ئەوین ئومێد: خانمانی گەنج ئەوەندە كارامەن كە دەتوانن تەنانەت لە ژوورەكەی ماڵی خۆیانەوە خزمەت بە كۆمەڵگەیەك بكەن

ئەوین ئومێد:  خانمانی گەنج ئەوەندە كارامەن كە دەتوانن تەنانەت لە ژوورەكەی ماڵی خۆیانەوە خزمەت بە كۆمەڵگەیەك بكەن

 

 

ئەوین ئومێد، كچە گەنجێكی بەتوانا و لێهاتووی شاری سلێمانییە، تەمەنی 26 ساڵە و بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزی لە‌ زانكۆی سلێمانی وەرگرتووە. بەهۆی خولیای زۆری بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی، بەر لە تەواوكردنی خوێندن و شانبەشانی خوێندنی زانكۆ، وانەی ئینگلیزی بە قوتابییانی ئاست و تەمەنە جیاوازەكان دەڵێتەوە. وەك خۆی باسی دەكات، پەیجێك بۆ فێركاری زمانی ئینگلیزی دادەنێت و هەر لەو ڕێگەیەوە توانیویەتی ببێتە خاوەن كاری خۆی. لەم دیمانەیەشیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان زیاتر باسی كار و ژیانی خۆی دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

ئەوین ئومێد، لەبارەی چۆنیەتیی تێكەڵبوونی بە بازاڕی كار دەڵێت «هەر لە هاوینی قۆناغی دووی زانكۆوە دەستم كردووە بە كاری مامۆستایی و وانەوتنەوە بە خوێندكارانی ئاست و تەمەنە جیاوازەكان، دواتر لە مانگی یەكی 2023 پەیجێكم لە ئەكاونتی ئینستاگرام بەناوی (avin.englestia) دانا و بڕیارم دا، فێركاربی زمانی ئینگلیزی دابنێم خزمەتی فێرخوازان بكەم. هەر لەو ڕێگەیەوە توانیم ببمە خاوەن كاری خۆم و خولی تایبەت و خولی بە گرووپم بۆ خوێندكاران كردەوە.

دوای تەواوكردنی زانكۆ ماوەی ساڵ و نیوێك لە قوتابخانەیەك مامۆستا بووم و ئێستەش گەڕاومەتەوە زانكۆی سلێمانی كۆلێژی زانست بەشی Biology و Computer Science لەوێ مامۆستام».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە كاری وانەوتنەوەی لە چییەوە سەرچاوەیان گرتووە؟ گوتی: «لە دایكمەوە. من ئەوە وەكوو ڕستەیەكی تەواو جێ دەهێڵم و خاڵی بۆ دادەنێم، چونكە دایكم هۆكاری سەرەكی بوو بۆ ئەوەی من ئەم ڕێگەیە بگرم و بە خۆشحاڵییەوە دەتوانم خزمەتی فێرخوازان بكەم. دایكم هەمیشە دەیگوت: تۆ بەس ببە بە مامۆستای زمانی ئینگلیزی من هیچی ترم ناوێت.

 سوپاس بۆ خودا ئەو ڕستەیە وای كرد، من ڕێگەی كاری خۆم بدۆزمەوە و بتوانم لەو بوارەی كە توانام هەیە خزمەت بكەم. زۆریش خۆشحاڵم كە خوێندكاران لەلایەن منەوە نموونەیەكی جوان و ئاسانی وانەكان وەردەگرن».

سەبارەت بەوەش كە تاچەند ئاستەنگی لەبەردەم بووە و چۆن بە ئامانجەكەی گەیشتووە؟ گوتی: هیچ ئامانجێك بێ ئاستەنگ و سەختی بەدەست نایەت، دەستپێكی كاری من لە شەونخوونیم بۆ بەدەستهێنانی نمرەی بەرز لە زانكۆ دەستی پێكرد، كە هەندێ كات تەنیا دوو كاتژمێر لە شەوەكەدا دەخەوتم. بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكەم ساڵی یەكەمی زانكۆ تا  خانەقین ڕۆیشتم، كە سەردەمی حەشدی شەعبی و داعش بوو. بەڵام خەونی بوون بە مامۆستا لە بوارەكەی خۆمدا لەوە گەورەتر بوو كە ئەوە پەشیمانم بكاتەوە لە بەدەستهێنانی. سوپاس بۆ خودا ئاستەنگی دەستكەوتنی كار نەهاتە بەردەمم، چونكە بێ گوێدانە مووچەیەكی گونجاو بەراورد بە ماندووبوونم دەستم بە كاركردن كرد و هەر هەلێك دەهاتە پێش ڕەتم نەدەكردەوە. هەر ئەو هۆكارەش وای كرد، دوای كەمتر لە دوو ساڵ لە تەواوكردنی زانكۆ ببمە خاوەنی كاری خۆم.

ئەوین ئومێد، سەبارەت بە كاری ئافرەت و بەڕێوەبردنی ماڵ و دەستخستنی بژێوی خێزان، ڕای وایە «لە ئێستادا پێداویستییەكانی ژیان زۆرترن لە پێشتر، بۆیە لەگەڵ ئەوەی كە پیاوان سەرقاڵی كاركردنن، كاتێك لە خێزانێكدا خانمێكیش دەست دەكات بە كار، یان دەبێتە خاوەن كاری خۆی، بەدڵنیاییەوە یارمەتیدەرێكی زۆر باشە و لە پڕۆسەی بەڕێوەبردنی ژیاندا ڕۆڵێكی دیاری دەبێت.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە بۆ سەركەوتنەكانت زیاتر هاوكار و پاڵپشتت كێ بوون؟ گوتی: «بە دڵنیاییەوە مرۆڤ بە تەنیا ناتوانێ بە هەموو ئامانجەكانی ژیانی بگات. من هەموو كەسەكانی چواردەورم بە پاڵپشت دەبینم، تەنانەت ئەگەر كەسێكیش ڕۆژێك لە ڕۆژان وتبێتی ناتوانیت سەربكەویت، من وەكو پاڵپشتێك دەیبینم، چونكە وای كردووە من زیاتر سوور بم لەسەر بەدەستهێنانی ئامانجەكەم. بەڵام بەگشتی یەكەم پاڵپشت خۆم بووم، چونكە هەمیشە لە هەوڵدا بووم و هیچ كاتێك نەوەستاوم. دواتر ڕۆحی جوانی دایكم كە خەونی گەورەی ئەوە بوو، من وەك مامۆستایەك لە داهاتوو ببینێت، بوو بە چرای دەستم بەرەو گەیشتن بە ئامانجەكەم، باوكیشم كە هەمیشە دەیەوێت من لە هەمووان باشتربم. دواتر ئەو كەسەی ئاسانكاریی بۆم كردووە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكەم هاوسەرەكەم بووە، كە بۆ یەك چركەش لە هاندان و پاڵپشتیكردنی من نەوەستاوە و هاوسەرەكەم زۆر زیاتر لەوە پاڵپشتم بووە كە خۆیشم چاوەڕێم كردووە.

سەبارەت بە پلان و بەرنامەشی بۆ گەیشتن بە خەونەكانی لە داهاتوودا گوتی: «من ئەم ساتانەی ژیانم بە سەرەتای دەستپێكی خەونەكانم دەبینم و ئەوەی كە تائێستا پێی گەیشتووم، تەنیا سەرەتای شتانێكی گەورەن كە بە پشتیوانی خوا لە داهاتوودا پێیان دەگەم. بێگومان ئەگەر مرۆڤ لە گەشەكردن بوەستێت، واتە لە ژیان وەستاوە. یەكەمین پلانی داهاتووشم خزمەتكردنی زیاتری خوێندكارانە. دووەمین شت هەبوونی پۆدكاستێكی تایبەت بە خۆمە لەپێناو خزمەتكردنی گەنجی وڵاتەكەم و یارمەتیدانیان بۆ دنیابینینێكی ڕوونتر و گەیشتن بە خەونەكانیان، ئەم شتانە لەگەڵ میوانەكانم تاوتوێ دەكەین و لە ئێستادا ئامادەكارییەكان تەواو بوون و چەند بەرنامەیەكیش تۆمار كراون. پلانەكانی دیكەش با بمێنن و بۆ ئەوانیش ڕۆژی خۆی دێت كە باسی بكەین.

لە وەڵامی ئەم دواپرسیارەشدا كە ئایا تا چەند گرنگە كچانی گەنج بێنە مەیدانی كار و تواناكانیان بسەلمێنن و چاو لەدەستی ئەم و ئەو نەبن؟ ئەوین ئومێد گوتی: «گرنگیی كاركردنی خانمان هیچی كەمتر نییە لە كاركردنی پیاوان، لە كاتێكدا ژیان پڕ بووە لە پێویستی و تاك بە داهاتێكی كەم ناتوانێت ژیان بەڕێوەبەرێت. لەبەر ئەوە من داوا لە خانمان دەكەم، خۆیان زۆر مەزن بنرخێنن و هەر توانا و بەهرەیەكیان هەیە كار بۆ بەرەوپێشچوونی بكەن. خانمانی گەنج ئەوەندە كارامەن كە دەتوانن تەنانەت لە ژوورەكەی خۆیانەوە خزمەت بە كۆمەڵگەیەك بكەن.

 

Top