زاوا لە بوكــــــــــــێ مەدە، نموونەی نەریتی پیاو سلاری لەكلتوری كۆمەڵگادا

زاوا لە بوكــــــــــــێ مەدە، نموونەی نەریتی پیاو سلاری لەكلتوری كۆمەڵگادا
توندوتیژی دژ بە ئافرەتان پێشێل كردنی مافەكانیانە كە ناتوانرێ لە رێگای هیچ سیاسەتێك، مەزهەب و فەرهەنگێك بسەلمێندرێ یا قەبووڵ بكرێ. توندوتیژی دژ بە ئافرەت ریشەی لە فەرهەنگێكی نادروستی جیهانییەوە هەیە كە مافی یەكسان بوونی ئافرەت لەگەڵ پیاودا بە گونجاو نازانێ. (زاوا لە بووكێ مەدە) یەكێكە لەو گۆرانیانەی كە لە كۆمەڵگای ئێمەدا هەر لە كۆنەوە بۆ دابونەریتێكی هەڵەی توندوتیژی وتراوە كە بەردەوام ئەو توندوتیژییە بەشێوەیەكی ئاسایی بەچەندین جۆر بەردەوامی هەبووە.


ئا: ساناسلێمان
فۆتۆ: شێروان موحسێن


توندوتیژی لە جیهاندا بەرامبەر ئافرەت
لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەهەر شەش خولەكێكدا ئافرەتێك دەستدرێژی دەكریتە سەر، لە ئافریقای باكوور لە رۆژێكدا شەش هەزار ئافرەت لە رێگای خەتەنە كردنەوە ئیفلیج دەبێت یان ئاسەوارەكەی لەسەر لەشیان دەمێنێتەوە. لە وڵاتی بەنگلادێش لە ساڵێكدا بە شێوەیەكی زۆر نامرۆڤانە 200ئافرەت بە دەستی هاوسەری پێشوو یان خوازبێنە رەت كراوەكانیان ئەسید بە دەموچاویاندا دەكرێ و رووخساری جوانیان تێكدەچێ.
لە وڵاتی هیندستان زۆرتر لە 7000 ئافرەت بە دەستی بنەماڵە وخزمەكانیان بەهۆی قسە كردنان لەسەرباوانی(جەهیزیە)دەكوژرێن.
هەموو ساڵێ لەچین، ئۆكرانیا، مۆلداڤیا، نایجیریا، بۆرما و تایلەند ژمارەیەكی زۆر لە كچان و ئافرەتان وەكو بەندە دەفرۆشرێن.
لە وڵاتانێكی وەكوو كۆسۆڤۆ،كۆنگۆ،ئەفغانستان، روواندا،ئافرەتان وەكو كەرەستەی شەڕ كەڵكیان لێ وەردەگیرێت و دەستدرێژییان دەكرێتە سەر. ئافرەتان لە گواتیمالا، ئەفریقای باكوور و مەكسیك توانای كاركرنیان لە شوێنە لاڕێكاندا هەیە، بەڵام لە كارە فەرمییەكان بە بیانووی سكپڕی و منداڵ بوونەوە لەسەر كارەكانیان دەریان دەكەن. لە ئوردون،كوێت و عەرەبستانی سعودییە لە مافە سەرەتاییەكانی خۆیان وەكو بەشداری سیاسی و وەرگرتنی بەرپرسایەتی گەورەی دەوڵەتی بێبەشن. لە زۆربەی وڵاتانی بیابانی ئەفریقا ئافرەتان میراتیان پێ نادرێ و ماڵ و موڵكیان لە رێگای یاساییەوە دەدرێت بە پیاوان، واتە ناتوانن خاوەنی موڵك بن، بۆ راگرتنی موڵكەكانیان بەناچاری و بە شێوەیەكی سوننەتی و نەخوازراو ژیانی هاوبەش پێك دێنن، لە بەر ئەوەی كە ئەگەر ناچار بوون لە مێردەكانیان جیا ببنەوە یان تەڵاق وەربگرن تەنیا بە جلوبەرگ وەكو دارایی ئەو لە ماڵ دەردەكرێن. هێشتا كەممان باس كردووە لەو توندوتیژیانەی كە ساڵانە لە سەرتاسەری جیهان ئافرەتان رووبەڕووی دەبنەوە.
دەقە یاساییەكان و ئایین لەرابردوودا كاریگەری هەبووە لەسەر توندوتیژی
ئاری رەفیق توێژەر و بەڕێوەبەر لە بەرێوەبەرایەتی گشتی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لەوەزارەتی ناوخۆ لەبارەی ئەو توندوتیژییەی ناو كۆمەڵگاو بەتایبەت بەئامانج كردنی رەگەزی ئافرەت لەم پرۆسەیەدا بۆ دوو هۆكاری سەرەكی گەڕاندەوەو لەوبارەیەوە دەڵێت» توندوتیژی كۆمەڵایەتی لە كوردستان بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە، هۆكاری یەكەم پێی دەوترێ(فاكتەری كەلتووری)كە لەناویدا دابونەریت و بەهەڵە تەفسیركردنی دەقەئایینیەكان و بێدەنگ بوونی میدیاكانە لەساڵانی ڕابردوو، بەجۆرێك بێدەنگییان هەڵبژاردبوو لەئاست ئەو هەموو ڕەشەكوژیەی لەسەر بنەمای رەگەزی رووبەڕووی ئافرەتان دەبۆوە، هەروەها ئەو دەقە یاساییە كۆنانەی كە پێشتر هەبوون و زۆر بەئاشكرا ئافرەتی تێدا دەچەوسێنرایەوە، بۆ نموونە تا ساڵی 2001 یاسای سزادانی عێراقی تا رادەیەكی زۆر شەرعیەتی داوە بە كوشتنی ئافرەت بە ناوی شووشتنەوەی ناموس (غسل العار) بەپێی ئەم یاسایە ئەگەر ئافرەتێك مێردی هەبێت لەناو ماڵ یا لە دەرەوەی ماڵ زینا بكات ئەوە لە هەردوو شوێن سزا دەدرێت، بەڵام پیاو ئەگەر لە دەرەوەی ماڵ زینای كرد ئەوە سزاكەی تەنیا لەو شوێنەیە و سزاكەی كەمترەو تەنانەت ئەگەر هاتوو لەو كاتەدا ژنەكەی خۆی لەكاتی زینا ببینێ ئەگەرتا ژنەكەی خۆشی بكوژێ سزاكەی لە 6 مانگ زیاتر نەبوو، واتا وەكو شێوەی(كوشتنی ئەنقەست) مامەڵە لەگەڵ ئەو تاوانە نەدەكرا، هەروەها لەماددەیەكی تری هەمان یاسادا ڕێگەدراوە بە پیاو كە ژنەكەی خۆی (تەمبێ بكا)و لێی بدا ئەگەر هاتوو هەڵەیەكی كرد! واتە ئەو یاسایانە ئەوەندەی كاریگەری سلبی هەبووە ئەوەندە نەبۆتە هۆكارێك بۆ ئەوەی باڵانسێكی هاوسەنگ ڕابگرن واتە هەردوو سزا بۆ ئافرەت و پیاو یەكسان بێت» ئایین بە هەموو شێوەیەك سوودی لێ وەرگیراوە بۆ بەكارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەت، ئاری هەروەها دەڵێت» تاوەكو ئەمڕۆش چەندین حاڵەتی مارەبڕین لەسەر بێشكە ماوە یان ئافرەت بە ئافرەتی گەورە بە بچووكی و ئەمانە هەمووی لە ڕووی ئاینییەوە مارە بڕاون و جاران دیاردە بوون، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا ئەمانە ئەگەر هەبێت وەكو حاڵەت هەیە ئەمەش لە رێگای رۆشنبیر بوونەوەی خەڵك و شیكردنەوە ئایین بەشێوەیەكی راست و رەوان لەلایەن كەسانی بەتوانا». ئاری پێوایە كە هۆكاری دووەم پێی دەوترێ(پاڵنەرەكانی جیهانگیری)كە پەیوەندی بە كاریگەری (میدیاكان، ئامێرەكانی مۆبایل، ئەنتەرنێت)هەروەها لاوازی دەزگای (داواكاری گشتی) لاوازی كاری (رێكخراوە مەدەنیەكان)و تاد...
ئاری پێوایە بۆ نەهێشتنی یا كەمكردنەوەی ئەو دیاردەیە پێویستە راگەیاندنەكان رۆڵیان هەبێت كە خۆیان دووربخەنەوە لە تێكدانی سایكۆلۆژیای وەرگر، چونكە هەندێك جار ئافرەت ئەوەندە رەشبین دەكات بەجۆرێك هەموو دەرگاكانی بەئەنجامگەیاندنی تاوانەكانمان لەرێگەی (خۆكوشتنەوە)پێ ئاشنا دەكات، هەروەها كاركردن لەهەموو بوارێكەوە بەشێوەیەكی گرووپ بەندی لەگەڵ ئەوەش كۆمەڵگای ئێمە لەداخراوی بەرەو كۆمەڵگایەكی كراوە دەڕوات بۆیە ئافرەت بۆتە قوربانی لە هەموو گۆڕانكارییەكانی ناوخۆ، بەتێپەڕبوونی كاتیش ئەو دیاردەو كێشە كۆمەڵایەتیانەی ئەمڕۆ كاڵدەبنەوە، چونكە ئەوە بەشێكە لە سومبولەكانی قۆناغی گواستنەوەی كۆمەڵایەتی.
بایەخدان بە هونەر بۆ رۆشنبیر كردنەوەی كۆمەڵگا
لە رێگای هونەرەوە تاك دەتوانێت لە وردەكاری ئەو وڵاتە یان ئەو نشتیمانە نزیك بێتەوەو بوارەكانی ژیانی شیبكاتەوە، چونكە كاریگەری لەسەر دەروون و مێشك هەیە بۆیە هونەر یەكێكە لە پێوەرە گرنگەكان بۆ رۆشنبیر كردنەوەی كۆمەڵگا هونەرمەندی بەتوانا ماموستا ئەنوەر قەرەداغی دەڵێت» هونەر كاریگەری هەیە لەسەر دروستكردنی ئەو بابەتە نوێیەی كە دێتە ناو كۆمەڵگا بەداخەوە لەكوردستان بە ئاستێكی تر كاری هونەری دەكرێت تا ئێستا رۆڵی خۆی وەكو پێویست نەبینیوە، چونكە زیاتر بۆتە بابەتێكی ژیان بەسەربردن هەر لە كۆنەوە هونەر كاریگەری هەبووە لەسەر كۆمەڵگا و هەوڵدراوە وشەی سادە بەكاربهێنرێت بۆ گۆڕینی كۆمەڵگا، هەندێك گۆرانی هەیە تەمسیل كردنی كۆمەڵێك دابونەریتی ناو كۆموڵگایە بۆ نموونە گۆرانی (زاوا لە بووكێ مەدە) ئەو گۆرانییە بە هۆی هەبوونی كەلتوورێكی ناساغی كۆنی ناو كۆمەڵگا دروست بووە كە بۆ ئەوە بوو زاوا بووك بخاتە ژێر كۆنترۆڵی خۆی ئەو گۆرانییەش بۆ ئەوە وتراوە كە ئامۆژگاری كومەڵگا بۆ نەهیشتنی ئەو دابونەریتە بۆیە هەوڵدراوە بە ئاوازێكی سادە بخرێتە ناو كۆمەڵگاوە، ئەنوەر قەرەداغی دەڵێت» داواكارم بەرپرسان ئاگادار ببنەوە كە بەشێوەیەكی بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ هونەر بكەن و بۆئەوەی هونەر لە داهاتووماندا بتوانێت هەنگاوی سەركەوتووانە بنێت تاوەكو كاریگەری سەرەكی هەبێت بۆ رۆشنبیر كردنەوەی كۆمەڵگا.
سیستەمی پەروەردە هۆكارە بۆدروست بوونی توندوتیژی
مێژووی توندوتیژی بەستراوە بە مێژووی مرۆڤەوە، توندوتیژی لە ناو هەموو كۆمەڵگایەك هەیە لەو بارەیەوە رۆژنامەنووس تامان شاكر دەڵێت «ئەگەرچی بارودۆخی ئێمە لە كوردستان گۆڕاوە بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاو كۆمەڵگاوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توندوتیژی لەناو خێزانەكانی كۆمەڵگای كوردەواریدا هەر بەردەوامە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەروەردە ناتەندروستەی لە سیستەمی پەروەردە و قوتابخانەكاندا هەیە كە بەردەوام هەستێكی شەڕانگیزی تێدایە جیا لەوەش تاوەكو ئەمڕۆ لە ناو فەرمانگەكان جیاوازی لە توانای ئافرەت و پیاو دەكرێت ئەوندەی متمانە بە توانای پیاو هەیە ئەوەندە متمانە بە توانای ئافرەت نییە»، هەروەها تامان باس لەوە دەكات كە كۆمەڵگای ئێمە خۆی لەسەر بنەمای توندوتیژی دروست بووە بۆنموونە ئەگەر بێتو سەیر بكەن تاوەكو ئەمڕۆ سیستەمی سیاسی ئێمە توندوتیژە.
تامان دەڵێت» لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە هەر لەسەرەتاوە كەلتوورێكی لەو جۆرەمان هەبووە، زۆر جار دەبینین لە هەندێك بوار ئەو توندوتیژیە جوان كراوە، بۆنموونە دەكرێتە گۆرانی یان دراما یا لە ڕاگەیاندنەكان زۆر بە سادەیی ئافرەتێكی لەشفرۆش تاوانبار دەكەن، بەڵام لە بیر دەكەن پیاوەكە تاوانبار بكەن كەچی پیاوەكەش كڕیارە بۆیە پێویستمان بە گۆڕینی سیستەمی پەروەردەو چاككردنەوەی هەڵسوكەوتی مامۆستاكان و رۆشنبیر كردنەوەیان هەیە تاوەكو بتوانین كومەڵگایەكی رۆشنبیر بونیاد بنێن.
Top