مێردە دڵپیسەكەم

مێردە دڵپیسەكەم
كچێكی جوان و نەشمیل بوو، كچان زیاتر لە كوڕان پێی سەرسام بوون و وەك دەڵێن هێندە جوانیش كە خەمەكانی دەڕەواندەوە، لە كوردەواریدا بە كچان و ژنانی قەشەنگ دەوترێن خەمڕەوێن، ئەویش یەكێك بوو لەو كچانەو كەسانێكی زۆر هەوڵیاندەدا ببێتە هاوسەریان، نوژدارو پارێزەرو دەوڵەمەندەكان، بەڵام ئەو كچە هیچ كام لەو داواكارانەی بەدڵنەبوو و ڕەتیدەكردنەوە، ئەو ژێر بەژێر دڵی دابوو بە گەنجێك كە خۆشی دەویست و پەیمانی پێدابوو شووی پێبكات، سەرباری ئەوەی كوڕەكە بە تۆسقاڵێك جوانی و زیرەكی ئەو نەدەگەیشتەوە، وەلێ ئیدی دڵی پێدا چووبوو و لەو زیاتر چاوی كەسی تری نەدەبینی.

كوڕەكە چووە داوای، بەناوی ئەوەوە كە كچەكە هێشتا تەمەنی شووی نەهاتووە و دەبێ خوێندن تەواو بكات وەڵامی ماڵی كوڕەكە درایەوە، كچی نەشمیل و نازدار زیاتر لە باوكی نزیك دەكەوتەوە تاوەكو قایلی بكات و بیداتە عاشقەكەی، چەندین جاری دیكە كوڕەكە هەوڵی دایەوە و دواتر لەڕێی عەشیرەت و خێڵ و خزمانیەوە فشار بۆ سەر باوكی كچەكە برا تاوەكو بە شووكردنی كچەكەی ڕازی بێت، بەڵام نە باوك نە دایك هیچ كامیان بەوە ڕازی نەبوون كچەكەیان لەدوای ئەو داواكارانەیەوە شوو بكات بە كوڕێك كە نەدەچووە دڵیانەوە..

كچەكە پاش نائومێدبوون هەڕەشەی لە باوك و دایكی كرد ئەگەر نەیدەن بەو كوڕە دڵخوازە ئەوا خۆی دەسووتێنێ، دواجار ڕازیبوون و بەنابەدڵییەوە دایان بە كوڕەكە.

شەكراو خورایەوەو بەپەلەش كچەكە مارە كرا، پێیان ڕاگەیاندن دەبێ پاش خوێندن تەواوكردن كچەكە بگوێزێتەوەو دەبێت تا ساڵێك چاوەڕێی بكات، دوو دەستگیرانەكە ئەو ماوەیە ناوبەناو یەكتریان دەبینی و نامەو تەلەفۆنێكی بەردەوام كەوتە پەیوەندییەكەیانەوە، هەردووكیان پەلەی چوونە نێو كەژاوەی زێڕینیان بوون و بۆ ئەو ڕۆژە دەژیان.
جوانی كچەكە وای لە كوڕەكە كردبوو وەك كاڵایەكی زۆر بەنرخ بیبینێ، وەك موڵكێك كە نەهێڵێت لەكیسی بچێ و چاودێری هەموو هەڵسوكەوتێكی دەكرد و جارجارە لە نزیك ماڵە خەزووریەوە چاودێری دەكرد تاوەكو بزانێت كێ و كێ سەردانیان دەكەن و كاتەكانیان چۆن بەسەردەبەن، ماڵ چۆڵ دەبێ یان قەرەباڵغە و چەندەها دڵەڕاوكێی پڕ شپرزەیی كە ئیدی زۆرجار وازی لە كارەكەی خۆشی دەهێنا بۆ ئەو مەبەستە.
دەمەو عەسرێك چوو خەزوور و دەستگیرانەكەی بە ئۆتۆمبێل برد بۆ كلینیكی پزیشكی تاوەكو خەسووی بگەیەننەوە ماڵەوە، خەزووری دابەزی و كچەكەش لەگەڵیدا دابەزی نەك دایكی پێویستی پێی بێت، كوڕەكە سوێندو تەڵاقی خوارد ئەگەر دابەزێت ئەوا لێك جیا دەبنەوە، واتە دڵی لەوەش پیس كردبوو دەستگیرانەكەی لەگەڵ باوكی خۆشیدا هەنگاوێك بڕوات..
كچەكە گێڕایەوە كە ئەو بەو شێوەیەش تەماشای كردووە كاتێك باوكی خۆی ماچ دەكا و باوەشی كچ و باوكانە دەكەن بەیەكدا تەواو ناڕەحەت دەبێ و متمانەی بەو پەیوەندییە نامێنێ، هێندە دڵی پیس دەبێت تاڕادەی تەوقەشی لەگەڵدا نەكات، چەندین جار بە وشەی ناخۆش و هەڕەشەوە لێی دەپرسێتەوە و بە تەلەفۆن پێی دەڵێ ئەگەر دایكی حەوت كوڕیشم بیت هەر تەڵاقت دەدەم.
كار دەگاتە ئەوەی ئیتر كچەكەیان بەتەواوی پێ تەڵاق بدەن و نەیدەنەوە، كچەكەش گریان و پەشیمانی دەبێتە میوانی هەمیشەیی، كوڕەكە ناچار پەنا دەباتە بەر ناسیاوێكی ماڵە خەزووری بەو پێیەی ڕۆشنبیرە و هەرگیز قسەی ڕەت ناكرێتەوە، بەوشێوەیە بەڵێنیش دەدات كە ئەمجارە پێك بێنەوە ئیتر چۆنیان دەوێت بەوشێوەیە دەكات و پەشیمانی دەردەبڕێت و واز لەدڵپیسی دەهێنێ.
كچە دەهێنێ و هەر زوو بە داپۆشراو و حیجابی دەكا و ناهێڵێ هیچ سەربەستییەكی هەبێت لە هاتوچۆ و سەردانەوەشی بۆ ماڵە باوانی، وردە وردە بەو دڵپیسییەی هەموو پەیوەندییەكانی هەڵدەوەشێنێتەوەو ژیانی لە چوارچێوەی ماڵی خۆیاندا دەكاتە زیندان، هەر كاتێك بچێتەوە بۆ ماڵی باوكیشی لەگەڵیدا دەڕوات و بە پاساوێك زوو دەیباتەوە بۆ ماڵی خۆی.
ئەم ژنەی كە وتمان خوێندكاریش بوو چیتر ناهێڵێت بچێتەوە بۆ خوێندن و ڕێی هەموو شتێكی لێ دەتەنێت، ژنەكە لەمبارەیەوە پێیوتین:
بەداخەوە بمزانیایە ئەم پیاوەیە هەرگیز شووم پێنەدەكرد، تەنانەت جەژنانیش كە دەستی خەزوورم ماچ دەكەم و ئەویش سەرم ماچ دەكاتەوە لێی بووەتە گرێی دەروونی و ڕقی لەجەژنانیشە چونكە گەردن ئازادی تێدایە، نە خاڵەكانم نە مامەكانیشم، نە هیچ خزمێكم نابینم و تا ئێستا براكەم نەهاتووە ماڵەكەشم ببینێ و هەموو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانمی سڕیووەتەوە، چ هاوڕێیەكی كۆن و تازەشم نەماوە بتوانم بیانبینم و قسەی لەگەڵدا بكەم، من لەو زیندانەدا ئێستا پاسەوانی خۆمم و مێردەكەم زوو زوو تەلەفۆنم بۆ دەكات و دەڵێت:
كەس نەهات؟ كێی لێیە؟ بەڵام دەشزانێت ئیتر هەموو كەسێكی تۆراندووەو تەنانەت پشیلەش ناوێرێت توخنی ماڵەكەشمان بێتەوە.
Top