لەم مرۆڤستانەدا..!

لەم مرۆڤستانەدا..!
نوسينى: یاسین قادر بەرزنجی*



-دەینووسم..چی لە دڵمدایە دەینووسم، هەموو جار دایكم دەیووت خودا چی لەو ناوچەوانە نووسیبێت دێتە دی..
هەروا بوو.. لە ناوچەوانم نووسرا بوو چارەڕەشی و بەدبەختی، خۆشباوەڕی، هەروایش بوو، ئاخر منێك كە تا ئامادەیشم تەواو كرد بەباشی راست وچەپی خۆمم نەدەزانی چۆن چارەنووسم دایە دەست زۆڵێكی بەدرەفتار؟. چۆن باوەڕم بەكەسێك كرد كە بەدرۆ فەرهەنگی خۆشەویستیی بۆ هەڵدەڕشتم!
پاكیز بەدەم سڕینی فرمێسكەكانی سەر گۆنایەوە چاوی بە دێڕەكانی سەر پەڕە كاغەزەكەی بەردەمیدا گێڕایەوەو تینی دایە خۆی، هەروەك ئەوەی بۆ خەڵكێكی زۆر بدوێت، دەیویست دەروونی واڵا بكات و بوێرانە بەگژ هەموو گەردووندا بچێتەوە.
-دەبوو بمزانیایە ئەم دنیایە گورگی زۆری تێدایە، بمزانیایە قسەی دایكم نەخشی بەردەو زەمانە فێری كردوە كە مرۆڤستان پڕ نییە لە فریشتە، بەڵكو كەسانی وایشی تێدایە وەك ئاژەڵی برسی قەستیانە پەڕو باڵی نێچیرەكانیان بكەن و بەجارێ گۆشت و ئێسقانیان بهاڕن. دەبوو هەرچۆن لە حزوری براكاندا ئەوق دادەمام ئاواش لەو (خۆشەویستە) بترسامایەو بەجارێ چاوو دڵی خۆمم نەدایەتە دەستی، نەمهێشتایە دەستی چەپەڵی بگاتە دەستم و لە دیدارەكانی دیكەشدا هەموو جەستەم بكاتە كێڵگەی كێڵانی حەزە بێئابڕووەكانی..
چاوەكانی پڕاوپڕ بوون لەڕق.. پەڕەیەكی سپی خستە سەرەوەو بەر لەوەی دەستكاتەوە بەنووسین، چاوی خەیاڵی چووەوە بۆ ئەو ڕۆژەی خوێن بەجەستەی پاكیزەییدا هاتەخوارێ. بەری چاوانی سوور هەڵگەڕا. پاشان تاریك داهات..
تروسكەیەك نەما تێی بڕوانێ.. فیلمە ترسناكەكەی هەمیشە دەدییەوە، لەگەڵ خۆیدا بردییەوە بۆ ئەو رۆژە رەشەی دوای كاری نەكردەی هاوڕێكەی، پڕ بەگەرووی دەیزریكاند و كەسێ نەبوو گوێیەك لەناڵەو هاواری بگرێت. وەك زۆرجاری دیكە گەڕایەوە بۆ حەوشە بچووكەكەی منداڵی، بۆ لای دەنگە پڕ لەسۆزەكەی دایكی..
-لەسەرەتایی بووم، دەستم بدایە سەتڵێ ئاو، یان عەلادینێ، دایكم پڕ بەسینەی بانگی دەكردم «داینێ كچم.. داینێ پاكیز. تۆ كچیت و دەست مەدەرە شتی قورس. خراپە دایكم وامەكە...». نەمدەزانی بۆ خراپە. گەورەتر بووم و لە ناوەندیدا دەمویست بەر لە گەڕانەوەی برایان یارمەتی دایكم بدەم و لە ئێواراندا نوێنەكان بۆ سەربان كێش كەم. هەر كە چاوی بەو دیمەنە بكەوتایە دەیووت «كچی دایكت وامەكە.. تۆ منداڵ و لاوازیت، لە كوێ دەتوانی دۆشەك و سەرین سەرخەیت. داینێ كچم، خۆم دەیانبەم». رووە شەرمنەكەم هەرگیز نەیدەهێشت كلیلی ئەم باسە بدەمە دەستی هاوڕێیەكی قوتابخانەم.. یان كچە پوورە دەستە خوشكەكەم. هەربۆیە رۆژێك بەدایكم خۆیم وت «دایە گەورەبووم و منداڵ نیم. بۆ ناهێڵیت هاوكاریت بكەم». دەمودەس هاتە وەڵام و وتی «نا كچی خۆم گەورە نیت. ئەی نازانی كچانی عاقڵ دەبێ ئاگاداری خۆیان بن. ئەی نازانی ئەوان وەك كوڕان بۆیان نییە دەستبدەنە شتی قورس و یاری بكەن و باز بدەن». دواتر لەو دەنگە هێمنەوە زانیم كە ئێمەی ئافرەت تا تەواو گەورە دەبین و تا ئەو ساتەی شوو دەكەین دەبێ ئاگاداری كچێنی خۆمان بین..
بە قومە ئاوێك گەرووی وشكی تەڕكرد، لاپەڕەیەكی سپی دیكەی خستە بەردەستی و ویستی باسی رۆژانی دوای لێقەومان تۆمار بكات..
-ئەو نامەردە دەیویست ئیشی خۆی دووبارە بكاتەوە. بەناوی چارەسەری پەردەی حەیای حورمەتمەوە شتێ پارەی نایە چنگم و ناونیشانی ژنە چارەسەرێكی دامێ. پاش ئەوەی لەگەڵ پورزا هاوڕێكەی منداڵی و گەورەیم بە ترس و لەرزەوە گەیشتمە لای ژنەی فریادڕەس، هەموو گیانم نیشتبووە سەر ئاو و زمانم چووبووە كلیلە. دوای سەرزەنشتی ئەو و هەندێ بەزەیشی.. ئامۆژگاری كرام و بەڵێنی دامێ چارەسەرم بۆ بكات..
دەنگی پێی كەسێك دایچڵەكاند. كاغەزەكانی هەندێك كۆكردەوە و شاردەوە.. كەسەكە پیاوێكی فایل بەدەست بوو، هات و لە بەرپرسی ژوورەكەی پرسی، ئەمیش پێی وت «هەموویان چوونەتە پرسەو سەعاتێكی تر دێنەوە..». ئەو رۆیشت و ئەمیش مێشكە جەنجاڵە وروژاوەكەی بردییەوە بۆ لای رۆژانێ كەزەنگی تەلەفۆن هەراسانی دەكرد. بۆ لای پێوەندییەكیان كە ئەو ناجوامێرە بەدەنگی پڕ لە هەڕەشەوە پێی وت «گەر نەیەیتە لام ئەوا بە كاكت دەڵێم چیم كردوەو چۆنیش بە پارەی من براویت بۆ چارەسەر». دواتر زەنگی تەلەفۆنەكان لە مێشكیدا دەزرگانەوە، ئەمیش جارێ بەقسەی نەرم پێی دەووت «خوا بناسە، ئاخر من شەرەفی خۆمم دایە دەستت.. كەمێ پیاو بە. ئەی ناترسی ئەو خوا گەورەیە گەڕوگول و رووت و رەجاڵت كا..»، جارێكی تریش پێی دەووت «بێغیرەت.. چی دەكەی بیكە لێت ناترسم. شكاتت لێ دەكەم. بەگرتنت دەدەم. بەوخوایە گەر كوشتووشیانم بەبراكانمی دەڵێم.. ئەوسا دەزانم چیت لێ بەسەر دێنم..».. كەوتەوە نووسین..
-ئەمجارەشیان وەك هەموو جارەكانی دی، دادم بردەوە لای كەژاڵی پورزام.. من خوشكم نەبوو بەڵام ئەو لە خوشك دڵسۆز تربوو بۆم و تەگبیركەرم بوو. كەژاڵ چرای رێگای دایە دەستم، كەژاڵ وتی «پاكیز گیان.. بۆ ساڵێك دەچێ دامەزراوی و هەمیشە هەر مەدح و سەنای لێپرسراوی فەرمانگاكەتان دەكەیت. بچۆرە لای و لەنووكەوە بۆی بگێڕەوە. مەگەر هەر ئەو لە ئۆیەی ئەو گورگە بێت». قسەكەیم وەرگرت.. دوامنەخست، رۆژی دوایی بەڕوویەكی پڕ لەشەرمەوە لە دەرگام داو فەرمووم لێ كرا.. گوێی لێ گرتم و لێی دەڕوانیم. منیش زۆربەی كات چاوم دەبڕییەوە زەوییەكە.. نەمدەزانی كە بێدەنگ بووم سەرزەنشت دەكرێم.. یان چی.. شەرم هەموو گیانمی داگرتبوو..گوتی «بابیرێكی لێ بكەمەوە. ئینجا قسە دەكەینەوە..»، بەترسەوە وتم «رەنگە ئیتر رێزم نەگرێت.. یان بە چاوێك سەیرم بكەیت.. توخوا پێمی بڵێ وا دڵم تەقی.. بەو خوایە كەژاڵی پورزام كە ئەوەندە باسی تۆم بۆ كردوە فێری كردم بێم بۆلات. توخوا چی دەكرێت؟». لەسەرخۆ كەوتە وەڵام، وەڵام هەنگوین بوو لەزاری دەباری«تۆ وەك خوشكی خۆم وایت، خەمت نەبێ و لەم وڵاتەدا زۆرجار شتی وا روویداوە، بەڵام باسەكە كتوپڕی بوو بۆم. دە لێم گەڕێ با بیرێكی لێ بكەمەوەو بیدەرە دەست كاكی خۆت..»، گەر فەرمانگە نەبوایە لە ئامێزم دەگرت و تێرتێر چاوەكانیم ماچ دەكرد. رۆیشتم و بەخۆمم دەووت «لەم مرۆڤستانەدا مرۆڤی ئاوایش هەیە. ناهەقیان نییە كارمەندە كۆنەكان هێندە خۆشیان دەوێت..»..
چووەوە ژوورەكەو دوای كردنەوەی چەكمەجە، ویستی كاغەزەكانی دەربهێنێ و بنووسێت، بەڵام تریقەو گفتوگۆی هاوڕێكانی پەشیمانی كردەوەو توند كلیلی دایەوە.. ئەوان هاتنەوەو ئەمیش دەستی كردەوە ملی بیركردنەوەو خەیاڵەكانی..
بیری چووەوە بۆ ئەو رۆژەی تر كە لێپرسراوە ــ براكەی تەلەفۆنەكەی لە دەست وەرگرت و بە ئاخافتنی تێكەڵ لە عەقڵ و تووڕە بوون ئامۆژگاری گورگەكەی كردو دواجار پێی وت «گەر لە قسەم دەربچیت خراپت لێ بەسەردێ.. من لەجێی باوك و برای ئەم كچەم و بێیتە رێی، یان تەلەفۆن بكەیتەوە ئەوا بەرەو رووی یاسات دەكەینەوە..»..
پاكیز، بەهێمنییەكی ئاوێتە لە بڕواو خۆشحاڵییەوە هاتەوە ئێستای، بۆ ماوەیەكی باشە نەچارەی تاڵی ئەوی دیوەتەوەو نەگوێشی لە دەنگی وەڕسكەری بووەتەوە..
هەڵساو پەردەی سەر پەنجەرەكەی لاداو چاوەگەشەكانی بڕییە ئاسمان..


*چیرۆكە هەواڵ
تایبەت بە گوڵان و كوردستانی نوێ
Top