دڵ پیسی دەبێتە مایەی هەراسانكردنی خۆشەویستەكان

دڵ پیسی دەبێتە مایەی هەراسانكردنی خۆشەویستەكان
دڵ پیسی سیفەتێكە لە دەروونی مرۆڤەكاندا هەیە، بۆیە ئەگەر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ نەكرێت، بەبێ ئەوەی ئاگاداربین لە ناخمانەوە پەروەردە دەبێت و لەوانەیە ببێتە هەڕەشەیەكی ترسناك و هۆكارێك بۆ تێكدانی شیرازە و تەبایی خێزان و دوور نییە هەڵوەشاندنەوەی خێزان و ئازاردانی كەسە خۆشەویستەكانمانی لێبكەوێتەوە، ئەو كاتەش پەشیمانی دادمان نادات.

دڵ پیسی ژنەكەم هەراسانی كردووم
رەوشت رەسول پیاوێكی تەمەن 37 ساڵە خاوەن 4 منداڵە و بازرگانە، بەهۆی ئەوەی بەردەوام بەكارەكەیەوە سەرقاڵە و هاتووچۆی وڵاتانی دەرەوە دەكات، ژنەكەی دڵ پیسی لێدەكات، رەوشت دەڵێت «دڵ پیسیی ژنەكەم و گلەییەكانی زۆرجار هەراسانم دەكات، چونكە من بەكاركردن و بە بەخێوكردنی ئەو و منداڵەكانمەوە خەریكم و بۆ ئەوان بازرگانی دەكەم و ماندوو دەبم، بەڵام هاوسەرەكەم هەست و بیركردنەوەی جۆرێكی ترە، بۆیە زۆربەی كاتەكان كە لەدەرەوە بم و كارم نەبوو، هەوڵدەدەم لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە قسەی لەگەڵ بكەم بۆ ئەوەی هەست بەوە بكات خۆشمدەوێ و هەرگیز ناپاكی لەگەڵ ناكەم».

برایەكەم دڵ پیسی لە خۆم و خوشكەكانم دەكات
بێریڤان نەسرەدین قوتابی كولێژی هونەرەجوانەكانە پێیوایە دڵ پیسی ناشرینترین سیفەتی مرۆڤە بەتایبەت بۆ ئافرەت زۆر كێشەیە كە مێردەكەی دڵ پیسیی لێبكات و دەڵێت» هەر كەسێك كە خوازبینیم دەكات سەرەتا ئەو پرسیارەی لێدەكەم كە بزانم كەسێكی دڵ پیسە یان نا، چونكە لە ماڵەوە برای گەورەم دڵی لە هەموو خوشكەكان پیسە بۆیە هەست بەو ئازارە دەكەم كە دڵ پیسی چەندە ناخۆشە و زیانی لەسەر دەروونمان هەیە بەتایبەت ئەو كاتانەی دەچوومە دەوام سەرەتا بەدوام دەكەوت بۆ ئەوەی دڵنیابێت بزانم دەچمە دەوام یان نا یاخود كاتێ لە دەرەوەین پێوەندیمان پێوە دەكات لە جارێك زیاتر بۆ ئەوەی بزانێت بۆ كوێ چووین، بەڕاستی لەم كردەوانەی بێزار بووینە، چونكە ئەوە لەخەمی ئێمە نییە بەڵكو لێی بۆتە نەخۆشی دەروونی».

حەقی خۆمە دڵ پیسی لە دەسگیرانەكەم بكەم
سەنەریا كچێكە تەمەنی 19 ساڵە ماوەی ساڵێكە مارەبڕكراوە و دەڵێت»هەندی جار دڵ پیسی لە دەسگیرانەكەم دەكەم ئەوەش بە حەقی خۆمی دەزانم، چونكە زۆرم خۆشدەوێت و نامەوەی لەدەستی بدەم. بۆیە پێویستە لێپێچینەوەی لەگەڵ بكەم بۆ ئەوەی بزانم هاوڕێیەتی كێ دەكات و بۆ كوێ دەچێت، بەڵام هەرگیز بەو جۆرەش هەڵسوكەوت ناكەم كە ببێتە مایەی بێزاربوونی، چونكە خۆشی دەزانێت ئەوە لە خۆشەویستیانە وا لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكەم».

پێویستە سەردانی پزیشكی دەروونی بكەن
كارمەند عەزیز عەلی توێژەری دەروونی دەڵێت «پێویستە هەر لە سەرتاوە ئێمە جیاوازی لەنێوان بەخیلی و دڵ پیسی كردن بكەین، كە هەردوو سیفەتیش لەگەڵ لە دایكبوونی مرۆڤەوە دروست دەبن، بەخیلی یاخود ئیرەیی ئەوەی كە كەسێك شتێكی نەبێت و خەڵك هەیبێت، بەڵام حەز لەوە دەكات ئەو شتە لەوان وەربگرێت و ببێتە موڵكی ئەو، بەڵام دڵ پیسی یان غیرەكردن ئەو سیفەتە كاتێك گەشە دەكات كە كەسێك شتێكی هەیە لەبەرامبەر ئەوە هەست بكات خەڵكانێك هەن دەیانەوێ ئەو شتەی لێبستێنن جا زۆر جار ئەو غیرە كردنە لەنێوان ژن و پیاو لە ئەنجامی خۆشەویستیەكی بەهێزی ژنەكە بۆ پیاوەكە یاخود پیاوەكە بۆ ژنەكە دروست دەبێت یاخود پیاو هەیە تووشی دڵ پیسی دەبێت لە ژنەكەی كە غیرە لە هەموو كەسێك دەكات، بۆیە هەر كەسێك كە هەستی بەوە كرد تووشی دڵ پیسی دەكات لە بەرامبەرەكەی پێویستە سەردانی نەخۆشی دەروونی بكات بۆ ئەوەی چارەسەری تایبەتی بۆ دابنێت، چونكە غیرەكردن و دڵ پیسی مەترسی تووش بوون بە نەخۆشی دەروونی لێدەكەوێتەوە».
Top