ژن بە ژنی كارەساتی لێدەكەوێتەوە

ژن بە ژنی كارەساتی لێدەكەوێتەوە
ئا: محەمەد عەبدولعەزیز

كێشەیەكی ژن بە ژنی دەبێتە هۆی كوشتنی دوو كەس، كە یەكیان تەنیا ناوبژیوان بووە و تاوانبارێكیش بەهۆی كوشتنی زاواكەی و كوڕی موختاری گوندەوە لە سێدارە دەدرێت.
ئەم كێشەیە لە ساڵانی ڕابردوو لە یەكێك لە گوندەكانی سەر بە قەزای دهۆك روویداوە، دوو خێزانی سەر بە یەك تیرە پرۆسەیەكی ژن بە ژنییان ئەنجامداو هەریەكیان ژنێكی دایە خێزانەكەی تر بۆ ئەوەی پێوەندییان پتەوتر بێت، بەپێی وتەكانی شاهیدێك كە لە دادگا ئامادە بوو، دوای تێپەڕ بوونی سێ ساڵ، پیاوێكی یەكێك لە دوو خێزانەكە بە ناوی (جەمیل) كە ژنی هێناوەو خوشكی خۆیشی داوە بە كەسێكی دیكە بە ناوی(دیار)، لەگەڵ هاوسەرەكەی دەبێتە شەڕیان و دەكەوێتە گیانی هاوسەرەكەی و زۆری لێدەدات، دوای تێپەڕبوونی چەند رۆژێك، هاوسەری(جەمیل) زیز دەبێت و دەچێتەوە ماڵی باوكی و بە (جەمیل)یش دەڵێ: من ناگەڕێمەوە و دەبێ تەڵاقم بدەی، چونكە ژیانی منت كردۆتە دۆزەخ.
(جەمیل) هەوڵێكی زۆری دا بۆ ئەوەی هاوسەرەكەی بگەڕێتەوە ماڵەوە، بەڵام گشت هەوڵەكانی بێ ئاكام بوون، بۆیە بڕیاریدا كە خوشكەكەشی پێویستە بگەڕێتەوە ماڵی باوكی و نابێ لەلای هاوسەرەكەی واتە برای هاوسەری خۆی بمێنێتەوە، چونكە هەردووكیان بە ژن بە ژنی پرۆسەی هاوسەرگیرییان پێكهێناوە، بەڵام خوشكی (جەمیل) بەم بڕیارە ڕازی نابێت كە بگەڕێتەوە ماڵی باوكی و پێی دەڵێت: من ناگەڕێمەوە ماڵی باوكم، چونكە ژیانی زۆر خۆشە و هیچ پێوەندیم بە ژیانی تۆ و هاوسەرەكەتەوە نییە.
بەپێی وتەكانی شاهیدێك كە لە دادگای تاوانەكان ئامادە بوو، دوای تێپەڕبوونی 15 رۆژ لە دروستبوونی كێشەكە، لە شەوێكی ساردی زستانیدا (جەمیل) بڕیاریدا لەگەڵ برایەكی تری بچێتە سەر ماڵی خوشك و زاواكەی، كاتێك نزیك ماڵەكە دەبێتەوە، كوڕی موختاری گوندیش كە بەم مەسەلەیەی زانیوە وەك ناوبژیوانێك لەگەڵ (جەمیل) دەچێتە ژوورەوە، بەڵام لەناكاو(دیار)ی هاوسەری خوشكی (كە تاوانبار دەبێت لەم كێشەیەدا) ڕووی دەمانچەكەی دەكاتە (جەمیل) و برینداری دەكات و كوڕی موختاری گوندیش كە دوو گوللەی بەر دەكەوێت یەكسەر لەوێ دەكوژرێت، (جەمیل) بە برینداری ڕای كرد و براكەش كە لە دوورەوە چاوەڕێی دەكردو (دیار)ی زاوایان بە دوایاندا دەچێت و تەقەیان لێدەكات، هەروەها ئۆتۆمبیلەكەیان كە لە جۆری مازدایە لەكار دەخات، بۆیە نەتوانرا (جەمیل) بگەیەنرێتە نەخۆشخانەو لەبەر خوێنبەربوونێكی زۆر و سەختی برینەكانی ئەویش لەوێ گیانی لە دەستدا.
دوای رووداوەكە و بەپێی قسەكانی خۆی (دیار) هەڵات و بۆ ماوەی چەند رۆژێك خۆی ون كرد و چەندین هەوڵی جیاجیای دا بۆ ئەوەی بچێتە دەرەوەی وڵات، بەڵام گشت هەوڵەكانی بێهوودە بوون و ئەم دەرفەتەی بۆ نەڕەخسا، بۆیە دوای 10 رۆژ خۆی دا بەدەست هێزەكانی پۆلیسەوە.
لە دادگا هاوسەری كوڕی موختار كە ناوبژیوان و بەبێ گوناهی كوژراوە، سكاڵای لە تاوانبار كرد و داوای قەرەبوو كردنەوەی لێ كرد، چونكە شەش منداڵی هەیەو بێ سەرپەرشتیار ماونەتەوە، بەڵام هاوسەری (جەمیل) كە خوشكی تاوانبارەكەیەو دایكی دوو منداڵە داوای قەرەبووی نەكرد، لە كۆتاییدا دادگای تاوانەكان بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزاكانی عێراق بڕیاری دا بە لەسێدارەدانی تاوانبار (دیار) و ئێستا لە زینداندایە لە شاری دهۆك چاوەڕێی جێبەجێكردنی حوكمەكە دەكات.
هەرچەندە دیاردەی ژن بەژنی لە ساڵانی ڕابردوودا لە شاری دهۆك ڕووی لە كەمبوونە، بەڵام تا ئێستا هەست بە بوونی شوێنەوارە سلبییەكانی ئەم دیاردەیە دەكرێت، بەپێی وتەی دادگای دهۆك ئێستاش ساڵانە شەش تا هەشت حاڵەتی كێشە لەسەر ژن بە ژنی دەگەنە دادگا و زۆریشیان گرفت و كێشەی زۆر گەورەی لێ پەیدا بووەو گەیشتۆتە حاڵەتی كوشتن.
Top