سندووقی هاوكاری تـەڵاقدراوەكان: لەنێوان رێگرییەكان كۆمەڵگا و پێداویستی سەردەم

سندووقی هاوكاری تـەڵاقدراوەكان: لەنێوان رێگرییەكان كۆمەڵگا و پێداویستی سەردەم
لەزۆربەی كۆمەڵگەكانی جیهاندا لە زۆر كات و شوێنی جیاوازدا هاوكاری ئافرەتانی تەڵاقدراو كراوە رەنگە هەندێك كات بەتایبەتی لە سەردەمی لاهوتی، بەشێوەیكی دامەزراوەی ئاینی یان دامەزراوەیەكی خێرخوازی بووبێت. ئەم شێوازە هەتا ئێستاش لەزۆر وڵاتانی ئیسلامیدا بەدی دەكرێت و وەك دەوڵەتانی تر توانراوە لەچوارچێوەی یاسادا ئەم هاوكارییە رێك بخرێت، بەڵام لە كوردستانی ئێمە تا ئێستا سندوقێكی هاوكاری نییە بۆ ئافرەتانی تەڵاقدراو، سەرەڕای هەمواركردنی یاسایەك لەساڵی 2009دا بۆدانانی سندوقێك بۆهاوكاری كردنی ئافرەتانی تەڵاقدراو.

ئا: دیار

بوونی سندوقی هاوكاری دەیان ژن لە توندوتیژی ڕزگار دەكات
ئەم سندووقە لەكاتی ئێستادا زۆر پێویستە چونكە زۆربەی ژنان لەبەر گرفتی ئابووری داوای جیابوونەوە ناكەن، ئەمە ڕای چالاكوانی ئافرەتان، سۆزان عارفی سەرۆكی رێكخراوی تواناسازی ئافرەتانە، ناوبراو ئاماژە بەوەدەدا، كەبوونی سندوقێكی لەم شێوەیە لەكاتی ئێستادا زۆر پێویستە، لەبەر ئەوەی كە تا ئەمڕۆ زۆربەی ژنانی ئێمە بەدەست هەژاری و نەخوێندەوارییەوە دەناڵێن و ناتوانن وەك پێویست لەكاتی جیابوونەوەیاندا بژێوی خۆیان دابین بكەن، بەجۆرێك ئافرەتێك لەپێناو بژێوی خۆی و منداڵەكەیدا هەموو ئازارو تووندوتیژیانە دەچێژێت كە مێردەكەی دژی بەكاری دەهێنێت، واتا هەژاری ژن وای كردووە هەموو ئازارو نەهامەتییەكان قبوڵ بكەن، سۆزان دەڵێت» بەكردنەوەی سندوقێكی لەم شێوەیە ئیتر هەموو ژنێك پشتیوانییەكی دەبێت كەبتوانێت داوای مافەكانی خۆی لەكاتی جیابوونەوەدا بكات و خۆی لە توندووتیژییەكان ڕزگار بكات»
حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە كەمتەرخەمە
گەشە دارا ئەندامی لیژنەی مافەكانی ژنان لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت»بە گوێرەی یاسای هەموار كراو هەموو ئافرەتێك دوای جیابوونەوەی لەمێردەكەی هەتا ئەو كاتەی شوو دەكاتەوە دەتوانێت برێك پارە لەم سندووقە وەربگرێت، بەڵام تا ئێستا ئەم پرۆژەیە نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بێگومان لایەنی جێبەجێكاریش كە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتییە بیانووی زۆرە بۆ جێبەجێنەكردنی ئەم پرۆژەیە، لەوانە كەمی بوودجەی وەزارەت و زۆری پرۆژەكان و نەگونجاندنی بوودجەكەیان لەگەڵ ئەو پرۆژە زۆرانەی كە وەزارەتەكەیان جێبەجێی دەكات، بێجگە لەوەی هەمیشە وەزارەت ئاماژە بەوەدەدات كە بەشێكی زۆری ژنانی تەڵاقدراو سوودمەند دەبن لەپرۆژەی سندووقی چاودێری خێزان، كەتایبەتە بەهەژار و كەمدەرامەتەكان، بەڵام ئەوەشمان لەیاد نەچێت كە سندووقی هاوكاری ئافرەتانی تەڵاقدراو پرۆژەیەكی سەربەخۆیە، لەگەڵ سندوقی چاودێری خێزان دووپرۆژەی جیاوازن و ناكرێت تێكەڵاو بكرێن، هیوادارم لەنزیكترین كاتدا ئەم پرۆژەیە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە»
هیچ كاتێك یاسا رێگر نییە بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە
دادوەر عبدولباست سەبارەت بەم پرسە دەڵێت « یاسا رێگەی داوە بەكردنەوەی سندوقێكی لەم جۆرە لەبەر ئەوەی یاسای باری كەسی هەموار كراو لەساڵی 2009دا لەیەكێك لەبەندەكانیدا ئاماژەی بەكردنەوەی سندوقێكی لەم جۆرە داوە كەهەموو ئافرەتێكی تەڵاقدراو بتوانێت هاوكاری وەربگرێت و ئەم سندوقە رێژەیەكی زۆر ئافرەتانی تەڵاقدراو لەكێشە كۆمەڵایەتییەكان و ئابوورییەكان رزگار دەكات»
دواتر پارێزەر سنەوبەر عومەر وتی» بەكردنەوەی سندوقێكی لەم جۆرە دەتوانرێت كەمێك قەرەبووی ئافرەتانی تەڵاقدراو بكرێتەوە و ئەم سندووقە دەبێتە پارێزەرێك بۆمافەكانی ئافرەتان و دەیانپارێزێت لەوەی كەپیاوان مافەكانیان بخۆن، چونكە زۆربەی جاراندا پیاو لەكاتی جیابوونەوەدا هەموو مافێك لە ژنەكانیان وەردەگرنەوە، لەبەر ئەوەی كەكۆمەڵگا هەمیشە پشتگیری لەپیاوەكان دەكات و گوشار دەخاتە سەر ژنەكان بۆ ئەوەی لەمافە سەرەتاییەكانیشیان خۆشبن، بەرای من سندوقی هاوكاری ئافرەت لەهەژاری و نەداری ڕزگار دەكات، بەمەرجێك سندوقەكە پارەكەی ئەوەندەبێت كەئەو ئافرەتە بتوانێت پرۆژەیەكی پێبكات وەك شوێنی نیشتەجێبوون، ئەوكات حكومەت دەتوانێت ئەو پارەیە بەقەرزی درێژخایەن وەربگرێتەوە».
حكومەت دەتوانێت سوود لە بوارەكانی ژنان وەربگرێت
هیوا باجەلان شارەزا لە بواری كۆمەڵایەتیدا وتی: لەكاتی جێبەجێكردنی پرۆژەیەكی لەم شێوەیەدا دەتوانین گەورەترین قازانج بەلایەنی فراژووكردنی ئابووری بگەیەنێت، چونكە هەموو پرۆژە بچووكەكان دەبنە بەشێكی گرنگ لەپێشكەوتنی ئابووری و ئەو كۆمەڵگەیە. ئەگەر سەیر بكەین زۆر كۆمەڵگەی وەك وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا بەهۆی پرۆژە بچووكەكانەوە توانیان پێشكەوتنی خێرا بەدەست بهێنن، بێجگە لەوەی ئەم پرۆژەیە دەبێتە هۆی بەدەرخستنی توانا شاراوەكانی ژنان و حكومەت دەتوانێت سوود لەتوانا و بەهرەكانیان وەربگرێت.»
كۆمەڵگا هەموو كات دەیەوێت ئافرەت بچەوسێنێتەوە
شەنگە عومەر توێژەرێكی كۆمەڵایەتی پێیوایە دابونەریتەكۆمەڵایەتییەكانی ناو كۆمەڵگەكەمان رێگر دەبن لەدانانی سندوقێكی لەم جۆرە بەهۆكاری زیاد بوونی تەڵاقی دەزانن، چونكە كۆمەڵگە هیچ كاتێك نایەوێت ئافرەتانی تەڵاقدراو ببنە خاوەنی داهاتی خۆیان هەمیشە كۆمەڵگە دەیەوێت بیان چەوسێنێتەوە.
Top