تاتۆ لەناو گەنجان مۆدیلە

تاتۆ لەناو گەنجان مۆدیلە
كێشانی وێنەی تابلۆی سەیر و سەرنجڕاكێش بووەتە دیاردەیەكی بەربڵاو و بەرچاو بەتایبەتی لەنێو گەنجاندا و رۆژانە مۆدیل و تابلۆی جوان لەسەر شوێنە هەستیارەكانی لەشیان دەكێشن، تاتۆ لە كۆنەوەش بەكارهاتووە و لە كوردەواری كوتانیان پێگوتووە، ئەویش زیاتر لەشێوەی رەمزێك كە ناوی كەسێكی خۆشەویست یاخود وێنەیەكی لەسەر دەست یان رووخساریان دروست دەكرد، بەڵام بەو شێوەیەی ئێستا پێش نەكەوتبوو.

وەكو گەنجەكانی ئەوروپا حەزم بەتاتۆ بوو
نەوزاد ئەبوبكر گەنجێكی تەمەن 24 ساڵە، لەسەر هەردوو قۆڵی وێنەی ماری بە تاتۆ دروستكردووە و دەڵێت «دەمێكە زۆر ئارەزووم لە دروستكردنی وێنەیەك بوو بە تاتۆ، كە دەمبینی لە جەستەی هاوڕێیەكانم كرابوو ئەوانەی لە ئەوروپا دەژین یاخود گەنجەكانی ئەوروپا جۆرەها تاتۆیان دروستكردبوو زۆر حەزم لێی بوو، بەڵام دوای ئەوەی بینیم لێرەش دەكرێت بڕیارمدا منیش دروستی بكەم بەبێ گوێ دانە قسەی خەڵك و ماڵەوە، دوو ساڵ دەبێت دروستم كردووە، ئەو كات نرخەكەی گران بوو، چونكە شتێكی تازە بوو لەلای ئێمە».

دەمەوێت خەڵك تاتۆكەم ببینێت
نزار كەریم رواندزی گەنجێكی تەمەن 21 ساڵە، لەسەر جەستەی وێنەی جۆراوجۆر بە تاتۆ كێشراون، بەشێكیان شێوەی ترسێنەرن، ئەو گەنجە وێنەی تاتۆكانی سەر جەستەی بەكامیرا دەگرێت و لەسەر لاپەڕەكانی فەیسبووك بڵاو دەكاتەوە و دەڵێت «ئامانجم لە بڵاوكردنەوەی ئەو وێنانە تەنیا ئەوەیە كە خەڵك لە جوانی تاتۆی سەر جەستەم تێبگات، حەز دەكەم هەموو كەس بیبینێت».

تاتۆی سادە بۆ ئافرەت جوانە
لارا عیسا كچێكی تەمەن 17 ساڵە خوێندكاری دواناوەندیە و دانیشتووی شاری سلێمانیە، یەكێكە لەو كچانەی كە ئارەزووی تاتۆ دەكات و لەسەر باسك و قاچی وێنەی پەپولە و گوڵ و دووپشك بەكاردێنێت و دەڵێت «بەلای منەوە تاتۆی بچووك و ناسك و سادە لەسەر قوڵ و قاچی ئافرەت جوانیەكی تایبەتی خۆی هەیە زۆر سەرنجڕاكێش و مۆدێرینیشە، بەڵام ئێمە زیاتر هەوڵدەین ئەو جۆرە لەزگانە بەكاربێنین كە لە شێوەی تاتۆ نەخشێندراوە، چونكە ئەوانە بۆ ماوەیەكی كاتییە و زیانیشی نییە لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین بەدڵی خۆمان جۆری وێنەكە بگۆڕین».

هاوسەركەم حەز بەتاتۆ دەكات
موژدە ئافرەتێكی 35 ساڵە خاوەن 3 منداڵە باس لەوە دەكات كە ئەو چەندە ئارەزووی لە بەكارهێنانی كەلوپەلی جوانكاریە، هاوسەرەكەشی دوو ئەوندە حەزی بەجوانییە و دەڵێت «هەرگیز بیرم لە دروستكردنی تاتۆ نەكردبۆوە لەسەر جەستەم، بەڵام لەسەر داواكاری هاوسەرەكەم لە سەفەرێك بۆ وڵاتی سوید جوانترین وێنەی گوڵ لەسەر پشتم دروستكردووە كە رەنگاوڕەنگە و سەرنجڕاكێشە».

زیانەكانی تاتۆ لەسەر پێست
د.كامەران عومەر شارەزا لە بواری پێست دەڵێت «راستە تاتۆ جوانییەكی تایبەتی هەیە و بۆ ماوەیەكی كاتییە، بەڵام ئەگەری تووش بوون بەچەند نەخۆشیەكی پێستی لێدەكەوێتەوە وەكو ئایدز، شێرپەنجە ئەوەش لەو كاتەی كە وێنەكە لەسەر جەستەكە دروست دەكرێت ئەگەری ئەوە هەیە ئامێرەكە هەڵگری نەخۆشی و ڤایرۆس بێت كە لە جەستەی كەسێكی ترەوە هەبووبێت یاخود تێكەڵبوونی رەنگەكان كە دەچێتە ژێر پێستەوە ئەمانە هەمووی ماددەی كیمیایین و زیانی هەیە بۆ سەر پێست، لەگەڵ ئەوەشدا لەكاتی لادانی تێچوونێكی ماددی زۆری دەوێت و پێویستە بە تیشكی لێزەر لابدرێت یاخود دەرمان، ئەویش بەباشی لای نابات».

كچان لە شوێنی شاراوە تاتۆ دەكەن
چرۆ ئیسماعیل خاوەنی ئارایشگای رۆنیاز كە شارەزاییی لە جوانكاری و نەخشەكانی تاتۆ هەیە دەڵێت «سەرەتای دروستبوونی تاتۆ لەلای چینییەكانەوە بوو، دوای ئەوە لەلایەن هۆزە عەرەبەكانیش بڵاو بووە، لە رێگەی ئێرانەوە هاتۆتە كوردستان و ئەوانەی بەكاری دێنن زیاتر لاسایی كردنەوە یاخود بەمەبەستی جوانكاریە، كوڕ زیاتر هەوڵدەدات لەسەر جەستەو قۆڵەكانی تاتۆی گەورە دروست بكەن، بەڵام كچەكان زیاتر شوێنە شاراوەكانی جەستە بەكاردێنن بۆ سەرنجڕاكێشی و جوانی».
Top