ئەڤین..
زەماوەندی مەرگ دەگێڕێ

ئەڤین..<br />
زەماوەندی مەرگ دەگێڕێ
مرۆڤ لەبەرامبەر پێشهاتەكان ئەگەر كەسێكی هۆشیار نەبێت توشی هەڵە دەبێتە، هەڵەیەك لەوانەیە ژیانی لەناوبەرێت، ئەڤین كاتێك بڕیاری خۆكوشتن دەدات تەواو بێ ئومێدبووە لەژیانی ئێستا و ئایندەی، لەگەڵ ئەوەشدا خۆشەویستی بێ رادەی بۆ خۆشەویستەكەی دەبێتە هاندەر كەبەمەش كارێكی راستی هەڵنەبژاردووە چونكە ئەم جۆرە رەفتارە كاریگەری نێگەتیڤ لەناو ئەندامانی خێزان و تەنانەت بۆ رەگەزی بەرامبەریش بەجێدەهێڵێت.هەروەك براژنی ئەڤین بۆمان باس دەكات كە چۆن ئەڤین ئەم بڕیارەی داوە ئەو گوتی:
دەمەوئێوارەبوو هەواڵی خۆخنكاندنی (ئەڤین)مان بەرگوێ كەوت، سەرسام بووین چۆن ئەڤین توانیویەتی كارێكی وەها قورس بكات و بڕیارێكی لەو چەشنە بدات،بۆیە بەپەلە چوومە ئەو ژوورەی كەخۆی تێدا خنكاندبوو، كە بینیم باوەڕم نەكرد!!
جوانە،كەبراژنی ئەڤینە دەڵێت: ئەڤین كچیكی بێدەنگ و ئارام ولەسەرخۆ بوو، یەكێك بوو لەئەندامە زۆرخۆشەویستەكانی خێزانەكەمان، كچێكی گوێرایەڵ و بێ دەنگ بوو هەرگیز كارێكی نەكردووە كە ببێتە مایەی بێزاری هیچ كام لەخێزانەكەمان،بەڵام ئەم كارەی چۆن كرد وچی پاڵنەری بوو،ئەمەیان نازانرێت؟
دركاندنی پەیوەندییەكەیان
(ئەڤین) لەقۆناغی پێنجی ئامادەییدابوو كە نهێنیەكی لەلای من دركاند گوتی:جوانە گیان من و كوڕێك بەناوی راستی ماوەی حەوت مانگ دەبێت پەیوەندی خۆشەویستی لەنێوانماندا هەیە و یەكترمان قبوڵ كردووە بەڵام دەمەوێت تۆ هاوكاریم بكەیت لەوەی دەمەوێت بەیانی یەكتر ببین لەپاركی ئازادی، دەبێت تۆ بێیت لەگەڵمدا ئەگەر بەتەنها بچم لەوانەیە كەسێك بمبینێت و دوایی لای براكانم شكاتم لێ بكات، بۆیە وەك براژنێكی دڵسۆز ئەو كارەم لەگەڵدا بكەو هاوكارم بە.جوانە دەڵێت: نەوێرام بڵێم باشە! چونكە هاوسەرەكەم كە برای ئەڤینە كەسێكی زۆر توڕەو هەڵەشەیە گوتم ئەگەر شتێكی وامان لێ ببینێت یەكسەر هەردووكمان دەكوژێت،بۆیە بێدەنگ بووم و هیچ بڕیارێكم نەدا، ئەڤین گوتی: ها جوانە بۆ بێدەنگی خۆ كەس نامان بینێت و بەم زستانە كێ دێتە پاركی ئازادی بەڵام من بەتەنها حەز ناكەم ئەگەرنا تۆش نەیەیت من هەردەچمە. هەرچۆنێك بوو قەناعەتم بەخۆم كردوو چوینە پاركی ئازادی بۆماوەی یەك كاتژمێر ئەڤین وراستی بەیەكەوە گفتوگۆیان كرد، تائێرە هەموو شتێك ئاسایی بوو بەڵام لە دڵەوە ترس و نارحەتیك دایگرتبووم دەمگوت خوایە كەسێك نەمان بینێت . لەكاتی هاتنەوەماندا بەئەڤینم گوت جارێكی تر بیر لەچوونە دەرەوە نەكاتەوە ئەگەر یەكترتان خۆش دەوێت باكوڕەكە داوات بكات و زەواج بكەن ئەگەرنا بەوشێوەیە تۆ كارێكی باش ناكەیت.
ئەڤین گوتی:باشە من ئەم پێشنیارە بۆ راستی دەكەم بەڵام دەبێت تۆش لای براكەم كارئاسانیم بۆ بكەیت. ئەڤین وراستی مەسەلەی زەواجەكەیان بەشتێكی بەهەند وەرگرت و كاریان بۆكرد،ئەوەبوو رۆژێك ماڵی راستی بۆ ئەو مەسەلە هاتنە ماڵمان دوای بەخێرهێنانیان باسی زەواجی ئەڤین و راستیان كرد سەرجەم خێزانەكەمان ئەم مەسەلەیان رەفز كردەوە و گوتیان: ئەڤین قوتابیە باخوێندنەكەی تەواو بكات ئەوكات رازی دەبین.
بەرپەرچدانەوەی هاوسەرگیری
ئەڤین لەدوای تەواوكردنی شەشی لەزانكۆ وەرگیرا، بەڵام ماڵی راستی بۆ چەند جارێكی دیكە هەردەهاتن و داوای ئەڤینیان دەكرد بەڵام هەموو هاتنەكەیان بێسود بوو، برای ئەڤین كاتێك بڕیاری هاوڕێی چەندین جار پێی گوتبوو بەڵام هەرگیز باسی نەكردبوو بڵێت كەسێك بەنیازی كارێكی لەوجۆرەیە تەنها دەیگوت ئەڤین قوتابیە ئەم بیانووەی هەبووە، بەڵام لەناخیدا بۆ كەسێكی تری دانابوو كە ئەویش لەبەر بەرژەوەندی خۆی بووە چونكە بەڵێنی كۆمەڵێك كاری پێدابوو، ئەڤین پێكەنی و گوتی كاكە گیان تۆ دەزانی راستی چەندێكە داوام دەكات بۆچی تۆ ئاگادارنیت!!
براكەی توڕە بوو گوتی من هەموو شتێكم بڕاندۆتەوە هەر ویستم پرسێكت پێ بكەم بزانم تۆ دەڵێیت چی؟ زانیم بۆچوونت چۆنە پێویست بەگفتوگۆ ناكات و دایك و باوكم رای منیان بەلاوە پەسەندە تا هی تۆ، بۆیە خۆت هیلاك مەكە و بڵێ پەسەندی دەكەم!!
ئەڤین زۆر گریا و گوتی كاكەگیان تۆكاری وامەكە من ناتوانم مێردی پێ بكەم، من كەسێكی ترم خۆش دەوێت، ئەڤین ئەمەی گوت و براكەی كەوتە لێدانی، گوتی بشمكوژیت من شوی پێناكەم، براكەی كەزانی ئەڤین ناچێتە ژێرباری قسەكانیەوە بۆیە گوتی تەلەفۆن بۆ راستی بكە و بابێت بۆ ئێرە،كاتێك ئەڤین تەلەفۆنی بۆكردوو هات بۆ ماڵمان براكەی پێی گوت: راستی گوێ بگرە ئەڤین شوی كردووە و وازی لێ بێنە چیتر باسی ئەو موزوعەی بۆ مەكە، راستی زۆر سەرسام بوو بەم هەواڵە و گوتی: چۆن شتی وا دەبێت من سێ ساڵە چاوەڕێی دەكەم و پێشتر پێتان گوتم باخوێندن تەواو بكات، ئێستاش پێم دەڵێن شووی كردووە!! نازانم چۆن ئەو بڕیارەتان داوە؟ براكەی ئەڤین دەستی راستی گرت و گوتی فەرموو بڕۆ تەنها بۆئەوە بانگم كردی ئیتر ئەو بابەتە لەبیر خۆتان بەرەوە، بەتایبەت تۆ تكا دەكەم جارێكی تر بیر لەو مەسەلە مەكەرەوە چونكە بێ سودە.
هەفتەیەكی پێ نەچوو داواكردن و مارەكردنی ئەڤین تەواو بوو،بەڵام كاری ئەڤین تەنها گریان بوو نەشدەوێرا بەئاشكرا بگری، لەژوورەكەی خۆیدا هەمیشە دەگریا منیش تەنها دڵنەواییم دەدایەوە نەمدەتوانی هیچ یارمەتیەكی بدەم یان كارێكی بۆ بكەم چونكە هەموو خێزانەكەیان لەگەڵ ئەوەدابوون زەواج لەگەڵ راستید نەكات. ئەڤین چوار ساڵی زانكۆی بەدڵتەنگی و خەفەتەوە بردەسەر هەرگیز بۆ چركەساتێك ئاسودە نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەندەی پەیوەندی لەگەڵ راستیدا باش بوو لەگەڵ دەستگیرانەكەیدا وانەبوو، تا ئەو رۆژەی كەدەبوو بۆبەیانی ئاهەنگ بكەن تەنانەت تەواوی كەلوپەلی ماڵیشی كڕی بوو،بەڵام شەوەكەی لەگەڵ راستیدا قسەی كردبوو كە بەیانی ئاهەنگی گواستنەوەیەتی بۆیە راستی خۆی پێنەگیرابوو هات بۆ ماڵمان و لەگەڵ دایك و باوكی قسەی كردبوو بۆئەوەی پەشیمان ببنەوە و ئەو ئاهەنگە هەڵبوەشێننەوە هەموو هەوڵەكانی بێ سوود دەبێت بۆیە لێیان دەبێت بەشەڕ و دەچێتە دەرەوە، بەداخەوە كاتێك براكەی دێتەوە دایك وباوكی پێیدەڵێن راستی هاتووە و داوای كارێكی لەو چەشنەەی كردووە براكەشی بەبێ هیچ بیركردنەوەیەك دەچێت بۆماڵی راستی، ئەڤین دەزانێ براكەی چووە بۆ ماڵی راستی و بێ ئومێد دەبێت لەهەموو شتێك بیرلەوە دەكاتەوە كە هەرچۆنێكبێ كۆتایی بەژیانی بهێنێت، بۆیە چووبووە ژوورەكەی، خۆی بەپانكەی ژوورەكەی خۆی خنكاندبوو و ئاهەنگی گواستنەوەی بەشێوەیەكی تر گۆڕی. ئێمە ئاگاداری ئەوە نەبووین تا كورەكەی من چووەببوە ژورەكەی بینیبوی، كاتێك پێیی گوتین براكەی ویستی هەڵبستێت بەرەو ژوورەكەی بڕوات بەڵام لەبەر نارەحەتی و پەشیمانی لەهۆش خۆی چوو، بەداخەوە زۆر پەشیمان بوون لەو كارەی كردیان لەبەرامبەر ئەڤیندا، بەڵام تازە پەشیمانی سودی نییە و تا ئێستا راستی وەك كەسێكی شتێت رەفتار دەكات و رۆژ نیە بەبەردەم دەرگای ماڵماندا نەیەت. هەمیشە براكەی سەرزەنشتی خۆی دەكات لەوەی رێگر بووە لەهاوسەرگیری لەگەڵ راستیدا، ئەڤین هەموو خۆزگەو ئاواتەكانی خۆی و راستی بردە ژێر خاكەوە. دەستگیرانەكەی ئەڤینیش لەبەرامبەر ئەم بڕیارە و خۆكوشتنەی ئەڤیندا زۆر نیگەران بوو بەهەمان شێوە پەشیمان بوو لەم كارەی، دەیگوت دەبوو زوو وازم لێ بهێنایە چونكە هەرگیز رووی خۆش نەبووە لەگەڵمدا.
بۆ قسەكردن لەسەر ئەم بڕیارەی ئەڤین، خاتوو (دڵگەش عبدالرحمن)ی توێژەری كۆمەلایەتی دەڵێت:مەسەلەی خۆكوشتن و بڕیاردانێك لەوبارەوە كارێكی ئاسان نیە،پاڵنەرێك هەیە بۆئەوەی هانت بدات بۆ ئەنجامدانی كارێكی لەوچەشنە، بێگومان یەكەمین كەسی گوناهبار بنەماڵەكەیتی بەگشتی و براكەی بەتایبەتی چونكە كاتێك دەیانزانی پەیوەندیەكی لەوچەشنە هەیە لەنێوانیاندا دەبوو بنەماڵەكەی زیاتر تێبگەیشتنایە لەم راستیە، بەڵام بەداخەوە كاتێك پەشیمان بوونەوە كە ئەڤین كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا، ناكرێت مرۆڤ بۆ بڕیاردانی خۆی هێندە لاواز و بێدەنگ بێت، بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانە ئەگەر كچ یاخود كوڕ بەنابەدڵی هاوسەرگیری كرد دەبێت هەموو هەوڵەكان بخرێنە گەڕ ئەگەر سەركەوتوو نەبوو ئەوكات باپرۆسەی هاوسەرگیریەكە ئەنجام بدات لەوانەیە ئەو دوو كەسە زۆر بەباشی لەیەكتر بگەن وگونجان هەبێت لەنیوانیاندا، بۆئەمەش پێویستی بەلێبوردن و قوربانیدان هەیە.

بەراستی لەم كۆمەڵگەیەدا هەمیشە كچ دەبنە قوربانی، تەنانەت لەهەستیارترین پرۆسەدا رای كچ وەرناگیریت،نازانم ئەو كەسانە چۆن بیر دەكەنەوە؟ لەكاتێكدا دەزانن ژیانی هاوسەرێتی پەیوەندی راستەوخۆی بەو دوو كەسەوە هەیە تا كەسانی دەوروبەر،لەگەڵ ئەوەشدا هەر بڕیاری لەسەر دەدەن و كۆتایی پێدەهێنن،لەئاكامی بریارەكەیاندا ئەنجامی لەم شێوەیە روودەدات و ژیانی نزیكترین كەسیان لەناودەبەن.
Top