ئایا ئافرەت تەنیا بۆ پیاو خۆی دەڕازێنێتەوە ....؟

ئایا ئافرەت تەنیا بۆ پیاو خۆی دەڕازێنێتەوە ....؟
***
یەكێك لەتایبەتمەندێتی مێینە واتە ئافرەتان ئەوەیە كە بەردەوام ئارەزووی ئەوە دەكەن گرینگی بەجوانی و ناسكی خۆیان بدەن و هەمیشە وەك و گوڵ گەشاوە بن نەوەك خۆ جوان كردنیان بۆ سەرنج راكیشانی پیاوبێت.
***

پێویستە ئافرەت بۆ هەموو كۆمەڵگا جوان بێت
شەهێن ئیبراهیم كچێكی تەمەن 22 ساڵەیە و زۆر ئارەزووی خۆ جوان كردن و خۆ دەرخست دەكات و پێیوایە جوانی ئەو هیچ بۆ ئەوە نییە كەبۆ پیاو خۆی دەربخات بە جوانی بەڵكو بە پێویستی دەزانێت ئافرەت بۆ هەموو كۆمەڵگا خۆی دەربخات كە چەندە جوانە و ناسكە ئەو كچە دەڵێت» لە هەموو هەفتەیەك جارێك سەردانی ئارایشگا دەكەم بۆ گرینگی دان بە جوانی و روخسارم بۆیە بە پێویستیشی دەزانم بە گوێرەی پێویست هەموو كچێك گرینگی بەجوانی خۆی بدات «
حەزدەكەم زۆر سەرنج راكێش بم
هەتاو رۆستەم ئەو كچێكی خوێندكارە لە كۆلێژی جیهان دەڵێت» بەیانیان بەبێ ئاریشت كردن و خۆ ڕازاندنەوە نەدەچوومە دەوام چونكە ئەو جوانییەی خوای گەورە بە منی بەخشیوە پێویستە منیش گرینگی پێبدەم و پارێزگاری لە جوانی روخسارم بكەم ڕاستە زۆر جار بۆ ئەوەی لە هەموو ئەو كەسانەی كە لە دەوروبەری منن جوانتر و سەرنج راكێشتر بم بەڵام هەرگیز رۆژێك بیرم لەوە نەكردۆتەوە كە من بۆ كوڕ یاخود بۆ پیاو خۆم جوان بكەم»
حەزدەكەم دایك و خوشكم بە جوانی دەربكەون
محەمەد شكور كوڕێكی گەنجی تەمەن 25ساڵە و دەرچووی پەیمانگای تەكنیكیەو دەڵێت» ئەگەر ببینم كچێك گرینگی بە جل و بەرگی و ڕوخساری و كەلوپەلی جوانكاری دابێت وا هەست دەكەم ئەو بۆ كاروباریشی لە ژیان سەركەوتووە و كچێكی متمانە بەخۆیە، بۆیە من بەردەوام كەسێكم حەزدەكەم دایكم و خوشكەكانیشم كە دەچنە دەرەوە بەشێوەیەكی زۆر رێكوپێك لە پێش چاوی خەڵك دەربكەون «
جوانی ئافرەت واتە زۆر بوونی متمانە
چرۆئیسماعیل خاوەن ئاڕایشگای رۆنیاز باس لە جوانی ئافرەت دەكات كە پێیوایە ئافرەت پێویستە وەكو سروشتی دونیا بە جوانی بمێنتەوە،چونكە لەگەڵ سروشتی دەروونی دروست بووە و دەڵێت» هەرگیز خۆ جوانكردنی ئافرەت پێوەندی بە پیاو نییە، چونكە هەر كاتێك ئافرەت خۆی جوان دەكات و سەیری ئاوێنە دەكات بڕوابە خۆ بوونی زۆر دەبێت. هەروەها لایەنی دەروونی ئارام دەبێتەوە بێجگە لەوە ئەی باشە پیاوەكان بۆچی خۆیان جوان دەكەن ئایا مەبەستەكەیان بەس ئافرەتە؟ نەخێر مەبەستیان بەس ئافرەت نییە چونكە پێویستە گرینگی بەخۆیان بدەن و ستایلی خۆیان بگۆڕن. ئەگەر لەسەر یەك شێوە بمێنیتەوە بێزار دەبێت وەكو ئەوەی كەلوپەلی ناوماڵ چۆن پێویستی بە گۆڕین هەیە مرۆڤیش بەو جۆرە پێویستی بە گۆڕینی ستایلی روخسارو قژی و جل و بەرگی هەیە»
Top