دانپیانانێك لە كونجی زیندانەوە

دانپیانانێك لە كونجی زیندانەوە
لەناو زیندان و بەدەم گێڕانەوەی بەسەرهاتەكانی خۆی

كە (رێبوار) یان گەیاندەوە ناو بەندیخانە، بردیانەوە هۆڵەكەی خۆی كە تیایدا بوو، پێنج مانگ دەبوو لە هۆڵەكەدا لەچاوەڕوانی بیڕیاری دادگا بوو، كەهاتەوە زانیان كێشەكەی یەكلایی كراوەتەوە و حوكم دراوە، لەبەردەم ژوورەكە سەری خۆی نەوی كرد و چاوێكی بە جەماعەتدا گێڕا و بەدەموچاوی خەمبار و پڕ خەفەتەوە لە هەموویانی رووانی، ئەو دوو كێشەی هەبوو، لە یەكێكیاندا (8) مانگ و لەوی تریشیاندا (5) ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە.
بە حوكمدانی دەبوو ئەو هۆڵە بەجێبهێڵێ و بچێتە هۆڵی حوكمدراوان، چاو بەفرمێسك، خەمبار و دڵتەنگ، رەنگ زەرد و لێوبەبار، لێوەكانی وشك و دەموچاوی سیس ببوون، هاوڕێكانی بەپیریەوە چوون و دەستیان لە ملی كرد و شوێنێكیان بۆ چۆل كرد، بەتیلەی چاو زانیان (5) ساڵ حوكمدراوە. (رێبوار) چاوەكانی پڕ ئاو بوون و تنۆك تنۆك فرمێسكەكانی لەچاودا دەهاتنە خوارەوە، هاوڕێیە بەندییەكانی تر، یەكە یەكە، تەماشای یەكیان كرد، ئەوانیش یەك لە دوای یەك چاویان پڕ فرمێسك بوو، دەستیان بە گریانێكی كپ و بێدەنگ كرد، هەموویان چارەنووسی خۆیان لەو دەدیتەوە و خۆیان دەهاتە بەرچاو و نەفرەتیان لەو رۆژە دەكرد كە پەلكێشی تاوانی كردن، شتەكانیان بۆ كۆكردەوە، شەوێك پێش حوكمدانی (رێبوار)، ئەو چەند هاوڕێیەی لە یەكدی نزیك بوون، تا درەنگانی شەوبەیەكەو دانیشتبوون، گوێیان لە گێڕانەوەی بەسەرهاتەكانی یەكتر دەگرت، (رێبوار) پێنج مانگ دەبوو گیرابوو و كە لەو هۆڵەش بوو، لەگەڵ هەندێك بەندكراودا ئاشنایەتی و هاوڕێیەتی و دۆستایەتییەكی بەهێزی پەیدا كردبوو، ئەو شەوە زۆریان لە (رێبوار) كرد كە ئەویش بەسەرهاتی خۆی بەتەواوەتی و دوورودرێژی بگێڕێتەوە، پێشتر هەندێ شتی گوتبوو، بەڵام هەندێ قسە بووە بە دوورودرێژی نەیگووتبوو، بەڵام ئەو شەوە ئەویش دڵی پڕ ببوو، فشارێكی دەروونی زۆری لەسەر بوو، بەتایبەتیش كە بۆ بەیانی دەچووە بەردەم دادگا و رۆژی یەكلایكردنەوەی كێشەكەی بوو، (رێبوار) لەسەر داوای هاوڕێكانی دەستی بە گێڕانەوەی كێشەكەی كرد وگوتی: راستییەكەی بەسەرهاتەكەی من زۆر ناخۆشە، شەرم دەكەم بیگێڕمەوە بەڵام ئیدی لەبەر ئەوەی بوومەتە قوربانی هەڵەی كەسانی تر، بۆیە دەیگێڕمەوە، بەڵكو ئەو بارە گرانەی وا لەسەرشانمە تۆزێك سووك بێت.
براینە من تازە پێم دەنایە قۆناغی هەرزەكاریم، باوكم بە رووداوی ئۆتۆمبێل هەردوو پێیەكانی ئیفلیج بوون و چونكە فەرمانبەر بوو، خانەنشین كرا، بە موچەی خانەنشینەكەی دەژیاین، بۆ خۆشم قوتابی بووم و لە پۆلی دووی ناوەندی بووم، دایكم هێشتا جوان و جاحێڵ بوو، ساڵێك زیاتر یا كەمتر بەسەر رووداوەكەی باوكمدا رەتبوو، بازاڕ رۆژ بەرۆژ گرانی بەخۆوە دەبینی، ئەو مووچەیەی باوكم بەشی خەرجی هەفتەیەكی خواردنی دەكردین، پاش ئەو هەفتەیە دەكەوتینە ناو كێشەی دارایی و قەرز و قۆڵ و دەردەسەری..
نەماندەزانی چی بكەین، رۆژ هات و رۆژ رۆیی بەهۆی دراوسێی خراپ، دایكم تێكەڵی ئافرەتی خراپ بوو، نەمدەزانی چی دەكات و چی ناكات. بەڵام دەمزانی ئێواران كە دەهاتەوە كۆمەڵێك پارەی دەهێنایەوە كە بە قەد دوو موچەی مانگێكی باوكم دەبوو. شەوێك لەگەڵ باوكم دەمەقاڵییان بوو نەمدەزانی لەسەر چییە، بەڵام ئەوەندەی دەزانم باوكم دەیگوت: ئافرەت بەسە، عەیبە، زگت بەمن بسووتێ، زگت بەو حاڵەی من تێیدام بسووتێ، بۆ وادەكەی؟
دایكیشم دەیگوت: هەقتە وابڵێی ئەگەر من نەبم ئێوە لە برسان دەمردن، وا بەخێوتان دەكەم و هێشتا ناڕازیت
باوكم دەیگوت: بەڵێ ناڕازیم زۆریش ناڕازیم، ئەو نانەی بەو شێوەیەی پەیدای دەكەی نامەوێ، لێم حەرام بێت، نانی سەرشۆڕیم ناوێ، بەخۆم دەچمە بازاڕ بەو عەرەبانییەی بنم، نانتان بۆ پەیدا دەكەم بەس دەست لەو كارانە هەڵبگرە، نەمدەزانی كێشەی دایكم چییە لە ماڵەوە دەیگوت: دەچم كار دەكەم و پارە پەیدا دەكەم، رۆژێك نیوەڕۆ بوو لە قوتابخانە هاتمەوە باوكم لە ماڵ نەبوو، بەو عەرەبانییەی كە لەسەری بوو، چوو بووە بازاڕ كارێك بكات، كە هاتمەوە دەرگاكە داخرابوو، منیش نەوی بوومەوە و دەستم بۆ شیشی دەرگاكە درێژ كرد و بڵندم كرد و دەرگاكەم كردەوە، ئاگام لە هیچ نەبوو، بەڵام گوێم لە دەنگێك بوو، وەكو ئاخ و ئۆف و هەناسەسواری بوو، هەستی خۆم راگرت، دەنگەكە دەهاتەوە بەر گوێم و لێكم دەدایەوە بزانم هی كێیە، هەستم كرد دەنگێكی غەریب و یەكێكی دی ناسیاوە، لە كونی دەرگاكە تەماشای ژوورەوەم كرد، دەبینم دایكمە لەگەڵ پیاوێك، بە ژوور كەوتم و پڕم دایە كابرا بووە شەڕی دەستەو یەخەمان، من مێرد منداڵ و ئەو زەلام دەرەقەتی نەدەهاتم، چەندی مست و شاپم لێدا، هیچ نەبوون، شەقێكی لەدەمم دا و دەممی پڕ خوێن كرد و كەوتمە سەر زەوی ئینجا لە نێوان دایكم و ئەو ببێتە شەڕ، ئەوان بووە شەڕیان و منیش دەم و ددانم پڕ خوێنە و كەوتوومەتە سەر زەوی و ئەویش لە دایكم دەدا، لەو پڕكێش و پڕكێشە، بەشەڕو هەرایانەوە وردە وردە لە دەرگاكە نزیك دەبوونەوە، كابرا دەیویست بڕوا دایكم نەیدەهێشت، هەندێك جنێوی زۆر ناشیرینی پێدا، خەریك بوو لە جێگەی خۆم دەبوومە دڵۆپە ئاوێك، چاوم بە ژوورەكەدا گێڕا، چەقۆیەكی گەورەم كەوتە بەرچاو، ئەو چەقۆیە ئەوەندە تیژ بوو، لەو ساتەدا كە من وا كەوتوومەتە سەر زەوی و دەموددانم هەمووی خوێنە و چاوم پڕ گریانە، ئەوساتانەم بەبیر دەهاتەوە كاتێك دایكم گۆشتی دەكردە قیمە و واڕێك كەوت، قیمەكەی بەجێدەهێشت، من دەستم دەدایە و قیمەم دەكرد، كە دەهاتەوە دەیدیت وا دەكەم، هاواری لێهەڵدەستا دەیگوت "ئەو چەقۆیە دانێ، كوڕم دەڵێی دەلوو و بیبەرە، دەستت دەبڕێ، ئینجا چاوم هاویشتە سەر چەقۆیەكە و بەهەموو هێز و تین و توانام كە تێمدابوو، راست بوومەوە و دەستم دایە چەقۆكە، هەر بە گوڕ و تینەوە چەقۆیەكم لە پشتەوەڕا لە پشتی كابرا راكرد، كابرا ناڵەیەكی لێهەستا و بەربۆوە، پاش چارەگە سەعاتێك گیانی دا و مرد، ئەوە یەكەم كێشەم بوو، تووش بووم، پۆلیسمان ئاگادار كردەوە و خۆم تەسلیم كرد، لە ئەنجامدا (5) مانگ زیندانیم بۆ بڕایەوە، هێندەی پێنەچوو، پاش ئەو رووداوە باوكم بە زگی داو مرد، دایكم وازی لەم كارانەی نەهێنا، منیش فێری زۆر شت بووم، لە حەژمەتان راورووتم دەكرد و بە زۆر لەسەر رێگایان بەشەو سەرانەم وەردەگرت.
ئاخیرییەكەی دوای چەند ساڵێك، رۆژێك دایكم و پیاوێكم كوشت كەلەسەری بوو، ئەوە هەموو بەسەرهاتەكەمەو لەسەر ئەوەش وا بەند كراوم.
Top