رۆڵی مامۆستای كارا و چالاك له‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن دا

رۆڵی مامۆستای كارا و چالاك له‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن دا

مامۆستا ڕۆڵێکی بنه‌ڕه‌تی لە بواری ده‌گێڕێت، بەتایبەتی لە ژیپەروەردەدا انی ئەو قوتابیانەی کە لە پۆلدا وانەیان پێدەڵێتەوە و ئەوەی مامۆستا جیادەکاتەوە توانای فێرکردنی قوتابی و کاریگەریكردنه‌ لەسەریان. كه‌سایه‌تی و شاره‌زایی و لێهاتووییه‌كه‌ی وا ده‌كات كه‌ ڕۆڵی مامۆستا لە پەروەردەدا لە وانەوتنەوە تێپەڕێت. لە دونیای ئەمڕۆدا وانە گوتنەوە شێواز و ڕوخساری جیاوازی هەیە، مامۆستا دەبێت ڕۆڵی خۆی ببینێت وەک دایک و باوک و ڕاوێژکار و ڕێنوێنیكار. ئەرکی سەرەکی مامۆستا گەیاندنی زانستە و ئەمەش لە چوارچیوه‌ی وانەگوتنەوەدا سەرچاوە دەگرێت. بەزۆری وانەگوتنەوە بریتییە لە پەیڕەوکردنی مەنهەجێکی دیاریکراو و دڵنیابوون لەوەی کە قوتابیان لێی تێدەگەن و فێری ده‌بن. ئه‌مه‌ خاڵێكی سه‌ره‌كییه‌ و لەمه‌وه‌ ڕۆڵەکانی دیكه‌ی مامۆستا كاردانه‌وه‌ی به‌سه‌ر قوتابییه‌وه‌ ده‌بێت، چونکە ئەگەر مامۆستا نەتوانێت بەرپرسیارێتی سەرەکی خۆی لە بەخشینی زانیاری جێبەجێ بکات ئه‌وا ڕەنگە قورس بێت هیچ جۆرە کاریگەرییەکی دیکەی لەسەر منداڵەکە هەبێت.
له‌وانه‌یه‌ به‌شێك له‌ مامۆستایان خۆیان بە نمونە نه‌زانن، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەوان پێشه‌نگی كۆمه‌لگا ده‌كه‌ن و نه‌وه‌كان ره‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وت و خووڕه‌وشته‌كانیان له‌وانه‌وه‌ وه‌رده‌گرن. ئەو کاتەی كه‌وا قوتابیان لەگەڵ مامۆستایاندا بەسەری دەبەن لە ڕۆژێکدا یان هەفتەیەکدا وا دەکات بتوانن هەندێک كاریگه‌ری بخه‌نه‌ سه‌ر قوتابیان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مامۆستابوون تەنها وانەگوتنەوە و پشتبه‌ستن نیه‌ به‌ پرۆگرامێكی فێركردن و پشتگوێخستنی لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی به‌خشینی سۆز و هاوكاریكردنی له‌ پێكهێنانی كه‌سایه‌تییه‌كی پته‌و و جوان و بوونی به‌ تاكێكی سوودبه‌خش بۆ خۆی و ماڵبات و نیشتمانه‌كه‌ی. ئه‌وه‌ راستییه‌كه‌ كه‌ مامۆستایان نەک هەر زانیاری دەبەخشن بەڵکو یارمەتیدەرن لە بنیاتنانی کارەکتەری قوتابیانیشدا، ڕۆڵی مامۆستا لەوە زیاترە کە ته‌نها پلانی وانه‌گوتنه‌وه‌ و خشتەی کارکردنی رۆژانه‌ی پەیڕەو بکات، چونکە قوتابی و مامۆستا زۆر کات بەیەکەوە بەسەر دەبەن، مامۆستا رۆڵی ئه‌و دایک و باوکه‌ ده‌گێڕێت كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵدا به‌ ئه‌ركی په‌روه‌رده‌كردن و رێنماییكردنی هه‌ڵده‌ستێت... بۆیه‌ مامۆستایان دەتوانن ڕێبەربن بۆ یارمەتیدانی دانانی منداڵ لەسەر ڕێگای ڕاست، لەم ڕۆڵەدا مامۆستا دەتوانن هاوكار و هانده‌ری قوتابی بن بۆ ئەوەی هه‌میشه‌ باشترین بن و مامۆستایان سەرچاوەی ئیلهام و ئامۆژگاری بن بۆ قوتابییه‌كانیان. مامۆستایان ده‌بێ له‌وه‌ تێبگه‌ن كه‌ بوونی ئه‌وان گرنگە بۆ فراوانكردنی خەون و سنووری توانای قوتابیان، سه‌رباری ئه‌ركی فێركردن ئیشی دیكه‌ی مامۆستا بریتییە لە پێگه‌یاندنیان بۆ ئەوەی سوودیان بۆ کۆمەڵگا هەبێت. ڕۆڵی مامۆستایان لە جیهان به‌گشتی وەرچەرخانێکی جیاوازی بەخۆیەوە بینیوە و ڕۆڵی مامۆستایان وانەگوتنەوەی تێپه‌ڕاندووه‌ و ئێستا ڕۆڵی ئەوان وه‌كو ڕاوێژکاری و ڕاهێنەری قوتابیانه‌ و له‌ ڕێگه‌ی فێرکردنه‌وه‌ وابكه‌ن كه‌ زانیارییەکان لە ژیانیاندا چۆن به‌كار بهێنن.
مامۆستا ئه‌و داینه‌مۆ كارا و چالاكه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ ده‌توانێت قوتابی به‌ گوڕ و به‌جۆش بكات و قوتابخانه‌ بكاته‌ سه‌ر رێڕه‌وێكی راست و دروست و پاشه‌ڕۆژێكی گه‌ش و پرشنگداری بۆ ده‌سته‌به‌ر بكات، به‌ فێركردن و رێنمایی و راهێنان و كرداره‌ جوان و په‌روه‌رده‌ییه‌كانی بۆ ئه‌وه‌ی پاشه‌ڕۆژێكی باش بۆ قوتابیان و داهاتووی گه‌ل و نیشتمان دابین بكات. ده‌بێ مامۆستا له‌ناو قوتابیان رۆڵی كاریگه‌ر بگێڕێت و خۆی به‌ كه‌سی یه‌كه‌می قوتابیان دابنێ و هه‌ست و خۆشه‌ویستی خۆی به‌سه‌ریاندا ببارێنێت و له‌ بارودۆخیان تێبگات، جیاوازی له‌نێوانیاندا نه‌كات و به‌ یه‌كسانی هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵدا بكات و هه‌ركاتێك قوتابی زانی و بڕوای بۆ دروستبوو كه‌ مامۆستا نزیكترین و دڵسۆزترین كه‌سه‌ بۆی ئه‌وا نه‌ك ته‌نها خۆشه‌ویستی له‌ڕادده‌ به‌ده‌ری بۆ خودی مامۆستاكه‌ به‌ڵكو ته‌نانه‌ت قوتابخانه‌ و وانه‌كه‌ی ئه‌ویشی خۆش ده‌وێت و له‌لای ئه‌و هه‌ست به‌ ئارامی و ئاسووده‌یی ده‌كات و نایه‌وێ له‌و ژینگه‌یه‌ دوور بكه‌وێته‌وه‌ و پێیخۆشه‌ به‌ به‌رده‌وامی له‌نێو ئه‌و هۆبه‌یه‌ بێت كه‌ ئه‌و وانه‌ی تێدا ده‌ڵێته‌وه‌.
ئه‌ركی مامۆستایه‌ به‌رده‌وام ره‌چاوی بارودۆخی قوتابی بكات و هه‌میشه‌ هانده‌ر و پاڵپشتی بێت و هیچكات سه‌رزه‌نشتی نه‌كات، له‌كاتی ئاماده‌ نه‌كردنی بابه‌ت یان ئه‌گه‌ر وڵامی پرسیاری مامۆستای به‌ دروستی نه‌دایه‌وه، هانی بدات تاكو متمانه‌ی به‌خۆی هه‌بێت هه‌وڵی زیاتر بدات و فێر ببێت. بڕوابه‌خۆبوون لایه‌نێكی جوان و گرینگه‌ له‌ كه‌سایه‌تی قوتابی و به‌ بوونی ئه‌و خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه‌ ده‌بێته‌ خاوه‌نی ئاكار و خه‌سڵه‌تی باشتر و جوانتر و هه‌میشه‌ مامۆستا هانی بدات بۆ بایه‌خدان به‌ پاكوخاوێنی و ره‌وشتبه‌رزی و مرۆڤدۆست و ژینگه‌پارێز و خۆشه‌ویستی نیشتمان و ‌له‌به‌رامبه‌ریشدا به‌هۆی نواندنی ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی ده‌ستخۆشی و ستایش بكرێ كه‌ له‌ داهاتووشدا له‌ بابه‌ته‌كانی خوێندنیشدا له‌ ریزی یه‌كه‌می ئه‌و قوتابیانه‌ بێت كه‌ له‌ كێبڕكێدان بۆ فێربوون و به‌شداریكردن و گفتوگۆكردن له‌ بابه‌تی وانه‌كان دا. قوتابی به‌وه‌ هه‌ست ده‌كات كه‌ مامۆستا وه‌كو په‌روه‌رده‌كار له‌هه‌مان كاتدا پاڵنه‌ر و پاڵپشتێكی به‌هێز و دڵسۆزیشه‌ بۆ فێربوون و گه‌یشتنی به‌ سه‌ركه‌وتن.
پێویسته‌ مامۆستا به‌یه‌ك چاو سه‌یری قوتابییه‌كانی بكات، هیچ یه‌كێكیان به‌سه‌ر ئه‌ویدا دیكه‌دا نه‌بینێت... هه‌وڵ بدا ته‌نانه‌ت له‌ڕووی پێدانی نمره‌شدا ئه‌وه‌نده‌ ده‌ستی توند نه‌بێت و ده‌رك به‌و راستییه‌ بكات كه‌ جاریوا پێدانی نمره‌یه‌ك و ده‌ستخۆشیكردن و ئافه‌رینێك ده‌بێته‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ی قوتابی له‌ ئاستێكی نزمه‌وه‌ كێبڕكێ له‌گه‌ڵ باشترینه‌كاندا بكات. پابه‌ندبوونی مامۆستا به‌ بنه‌ماكانی یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری ئه‌وه‌ندی دیكه‌ له‌به‌ر چاوی قوتابیان به‌رزتری ده‌كات و هیچ كات به‌ پێدانی سیفه‌تی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌م به‌ ناحه‌ق بۆ منداڵانی مامۆستایان قۆرغ نه‌كرێ و ئه‌وانی دیكه‌ی لێ بێبه‌ش بكرێ... با ماف به‌ ته‌واوی قوتابیان بدرێ و مافی كه‌سیان بنپێ نه‌كرێ، ئه‌وه‌ی شایسته‌یه ئه‌و مافه‌ی پێ بدرێ یه‌كه‌می سه‌ر هۆبه‌كه‌ی بێت‌، با قوتابی هه‌ست به‌ ئاسووده‌یی ده‌روونی بكا له‌وه‌ی مامۆستاكه‌ی سته‌م ناكات و یارمه‌تیده‌ری هه‌مووانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ له‌ریزی پێشه‌وه‌ بن بۆ فێربوون و گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانیان.

 

 

مه‌عروف حه‌مه‌دسه‌عید*
*به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی

Top