دەكرێ زڕدایك جێگای دایك بگرێتەوە؟
July 9, 2011
کۆمەڵایەتی
ئەمەل محەمەد جەلال«خەمۆكی منداڵەكە»
زۆربەی رۆژەكان ئاشنا بە غەمباری دەبینم كاتێك دەچێت بۆ قوتابخانە و بەزەییم پێیدا دێتەوە،ئەمە وتەی فاتیمە سەعید ئەحمەدی دراوسێی ئەو «ئاشنا»یەیە كە دایكی خۆی بە كارەساتی ئوتۆمبێل گیانی لەدەستداوە و باوكی ژنی دووەمی هێناوەتەوەو بۆتە زڕدایكی، فاتیمە وتیشی بەهۆی ئەو كچەمەوە كەلەگەڵ ئاشنا لە قوتابخانەیە دەزانم كە زڕدایكەكەی چەندە لەگەڵ ئاشنا مامەڵەی خراپە و لەهەمانكاتیشدا لەدەرەوە واخۆی دەردەخات كە ئاشنا تاقە خۆشەویستەكەی ئەوە.
زاڵبوون بەسەر دەرووندا كەسی ئازای دەوێت
ساوێن كەریم جەبار كە لەسەر داوای خۆی ناوەكەیمان بەخوازراوی نووسیوە و شووی كردووە بە پیاوێك كە لە ژنەكەی پێشووی كوڕێكی بۆ بەجێهێشتووە بە راشكاویی وتی كە زەحمەتە بتوانم وەكو ئەو منداڵە لە ئامێزی بگرم و نازی بكێشم كە لەخۆم دەبێت، ئەمەش شتێكی خۆنەویستە و ناتوانم بەسەرخۆمدا زاڵبم كە وەكو دایكی خۆی وابم لەگەڵیدا، هەروەها وتیشی پێشتر قەناعەتم وابوو كە وەكو منداڵی خۆم هەست و نەستم دەبێت بەرامبەری بەڵام لەراستیدا ئەنجامەكەی وانەبوو.
رۆشنبیریی و ویژدان زڕدایك دەكەنەوە بە دایك
لەوانەیە كەمێك قورس بێت مامەڵەكردنی دایكێك لەگەڵ منداڵێكدا كە لەجەستە و خوێنی خۆی نییە بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نییە كە نەتوانێت تەواو ئەو مافانەی بداتێ كە دەیدات بە منداڵەكەی خۆی، ئەمە وتەی مامۆستای كۆمەڵایەتی كۆچەر محەمەد دەروێش بوو، بۆچوونیشی وابوو كە هەر زڕدایكێك لەخوابترسێت و خاوەنی رۆشنبیریی و كەسایەتی و ویژدانی زیندوو بێت دەتوانێت بەشێوەیەك مامەڵە بكات كە منداڵەكە هەست بەوە نەكات دایكی خۆی لەدەست داوە.
پیاو لە مەیدانی خۆیدا دەردەكەوێت
من كە ژنی دووەمم هێنایەوە پێموت تۆ شوو بە من و بە منداڵەكەشم دەكەیت بەو مەرجەی منیش هاوسەرێكی بەوەفابم بۆت، ئەمە وتەی كاردۆ رۆستەم محەمەد بوو كە خاوەنی یەك منداڵ بوو لە ژنی یەكەمی و بەهۆی نەخۆشیەوە ژنەكەی لەدەستدابوو، باوەڕی وابوو كە رۆڵی پیاویش لەمەسەلەی چۆنییەتی مامەڵەی زڕدایك لەگەڵ منداڵدا زۆر گرنگ و بایەخی خۆی هەیە ئەویش بەوە دەبێت پیاو بزانێت چۆن دەچێتە دڵی ژنەكەیەوە بەوەی بۆشایی و كەمتەرخەمیی خۆشەویستی بۆ ژن درووستنەكات تاكو ئەویش لەجەستەی منداڵەكەیدا قەرەبووی بكاتەوە بە خراپە.