دۆزینەوەی باوڵێكی ژەنگاوی، چارەنووسی موڵكێكی گرانبەها یەكلایی دەكاتەوە

دۆزینەوەی باوڵێكی ژەنگاوی، چارەنووسی موڵكێكی گرانبەها یەكلایی دەكاتەوە
ئا-كاندێش

نازانرێت بۆچی بیری لە ساڵانی منداڵێتی خۆی كردەوەتەوەو لە ژێرزەمینی ماڵی خاڵۆیدا بەناو جانتا ژەنگاوییە پڕ لە یادگارییە باوڵییەكەی فەتاحی باوكیدا دەست و چاوانی گێڕاوە، لە ناكاوڕا وەك دەركەوتنی مانگە شەوێكی سیحراوی سەنەدی تاپۆی پارچە زەوییەكی بەناوی خوالێخۆشبووی بابیەوە بینی بووەوە، نیگاكانی تیژ ئاسا كەوتبوونە سەر سی ساڵێك بەر لەئەمڕۆ، وەك دەیگێڕنەوە مام فەتاحی بابی شلێر پیاوێكی تێكسمڕاوی بەشان و شەوكەت بووە، هەموو بەیانیانێك لەگەڵ كازێوەدا بۆ بەسەركردنەوەی ڕەزی میوەو ترێ بەسەر چیادا هەڵگەڕاوە، ئێوارانیش لە باخچەكەی ماڵی خۆیاندا كە كرێچی بوون تێیدا، نازی ئەم كیژەیی و دوو كوڕەكەی خۆی (مەریوان و ئەریوان)ی كێشاوە كە لە تەمەندا هەردووكیان لە شلێری خوشكیان گچكەتر بوون و مام فەتاحیش نەیهێشتبوو بێ دایكایەتییان پێوەدیار بكەوێت، تا ئەو چركەساتە تاڵانەی كە مام فەتاح تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە، چەند مانگێكی ڕەبەق ئەو شاخەوانە ئازایە دەستەویەخە لەگەڵ مەرگدا زۆرانبازی كردووە، دواجار مەرگ كە لەشاخەكان سەختترە، تەختی پشتی ئەمی لە زەوی كوتاوەو دوا ماڵئاوایی لە ژیان پێكردووەو سێ منداڵی بە بێ دایك و باوك كە شلێری كیژی گەورەی تەمەنی نۆساڵان بووە لە دوای خۆی بەجێهێڵاون، دۆزینەوەی ئەم سەنەدە وەك ڕۆشناییەكی لێڵ لە ناوهەوردا زەین و بیری شلێری لە شەوارەداوە، بۆیە هانای بردبووە لای مام و ئامۆزاكانی و ئەوانیش بەدوای سۆراغی زەوییەكەدا دەچن تا شوێنەكەی دەدۆزنەوەو، دەبینن خانوویەكی قشتی لەسەر بینا كراوە و كاتێك لە خاوەن ماڵ دەپرسن ئەوە چۆنە خانووت لەسەر ئەم زەوییە بینا كردووە؟؟!

ئەویش دەڵێت:
سی ساڵێك لەمەوبەر لە گوندی خۆمان ڕاگوازرابووین هاتینە ئەم شارۆچكەیەو بەسەر ئەم زەوییە بێ ساحێبەوە دەوارمان هەڵدابوو، چەند ساڵێكیش چاوەڕێ بووین خاوەنەكەی دەربكەوێت، تەنانەت لە فەرمانگەی تاپۆی ئێرەش بەراییەكانی یاسایی موڵكەكە دیار نەبوو كە هی كێیە، لە ڕاستیدا نەدەزانرا خاوەنی هەیە یان نا، ئێمەش دواتر بە تەجاوز خانوومان لەسەر چێكرد، چونكە زۆربەی خانووەكانی لەم كۆڵانەدان، هەیانە زیاتر لە سی ساڵە دروست كراون و هەر بێ تاپۆشن، زۆر هەوڵماندا لەسەرمانی تاپۆ بكەن بەڵام وەڵامیان پێ نەدەداینەوە ...

ئینجا براكانی مام فەتاح كە سەنەدیان پێ نیشان دابوون، ئەویش پێی وتبوون :
رەنگە ئەمەتان تەزویر كردبێت، چونكە لە تاپۆ ئەم زەوییە بێ ژمارەیە...
براكانی فەتاح لەدوای ئەوەی پارێزەرێكیان بۆ ساغكردنەوەی ئەم مەسەلەیە تێگەیاندووە، هاتوونەتە تاپۆی گشتی، لە فەرمانگەی تاپۆی گشتییەوە، بەراییە یاساییەكانی موڵكەكەیان دۆزیوەتەوە كە بەناوی فەتاحی خوالێخۆشبووە، دوای ئەویش هیچ كڕین و فرۆشتنێك بەو موڵكەوە نەكراوە..
شلێر ئەو ڕۆژانەی دێتەوە یاد كە خۆیی و برا گچكەكانی لە ماڵەخزمان پەرەوازە بوون و بە هەزار دەردەسەری و منەتەوە پەروەردەكراون، چەندین جار بەچاویاندا كوتراوەتەوە كە باوكی ڕەحمەتییان بستێك موڵكی بۆ جێنەهێشتون، تەمەنی جوانووی شلێرو براكانی بەو شێوەیە چووەتە سەر كەچی ئێستا زەوییەكی چوارسەدمەترییان لە جێگەیەكی باشدایەو سی ساڵ دەبێت خەڵكی تری بەسەرەوەیەو بۆ خۆیان كردویانەتە خانوو، بێ ئەوەی كەسێك رۆژێ لە رۆژان ئەم باوڵە كۆنەمیراتییەی باوكیانی پشكنی بێت كە لە ژێر زەمینی ماڵی خاڵۆی شلێردا فڕێدرابوو، هەمووان بێئاگا لەوەی ئەو باوڵە ژەنگاوییە سەنەدی موڵكێكی تێدایە كە بە دەیان هەزاردۆلار مەزەندە دەكرێت..

وادیارە ماوەیەك بە سوڵحی عەشایەری ئەم كێشەیە بۆ خاوەن ماف كە شلێرو براكانێتی یەكلایی نەبۆتەوە، بۆیە شلێر هانای بردووە بۆ بنكەی پۆلیس و لەلایەن دادوەری لێكۆڵینەوەوە بڕیاردراوە كە بەڵگەنامەی خاوەنداریەتی موڵكەكە وەربگیرێت تا بە پێی رێوشوێنی یاسایی ئەم كێشەیە یەكلایی بكرێتەوە..
تێبینی: لەبەر یەكلانەبوونەوەی كێشەكەو هەروەها لەبەر عورفی رۆژنامەنووسی، هەندێك كارەكتەری راستەقینەو كەسانی تر كە ئێستا مەلەفی كێشەكەیان لەبەردەم دادوەرە، حەزیان نەكردووە ناویان ئاشكرا بكرێت، بۆیە ناوەكان و شوێنی موڵكەكەو هەندێك وردەكاری تری یاسایی بە ئەمانەتەوە لای مەلەفی كۆمەڵایەتی گۆڤارەكەمان دەپارێزین..
Top