خۆشەویستی.. لەنیگا و سۆزەوە بۆ نامەی نابەجێی مۆبایل

خۆشەویستی.. لەنیگا و سۆزەوە بۆ نامەی نابەجێی مۆبایل
خوشەویستی یەكێكە لەبنەماكانی ژیان و ئایینەكانیش رێزیان لێگرتووە، هەر لەدێر زەمانەوە خۆشەویستی بەشێوەیەكی پاك هەبووە و دواتر پرۆسەی هاوسەرگیریان پێكهێناوە، بەڵام بەشێك لە خۆشەویستی ئێستا لەنێوان كچان كوڕان تاڕاددەیەك سەركەوتن بەدەست ناهێنن. لەبری ئەوەی بیانەوێت لەماوەی یەكتری ناسین زیاتر لێك تێبگەن، شەوانە كوڕان داوای قسەی نابەجێ دەكەن دواتریش یەكتر جێدەهێڵێن.

بەهۆی نامەیەكەوە تووشی كێشە بووم
(مۆبایلەكەم لەدەست بوو خۆشەویستەكەم نامەی بۆ دەناردم، لەپڕ براكەم هات مۆبایلەكەی لێسەندم كەسەیری كرد نامەیەكی ناماقووڵی(...)ی لەنێو بوو هی خۆشەویستەكەم، براكەم زۆر لێیدام و مۆبایلەكەی لێسەندم و تووشی كێشە بووم، پاشان كە مۆبایلەلەكەی دایەوە دەستم سەیرم كرد نامەی(...)ی خۆشەویستەكەم بوو؟ ئەوڕۆژە تووشی كێشەیەكی گەورە بووم و چەند جار لێدانم خوارد لەسەر ئەم نامەیە. هاژە تەمەنی 20ساڵە قوتابی زانكۆیەوە دەڵێت «بەداخەوە ئێستا زۆربەی كوڕان خۆشەوسیتی دەكەن بۆ سێكس، بەپێچەوانەشەوە كچان سێكس دەكەن لەپێناو خۆشەویستی و بەس بۆئەوەی بگەن بەخۆشەویستەكەیان، بەڕاستی من لەسەر نامەیەكی خۆشەویستەكەم تووشی گەورەترین كێشە بووم لەماڵەوە، دواتر كە بۆخۆشەویستەكەم گێڕایەوە گاڵتەی پێدەكردم ئەوەندەی پێنەچوو بەجێشی هێشتم.

نزیك بوونەوەی كوڕان لەكچان
ئازاد جەلال توێژەری كۆمەڵایەتی دەربارەی ئەم بابەتە دەڵێت «پیاوان خۆشەویستی دەكەن لەپێناوی سێكس، بەڵام بەپێچەوانەوە كچان سێكس دەكەن لەپێناوی خۆشەویستی، بەهۆی ئەو پەروەردە كۆمەڵایەتیەوە هەر لەباخچەی ساوایانەوە تاوەكو قۆناغی دواناوەندی، كە هیچ ڕۆشنبیرییەكی سێكسیان فێرناكرێت. هەروەها تەنانەت ئەگەر لەقۆناغەكانی خوێندن وانەیەك هەبووبێت باسی لەسێكس كردبا، ئەوا لەبەر عەیبە باس نەدەكرا. ئەم هۆكارانەش وادەكات كەپێوەندی نێوان كچ و كوڕ پێوەندیەكی نادروست بێت. بۆیە لەبەر ئەو كەبتە سێكسیەی كۆمەڵگە بە هۆكاری عەیبە دروستی كردووە، دەتوانم بڵێم بەشی زۆری نزیكبوونەوەی كوڕان لەكچان بۆمەبەستی سێكسە نەك خۆشەویستی، ئەوانەی كەداوای خۆشەویستی هاوسەرگیریش دەكەن زۆربەیان سەركەوتن بەدەست ناهێنن، بەڵكو بۆماوەیەك لەگەڵ یەك دەبن و پاشان پێوەندی سۆزداری نامێنێت.

ئایینی پیرۆزی ئیسلام زۆر بەگەورەیی
سەیری خۆشەویستی دەكات
مەلا عەبدولڵا مەلا سەعید گرتكی سەرۆكی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان دەڵێت «ئایینی پیرۆزی ئیسلام زۆر بەگەورە سەیری خۆشەویستی دەكات، شتێكی ئاساییە گەر كچێك كوڕێكی خۆش بوێت یان بەپێچەوانەوە، بەڵام گرینگترین شت ئەوەیە ئەو پێوەندیە خۆشەویستیە تێنەپەڕێت بۆ وشەی ناڕێك و یاخود كاری نابەجێی پێش پرۆسەی هاوسەرگیری، ئەو حاڵەتە نابەجێیانەی لەنێوان كچ و كوڕ روودەدات، ئایینی پیرۆزی ئیسلام زۆر بەنەگەتیڤانە سەیری دەكات و بەشێوەیەكی ناڕێك لەقەڵەمی دەدات. بەتایبەتی ئەوقسانەی كەكاری ناشەرعی و نابەجێن بەهیچ شێوەیەك نابێت ڕووبدەن، ئەو پێوەندیە خۆشەویستیەیی كەهەیە پێش پرۆسەی هاوسەرگیری تەنیا بەمەبەستی یەكتر ناسین بێت.

بەشێك لە گەنجانی ئێمە
ئافرەت تەنیا وەك جنس سەیر دەكات
دكتۆر ئومێد ڕەسول پسپۆری دەروونی وتی «لەوكاتەی كە كوڕ لەگەڵ كچ قسە دەكات بەتایبەت ئەوكاتەی كەداوای قسەی نادروست و نەشیاوی لێدەكات ئەوە كۆمەڵێك فاكتەر هەن لەنێو لەشی كوڕەكە یان كچەكە لەپشت ئەم قسانە هەیە بۆئارەزووەكانی خۆی. لێرە كێشە لەوەدایە پێویستە گەنجەكانی ئێمە فێربكرێن ئافرەت تەنیا وەك جنس سەیر نەكرێن، بەڵكو وەكو مرۆڤێك سەیری بكات. تائێستا لەكۆمەڵگەی ئێمە بەشێك لە گەنجەكانمان بەداخەوە ئافرەت تەنیا وەكو جنس سەیر دەكات، بۆیە جۆرەها كێشە لەكۆمەڵگەی ئێمە ڕوودەدات.

خۆشەویستەكەم پێی وتم
ئەگەر هەرقسەیەك بكەی دەنگت بڵاو دەكەمەوە
نازە (ناوێكی خوازراوە)، فەرمانبەرە لە وەزارەتی كشتوكاڵ، ئەوەدەخاتەوەڕوو بەشێكی زۆری كوڕان خۆشەویستی دەكەن بۆ سێكس، ئینجا پاش ناسینی كچەكە پەنا دەبەنەبەر نامەی سێكسی دواتر شەوانە قسەی سێكسیان لەگەڵ دەكەن. ئەم كچە بەنموونە باس دەكات دەڵێت «پێش چەند مانگێك كوڕێك داوای خۆشەویستی لێكردم و ڕازی بووم بەخۆشەویستیەكەی، بەڵێنی پێدام كە بۆهاوسەرگیری خۆشەویستی دەكات، سەرەتا سۆزۆ خۆشەویستی پێدەدام دواتر بەرە بەرە نامەی سێكسی دەنارد بۆم و داوای دەكرد منیش نامەی سێكسی بۆ بنێرمەوە، من حەزم لەم جۆرە قسانە نەدەكرد هەرچیەكم دەوت توڕەدەبوو دەی وت تۆ خۆشەویستی منی لەداهاتوو دەبیە هاوسەرم، بەڵام بەداخەوە قسەكانی هەمووی درۆ بوو كاتێك لێم بێزار بوو بەجێی هێشتم وتی هەرقسەیەكیش بكەی دەنگت بڵاو دەكەمەوە.

نامەوێت خۆشەویستەكەم لێم زویر بێت
هاژە تەمەنی 22ساڵەو دەڵێت: ماوەی دوو مانگە خۆشەویستم هەیە، شەوانە تا قسەی سێكسی لەگەڵ خۆشەویستەكەم نەكەم ناخەوێت و لێم زویر دەبێت. شەوانە هەر كەتەلەفۆن هەڵدەگرم ئەو باسی سێكس دەكات باسی هیچ شتی تر ناكات. من حەز دەكەم لەبڕی ئەم قسانە سۆز و خۆشەویستیم پێبدات و باسی داهاتووم بۆبكات بۆئەوەی ژیانی هاوسەری پێك بهێنین و خۆشەویستیەكی پاك بكەین، دواتر فەشەل نەیەنین لەخۆشەویستیەكەمان.
Top