هۆكاری روو وەرگێڕانی پیاو لەسەر جێگا لە ئافرەت بۆچی دەگەڕێتەوە...؟

هۆكاری روو وەرگێڕانی پیاو لەسەر جێگا لە ئافرەت بۆچی دەگەڕێتەوە...؟
ئا: رۆشنە عومەر

توندو تیژی كردارێكە بەرامبەر تاكێك یان كۆمەڵێك دەكرێت. جا تاكەكە پیاو بێت یان یان ئافرەت. یەكێك لە توندوتیژییەكان، توندوتیژی و كرداری نادروستی سێكسییە. زۆر جار لەسەر جێگادا پیاو توندو تیژی بەرامبەر بەئافرەت دەكات، بەتایبەت لەكاتی سێكسكردندا. ئەوكات ڕەفتارێكی نەشیاو لەگەڵ ئافرەتەكە بەكاردەهێنێت یاخود رووی خۆی لە ئافرەتەكە وەردەگێڕێت. ئەم ڕەفتارانەش دەچێتە خانەی توندوتیژییەوە، كە ئافرەتەكە هەستی بەوە كرد توندوتیژی بەرامبەر دەكرێت لەوكاتەدا كێشە لەنێوانیاندا ڕوودەدات. لەسەرئەم پرسە گرنگە ڕاوبۆچونی چەند شارەزایەكی ئەو بوارەمان وەرگرتووە.

سەرەتا ئافرەتێكی تەمەن 29 ساڵ، كە فەرمانبەری میرییە، ئاماژە بەوە دەكات هاوسەرەكەی هەمیشە كەسێكی تووڕەیە، تەنانەت لەكاتی كرداری سێكسیش هیچ مانایەك بۆ ئەو دانانێت هەمیشە هاوار دەكات بەسەریداو بە زۆر هەموو شتێكی لەگەڵ دەكات، ئەو دەڵێت:» من بەردەوام لە بارێكی نالەباری دەروونیدا دەژیم، چونكە هاوسەرەكەم لە كاتی سێكس كردندا زۆر هاوكارم دەكات.

پیاوان تەنیا بۆخۆیان سێكس دەكەن
ئافرەتێكی تەمەن 22 ساڵە ماوەی ساڵێكە شوویكردوە، بە گوتەی خۆی پەشیمانە لە شووكردنەكەی، ئەو ئافرەتە باسی ئەوە دەكات پیاوەكەی لە سێكسكردن زۆر پەلە دەكات هەر كاتێك ئارەزووی هەبێت بێ ئەوەی رای من وەربگرێت دەبێ سێكسی لەگەڵ بكەم، هەر كە ئارەزووەكانی تەواو بوو پشتم تێدەكات، ئەو دەڵێت:» ئەو پیاوانە تەنیا بۆ خۆیان سێكس دەكەن، زۆر بە پەلەن لە تەواوكردنی حەزو ئارەزووەكانیان.
ئافرەتێك كە تەمەنی 24ساڵە ماوەی دووساڵە ژیانی هاوسەری پێكهێناوە و دەڵێت «پیاوەكەم زۆرخراپە لەگەڵم بەتایبەت لەكاتی سێكسكردندا، سەیری فیلمی سیكس دەكات دەڵێت دەبێت تۆش هەمان رەفتارم لەگەڵ بكەی كە كاراكتەری فیلمەكان ئەنجامی دەدەن. گەر وانەكەم، ئیدی توڕە دەبێت و رووم تێناكات. یان جێگاكەی لێم جیا دەكاتەوە، لەم داواكارییە بێجێیانەی ئەو بەڕاستی بێزاربوومە.

كوڕ و كچەكان كە گەیشتنە تەمەنی هەرزەكاری لەبارەی سێسكەوە گەلێك پرسیاریان بۆ دروست دەبێت
كومەڵناس «فەرهاد خدر» سەرپەشتیار لە منداڵپارێزی كوردستان وتی «توندوتیژی ڕەفتارێكە بەرامبەر كەسێك دەكرێت، جا توندوتیژییەكە جەستەیی بێت یان دەروونی. بەهۆی ئەوەی ئەو پەیوەندییە هەیە لەنێوان ژن و مێردا چ جەستەی بێت چ مەعنەوی، هەردوو جۆری توندو تیژیەكە كە لەپڕۆسەی هاوسەرگیریدا هەبێت نا رەوایە. جار هەیە توندوتیژی دەروونی زۆر لە توندوتیژی جەستەیی كاریگەرترە، هەرچەندە زۆر كەس توندوتیژی دەروونی بەتوندوتیژی سەیر ناكات. بەڵام بەو مانایە نییە كە توندوتیژیی نییە. كاتێك بەشێوەیەكی نادروست، پیاوێك سێكس لەگەڵ هاوسەرەكەی خۆی دەكات لەڕووی دەروونییەوە بە توندوتیژی ناودەبرێت. هەرچەندە رەنگە پیاوەكە خۆی پێیوانییە توندوتیژییە، لەبەر ئەوەی كە ئاستی رۆشنبیری لاوازە. نموونەیەك لە توندوتیژی سێكسی ئەوەیە» كاتێك پیاو ژیانی هاوسەری پێكدەهێنێت بەشێوەیەك فێردەكرێت كەدەبێت لەشەوی زاوایەتیدا هەموو شتێك كۆتایی پێبێنێت. جار هەیە لە شەوی زاوایەتیدا پیاوەكە بەهۆی ملكەچ نەكردنی ئافرەتەكە و نەبوونی رۆشنبیری سێكسی پیاوەكە پەنا دەباتە بەر لێدانی ئافرەتەكە. جا لە پرۆسەی ژیانی هاوسەریدا یەكێك لەبنەماكان تێركردنی لایەنی روحییە.
فەرهادخدر ئەوەش دەخاتەڕوو دەڵێ «.كاتێك پیاوەكە خۆویست بێت هەوڵبدات تەنیا خۆی چێژ وەربگرێت نەك خێزانەكەی، ئەمەش هەر دەچێتە خانەی توندوتیژییەوە، زۆرجار كرداری سێكسی لەنێوانیان نابێتە هۆی ئەوەی كە ئافرەتەكە بگاتە بە چێژی تەواو. كاتێك ئافرەتەكە ناگاتە چێژی تەواو، ناچارە بۆ تێركردنی هەستە پەنگخواردنەكانی یان پەنا بۆ تەڵاق و جیابوونەوە بدات، یان پەنا بۆ خیانەت. ئێمە كۆمەڵگایەكین هۆشیاری سێكسیمان نییە، چونكە دیاردە دزێوەكانی وەكو عەیبە و شەرمە نابێت باسی ئەو جۆرە شتانە بكەین، ئەم گرفتانە دروست كردووە. كاتێك كوڕ دەگاتە تەمەنی هەرزەكاری كۆمەڵێك پرسیاری لادروست دەبێت ناتوانێت پرسیار لەدایكی خۆی بكات بەحوكمی ئەوەی لەڕەگەزی خۆی نییە. دێتەوە لای باوكی، بەڵام چونكە لەكۆمەڵگای ئێمەدا عەیبە لای باوكیشی باسی ئەوە بكات، بۆیە پەنا دەباتە بەركەسێك كە ئاستی ڕۆشنبیری نزمە، بەهەڵە شتەكانی فێردەكات. پێویستە دایك و باوك باسی هۆشیاری سێكسی لای منداڵەكانیان بكەن و هەروەها مامۆستای پسپۆر هەبێت لەم بارەیەوە وانە لەقوتابخانەكان بڵێتەوە.
توندوتیژی سێكسی لەگەڵ ئافرەت، گرفتی دەروونی زۆر دەكات
د.كارزان جەلال شاب دكتۆری نەخۆشییە دەرونییەكان دەڵێت « توندو تیژی یاخود هەڵسوكەوتی پڕ لە توندوتیژی پیاوان لەئافرەتان زیاترە. چونكە جەستەی پیاو ماسولكەكانی بەهێزترە، وزە زیاترە، ئەمەش هاندەرە گرژی توندوتیژییە لەپیاودا. بنەماكانی بەرزی مرۆڤیش بریتین خۆشەویستی و سێكس. زۆركەس هەیە ئەو توندوتیژییە لەكاتی مامەڵكردنی ژیانی ڕۆژانەی بەكاردێنێت، هەندێكیشیان بەشێوەیەكی نادروست بەكاری دێنێت، بەشێوەی جەستەیی یاخود ئاخاوتن یاخود لەكاتی سێكس بەكاری دێنێت. هۆكارەكەش ئەوەیە كە لەپەروەردەی خێزانەوە توندوتیژییمان لەگەڵدا بەكارهێنراوە. ئێمەش لەسەر ئەو توندوتیژییە راهاتووین. توندوتیژی بەتایبەت لەنێوان ژن و پیاودا كاردانەوەی زۆر خراپی لەسەر مرۆڤ هەیە، جا لەكاتی سێكس كردن بێت یاخود لەكاتی مامەڵەكردنی ژیانی ڕۆژانە بێت، كاریگەری لەسەردەروونی مرۆڤ هەیە، وەكو دڵەڕاوكێ و بڕوا بەخۆنەبوون، ئەمانەهەمووی كەم دەكاتەوە بەتایبەت لەئافرەتدا. زۆرجار ئافرەت گرفتی جەستەیی و دەروونی هەیە هەربۆیە لایەنی سێكسی كەم بۆتەوەو چێژ لەسێكس نابینێت، پیاوەكە لەو كاتەدا بەزۆرسێكسی لەگەڵدا دەكات. هەست دەكات كە ئافرەتەكە زەوقی لەگەڵ ئەو نەماوە، بەڵام نازانێت كە ئافرەتەكە نەخۆشەو پێویستی بەچارەسەرە، ئەگەر چارەسەری بكرێت بۆماوەیەكی كەم ئافرەتەكە ئاسایی دەبێتەوە. نەبووونی هۆشیاری دەرونی وای كردوە كەئەم توندوتیژییە لەنێوان خێزاندا زیاد بكات.
ئێستا ئافرەتان زیاتر هۆشیار بوونەتەوە و لە دادگاكان باسی كێشەكانی خۆیان دەكەن
دادەوەر عەبدولباست فەرهادی وتەبێژی فەرمی دادوەری وتی» گەر لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا سەیربكەین، دەبینین ژن ومێرد كاتێك كێشەیان دەبێت و كێشەكەیان دەگاتە دادگا، جا چ دادگای لێكۆڵینەوە بێت یاخود دادگای باری كەسی. گەر سەیربكەین ڕێژەیەكی بەرچاو لە ئافرەتان توندوتیژیان بەرامبەر كراوە. توندوتیژییەكەش خۆی لەچەند جۆرێك دەدا، لەوانەیە پیاوەكە داوای شتی وای لەخێزانەكەیەوە كردبێت كەلەڕووی شەرعییەوە دروست نییە. زۆر ئافرەت هەیە لەبەردەم دادگا باسی كردووەو دەڵێت « هاوسەرەكەم فلیمی سێكسی سەیركردووە وداوای لێكردووم هەمان كاری، كاراكتەرە ئافرەتەكەی ناو فیلمەكەی لەگەڵ ئەنجام بدەم «. یان داوای لێكردوم كە سێكسی بەجۆرێكی دیكە لەگەڵی بكەم . منیش ڕازی نەبووم و بۆتە كێشە لەنێوانماندا. ئێستا ئەم جۆرە حاڵەتانە هەن لەدادگاكانی كوردستان. دیارە پێشتریش ئەم حاڵەتانە هەبوون. بەڵام ئەوكات ئافرەتەكە كاتێك دەهاتە بەردەم دادگا باسی لەم جۆرە كێشانە نەدەكرد. چونكە ئەوكات لەبەربوونی عەیبەوشەرمەو لەبەركۆمەڵێك دابونەریتی كۆمەڵگا ئەگەرباسیشی كردبا تەنیا بەچەند هێمایەك ئاماژەی پێدەكرد، بەڵام ئێستا بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو ئافرەتان زیاتر باس لە كێشەكانیان دەكەن. ئەم جۆرە كێشانەش بۆ هۆكاری ساردوسری سێكسی لەنێوان ژن و پیاو دا دەگەڕێتەوە.
ئافرەت دەتوانی داوای جیابوونەوە لە مێردەكەی بكات، گەر هاوسەرەكەی داوای سێكسی نادروستی لێكرد
سەبارەت بەم تەوەرە گرنگە»د.بەشیر خەلیل حەداد» مامۆستای ئاینی و وتاربێژی مزگەوتی جەلیل خەیات دەڵێت» ئیسلام بەرنامەیەكی تۆكمەی ناردووە بۆ هەموو مرۆڤایەتی، ئەو بەرنامەیە هەموو لایەنەكانی ژیان دەگرێتەوە. تەنها لایەنی خواپەرستی و نوێژو رۆژی نییە، بەڵكو بواری ئابووری و كۆمەڵایەتی و رامیاری و فەرهەنگی و هەموو لایەنەكان یەكێك لەو لایەنە گرنگانەیە كە ئیسلام یاسایەكی تۆكمەی بۆ داڕشتووە لایەنی كۆمەڵایەتییە، كەواتە سیستەمی كۆمەڵایەتی سیستەمێكی رێكوپێكە لە ئیسلامدا كە بەتەواوی لەگەڵ بیری مرۆڤایەتی دەگونجێت، هەموو داواكارییەكانی لایەنی دەروونی و سۆزو عاتیفەو غەریزەكانی مرۆڤ تێربكات، ئێستاش ئێمە لە سەدەی بیست و یەكەمداین، لەگەڵ هەموو پێشكەوتنە لەهەموو بوارەكاندا هەیە، سیستەمی كۆمەڵایەتی ئیسلام بەجوانی خۆی هەر ماوە و شاهێدیشی بۆ دەدەین، سەیر بكەین. سیستەمی كۆمەڵایەتی لەشوێنانی دیكەدا رۆژ بەرۆژ تووشی نارێكی دەبێ و هەرەس دەهێنێ، بەڵام لە سیستەمی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی ئێمەدا هەتاكو ئێستاش تارادەیەك پابەندین پێیەوە، لەو لایەنەوە كێشەمان زۆر نییە، گرنگتریش شتیش لە سیستەمی كۆمەڵایەتی سیستەمی خێزانە. پێكهێنانی خێزان و پەیوەندی نێوان ژن و مێرد چ لەلایەنی ئەرك و ماف بێت یان لەلایەنی دەروونی و روحی و جەستەییەوە بێت، بۆ هەمو ئەمانە هەمووی بنەماو مەرج و سیستەمی تەواوی بۆ داناون. دەربارەی مەسەلەی سەرجێی لە نێوان ژن و مێردا كە یەكێك لە ئامانجەكانی پرۆسەی هاوسەرگیرییە چونكە ئامانجی تریشی هەیە، وەك بەردەوام بوونی پەیوەندی روحی و مرۆڤایەتی نێوانیان و پێكهێنانی پەیوەندیەكی ئارام و كەوتنەوەی وەچەو نەوە لە دوارۆژدا، ئەمانە هەمووی ئامانجن، یەكێك لە ئامانجەكانیش تێركردنی ئەو لایەنە سێكسیەیە لە لایەن هەردوو لاوە. بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە دیسان ئیسلام رێساو یاسای بۆ داناوە. بۆ نموونە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت»ئافرەتان بۆ پیاوان وەك زەوییەك وان بۆ چاندن، مەبەستیشی منداڵ بوونە « واتە ئافرەت ئەو شوێنە پیرۆزەیە كەوا مرۆڤی تێدا دروست دەبێت بەهاوكاری پیاوان، بێگومان بۆدروست بوونی ئەو منداڵەش دەبێ جۆری پەیوەندیە سێكسیەیەكەش بە جۆرێك بێ بۆئەوەی ئەو منداڵە بێنێتە دی. بەڵام گەر كرداری سێكسییەكە نادروست بوو، ئەوە ئامانجەكە ناپێكێت و منداڵ دروست ناكات، گەر لەلایەنی تەندروستی و كۆمەڵایەتییەوە نەخوازراو بوو ئەوا لەلایەنی دەروونیشەوە نەخوازراوە. بۆیە ئیسلام ئەمە حەرام دەكات، ئەمەش لەوانەیە جۆرێك بێ لە جۆرەكانی توندوتیژی، كە رێگای پێنادری و سزاشی بۆ دادەنێ بۆ ئەو كەسانەی كە بەردەوام ئەم كارە دەكەن. هەروەها گەر پیاو بەردەوام بوو لە داواكردنی ئەم جۆرە سێكیسییە نادروستە، یان مومارەسەكردنی ئەم جۆرە توندوتیژییە ئەوا ئافرەتەكە داوا دەكات لە دادگا و بۆی هەیە جیابێتەوە. لەلایەكی دیكەشەوە ئەنجامدانی شێوازە ئاساییەكەی سێكس كردن ئەوەی رێگای پێدراوە ئەویش دەبێ بە شێوازێكی مرۆڤانە بێ، بەشێوازێك بێ كەوا هەردوو لا لایەنی جەستەیی و سۆزو عاتیفەیان تێدا بەدی بێننەوە، بۆیە چەندین ئایەتی قورئان و فەرموودەی پێغەمبەرمان هەیە بۆ پەروەردەی سێكسی تەواو لە نێوان هەردوو لایەندا، ئەمڕۆ ئەگەر كەسانێك بەناوی تەندروستییەوە بەناوی دەروونییەوە باسی ئەمە بكەن ئەوا ئایینی ئیسلام پەروەردەیەكی سێكسی تەواوی تێدایە، بەڵام بە شێوازێكی رێكوپێك بەشێوازێك كە قازانجی لە زیانی زیاتربێت، بەڵام ئیسلام ئەم رێنماییانە لەتەمەنێكی گونجاودا دەدات بە مرۆڤ، چونكە منداڵێك ناتوانێ ئەمە جێبەجێ بكات، بۆیە لە تەمەنێكدا ناكرێ لایەنێكی گرنگی ئاوا پشت گوێ بخات، بەڵكو قسەی لەسەر دەكات هەتا باس لەوەش دەكا چۆن بچنە سەر جێ و چۆن دەست پێبكەن و چۆن كۆتایی پێ بێنن، تا رادەیەك دایك و باوك بەرپرسیارن لەم كارە، چونكە ئەوان یەكەم بەرپرسیارن لەبەرامبەر منداڵەكانیاندا تا ئامۆژگاری تەواویان بكەن، لای ئێمە ئامۆژگاری تەنیا ئەوە نییە ئاوا هەستە و ئاوا دانیشە بەڵكو ئامۆژگاری لەقۆناغی هەستیاردا دەبێ، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان بەرنامەیەكی چاك و تۆكمە دابڕێژن بۆ پەروەردەكردنی هەرزەكارەكانمان، كچ دەبێ لەماڵەوە دایكی زۆر شتی پێبڵێ، لەسووری مانگانەو تێكەڵ بوون لەنێوان كوڕو كچ یان ئەندامەكانی لەشی خۆی، یاخود كاتێك براكەی لەماڵەوە خۆی دەشوات و پرسیار لای دروست دەبێت، مەرجە دایك ئەمەشی پێ بڵێت، دایك بۆ كچ روون بكاتەوە. باوكیش بۆ كور روون بكاتەوە. زانیارییەكانیان قۆناغ بە قۆناغ پێ بدەن، یاخود ئەو كوڕەی ژن دەهێنێت پێویستە، زانیارییەكی تەواو لەبارەی شەوی هاوسەرگیرییەوە هەبێت، لەنێوان كوڕەكەو كچەكە بۆ ئەوەی تووشی ترس نەبن. هەروەها تووشی حاڵەتێكی دەروونی ئاوا نەبن لەجیاتی ئەوەی بۆیان ببێتە شەوی هەنگوینی، ببێت بەشەوی ناخۆشی. ئەم حاڵەتە ببێتە هۆی كێشە لەژیانیاندا تاماون. ئەمە دەگەڕێتەوە سەردایك و باوكەكان ئینجا وانەی قوتابخانەكان پێویستە بەشێوەیەكی ئاوا بن بۆ ئەوەی منداڵەكانی ئێمە بەشێوەیەكی راست و دروست پەروەردە بكرێن. هەروەها ڕاگەیاندنەكان ڕۆڵێكی گرینگیان هەیە. بەڵام بەداخەوە بەشێك لە ڕاگەیاندنەكانی ئێمە ڕۆڵێكی باش ناگێڕن و ڕۆڵێكی تێكدەرانە لەم لایەنە و دەگێڕن. هەروەها نەبوونی سانسۆڕ بەسەر سیدی فرۆشەكان، گرفتێكی دیكە، لەوانەیە گەنجێك بچێت سیدیەك بكڕێت، لەماڵەوە بۆخۆی لێبدات، كەجۆری سێكس كردنەكەش دوورە لەداب و نەریت و ئایینی ئێمە. بۆیە كاتێك ئەم شتانە دەبینن هەوڵدەدەن لاسایی ئەم شتانە بكەنەوە. ئەم لاسایی كردنەوەش دەبێتە هۆی كێشەیەكی مەترسی دار بۆئێمە.
هەروەها (د.بەشیر )ئەمەش دەخاتەڕوو دەڵێت «ئەم جۆرە سیدیانە تەنیا لایەنی بازرگانیان پێوە دیارە و هیچ مەبەستێكی پەروەردەیان پێوەدیار نییە. بۆیە درێغی ناكەن لەهەرشێوازێك تەنانەت ئەگەر ئاژەڵیانەش بێت ئەمانە بۆئەم مەبەستە بەكاری دێنن. ئافرەت لێرەدا ناكرێت ئەمانەقبوڵ بكات. یەكەمجار پێویستە پیاوەكەی ئامۆژگاری بكات، چونكە ئامە زیانی هەیە بۆ ئایینمان، چونكە ئەمە لەڕووی ئاینییەوە نادروستە. هەروەها لەڕووی تەندروستییەوە زیانیشی هەیە، چەندە ها نەخۆشی لێپەیدا دەبێت، وەكو ئایدزو زوهری و سفلس. ئەمانە كۆمەڵە نەخۆشیەكن، كە زانایان دەڵێن ئەم نەخۆشیانە بەهۆی ئەو پەیوەندییە سێكسیە نادروستانەیە كەپەیدادەبێت. بۆیە ئافرەت دەتوانێت بەمجۆرە قسانە ئامۆژگاری پیاوەكەی خۆی بكات. ئەگەر پیاوەكەی هەر قەناعەتی نەهات پێویستە لەسەری كە جیابێتەوە.
لەچ كاتێك پیاو دەتوانێت جێگای خۆی لەئافرەت جیابكاتەوە؟
سەبارەت بەجیابوونەوەی جێگا لەنێوان ژن و مێرد دا، (د.بەشیر) ووتی « بەڵكو بەپێچەوانەوەش كاتێك ئافرەتەكە ئەزیەتی پیاوەكە دەدات، ئافرەتەكە مافی پیاوەكە پێشێل دەكات. ئەو مافەی كەشەرع و ماف و نەریت و یاسا بۆی داناوە مافی پیاوەكە نادات پیاوەكە ئەزییەت دەدا بەزمان بەدەست بەكردەوە بە ڕەوشت بەهەموو شتێوازێك، ئەوكات پیاوەكە وەكو قۆناغی یەكەم بەزمانێكی شیرین ئامۆژگاری دەكات ئەوكردەوانەی ئەو دەیكات زیانی بۆپەیوەندی ژیانی هەیە، ئەگەر ئافرەتەكە چاكسازی لەخۆیدا پێكنەهێنا ئەوكات بۆماوەیەكی كاتی پیاوەكە، لەنێو جێگادا پشتی تێدەكات. نەك جێگاكەی خۆی لێجیابكاتەوە، كاتێك خودای گەورە دەفەرمووێت «واهجروهن في المضاجع» واتا « لەناوجێگادا پشتی تێبكە» بۆئەوەی ئافرەتەكە بگەڕێتەوە قۆناغی ئاسایی. بۆئەوەی مافەكانی جێبەجێ بكات. هەتا لەیاسای باری كەسیش دەڵێ «هەرشتێك كەوا ناشەرعی بێت پیاو داوا لەئافرەت بكا، یاخود ئافرەت داوا لەپیاو بكات، جێبەجێ نەكات ئەمە بەنشوز دانانرێت».
Top