گوللەیەك ژن و مێردێك لە مردن نزی

گوللەیەك ژن و مێردێك لە مردن نزی
دەنگی تەقەیەكی سامناك
لەسەری كۆڵانەكە، لە ژێر كەپرەكەی دوكانی (حاجی خدر) وەكو جاری جاران گەنجان و هەرزەكارانی گەڕەك دانیشتبوون و قسەیان دەكرد، لەو لاشەوە یەك دوانێكیان لەسەر ئەو تەختە دارەیان كە زۆربەی شەوانی هاوین دەیانهێنا و دۆمینەیان لەسەر دەكرد، خەریكی یاری دۆمینە بوون، كاتژمێر بووە یانزە ونیوی شەو زۆربەیان چوونەوە تەنیا (زیاد و حەمە و عومەر) نەبێ، دانیشتبوون خەریكی باس و خواسی دڵداری بوون، كۆڵانەكە چۆڵ و هۆڵ بوو، كارەبا جارێ نیو كاتژمێری تری مابوو، بۆیە خاوەن موەلیدەی گەڕەكیش هاتە لای ئەم سێ گەنجە هاوڕێیە، لە پڕ كابرایەك بەهێواشی و بێ ئەوەی تەماشایان بكات لەسەر كۆڵانەكە بەدیاركەوت و لە ناوەڕاستی كۆڵانەكە چووە لای دەرگای ماڵێك و لە دەرگای دا، دوای چەند خولەكێك دەنگی تەقەیەك بیسترا، هەموویان كە خەریكی قسە بوون، بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن روویان بەرەو دەنگی تەقەكە وەرگێڕا، هەمووان لەخۆوە قسەكانیان بڕی و بێدەنگ بوون، هەر هێندەیان زانی هەمان كابرا لە هەمان ئەو ماڵەی كە چووە ژوورەوە بەشڵەژاوی و تەنگەتاوییەوە دەرپەڕی. (زیاد) كە تەماشای كرد و بەباشی دیقەتی دا گوتی: وەڵڵا ئەوە (شێرزاد)ی برای (شلێر) بوو. باشە ئەو كوڕە خۆ قسەی نە لەگەڵ (شلێر)ی خۆشكی و نە لەگەڵ زاواكەشی نییە، چۆنە وا بەم نیوە شەوە چووە ماڵەكەیان و دوای دەنگی تەقەكەش یەكسەر و لە ماڵی خوشكەكەی دەرپەڕی. ئەم ساتە كەمانە ئەم یەك دوو كەسە خەریكی ئەو قسانە بوون كە دەنگی ناڵەی كابرایەكیان هاتە بەر گوێ. (زیاد) گوتی: كوڕینە بەخوا دەنگی تەقەكە لە ماڵی (شلێر)خان بووە، هەبێ و نەبێ شتێك لەو ماڵە قەوماوە، وەرن با خێراكەین بزانین چی قەوەماوە و چ روویداوە، چوون و لە دەرگاكە چوونە ژوورەوە دەبینن (سەرتیپ)ی مێردی (شلێر) گوللەیەكی بە سكی كەوتووە و بە خشكە خشك دەیەوێ خۆی بگەیەنێتە بەر دەرگا و دەرودراوسێ ئاگادار بكاتەوە. لەولاشەوە گوللیەك بەسەر دڵی (شلێر) كەوتووە و هێشتا بە هێواشی هەناسە دەدات و چاو دەگێڕێ بەڵام توانای قسەكردنی نییە و هەموو كراسەكەشی بە خوێن سوور بووە و لەسەر لاتەنیشتێكدا كەوتووە، (زیاد) هاواری كرد و گوتی: كوڕە (حەمە) بڕۆ پیكابەكەی ماڵی مام عوزێر بێنە دەرەوە و بەتانییەكیش بێنە با زوو بیانگەیەنینە نەخۆشخانە، (زیاد و عومەر) یش خەریكی راستكردنەوەی (سەرتیپ) بوون و پێیان گوت: كاك سەرتیپ كێ تەقەی لێتان كردووە و پێمان بڵێ با هەتا زووە بە پۆلیس بڵێین، ئەویش گوتی: (شێرزاد) بوو) (شێرزاد)ی برای (شلێر) كەوای گوت ئەوجا ئەوان تێگەیشتن مەسەلەكە چییە. (زیاد) هاواری لە (عومەر) كرد كە هەوڵبدات بەزووترین كات پۆلیس ئاگادار بكاتەوە، ئەوان لەم وەزعەدا بوون كە (حەمە) پیكەبەكەی ماڵی مام عوزێری بەخۆ و بە بەتانییەوە هێنا، بە پەلە وەك بروسكە (سەرتیپ)یان لەناو بەتانییە لوولدا و هاویشتیانە ناو پیكابەكە. ئینجا چوونە لای (شلێر) و تا ئەویش بخەنە ناو ئۆتۆمبێل بەڵكو زوو بیگەیەننە نەخۆشخانە و بە فریای بكەون. كەچی كە چوونە لای دەبینن سەری لاربۆتەوە و هەناسەی لەبەر بڕاوە. (زیاد) دەستی لەسەر نێوچەوان و دەستی دانا، دیتی لەشی ساردبۆتەوە و هەناسەی نەماوە، بەڵام بڕوای نەدەكرد مردبێ، (حەمە) گوتی: كاكە با لەو بگەڕێین ئێستا پۆلیس دێت و بەخۆیان ئیشی خۆیان دەزانن با ئێمە تووشی كێشەیەك نەبین. (زیاد)یش گوتی: كوڕە كێشەی چی و حاڵی چی ئەو ژنە لە گیانەڵڵڵادایە، تا پۆلیس دەگات رەنگە بمرێ، كێ ناڵێ ئەگەر بیگەیەنینە نەخۆشخانە بە فریای ناكەون و ژیانی لەمردن رزگار ناكەن. (عومەر) یش گوتی: كاكە وەختی ئەو مشتومڕە نییە وەرە یارمەتیم بدە با ئەو ژنە بخەینە ناو ئۆتۆمبێل، بە دەستوبردێك ئەویشیان خستە ناو پیكابەكە و بە خۆشیان سوار بوون. (حەمە) پیكابی بەگەڕخست و وەك گوللە بۆی درەچوو، پاش چەند خولەكێك خۆیان گەیاندە نەخۆشخانەی فریاكەوتن، لەوێ بەدەم هێنانە خوارەوەی هەردووكیان هەر بە پێوە رووداوی تەقە لێكردنیان بە پزیشكەكانی ئەوێ گوت، ئەوانیش (شلێر)یان گەیاندە هۆڵی فریاكەوتنی ژنان و (سەرتیپ)یش بۆ هی پیاوان، جارێ پێش هەموو شتێ گوتیان بزانن ئەو ژنە ماوە یان مردووە، پزیشكەكان بە جوانی پشكنینیان بۆ كرد و گوتیان هێشتا ماوە، بەڵام حاڵی زۆر شڕە و خوێنێكی زۆری لەبەر رۆیوە و گوللەكەش شوێنێكی زۆر خراپی گرتووە. ئیدی داوای خوێنیان كرد و بەپەلە هەندێ دەرزیان لێدا و ئاویان پێوەكرد. لەچاو تروكانێكدا دوو سێ بتڵە خوێنیان پەیدا كرد، پزیشكەكانی ئەوێش هەرچی پێویست بوو بە پەلە بۆیان ئەنجامدا و داوایان لە پزیشكی پسپۆر كرد ئامادە بێ، ئەوەندەی پێنەچوو (شلێر) یان رەوانەی هۆڵی نەشتەرگەری كرد، ئینجا كە ئەویان تەواو كرد (زیاد و حەمە و عومەر) چوونە لای (سەرتیپ) و خوێنیان بۆ ئەویش پەیدا كرد، بەڵام ئەو نەشتەرگەری پێویست نەبوو، خستیانە ژێر چاودێری پزیشكی چڕەوە. ئینجا هەر بەم دەمودەستە دوو پۆلیس و رێپێدراوێك و لێكۆڵەرێكی دادی هاتن و دەست كرا بە لێكۆڵینەوە كردن لەگەڵ (سەرتیپ) لێكۆڵەرەوەكە و پرسیاری سەبارەت بەوەی كێ تەقەی لێكردووە و بۆ تەقەی لێكردووە و چۆن و لە كوێ ئەم كارەی كردووە؟ ئەویش بەدرێژی وەڵامی دایەوە و گوتی: ئەمشەو ماوەیەكی كەم پێش ئێستا برایەكی خێزانم كە ناوی (شێرزاد)ە لە دەرگای ماڵەكەمانی دا، منیش كە نەمزانی كێیە گوتم، كێیە؟ كەچی وەڵامی نەدایەوە، منیش هەر بەدەم رێوە بۆ كردنەوەی دەرگاكە چووم و دەرگام كردەوە، دیتم یەكسەر پاڵێكی پێوەنام و خۆی بە ژووردا كرد و دەمانچەیەكی دەرهێنا و پێی گوتم (سەرتیپ) پێم گوت وازبێنە دەست لە (شلێر) هەڵگرە، منەتت نەزانیم بە دزی ئێمە چوونە دادگا و مارەت كرد و ئێمەش بەناچاری خۆمان بێ دەنگ كرد و لەبەرچاومان بە ناڕازی بوونەوەش گواستتەوە، پێم نەگوتی مادام ئەو كارەت كرد هەر دەتكوژم، ئەوە بوو لەو دەمە (شلێر)یش هات و هاواری لێكر و گوتی (شێرزاد) من و (سەرتیپ) نیاز و مەبەستمان پاك بوو، لەسەر شەرعی خودا و پێغەمبەر بووین، بەڵام تۆ هەر لەبەر ئەوەی زانیت كە من (سەرتیپ)م دەوێ ناڕازی بووی و باوك و براكانی تریشت لێ زویر و توڕە كردم، وەكی زانیشمان (سەرتیپ) نیازی پاكە لێمان خۆش بوون، بەڵام تۆی بەرق و كینە هەر وازت نەهێنا، (سەرتیپ) پیاو ماقوڵی دنیای بە گژ وەنای هەر لە كەلی شەیتان نەهاتیە خوارێ، ئێستاش ئیدی ژن و مێردی یەكترین و نامەوێ یەك دەقەش لەم ماڵە بیت. هەركە (شلێر) وای گوت دەمانچەكەی یەكسەر سورا كرد (شلێر)یش خۆی هاویشتە پێشم و گوتی: ئەگەر پیاوی دە تەقە بكە من بكوژە و واز لە (سەرتیپ) بێنە، ئەوەبوو گوللیەكی تەقاند و لەویدا و بەمنیش كەوت.
دەستگیركردنی تاوانبار
كە لێكۆڵەرەكە وتەكانی (سەرتیپ)ی وەرگرت كردییە دۆسییە و (زیاد و حەمە و عومەر)یشی كردە شایەت و وتەی ئەوانیشی وەرگرت كە چۆنیان دیتبوو چیان بیستبوو، دۆسیەكەی رەوانەی دادوەری ئێشكگر كرد و ئەویش بڕیاری دەستگیركردنی دا.
بەیانییەكەی كاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆ (شێرزاد) دەستگیر كرا، شەو حاڵی (سەرتیپ) بەرەو باشی دەڕۆیی، بەڵام حاڵی (شلێر) بەرەو خراپی دەچوو، كە نەشتەرگەرییەكەیان بۆ تەواو كرد یەكسەر رەوانەی هۆڵی چاودێری چڕیان كرد، بەیانییەكەی وردە وردە حاڵی بەرەو باشی دەڕۆیی، ئێوارەكەی بەئاگاهات و توانی چاوی بكاتەوە، بۆ رۆژی دواتر پزیشكەكان گوتیان ئێستا لە قۆناغی مەترسی گەورە دەربازی بووە، دوو رۆژی تریش بەسەر باش بوونی وەزعی دا رۆیشت و لە قۆناغی مەترسی دەربازی بوو، دوای دەستگیركردنی (شێرزاد) یش لێكۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوام بوو، لەم ناوەش باوك و براكانی تری (شلێر) كە بە مەسەلەكەیان زانی هەموویان پشتگیری خۆیان بۆ (شلێر) و (سەرتیپ) دەربڕی و سەركۆنەی (شێرزاد)یان دەكرد، بە كورتی بنەماڵەو كەسوكاری هەردوولا لایەنگیری ئەم ژن و مێردە بوون و دەیانگوت: باشە كێشەكە بە پێكهاتن و دەرخستنی نیازپاكی هەردوولا نەبڕایەوە، پاشان باوك و براكانی (شلێر) هەرچییەكیان ویست (سەرتیپ) جێبەجێی نەكرد، ئەی باشە ئەو رق و كینەیەی (شێرزاد) لەپای چی؟ دوای رزگاربوونی (شلێر) لەمردن و بەرەو چاكبوونەوە چوونی هەردووكیان، كەچی هێشتا (سەرتیپ) بڕیاری دا لە (شێرزاد) خۆش بێت. ئەوە بوو دوای چاكبوونەوەشیان هەردووكیان لەپێش دادگا لێخۆشبوونی خۆشیان لە (شێرزاد) راگەیاند، لە هەموو مافێكی سزایی و مەدەنی خۆیان خۆش بوون، بەڵام دوای سێ مانگ لە لێكۆڵینەوە دادگای تاوان (شێرزاد)ی بە سێ ساڵ بەند كردن حوكم دا.
Top