كوڕان لاسایی كچان دەكەنەوە

كوڕان لاسایی كچان دەكەنەوە
***
لەو سەردەمەی ئێستاماندا چەندین جۆرە مۆدیل و ستایلی ڕێكخستنی قژ و ڕووخسار بۆ كچان و كوڕان هەیە، بەڵام ئەوەی سەرنج راكێش بێت كۆمەڵێك لە كوڕانن كە جۆرە ستایلێك بەكاردێنن، پیاندەوترێت لاساییكەرانی كچان،لەگەڵ ئەوەشەدا بەردەوام بەرەنگاری توانجی كۆمەڵگاو خێزان دەبنەوە.
***

پێمدەڵێن (دادە)
هۆشنگ رەحیم گەنجێكی تەمەن 17 ساڵانە، خوێندكاری دواناوەندییە قژی تا سەر شانی هێشتۆتەوە، برۆكانی چاك كردوە وەكو خۆی باسی دەكات تائەو كاتەی دەوامی قوتابخانەی هەبوو بەردەوام كێشەی لەگەڵ مامۆستاكانی هەبووە، ئێستاش لە ماڵەوە دەكەوێتە بەرتوانجی خێزانەكەی و پێیدەڵین (دادە) واتە شێوەی لە‌ كچ دەچێت، بەڵام ئەو گەنجە زۆر بەلایەوە سەیرە كە توانجی لێبدرێت یان پێی بڵێن شێوەت لەكچ دەچێت، لەم بارەوە دەڵێت: چونكە ئەو شێوازەی من بەكارم هێناوە لە ڕووخسار و ڕێكخستنی قژمدا لە هەموو دنیا هەر ئەو جۆرە مۆدێلە بەكار دەهێنرێت و شێوازێكی سەردەمانەو گەنجانەیە بۆیە منیش وەكو گەنجێك حەزم لە مۆدیلی جیهانیە..
كوڕان داوای مكیاژی كاڵ دەكەن
ڕێژوان شەفیق گەنجێكی تەمەن 21 ساڵەو خاوەنی دوكانەو كەلوپەلی جوانكاری ئافرەتان دەفرۆشێت و خۆشی جوانكارییەكانی وەكو ملوانكەو بازن و بەكاردێنێت و دەڵێت: ڕاستە كوڕی ئێستا زۆربەیان مكیاژ بەكاردەهێنن و من خۆم خاوەن دوكانی فرۆشتنی كەلو پەلی جوانكاریم، زۆربەی كوڕە هاوڕێیەكانم هەندێك لەمكیاژی رەنگ كاڵم لێ داوا دەكەن تا بۆیان ببەم، تەنیا بۆ خۆ ڕازاندنەوەیان، لەگەڵ ئەوەشدا خۆم زۆر ئارەزووم لە بەكارهێنانی ملوانكەو بازنە، ئەمە مانای ئەوە نییە هەموو كوڕێك لاسایی كچان دەكاتەوە یان مەبەستی ترمان هەبێت، بەڵام ئەوە بۆ خۆ جوانكردنەو مافی خۆمانەو هەموو مرۆڤێكیش سەرەتایترین مافی خۆ جوانكردنیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا كچی ئەو سەردەمە كوڕی مۆدێرنی دەوێ..
كوڕێكم پێ جوانە كەسایەتی بەرز بێت
ئیمان عوسمان كچێكی تەمەن 18 ساڵانەیە، خوێندكارە لە دواناوەندی، پێیوایە ئەو كوڕانەی لاسایی كچان دەكەنەوە ئەوا كەسایەتییان نزمە، بەكارهێنانی كەلوپەلی جوانكاری جۆرێك لە ناسكی و ناز بە ئافرەت دەبەخشێت كە ئافرەت بەو ناسكییە سەرنج ڕاكێش دەبێت، بەڵام ئەو ناسكییە بۆ پیاو جوان نییەو بۆیە بەلای منەوە كوڕ بەردەوام بە سادەیی و كەسایەتییەكی بەرزی پیاوانەوە جوانە، نەوەك بەكارهێنانی ژنان، ئەو كچە دەڵێت(( ئەو كوڕانەی لەو جۆرەن بە هەرزەكاری تازە پێگەیشتویان دەبینم، بۆیە من وەكو خۆم كەسێكم پێ جوانە كە لە هەموو رووییەكەوە بەتەواوی پەروەردە بووبێت)).
ئەمانە ستایلی ئەوروپین
هەردی حەلاق لە سەرتاشخانەی شێوازێكی نوێ كاردەكات، باس لەجۆرەكانی ئەو سەردەمەی چاككردنی قژی كوڕان دەكات و دەڵێت: ئەو جۆرە ستایلانەی كە گەنجی ئێستا لە روخسارو قژیان بەكاری دەهێنن ئەوە شێوازی ئەوروپییە كە ئێمە جۆری ئەڵمانی و ئیتاڵی و سویدیمان هەیە كە گەنجێكی زۆر جۆری ئەڵمانی هەڵدەبژێرێت،كە بەشێكی دواوەی قژەكە درێژ دەكرێت و ئەوەی تری قژەكە بۆ سەرەوەو خوارەوە دادەهێنرێت، ئەو جۆرانە هەمووی نرخێكی گونجاوی هەیە، ئەو گەنجانەی ئەو جۆرە ستایلانە داوا دەكەن زۆربەیان لە نێوان تەمەنی 13 ساڵان تاوەكو 25ساڵانن هەروەها سپی كردنی روخسار و مەساجیشمان هەیە كە بۆ پاك كردنەوە و جوانی پێست گرینگە..
نابێت پیاو لاسایی ئافرەت بكاتەوە
مامۆستای شارەزا لە ئایین مەلا كاوە فارس دەڵێت: لە ئاینی ئیسلامدا نەهی كراوە لەوانەی كە كوڕن و خۆیان بە كچ دەچووێنن چونكە پێغەمبەر (د.غ) لێبێت دەفەرمووێت (لعن الله المتشبهین من الرجال بالنسا، والمتشبهات من النسا بالرجال) واتە نابێت بەهیچ جۆرێك نەپیاو نەژن لاسایی یەكتر بكەنەوە بەڵام خۆ هەر لە كۆنەوە قژ درێژ كردن هەبووەو حەرام نەبووە بەس ئەوەی ئەو سەردەمەی ئەمڕۆ لاسایی كردنەوەی ئەوروپییە هەروەها برۆ كردن كە بۆ ئافرەتان حەرام كراوە جا بۆ پیاوانیش هەر بەهەمان شێوە.
Top