دوای یانزە ساڵ هەڵاتن دەستگیركž

دوای یانزە ساڵ هەڵاتن دەستگیركž
كوشتنی دوكاندارێك
(حەیدەر)، دەمانچەیەكی لەبەر باخەڵی ناو خۆی گورج و گۆڵ كرد، دایكی پێی گوت: كوڕم خێرە وا خۆت گورج و گۆڵ كردییە و بەكەسیش ناڵێی بۆ كوێ دەچی؟
(حەیدەر) هەر ئەوەندەی وەڵامدایەوە و گوتی: وەڵڵا ناچمە چ جێگەیەكی دیاریكراو، ئەوەندە نەبێ دەچمە بازاڕ سەرێكی چایخانە دەدەم. پاش ئەو وەڵامە پێڵاوەكانی لەپێ كرد و چووە دەرەوە، سواری پاسێكی ریم بوو، چووە سەر كورسی هەرە دواوە و دانیشت. لەگەڵ رۆیشتنی ریمەكە كەوتە داڵغە و ئەوەی هاتەوە پێش چاو كە چۆن (جەلیل) پاش ئەوەی هاتە خوازبێنی (قەدریە)ی خوشكی و رەتیان كردەوە بیدەنێ، ئەویش بێ منەتانە هەستا چوو هەڵیگرت و خۆشیان عەیامێك بێ سەروشوێن كرد، ئەوجا پاش چەند ساڵێك، دوای ئەوەی لەلای مەلایەك مارەی كرد، لە شارێكی دوورە دەست خانوویەكی بە كرێ گرت و تیایدا ژیان و ئینجا هەواڵی نارد كە دەیەوێ سوڵحیان لەگەڵ بكات. مامۆستا (محەمەد) بووە ناوبژیوان و زۆریانی لەگەڵ هەوڵ دا كە سوڵحەكە سەربگرێت، بەڵام ماڵی (حەیدەر) هەموویان رازی بوون جگە لە خۆی نەبێت. پاش ئەوەی نەیهێشت سوڵحكە سەربگرێت، (جەلیل)یش چووە دادگا و (قەدریە)ی مارە كرد و هاتەوە ئەو شارەی كە خزم و كەسی هەردوولای لێبوون. هەرچەندە دایك و باوك و خوشك و براكانی (حەیدەر) لەبەر خاتری كچەكەی خۆیان دەنگیان نەكرد و نیمچە رازیبوونێكیان هەبوو، بەڵام (حەیدەر) نەك هەر رازی نەبوو، بەڵكو سوێندیشی خوارد كە (جەلیل) بكوژێت (حەیدەر) لەو داڵغانە دابوو، كە ریمەكە ئیستۆپێكی كرد و راوەستا، شاگردەكە هاواری كرد و گوتی: كاكە ئیتر تەواو هەمووتان دابەزن ئێرەگەراجە، (حەیدەر) هاتە خوارەوە و رێك بەرەو دوكانی (جەلیل) چوو. دوور بە دووری چاوی لە دوكانەكەی بڕی، هەتا چاوی بە (جەلیل) كەوت وا خەریكی بەڕێكردنی كڕیارەكانییەتی و ئاگای لە (حەیدەر) نییە و ئەوەی خەیاڵیشی لێنەكردۆتەوە (حەیدەر) و بڕیارەكەیەتی. (حەیدەر) دەمانچەكەی لەبەر پشتێنی دەرهێنا و دووبارە تەماشایەكی یەدەگەكەی كردەوە و سواری كرد و لەبەر باخەڵی خۆی نایەوە، لۆژ لۆژ بەرەو دوكانی (جەلیل) كەوتە رێ و هەتا گەیشتە پێش دوكانەكەی و رێك بەرامبەر (جەلیل) راوەستا و چاوی لەناوچاوی نا و قەدەرێك ئەوها لێك رامان، هیچ كامێكیان ورتەیان لێوەنەهات وەكو بڵێی دەمیان ببووە تەڵەی تەقیو.
ئەوجا (حەیدەر) بە قسە هات و بە (جەلیل)ی گوت: چییە دەشمبینی و چاوت لە چاوم دەنێی و ناشترسێیت، بەبیرت دێت سوێندم خوارد كە یەك یەدەگ لەناو دەمت خاڵی بكەمەوە، بە بیرت دێت گوتم پڕی دەمت گوللە دەكەم، ئێستا ئەگەر لەبیرت چووە وا بەبیرت دێنمەوە. چۆن بوو وا ئازایانە وێرای كچمان هەڵبگری و دوایش بێ منەتانە بێیتەوە بەرچاومان؟ (حەیدەر) چاوەڕێی وەڵامی (جەلیل)ی نەكرد دەمانچەكەی دەرهێنا و هەموو گوللەكانی لەنێوچەوانی و لەناو دەمیدا و دەمودەست خوێن لەسەرو كەللەی فیچكەی كرد و زرمەی لێوەهات و بەربۆوە، بە ماوەی یەك دوو چركە دەموچاوی هەموو بووە خوێن و لە خوێنی خۆی گەوزاند، هەر لەماوەی چارەگە خولەكێك دوكانەكەی كردە گۆمی خوێن، خەڵكەكە گوێیان لە دەنگی تەقە و كەوتنە سەر زەوی پیاوێك بوو، كردیانەهەراو ئۆتۆمبێلێكی پۆلیسی فریاكەوتن لەم ناوە بوو، بەم هات و هاوار و دەنگە دەنگەیان لەو پۆلیسانەیان گەیاند كە چ قەوماوە و لە كوێ قەوماوە و كێش كەتنەكەی كردووە. (حەیدەر) حیسابی دەستگیركردن و ئەو شتانەی هەر نەكردبۆوە، لەو یەدەگە كە پڕ فیشەكی كردبوو، هیچ گوللەیەكی دیكەی نەمابوو. پۆلیسەكانی ئەوێ بەهەر جۆرێك بوو گەیشتنە بەردەم دوكانەكە و (حەیدەر)یش هەڵات، ئەو هەڵات و ئەوانیش بەدوای كەوتن. وا رێكەوت (حەیدەر) چووە ناو كۆڵانێك كە كۆڵانەكە ئەوسەری گیرابوو. بەدوای كەوتن و گەمارۆیان دا، تفەنگیان لێ سوار كرد و هاواریان كرد، نەكەی هەڵبێی دەنا دەتكوژین، ناچارما، خۆی تەسلیم بكات، پۆلیسەكان دەستیان بردە پێشتەوەی و كەلەپچەیان لەدەستی كرد و سواری ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنیان كرد و بردیانە بنكەی پۆلیس.
زیندانیكردن بە حەوت ساڵ
كە برایە بنكەی پۆلیس، دەمودەست لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كرا و دۆسیەی خرایە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە، ئەویش بڕیاریدا جارێ (حەیدەر) بخرێتە بەندیخانە و لێكۆڵینەوەش بەردەوام بكرێت و هەموو بەڵگە پێویستەكان كۆبكرێنەوە، پاش چوار مانگ لێكۆڵینەوەی بەردەوام لە دۆسییەكە، ئینجا دۆسییەی رەوانەی دادگای تاوانەكان كرا بۆ ئەوەی دادگایی بكرێت. لە دانیشتنی بەر لە كۆتایی، پاش ئەوەی دادگا وتەی لایەنەكانی داواكەی وەرگرت و هەموو شتێك تەواو كرا ئینجا گوێ لە وتەكانی (حەیدەر) گیرا، لە وەڵام بە پرسیاری دادگا (حەیدەر) هۆی كوشتنەكەی بەمشێوەیە باس كرد و گوتی "راستە من (جەلیل)م كوشتووە و دانپێدادەنێم و نكۆڵی لێ ناكەم، بەڵام بۆچی كوشتم ئەوە پاڵنەرەكەم بووە كە بە هەقی خۆمم زانیوە، ئەو پیاوە خوشكی منی هەڵگرت، هیچ حسابێكی بۆ ناموس و ئابڕووی ئێمە نەكرد، ئێمەش لە تاوی ئابڕوی خۆمان لەو گەڕەكەی لێبووین سەرمان هەڵگرت و بارمان كرد. لەو ساوە ئەو كابرایە چاوشۆڕی خۆی كردین و داخی نا بە جەرگمانەوە، ئەو كچەكەمانی هەڵگرت و رۆیشت، بەڵام دوای چەند ساڵێك هاتەوە وەك ئەوەی نەبای دیبێت و نە باران، ئێمشە بریندرا بووین، یان دەبوایە بەو چاوشۆڕییە رازی بین، یانیش تۆڵەی لێبكەینەوە، منیش تۆڵەم لێكردەوە. ئەوە هەموو مەسەلەكەیە.. پاش ئەوەی دادگا وتەكانی (حەیدەر) ی تۆماركرد و تاوتوێی بەڵگەكانی تر كرا. دانیشتنەكە بۆ هەفتەی دواتر بۆ دەركردنی بڕیار دواخرا. دوای بەسەرچوونی هەفتەكە دادگا دووبارە دانیشتەوەو بڕیاری خۆی راگەیاند كەوا: لەبەر ئەو بەڵگانەی كە لەبەردەست دادگان و لەبەر بوونی بەڵگەی سەلمێنەر و قەناعەتپێكەر و هەروەها دانپیانانی تۆمەتبار بە تاوانەكەی، دادگا بڕیاری تاوانباركردنی (حەیدەر)ی داو بە حەوت ساڵ زیندانی حوكم درا.
هەڵاتن و دووبارە دەستگیركردنەوە
كە حوكمەكە خوێندرایەوە (حەیدەر) لە دڵی خۆیدا بڕیاریدا لەدەست ئەو پۆلیسانەی كە دەیبەنەوە بەندیخانە رابكات. (حەیدەر)یان لە هۆڵی دادگا هێنایە دەرەوە و لەبەر دەرگا كەلەپچەیان لەدەستی كرد و بەرەو لای ئۆتۆمبێلی پۆلیسەكان هاتن، لەو دەمە (حەیدەر) گوتی: (ئای سكم، كاكە راوستن پێچەكی توند بە سكم دادێت، سەبرم لێبگرن) ئەو دوو پۆلسیەی كە قۆڵیان لە قۆڵی نابوو یەكێكیان گوتی: با یەك دوو خولەك بچێتە بن دیوارەكە، فەقیرە گوناهە لەتاوی حوكمەكەی رەنگە وایلێهاتبێت. (حەیدەر) یان بردە بن دیوارەكە و بە خۆشیان خەریكی قسەكردن و جگەرەكێشان بوون و بە (حەیدەر)یان گوت: هەتا ئەو جگەرەیە دەكێشین، تۆزێك پشوو بدە، بەڵام زووش بە، ئەفسەرەكە ئێستا بێتەلمان بۆ دەكەن، بزانێ لێرەمان داناوی بەندمان دەكات، لەو قسانەدابوون و غافڵبوون، (حەیدەر) لە چاو تروكانێكدا خۆی ون كرد و هەڵات، كاتێك ئاوڕیان دایەوە و دەبینن (حەیدەر) نەماوە یەكێكیان گوتی: وەڵڵا ئەو سەگبابە سەری لە قوڕێ ناین، بەهەر حاڵ چیان پێنەكراو (حەیدەر) توانی خۆی دەرباز بكات، ئەوانیش پاشان درانە دادگا و هەردووكیان بەندكران.
ساڵ هات و ساڵ رۆیی (یانزە) ساڵی بەسەرداچوو، هەمان دوو پۆلیسەكە رۆژێك وا رێكدەكەوێ لەناو بازاڕ لە ئەركدابن، بەرێكەوت چاویان بە (حەیدەر) كەوت لە پەنایەك دانیشتووە و خەریكی فرۆشتنی پاكەت و جگەرەیە دوو پۆلیسەكە تەماشایەكی یەكیان كرد و لەیەك گەیشتن، لێی سووڕانەوە و لە پشتەوەڕا خۆیان هاویشتە سەری و دەستیان لە پشتەوەڕا كەلەپچە كرد و هاویشتیانە ناو ئۆتۆمبێل و رێك بۆ بنكەی پۆلیس، یەكێكیان پێی گوت: ئەوەتۆی كەوتییەوە بەردەستمان، یانزە ساڵ پێش ئەمڕۆ بە بیرت دێ چیت لێكردین و چۆن بە هەڵاتنت لە بەندیخانەت پەستاین. (حەیدەر)یان تەسلیمی دادگا كردەوە و بێجگە لە حوكمی خۆی ساڵێكی تریشیان بۆ بڕیەوە بەهۆی تاوانی هەڵاتنەكەی.
Top