بڕی مارەیی، هەناسەیەك بۆ ژیان یان رووبەڕووبوونەوەی گلەییەكان

بڕی مارەیی، هەناسەیەك بۆ ژیان یان رووبەڕووبوونەوەی گلەییەكان
خێزان یەكێكە لە كایە بنەڕەتیەكانی كۆمەڵگەو بەهۆیەوە كۆمەڵگە رەگوڕیشەی خۆی پێ دادەكوتێت و بەرەو نەشونماكردنی كەلتوور و شارستانییەت و پێكەوەژیانی كۆمەڵگەكان ئاڕاستە وەردەگرێت، بێگومان پێكەوەنانی ژیانی هاوسەرایەتیش وەكو زۆربەی لایەنەكانی تری ژیان پێویستی بەهەندێك رێوشوێنی تایبەتی خۆیەتی بۆئەوەی بەشێوەیەكی تەندروست و ڕێكوپێك هەڵهاتنی خۆری ژیانی بەئاسوودەیی لێوە، لەناو ئەم رێوشوێنە تایبەتیەشدا مارەیی دەبێتە جێگەی سەرنجی هەریەك لەوكچ و كوڕانەی كە دەیانەوێت ببنە هاوسەری یەكتری، تەنانەت جێگەی سەرنجی دایك و باوك و هاوڕێیانی هەردوولا، ئەم رێپۆرتاژە بڕی مارەیی لای هەندێك هاوسەری تازەی شاری سلێمانی دەخاتەڕوو.

«متمانە و خۆشەویستی بڕی مارەیی دیاریی دەكەن»
نزیكەی 7 مانگە دەستگیرانی ئاراس-ی خۆشەویستمم تائێستا باسی مارەیی لە زمانی منەوە نەهاتۆتە دەرەوە بەڵكو پێم وتبوو كە خۆت ئازادبە ئەو كاتەی گرێبەندی هاوسەرایەتی دەكەین لە دادگا چەند دادەنێین من كێشەیەكم نییە بۆیە 16 مسقاڵی عەیارە 21ی پێشەكی داناو 19 مسقاڵیش پاشەكی ئەمە وتەی ناز خالید رەئوفی تەمەن 26 ساڵ بوو، وتیشی من پێش ئەوەی ئاراس بناسم بۆچوونم وابوو كە بڕی 25 مسقاڵ ئاڵتوون بكەن بەڵام دوای ئەوەی تەواو خۆشەویستی و متمانەی خۆی خستە دڵمەوە ئیتر حەزم نەكرد بۆ جارێكیش چییە باسی مارەیی لەگەڵدا بكەم.

«توانای ماددی كوڕ»
لێتناشارمەوە كە 30 مسقاڵی پێشەكی و 200 لیرەی رەشادی پاشەكیم بە هاوسەرەكەم كردووە لەبەرئەوەی هاوسەرەكەم توانای ماددی باشە و خۆشی رەزامەندی تەواوی هەبووە لەسەری، ئەمە وتەی كۆچەر لەتیف ئەحمەد بوو كە ماوەی ساڵێكە ژیانی هاوسەرایەتی پێكهێناوەو ئەم بڕە زۆرەش نەبۆتە كێشەیەك بۆئێمە، هەروەها بۆچوونیشی وابوو كە كچان تاكو دەتوانن بیر لە مارەییەكی زۆر نەكەنەوە بۆ ئەو كوڕانەی كە توانای ماددییان كەمە لەبەرئەوەی دەكەونە بەر لۆمەی خەڵكی و كێشەی دەروونی بۆ كچ دروست دەكەن و لەدواجاردا كێشە بۆ خانەوادەكەش دروست دەبێت كە من بەم حاڵەشەوە تووشی ئەو جۆرە لۆمانە بووم.

«عورف رێگەی مارەیی دیاریدەكات»
بڕی مارەیی لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر دەگۆڕێت بەپێی عورف و دابونەرێتی هەریەكەیان بۆنموونە لە شاری سلێمانی كچان داوای كەمتر دەكەن لەچاو كچانی شارەكانی تری وەكو هەولێر و دهۆك كە یەكێك لەهۆكارەكان لەوانەیە پێوەندی بەوەوە هەبێت كە خەڵكی دوو شارەكەی تر بەشێوەیەكی گشتی توانای ماددییان زۆر باشە ئەمە وتەی كچە توێژەرێكی كۆمەڵایەتی بوو بەناوی لارا سامان كەریم كە 3 ساڵە ژیانی هاوسەرایەتی پێكەوەناوە، وتیشی من تەنها 14 مسقاڵی پێشەكی و 19ی پاشەكیم پێكردووە و تەنانەت كەمێك قەرزداربووین بازنەكان كە 5 مسقاڵ بوون فرۆشتمنەوە بۆ دانەوەی قەرزەكان چونكە لای من بەختەوەری و پێكەوەژیان گرنگترە لە ئاڵتوونی زۆر.

«ئەو كاتەی بنەماڵە دەستدەخاتە ناو بەهاوسەربوونەوە»
من وەكو خۆم بۆچوونم وابوو كە لە 18 مسقاڵ زیاتر بە هاوسەرەكەم نەكەم بەڵام دایكم و یەكێك لە خوشكەكانم بۆچوونیان گۆڕیم و وایان لێكردم كە پێداگربم لەسەر 25 مسقاڵی عەیارە 21 و ئەو بڕەیەشم بۆكرا ئەمە وتەی خەرمان عەلی تۆفیقی خوێندكاری زانكۆبوو كە ئێستاش ئەڵقەی دەستگیرانداری لەدەستدایە، باوەڕیشی وابوو هەركاتێك كچ بیری لە ئاڵتوونی زۆر كردەوە با بۆئەوەبێت دوایی لەخزمەتی ژیانی هاوسەرایەتیەكەیدا بەكاری بێنێتەوە نەك بۆئەوەبێت بڵێن ئەوەندە ئاڵتوونی بۆكراوە لەبەرئەوەی بەرپرسیارێتی ژیان لە ئەستۆی كوڕانیشدا قورسە.

«قەناعەتی كوڕ و كچ بۆ ڕێكەوتن»
ئەو كچ و كوڕانەی كە دایك و باوكیان رێوشوێنی پێكەوەنانی خێزانییان بۆ دیاری دەكەن ئەوا وادەكات كە كچ یان كوڕ بەسەربەخۆیی و ئازادی خۆی بڕیار لەسەر مارەیی و ماڵداری نەدات هەربۆیە ئەگەر كچ و كوڕ خۆیان بڕیار لەسەر مارەیی بدەن ئەوا بڕەكەی هەرچەندێك بێت دەبێتە خزمەت نەك كێشە لەبەرئەوەی ئەو شتەی لەرێگەی قەناعەتەوە دروستدەبێت سەركەوتن بەدەست دێنێت ئەمە وتەی سۆزان محەمەد عارف بوو.
Top