كچە كوردێكی لە دایكبووی (سوید) كە نەیتوانی لە كوردستان بژیت

كچە كوردێكی لە دایكبووی (سوید) كە نەیتوانی لە كوردستان بژیت
(شەن)كچۆڵەیەكی زیرەك و وریا، تاقانە و نازداری دایك و باوكی بوو، چاو رەشێكی گەنم رەنگ و ئێجگار شیرین بوو. ئەو قژێكی رەشی بریقەداری نیمچە گڵوازەی هەبوو كە هەر لە دوورەوە دەتزانی كە رۆژهەڵاتییە، (شەن) ساڵی (1996) لە (ستوكهۆڵم)ی پایتەختی وڵاتی (سوید) چاوی بە دنیا هەڵهێنا. دایكی لە هەولێر مامۆستای كۆلیژی دەرمانسازی بوو، باوكیشی یەكێك بوو لە پزیشكە باشەكانی كوردستان لە بواری نەشتەرگەری. كاتێك كە بارودۆخی پزیشكان لە كوردستان نالەبار بوو، ناچار بوون ساڵی 1995 بەرەو ژیانی غەریبی بكەونە رێ بۆ وڵاتی (سوید). كە لەوێ گیرسانەوە زمانیان خوێند و باوكیشی چەند پلەیەكی بەرزی لەبواری نەشتەرگەری نوێدا بەدەستهێنا و هەر وەك كوردستان، بوو بە یەكێك لە نەشتەرگەرە باشەكانی یەكێك لە نەخۆشخانەكانی (ستۆكهۆڵم). بەڵام دایكی سەرەتا لە ماڵەوە بە بەخێوكردنی (شەن)ـەوە سەرقاڵبوو، تاوەكو گەیشتە تەمەنی(3) ساڵی و چووە باخچەی ساوایان. پاشان دایكیشی چەند خوێندنێكی ئاسانی كردوو بووە یارمەتیدەر لە دەرمانخانەیەكدا.
گێڕانەوەی: ئاڤان شێخ كەریم باراوی


ژیان لە ئەوروپادا
(شەن) وردە وردە گەورە بوو گەیشتە تەمەنی قوتابخانە تا گەیشتە پۆلی چواری سەرەتایی، (شەن) زۆر زیرەك و وریا بوو نمرەكانی زۆر بەرز بوو، بەڵام كێشەیەك كە ئەو بەردەوام بە دەستییەوە گیرۆدە ببوو ئەوە بوو بەردەوام هەستی دەكرد كە لە ژینگەیەكی پڕ لە جیاكاری رەگەزیدا بوو، تەنانەت مامۆستاكانیشی بە جیاواز تەماشایان دەكرد و جاروبار تیروتوانجیان تێدەگرت. هەرچەندە كە ناسنامەی سویدیشی هەبوو بەڵام بەداخەوە بە رەگەز رۆژهەڵاتی بوو.
رۆژێكیان ئاگاداریەك لە ناو قوتابخانە بڵاو بووەوە كەوا چەند قوتابییەك لە سویدییەكان ئەسپێ داویەتییە سەریان (شەن)یش زۆری پێ سەیر بوو ئەم كچۆڵە پرچ زەردە جوانانە ئەسپێ بێتە سەریانەوە، لە مامۆستاكەی پرسی مامۆستا: بۆ ئەسپێ ئەیداتە سەری ئەوان كەچی من تێم نادات، مامۆستا بە زەردەخەنەیەكی پڕ لە تەوسەوە لەبەردەم هەموو قوتابی پۆلەكەی وتی: چونكە ئەسپێ قژی زەرد و پاك و جوانی پێخۆشە نەك قژی پیسی رەش!. ئەمە زۆر كاری كردە سەر هەست و سۆز (شەن) و زۆر بەم وەڵامە پڕ لە سووكایەتییە بێزار بوو، زۆری پێناخۆش بوو. هەر بۆیە لە داخانا هەتا ئێستاش رقی لە پرچی رەشە.
(شەن) وردە وردە گەورەتر دەبوو و زیاتر هەستی دەكرد كە ئەو لەبەر قژە رەشەكەی پەسند ناكرێت و نامۆیان سەیری دەكەن، هەرچەندە هاوەڵەكانی زۆریشیان خۆشدەویست، بەڵام زۆر جاریش لە بچووكترین ناكۆكیدا لەگەڵیان بە (قازە رەشەكە) بانگیان دەكرد.

گەڕانەوە بۆ كوردستان 2
ساڵی پار باوكی بڕیاری دا كەوا هەرچی زانست و زانیاری نوێ و بەسوود كە لە ماوەی ئەم چەند ساڵە لەوێ فێریبووە كۆی بكاتەوە و بگەڕێتەوە بۆ كوردستان بیخاتە خزمەت گەل و وڵاتەكەی. كە هاتنەوە (شەن) چووە یەكێك لە قوتابخانە بەناوبانگەكانی كوردستان و لە پۆلی(حەوتەم) دەستی كردەوە بە خوێندن. هەرچەندە ئەو هاوڕێكانی و گەڕەكەكەیان و ئەو ماڵەی كە تێیدا گەورە ببوو بە دڵگرانی جێهێشتبوو، بەڵام حەزی دەكرد لە زێدی دایك و باوكی ئەو وڵاتەی كە ئەوان بۆیان باس دەكرد كە چەند خۆشە، لە سەرەتاوە دەستپێبكاتەوە.
پاش زۆر تەنگ و چەڵەمەی بچووك كە هاتنە سەر رێگەی كە چاوەڕوانیی نەدەكرد شتی وەها ببینێ وەك بوونی ئاودەستی پیس و كورسی دانیشتنی خوار و خێچ و رەق و تەقی بە ئازار، زۆری ژمارەی قوتابیانی نێو پۆلەكەی و گەرمایەكی زۆر بەتین و بێئامێری فێنكەرەوە و بێ (موبەریدە) و زۆر جاریش بێ كارەبایی. بەڵام لەم كێشانە دوو كێشەی گەورەتریشی هاتە بەردەم. یەكەمیان ئەوە بوو وانەكانی بۆ پۆلی حەوتەم بە پیتی كوردی نووسراون وەك بابەتەكانی كۆمەڵایەتی و زمانی عەرەبی و دین و ئەدەبی كوردی، كە دەبێت ئەمیش وەك هاوەڵەكانی كە لە كوردستان لە پۆلی یەكی سەرەتاییەوە خوێندویانە بخوێنێتەوە و تاقیكردنەوەشی تێدا بكات، بێئەوەی هەوڵێكی تۆزێك زیاتریان لەگەڵ بدرێت. دووەمیان كە زۆر گرانتر بوو لەسەر شانی ئەوەبوو كە بە ناوی (خارجییەكان) بانگ دەكرا و بەهیچ جۆرێك لەلایەن زۆربەی هاوەڵ و مامۆستاكانی، نە لە جل و بەرگیدا و نە لە هەڵسوكەوتیدا، پەسند نەدەكرا.
هەرچەندە (شەن) تەنگ و چەڵەمەی زۆر بوو لە (سوید) نەك هەر لەبەر ئەوەی قژ رەش بوو، بەڵكو لەبەر ئەوەی هاوڕێی كوڕیشی نەبوو( Boyfrien) هەروەها لەگەڵ هاوڕێكانیشیدا لە كۆتایی هەفتەدا نەدەچووە دەرەوە، كەچی لە كوردستان دەیبیستەوە كە پێیان دەوت خارجییەكان بەڕەڵان، چونكە لە ئەوروپا كچان مەلە لەگەڵ كوڕان دەكەن لە مەلەوانگەكاندا (وەكو ئەمە پلەی هەڵسەنگاندنی حەیاو حورمەت بێت) و زۆر تیر و توانجی هەست برینداركەری تر. ئەمانە هۆكارگەلێك بوون كە وایلێكرد لە وانەكانیدا دوا بكەوێت و قوتابخانەی وەك چارەنووسێكی رەش و شوێنێكی ناڕەت و ناشیرین ببینێت كە ئەگەر سەردانی بكات، ئەوا مرۆڤێكی نالەبارە و سووكەو كەمترە لە هاوڕێكانی، هەموو جارێكیش بیری دەكەوتەوە كە لە سوید بە (قازە رەشەكە) ناویان دەبرد..
ئەم هۆیانە وردە وردە كارێكی گەورەی كردە سەر باری دەروونی (شەن) و لەویشەوە بۆ ناو ماڵی دكتۆر، ناچار بوون ئەو هەموو زانست و زانیاریە بە كەڵكانەی كە دكتۆر لەگەڵ خۆی هێنابوویەوە بۆ كوردستان جارێكی تر كۆی بكاتەوە و هەگبەكەی تێكبنێتەوە و وڵات بەجێ بهێڵن و سەریان هەڵبگرنەوە بۆ (سوید). هیچ نەبێت (شەن) كە گەورە بوو دڵگران دەبێت لە بێگانە نەك لە نەوەكەی خۆی.
Top