كورێك خوشكەكەی خۆی دەخنكێنێت

كورێك خوشكەكەی خۆی دەخنكێنێت
كچێكی تەمەن 18 ساڵانە لەلایەن براكەیەوە بە پشبێن دەخنكێندرێت و دایك و براژنەكانیشی ئەم تاوانەی بۆ حەشار دەدەن. كفنی دەكەن و لە گۆرستانی شێخ ئەحمەد دەینێژن.

-سانا سولەیمان


كچەكەم سێ جار رۆیشتوە بەبی ئەوەی كەس بزانێت
(ئ، ج،ع) تەمەن 18 ساڵە دانیشتووی گەرەكی هیران ستی لە هەولێرە لە 21/4/2011 لەلایەن برایەكەوە (ك،ج،ع) دەخنكێندرێت، باوكی (ئ) تەمەن 65 ساڵە پیشەی كاسب لە 12/4/2011 لە بنكەی پۆلیس سكاڵا تۆماردەكات و دەڵێت» لەگەڵ كچەكەم و زاواكەم (س) كاتژمێر 12:15 خوولەك لە دادگای بەرایی عەنكاوە بووین بۆ جیابوونەوەی كچەكەم لەگەڵ مێردەكەی دوای ئەوە گەڕاینەوە هەولێر لەبەردەم نەخۆشخانەی فریاكەوتنی كۆماری لە ناو ئۆتۆمبیلی زاواكەم دابزین دواتر تەكسیەكیان بۆمان راگرت كە خۆم و كچەكەم بباتەوە ماڵەوە كاتێ گەیشتینە سەرشەقامی 40مەتری لە نزیك كۆمەڵگای فارما كچەكەم وتی من دەڕشێمەوە پاشان شوفێری تەكسیەكە ئۆتمبێلەكەی ڕاگرت و(ئ) كچم دابەزی و راستەوخۆ ڕایكرد بەرەو كۆڵانێك لەو كاتەدا ئۆتۆمبێلێكی تەكسی لە جۆری بیكاشۆ كچەكەمی هەڵگرت و منیش خۆم خستە پێش ئۆتۆمبیلەكە بەڵام خەریك بوو بەسەرم بكەوێت، كچەكەی منی ڕفاند و رۆیشت ئێمە لە دادگای عەنكاوە بووین بە مەبەستی جیابوونەوە لەگەڵ مێردەكەی ئەمە دووەم جارە كچەكەم شوودەكات و تەڵاق دەدرێت و سێەمجاریشە بەو شێوەیە ڕادەكات و دواتر پاش ماوەیەك دەگەڕێتەوە ئێستاش سكاڵام لە دژی كچەكەم و شوفێری تاكسیەكە بەناوی (ه) هەیە.

وتیان كچەكەت حەبی خواردوە و خۆی كوشتوە
ئەوە سكاڵای باوكی ئەو كچە بوو كە لە 21/4/2011 تۆماری كردووە دوای ئەوە لە ڕۆژی 25/4/2011 باوكی ئەو كچە دەچێتەوە بنكەی پۆلیس لە سكاڵاكەی خۆی پەشیمان دەبێتەوە و دەڵێت» كچەكەم لەگەڵ تەكسیەك گەڕاوەتەوە ماڵ بە ناوی (س،م) كە برای زاوەیەكەمە لە شەقامی كۆیە نزیك كەسنەزان هەڵیگرتووە كەبرای زاواكەمە رۆژی پێنج شەم 21/4/2011 هێنیابویەوە ماڵەوە، چوو بووە لای پیرژنێك لە كەسنەزان شەوەكەی لەوێ ببوو لە رێكەوتی 23/4/2011 رۆژی شەمە من لە بازار بووم تەلفۆنیان بۆ كردم وتیان وەرە كچەكەت مردوە كە چوومەوە ئاویان گەرم كردبوو شووشتیان وبردمان بۆ شاردنەوە و نەمناردە نەخۆشخانە، لە گۆڕستانی « شیخ ئەحمەد شاردمانەوە» باوكی ئەو كچە لەلای پۆلیس دەڵێت» وتیان كچەكەت چەند حەبێكی جۆراوجۆری خواردو بوو سی پارچەی خوارد بوو، بەڵام ئێمە بەزۆر دەردخوارمان نەداوە لێمان نەداوە نەمانكوشتووە، دوای مردنی كچەكەم هەروەها لە سكاڵاكەم خۆش دەبم لە دژی شۆفیر تەكسیەكە».

كچەكەم صە لیبی لە مل دەكرد و نوێژی نەدەكرد
لە كاتی مردنی ئەو كچە دایكی بەناوی (ف،ح) لە ماڵەوە دەبێت دەگاتە سەر رووداوەكە و دەڵێت: دوای گەڕانەوی كچەكەم لەگەڵ باوكی كە بە فێڵ هەڵات بوو پاش 10 رۆژ زاوایەكەم بەناوی (س) هێنایانەوە ماڵ وتیان لە نزیك كەسنەزان بوو لە ناو تەكسی بوو، بەڵام نازانم لەكوێ بوو رۆژی پێنج شەمە هێنایانەوە رۆژی هەینی باوكی لێی خۆش بوو وتی چیتر ئەو شتانە دووبارە نەكەیەوە، كە هاتەوە ملوانكەیەكی خاچی (صلیب) لە مل بوو نوێژی نەدەكرد زۆر گۆڕا بوو، بۆ بەیانی من خەریكی ئامادەكردنی نانی بەیانی بووم مێردەكەم وتی دەچمە بازار هەندێك كەلووپەل دەكرم.

كوڕەكەم بە پشبێنی باوكی خنكاندی
دوای ئەوەی باوكی چووە بازار گوێم لە دەنگی (ك) كوڕم بوو هاواری كرد وتی وەرە خنكاندم كە چووم بینیم بە پشدێنی لە ملی (ئ) ئاڵا بوو كوڕەكەم خنكاندبووی ڕایكردوە دەرەوە، بەڵام كە ئەو بەتەمای ئەو كارە بوو بە من و باوكی نەگوت.

ئێمە بە باوكیمان وت حەبی خواردووە
دایكی ئەو كچە دەڵێت»بۆ ئەوەی مێردەكەم نەزانێ كوڕەكەم ئەو كارەی كردووە خەم نەخوات من لەگەڵ هەر دوو براژنەكەم بە ناوی (ئ) و (ق) هەستاین شوشتمانەوە كە باوكی گەڕایەوە گوتمان حەبی خواردەوە خۆی كوشتوە، ئێستا سكاڵام لەكەس نییە، لەبەر ئەوەی كچەكەم چەندین جار دەچووە دەرەوە بەبێ ئەوەی كەس بزانێ لەكوێیە لە سەر ئەو حاڵە باوكی لێیخۆش دەبوو بەڵام كوڕەكەم گەنج بوو بەرگەی قسەو قسەڵۆكی خەڵكی نەگرت و هەستا بەئەنجامدانی ئەو كارە كە هەرگیز باوەڕم نەكرد ئەو كارەبكات».

كچەكەم كاری بەد رەوەشتی دەكرد
دوای ئەوەی ئەو كچە لەلایەن برایەكەوە ژیانی كۆتایی پێدێت و باوكی ئاگادارنییە كاتێك راستیەكانی بۆ روون دەبێتەوە لە دان پیانانەكەی لەلایان پۆلیسەوە دەڵێت» كچەكەم كاری بەد رەوەشتی دەكرد و چەندین جار لە ماڵەوە ڕایكردوە دەگەڕایەوە ئێمە لێی خۆش دەبووین من لە ژیانم زۆر شەرمەزاری خەڵك بووم بەهۆی ئەو كارانەی ئەو كچە دەیكرد سی جار ماڵم لە گەڕەكێكەوە بردوە بۆ گەڕەكێكی تر چونكە وەڵامێكم پی نەبوو بۆ ئەو خەڵكە لەسەر كارەكانی كچەكەم، ناومان زۆر بەخراپی رۆیشتبوو 20/4/2011 پێنج شەمە كچەكەم گەڕایەوە ماڵەوە دوای ئەوەی 10 رۆژ بزر بوو ئێمەش لەترسی ئەوەی هەڵنەیەت بە پشدێن دەمانبستەوە بۆ ئەوەی ڕانەكات كچەكەم نەخۆشی پەركەم(صرعی) هەبوو لە رۆژی 22/4/2011 چوومە بازار كاتژمێر 10:20 بەیانی لە ماڵەوە لەلایەن كوڕی خەزورم بە ناوی (م،خ) تەلفۆنی بۆ كردم و وتی وەرەوە ئیشمان پێتە كە چوومەوە بینیم قەرباڵغییە گۆتیان كچەكەت مردوە خۆی سی پارچە حەبی خواردوە خۆی كوشتوە ئیتر ئێمەش كفنمان كردو شاردمانەوە لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بەبی ئەوە ئاگاداری نەخۆشخانەو بنكەی پۆلیس بكەینەوە هەر ئەوە بوو كە منیان ئاگادار كردەوە ئیتر من ئاگاداری هیچ نەبووم»

پۆلیس گومانی لە مردنی ئەو كچە هەبوو
عەقیدی مافپەروەر لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوان جەمیل محەمەد ئەمین سورچی دەڵێت: دوای ئەوەی لە بەرواری 21/4/2011 سكاڵای لە دژی كچەكەی و شوفێرێكی تەكسی تۆماركردبوو كە گوایە فڕاندویەتی بەڵام پاش ماوەیەك گەڕابووە ماڵ بەستیبوویانەوە هەواڵی بنكەی پۆلیسیان نەدابوو بنكەی پۆلیسیش داوای بینینی كچەكە دەكات دەڵێن مردوە بەبی ئەوەی ئاگاداری پۆلیس و نەخۆشخانە بكەنەوە شاردویانەوە دوای زانینی ئەو هەواڵە ئێمە گومانمان بۆ دروست بوو. كە ئەو ئافرەتە بە مردنی خۆی مردبێت پاش لێكۆڵینەوە دادوەری لێكۆڵینەوە بریاری دا كە گۆڕەكەی هەڵدرێتەوە بۆ ئەوەی جۆری مردنەكەی بزانرێت دوای 18 رۆژ هەستاین بە هەڵدانەوەی گۆڕەكەی بە شێوەیەكی یاسایی لاشەكەی ڕەوانەی پزیشكی دادەوەری كرا . تا ئێستاش لێكۆڵینەوە بەردەوامە هەوڵدەدرێت بۆ دەستگیر كردنی براكەی تا ئێستا شوێنی نادیارە».

هەڵەی پەروەردەكردن و زوو بەشوودانە
بەهزاد محمد توێژەری كۆمەڵایەتی هۆكاری ئەو ئەو رووداوە بۆ نەبوونی پەروەردەیەكی تەندروستی خێزان و ناو كۆمەڵگا دەگەڕێنتەوە چونكە ئەو كچە لە تەمەنێكی زۆر بچووك دووجار تووشی ژیانی هاوسەرگیری و تەڵاقدان كراوە، لەلایەكی ترەوە پێویست بوو ماڵی ئەو كچە كە هەستیان كرد كە كچەكەیان هەندێك رەفتاری سەیر دەكات ئەوە دەبوایە بیبەنە لای كەسانێكی پسپۆر و شارەزا لە دەروونی و كۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی بتوانێ لە كێشەكانی تێبگات و هۆشیاری بكاتەوە.
Top