسەردانی دەكەن، دەبێت كارەكانی لەهەموو ڕۆژێك باشتر ڕابپەڕێنێت، نابێت ڕۆژووان شەوانە نوێژوو پارشێوكردن بكاتە بیانوویەك بۆئەنجام نەدانی ئەركی سەرشانی ڕۆژانەی، یان ڕەفتاری ناهەموار بكات و كەسی بەرامبەری بێزار بكات، ئەگەر كەسێك شەوانە نوێژو پارشێو بكاتە بیانوو بۆ ماندووبوون و تووڕەبوون وەك ئەوە وایە كە لەبەر سونەتێك ئەركێك پشت گوێ بخات، واتا دەتوانین بڵێین مانگی ڕەمەزان قوتابخانەیەكە بۆفێربوونی رەوشتە جوانەكان.
خوداپەرستی گەنجەكان كارێكی پیرۆزە
مامۆستا عومەر سەبارەت بەوەی كەهەندێك لەگەنجان لەمانگی رەمەزاندا نوێژی تەراویح ناكەن، دەڵێت ئەو كەسەی كەبەڕۆژوو بووە واباشترە نوێژی تەراویح بكات، بەتایبەتی پێویستە گەنجان بەڕێكوپێكی فەرزو سوونەتەكان ئەنجام بدەن و بەپێی توانا بۆنوێژی تەراویح سەردانی مزگەوتەكان بكەن، چونكە عیبادەتی گەنج لەلای خودا زۆر گرنگ و پیرۆزە.
نەزەركردن ڕۆژوو سووك دەكات
سەبارەت بەنەزەركردن مامۆستا عومەر وتی (یەكێك لە بنەما سەرەكیەكانی بەڕۆژوو بوون پاراستنی چاوە لە دیتنی هەموو شتە حەرام و نابەجێیەكان، ڕاستە بەڕۆژووبوون ڕوكنێكە و فەرزە بۆ هەموو تاكەكان بەڵام نەزەركردنیش دەبێتە هۆی سووكبوونی رۆژووەكە، چونكە حیكمەتی بەڕۆژوو بوون لەوەدایە كە مرۆڤەكان چاویان لەهەموو شتێكی ناپەسەند بپارێزن، چۆن خۆیان بەڕۆژوو كردووە ئاوهاش چاویان بەڕۆژووبێت.
ڕێزگرتنی مانگی ڕەمەزان جوانترین دیاردەیە
سەبارەت بەدیاردە جوانەكانی مانگی رەمەزان مامۆستا عومەر وتی ((جوانترین سیفەت لەم مانگە ئەوەیە كە هەموو خەڵك تەنانەت ئەوانەی كە بەڕۆژووش نابن ڕێزی مانگی رەمەزان دەگرن، بەجۆرێك هەموومان هەستدەكەن كە خەڵكەكە وازیان لەخواردن و خواردنەوە هێناوەو هەموویان بەشێوەیەكی ڕێكوپێك لەیەكتری نزیكبوونەتەوەو بەجوانی مامەڵە لەگەڵ یەكتردا دەكەن.
سەردانی سەرقەبران لەسەرەتای ئیسلامدا قەدەغەبوو، سەردانی سەرقەبران لە یەكەم ڕۆژی جەژندا عورفە نەك سوونەت
سەردانی سەرقەبران بۆ ئەوەیە كە زیندووەكان مردووەكانیان بەبیربێتەوە، سەبارەت بە سەردانكردنی سەرقەبران لە یەكەم ڕۆژی جەژن یان دواڕۆژی ڕەمەزاندا مامۆستا عومەر وتی سەردانی سەرقەبران لەسەرەتای هاتنی ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا قەدەغەكرا، بەڵام دواتر پێغەمبەری خودا دروودی خوای لیبێت فەرمووی ((بڕۆن زیارەتی سەرقەبران بكەن بۆئەوەی مردووەكانتان بەبیر بێتەوە))لەبەرئەوە پێویستە مرۆڤەكان بەبەردەوامی سەردانی سەرقەبران بكەن، بەڵام وەك خۆمان دەزانین جەژن سوننەتە، هەموو مرۆڤێك جەژن بكات باشترە نەك بچێت بۆسەرقەبران، من بەڕای خۆم وای بەباشتر دەزانم كە لەكاتێكی تردا خەڵكی بچن بۆسەرقەبران نەك لەڕۆژی یەكەمی جەژندا، لەبەر ئەوەی چوونی خەڵك بۆسەرقەبران لەیەكەم ڕۆژی جەژندا عورفێكی كۆمەڵایەتیە نەك سوننەتێكی ئایینی.
واباشترە هەموو ئافرەتێك لەڕەمەزاندا بە باشی خۆی بپۆشێت.
سەبارەت بە باش خۆنەپۆشینی ئافرەتان لەمانگی ڕەمەزاندا مامۆستا عومەر وتی (( ئافرەتێك لەبەیانیەوە تا ئێوارە لەپێناوی خودای گەورەدا خواردن وخواردنەوەی لەخۆی حەرامكردووە، واباشترە كە هەموو ئەندامانی گیانی خۆی بپۆشێت، هەرچەندە ناتوانین بڵێین ئەو ئافرەتانەی كەخۆیان ناپۆشن ڕۆژووەكەیان قبوڵ نییە، ئەوان شتێكی زۆرگەورە دەكەن كەبەڕۆژوو بوون، لەبەرئەوە وەها باشترە كە ئافرەت لەپێناوی خودابەڕۆژوو بێت و لەچكیش بكات.
بەكارهێنانی حەبی مەنع لەڕەمەزان دروستە
سەبارەت بەبەكارهێنانی حەبی مەنع لەمانگی ڕەمەزاندا لەلایەن ئافرەتانەوە بۆئەوەی بەڕۆژووبن مامۆستا عومەر وتی ((بەڕای زۆربەی زانایانی ئایینی بەكارهێنانی حەبی مەنع دروستە بۆ ئافرتێك بیەوێت بەڕۆژووبێت، وەهاباشترە كاتێك كەئافرەتێك ئەم كارە دەكات سەردانی دكتۆری پسپۆربكات بۆئەوەی زیانی بۆ باری تەندروستی نەبێت، بەڵام من وەك زانایەكی ئایینی وەهام پێ باشترە كە ئەوئافرەتانە،هەر وەك چۆن خودا لەڕووی فسیۆلۆژییەوە ئەم حاڵەتەی پێبەخشیون باشترە دەستكاری نەكەن، چونكە عوزری شەرعییان هەیەو دواتر ڕۆژووەكان بگێڕنەوە، واتاحاڵەتی جەستەییان چۆنی خواست دەستكاری نەكەن.
هەندێك كەس ئەوەی حەڵالە حەرامی دەكەن و كەچی حەرامیش دەخۆن
سەبارەت بەگران كردنی شتوومەك لەمانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا مامۆستا عومەر وتی بەداخەوە زۆر لەبرا بازرگانەكان پێویستە لەمانای خوداپەرستی بزانن، هەندێكیان بەڕۆژوو دەبن بۆ ئەوەی خودا لە خۆیان ڕازی بكەن بەڵام بە گرانكردنی كەلوپەلە پێویستەكان خۆیان گوناه باردەكەن بەجۆرێك شتە حەڵاڵەكان لەخۆیان حەرام دەكەن، لەپێناوی خودادا بەڕۆژوو دەبن بەڵام حەرامیش دەخۆن چونكە ئەو قازانجەی كە لەگرانبوونی نرخی شتوومەك دەیكەن بۆ خۆی حەرامە.
سەرفترە دەبێت بەكەسانی هەژار بدرێت
دەربارەی سەفترەو زەكات مامۆستا عومەر وتی ((سەرفترە ئەركێكی ئاینیانەیە كە بۆ ڕۆژووان دانراوە لە دوای بەڕۆژووبوون و بەر لەرۆژوو شكاندنی لەجەژندا هەموو رۆژووانێك پێویستە سەرفترە بدات، ئەوەی گرنگە دەبێت سەرۆكی خێزان سەرفترە بدات و بۆهەر ئەندامێكی خێزان سێهەزاردینار دانراوە، پێویستە سەرفترە بەخەڵكی زۆر هەژار بدرێت، لەڕووی كاتیشەوە سەرفترە دەبێت زووبدرێت بەلانی كەمەوە دە ڕۆژێكی مابێت بچینە ناوجەژنەوە، بۆئەوەی ئەو كەسە هەژارەی سەرفترەكەی پێدەبەخشرێت بتوانێت سوودی لێوەربگرێت.
زەكات واباشتر لەهەمان شاری خۆماندا كە لێی نیشتەجێین دابەشی بكەین
سەبارەت بەزەكات مامۆستا عومەر وتی زەكات یەكێكە لەپێنج روكنە سەرەكیەكەی ئایینی ئیسلام هەموو كەسێك لەبڕی پێنج ملیۆن دینار پێنج سەد هەزار زیاتری هەبێت ساڵێك بەسەریدا تێپەری بێت.
دەبێت سەدوسی وپێنج هەزار دینار بدات و لەو پارەیەی هەیەتی وەك لێی دەربكات، بەڵام ئەوەی جێگای تێبینیە، دەبێت زەكات بدرێت بەخەڵكی ئەو شارەی كەخۆت تیایدا دەژیێیت، بەبەڵگەی ئەوەی پێغەمبەری خودا كە معازی كوڕی جەبەلی بۆیەكێك لەشارەكان نارد، پێغەمبەر بە معازی وت ((بەخەڵكی ئەوشارە بڵی زەكات بەخەڵكی هەژاری شاری خۆیان بدەن)).
سەبارەت بەو كەسانەی كەزەكاتیان پێدەشێت دەبێت خەڵكی فەقیر بن خەڵكانێك بن كەزۆر نەداربن و نەتوانن بژێوی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان بەرێوەببەن یان (مسكین ) بن كەلەڕووی ئابوورییەوە كەمێك لە فەقیر باشترە، یان كەسێكی قەرزار كە بەهۆی كاری حەلاڵ وباشەوە تووشی قەرزداری بووبێت، یان دەتوانرێت لەهەندێك كاتدا زەكات بە(عاملین) بدرێت واتا ئەوكەسانەی كەزەكاتەكە كۆدەكەنەوەو دابەشی دەكەن، لەهەندێك حاڵەتی تایبەتیدا بەتایبەتی لەسەرەتای بڵاوكردنەوەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا (موئەلەفەتی قلوبهوم) دانراوە واتا كەسایەتییە ناودارەكانی كۆمەڵ و ئەو كەسانەی كە كاریگەرییان لەسەر كۆمەڵگە هەیە لەبەر ئەوەی بتوانن هانی خەڵك بدەن كەبێنە ناوئایینی ئیسلامەوە، بەڵام ئەمە لەسەردەمی ئیمامی عومەردا لابرا .
زەكات دروست نییە بدرێت بەدایك وباوك
سەبارەت بەوەی كەزەكات جاهیزە بدرێت بەدایك و باوك و خۆشك و برا، مامۆستا عومەر وتی (بەهیچ شێوەیەك زەكات جاهیزنییە بدرێت بەدایك و باوك، لەبەر ئەوەی ئەركی سەرشانی منداڵە، دایك وباوك بەخێو بكات، بەڵام خوشك وبرا ئەگەر زۆرهەژاربن و مەرجەكانیان تیادا هەبێت هەندێك لە زانایان دەڵێن دروستە زەكاتیان بدرێتێ.


......
پرۆفایل
- مامۆستا عومەر مەلاحەسەن مرۆ لەساڵی 1957 لە شاری هەولێر لەخێزانێكی ئاینپەروەر لەدایك بووە، كوڕی زانای ئاینی مامۆستا مەلاحەسەن مرۆیە كەیەكێك بووە لە وتار بێژە ناسراوەكانی شاری هەولێر .
- لەساڵی 1979 بەكالۆریۆسی لەزانستە ئیسلامیەكان لەكولێژی شەریعە لەشاری بەغدا بەدەستهێناوە .
- لەساڵی 2005 وەك وتاربێژی مزگەوتی رەشاد موفتی دەست بەكاربووە .
- لەساڵی 2008 ماجستێری لە زانكۆی سەڵاحەددین لەبواری زانستە ئیسلامیەكاندا وەرگرتووە .
- ئێستا قوتابی دكتۆرایە لە كوڵیژی شەریعە لە لە زانكۆی سەڵاحەددین
- مامۆستایە لەپەیمانگای زانستە ئیسلامیەكان .
- وەك زانایەكی ئاینی بەشداری دەیان كۆنفرانسی جیهانی كردووە .
Top