بەشە ناوخۆییەكان ماڵی دووەمی كچان؟

بەشە ناوخۆییەكان ماڵی دووەمی كچان؟
كچان لەبەشە ناوخۆییەكان زۆربەی كاتەكانی خۆیان بەچی بەسەر دەبەن، ئایا بەشەناوخۆییەكانی توانیویانە بۆشایی دوور لەماڵ و خێزانەكانیان پڕبكەنەوە بۆیان، كۆبوونەوەی ئەو كچانە بەیەكەوە وایان لێ دەكات كە پشت بەخۆیان ببەستن و فێری بەرپرسی ببن، لێرە ڕای چەند كچێك وەردەگرین بۆئەوەی بزانین وەك دەڵێن ئایا بەشە ناوخۆییەكان وەك ئاماژەی پێ دەدەن، ناخۆشە؟
خوێندن لەبەشە ناوخۆیی زۆر كەمە تەنیا رۆژانی تاقیكردنەوە نەبێ
ئاهەنگ تەمەن 23ساڵ یەكێكە لەو قوتابیانەی كە لەبەشە ناوخۆیی 18ی شوباتی كچانە دەڵێت»بەگشتی لەبەشی ناوخۆیی خوێندن زۆر كەمە لەبەر ئەوەی كچ زۆرن كۆدەبنەوەو دادەنیشن بەیەكەوە تا درەنگانی شەو قسە دەكەن و باسی مۆدێلی جلوبەرگ و قژ و ئاڵتوون و هەر شتێك پێوەندی بەكچانەوە بێت دەكەن، شەو هەیە تا كاتژمێر 12و 1 شایی دەكەین كەبەیەكەوە كۆدەبینەوە بەڵام لەو ڕۆژانەی كە تاقیكردنەوەمان هەیە دەخوێنین و زۆربەی كاتەكانیش بەئینتەرنێت بەسەر دەبەین و ئەوانەی كە قەڵەون وەرزش دەكەن»
لەبەشی ناوخۆیی كچ فێرە بەرپرسیارێتی دەبێـت
ساكار لەبەشە ناوخۆیی 3 ی كچان دەڵێت»لەبەشی ناوخۆیی لەبەر نەبوونی تیڤی و هاوشێوەیەك زیاتر كاتی خۆمان بەكۆبوونەوە لەدەوری یەكتر بەسەر دەبەین و قسەی خۆش دەكەین و باسی ژیانی خۆمان دەكەین و هەندێ جار شایی دەكەین و نوكتە دەگێڕینەوەو كاتی خۆمان بەو شتانە بەسەر دەبەین هەشە بەپێوەندی لەگەڵ خۆشەویستەكەی خەریكە لەگەڵ ئەوەشدا لەوێ لەبەشی ناوخۆیی فێری زۆر شت بووم وەك ئەوەی خۆم بۆخۆم شت ئامادە بكەم و بەرپرس بم لە ژیانی خۆم و بتوانم دوور لە خێزانەكەم بژیم و پشت بەخۆم بەستم»
ئاهەنگ و پڕۆژەی دەرچوون لەلایەن كچانی بەشەناوخۆیی بابەتی ڕۆژانەیە
جوانەبەكر لەبەشی ناوخۆیی 18 شوبات وتی»لەدوای گەڕانەوەمان لەدەوام خەریكی نان ئامادەكردن دەبین و ئیش دەكەین و لەدوای نان خواردن قاپەكان دەشۆین پاشان هەر كەسێ ئەگەر بیەوێ خەریكی وانەكانی دەبێ و ئەوانی تریش بەیەكەوە كۆدەبنەوەو خەریكی قسەوباس كردنی نهێنی دڵمان دەبین بەڵام من قۆناغی چوارم زیاتر بەیەكەوە كۆدەبینەوە باسی پرۆژەی دەرچوون دەكەین یان ئاهەنگی دەرچوون و خۆئامادەكردن بۆی، بەڵام ئەوانەی قۆناغی یەك و دوون زیاتر خەریكی یەكترناسین و برادەرایەتی و هەندێ شەویش ڕوو لەهۆڵی پشوو دەكەین یان هۆڵی خوێندنەوە بۆكات بەسەربردن»
كچان باسی ئەو مۆدێلانە دەكەن كە تایبەتە بە كچانەوە
نسار لەبەشە ناوخۆیی لەیلا قاسم وتی»زۆربەی كات خۆمان بەخوێندنەوە خەریك دەكەین یان سەیری تیڤی دەكەین، ئێمە زۆربەی كچەكان لابتۆپی تایبەتی خۆمان لایە و لەكاتی دانیشتندا بە ئینتەرنیتەوە خەریك دەبین و پێموایە لەهەموو بەشە ناوخۆییەك كۆبوونەوە هەیە لەنێوان كچەكان بۆئەوەی كاتمان بەسەرببەین و قسەی خۆش دەكەین و باسی زۆر شت دەكەین وەك مۆدێلی جلوبەرگ و جانتا و قژو ئەو شتانەی كە پێوەندی بە كچانەوە هەیە»
نازە یەكێكە لەو قوتابیانەی ئەوە سێ ساڵە لەبەشەناوخۆییە وتی: خۆشترین كاتم ئەو كاتەنەیە كەلەبەشی ناوخۆییم، چونكە هەموو كچەكان هاوتەمەنی یەكترن بەیەكەوەكۆدەبینەوە بەتایبەت شەوانە تادرەنگانێك قسەدەكەین، هەڵپەڕكێ دەكەین و خۆمان ئامادە دەكەین بۆبەیانی بۆئەوەی چ جۆرە جلێك بپۆشین .
Top