لە شەوانی رەمەزاندا گەنجان چۆن كاتەكانیان بەسەر دەبەن

لە شەوانی رەمەزاندا گەنجان چۆن كاتەكانیان بەسەر دەبەن
یەكێك لەو سیمایانەی كەشەوانی ڕەمەزان لە هەموو شەوێكی تری ساڵ جیای دەكاتەوە، ئەوەیە شەوانە تادرەگی شەو گەنجەكان لەگازینۆو كافتریاكاندا كات بەسەر دەبەن و زۆربەشیان هەر لەوشوێنانەدا رۆژدەكەنەوە، بێگومان ئەم گەنجانەش بەسەر چەند شوێنێكی جیاوازی ناوشاردا دابەشدەبن، لەوانە پاركەكان و بازاڕی ئیسكان و مۆڵەكان و شەقامی بازاری سیروان، و شەقامی باتەی ناوشاری هەولێر.

بەڕۆژ دەخەوین و بەشەوان پیاسەدەكەین
هاوكار عومەر یەكێكە لەو هەرزەكارانەی كە تا درەنگانی شەو لەمانگی ڕەمەزاناندا كاتی خۆی لە شەقامی ئیسكان دەباتەسەر و دەڵێت «ڕەمەزان بەلای منەوە زۆر خۆشە چونكە بەڕۆژ هەردەخەوم و و بەشەویش لە كافتریاكانی شەقامی ئیسكان كاتەكانم دەبەمەسەر، چونكە ژمارەیەكی زۆر لە هاوڕێیانم لەوێ كۆدەبینەوەو تادرەنگانی شەو دۆمینەو هەندێ یاری تر دەكەین، ئێمە تەنیا خۆشیمان لەم مانگەدا ئەوەیە كەهەموومان كاتێكی خۆش دەبەینەسەر لەم بازاڕەدا.

بازاڕی ئیسكان هەوارگەی گەنجانە
بەرنامەی ژیانم لەهەموو ڕەمەزانێكدا بەم شێوەیەیە چونكە بەڕۆژ ناتوانین پیاسەبكەین لەبەر ئەوەی زۆربەی چایخانەكان وگازینۆكان چۆڵن و بەشێكیان داخراون لەبەر ئەوە ناچارین بەشەوان پیاسە بكەین،ئەمە قسەی ئارام شاهێنی تەمەن چواردەساڵان بوو، كەیەكێك بوو لەو گەنجانەی لەیەكەم شەوی ڕەمەزاندا لەبازاری ئیسكان خەریكی پیاسەكردن بوو، ئارام دەربارەی هاتنەدەرەوەی گەنجان لەشەوانی رمەزاندا وتی» ((شەوانی ڕەمەزان زۆرخۆشە هەموو كافتریاكان كراوەن و زۆربەی چیشتخانەو بازاڕەكانیش دەرگایان لەسەر پشتە بۆ پێشوازی هاووڵاتیان، ئەمە بێجگە لەوەی كە هەموو برادەران بەشەوانی ڕەمەزان لە بازاڕی ئیسكان یەكتری دەبینین، بازاڕی ئیسكان وەك سەنتەرێكی یەكترناسینی گەنجانی هەولێرە، چونكە دەگمەن گەنج هەیە لەقۆناغێكی تەمەنیدا سەردانی ئەم بازاڕەی نەكردبێ)).

دواتر هونەر عەلی تەمەن بیستووچوارساڵ وتی (( من كەمنداڵبووم لەساڵی نەوەدەكاندا چونكە باری ئابووری خەڵك نالەباربوو براگەورەكانم كە ئەو كات گەنج بوون لەبەر هەژاری نەیاندەتوانی بگەڕێن زیاتر لەمانگی ڕەمەزاندا روویان دەكردە مزگەوتەكان، بەڵام ئەمڕۆ لەئەنجامی ئەوەی باری ئابووری بەرەو باشبوون چووە زۆربەی تاكەكان لەمانگی ڕەمەزاندا بۆكات بەسەربردن ڕوودەكەنە بازارو مۆڵەكان، من وەك گەنجێك مووچەیەكی باشم هەیەو ئێوارەی لێدێت تادرەنگانی شەولە بازاڕی ئیسكان بەئارەزووی خۆم پارە خەرج دەكەم .

گەنجان دەتوانن كاتێكی خۆش بەرنەسەر
ئەیوب حەمەد ئەمین كورێكی تەمەن سی وپێنج ساڵان بوو لەگەل كۆمەڵێك هەرزەكاردا خەریكی یاری بلیارد بوون سەبارەت بەوەی كە گەنجەكان بۆكات بەسەربردن شەوان ڕوودەكەن بازاڕو مۆڵەكان وتی(( گەنجانی ئەمڕۆ زۆر بەختەوەرن چونكە دەساڵ بەر لەئیستا گەنجەگان هیچ شوێنێك نەبوو ڕووی تێبكەن بەڵكوو تەنیا لەمانگی ڕەمەزان ڕوویاندەكردە مزگەوتەكان و خەریكی خواپەرستی بوون بێجگە لەوەی كە ئەو كات گەنج هەمووی هەژاربوو لەبەر كاركردن نەیان دەتوانی سوود لەگەنجێتیان وەربگرن بەڵام ئێستا بەو شێوەیەنییە شەوانە هەزارەها گەنج بۆ ڕابواردنی كاتێكی خۆش ڕوودەكەنە مۆڵەكان و یانەكان و هەرهیچ نەبێت بازاڕەكان بوونەتە هەوارگەیەكی ڕابواردن بۆ هەموو گەنجان.

ژمارەیەكی تر لەگەنجەكان لەكافتریایەكەی نازەمۆڵ دانیشتبوون كە ژمارەكی زۆریان خەریكی نێرگەلەو جگەرەكێشان بوون، كەوتمە وتوێژ لەگەڵیاندا یەكێكیان خۆی بە ئازاد عەلی ناساند وتی ئێمە زۆربەی شەوان دێینە ئێرە بەڵام رەمەزانان زیاتر چونكە لەمانگی رەمەزاندا بەرۆژ هیچ كام لەشوێنەكان خۆشنین زۆربەی خەڵك نوستوون بەڵام بەشەوان خۆشن بەتایبەتی ئێمە كۆمەڵێك گەنجین دەمانەوێت تەماشای كچان بكەین و شەوانیش زۆربەی مۆڵەكان پڕدەبن لەخێزانەكان و خەڵك لە ماڵ دێنە دەرەوە .

ئەوەی كە جێی نیگەرانی بێت هەندێك لەم گەنجانە كە شەوان تا درەنگان لە شەقامەكانن فەرمانبەری دەزگاكانی حكومەتن بۆیە لە كاتی دەوامی ڕۆژانەدا مرخەیان دێت بەسەر مێزی كاركردنەوە..
Top