چۆن دادگــا گەیشتە راسـتی بێتا 

چۆن دادگــا گەیشتە راسـتی بێتا 
كاتژمێر دەوروبەری نۆ
ونیوی بەیانی بوو كە (مەولود) دەستی (سەبیحە) كچی گرتبوو، كە تازە پێی دەنایە نۆزدە ساڵی تەمەنی و پەلكێشی بنكەی پۆلیسی دەكرد. كە گەیشتنە بەردەم بنكەكە، پۆلیسە دەرگاوانەكە لێی پرسی، بۆ كوێ كاكە ئەویش گوتی: دەچمە لای ئەفسەر سكاڵام هەیە.

بە پرسیار گەیشتە لای ئەفسەری لێكۆڵینەوە و مەبەستەكەی خۆی تێگەیاند، ئەفسەرەكەش دوای ئەوەی پێیگوتن كە دابنیشن تا ئەو كاغەز و پەڕاوەكان ئامادە دەكات، بۆ لێكۆڵینەوە ئینجا دوای چەند خولەكێك بە كابرای گوت ناوی چییە و چی ئەو كچەیە؟ ئەویش وەڵامی دایەوە و گوتی: ناوم (مەولود)ە و باوكی ئەم كچەم. ئەفسەرەكە داوای لێكرد باسی كێشەكەی خۆیان بكات.

(مەولود)یش وەك ئەوەی دەرفەتی وەرگرتبێ و بە فرسەتی بزانێ، ئەوەی دەیەوێ بەو نەخشەیەی بۆی داڕشتووە، بەسەر ئەفسەرەكەیدا رەتبكات، ئیتر خۆی بۆ قسەكردن ئامادەكرد و چی لە مێشكی دابوو، كۆیكردنەوە و ئینجا گوتی: جەنابی ئەفسەر، من دوو ژنم هێناوە، ژنی یەكەمم كە مرد دوو سێ ساڵێك بەر لەمڕۆ بوو، منداڵەكانم هەندێكیان وردبوون و هەندێكیشیان تازە دەڕسكان و هەراش دەبوون، ئەم كچەی وا لەگەڵمە، كچە گەورەكەمە، دەبینی واتازە پێ دەگات و هێشتاش هەر منداڵە، گوتم: لەبەر منداڵەكانم كەسێك هەبێ ئاگای لێیان بێت، باشترە لەوەی بە تەنیا بمێنمەوە لە ماڵ. كاتێك دەچوومە دەرەوە زۆر نیگەرانیان بووم، لەبەر ئەوە بیرم لەوە كردەوە ژنێك بێنم، ئەگەر جێگەی دایكشیان بۆ نەگرێتەوە لە ماڵەوە تۆزێك ئاگای لێیان دەبێت و سەرپەرشتیان دەكات.
ئەوەبوو ژنێكیان بۆ دۆزیمەوە كە ئێستاكە خێزانمە، ئەم ژنەش وەكو من منداڵی ورد و هەندێك گەورەی هەبوون، گەورەكەیان كوڕێكە تەمەنی حەڤدە هەژدە ساڵێك دەبوو، راستی بەتەواوەتی ساڵی لەدایكبوونی نازانم. ئەوە نزیكەی ساڵێكە من ئەم ژنە تازەیەم هێناوە. ئەو ژنەم مەرجی ئەوەی هەبوو كە منداڵەكانی خۆی لەلای خۆی بمێنێتەوە و هەردوولامان منداڵی یەكتر قبوڵ بكەین. بەراستی منیش لەوە باشترم نەدەدۆزییەوە، هاوسەرێتی من وئەم ژنەم وا پێدەنێتە ساڵێك، ئەو دوو كچ و سێ كوڕی هەن. كوڕی گەورەی ناوی (رێدار)ە. لە ماوەی ئەم ساڵەدا، من و ژنەكەم، هیچ كێشەیەكی ئەوتۆمان نەبوو، تەنیا ئەم كوڕەی نەبێت كە بە شووكردنەوەی دایكی ناڕازی بوو، بەڵام لەبەر دایكی هیچ قسەشی نەدەكرد هەستم دەكرد زۆری رق لێمە. لە ژێرەوە دژایەتی دەكردم و مۆڕەی لێدەكردم، كوڕێكی بە بوغز و بەرق و كینە دیاربوو، بەڵام رووبەڕوو ململانێی نەدەكردم، ئەو لەسەر ئەو دوكانە دادەنیشێ كە باوكیان بۆی بەجێهێشتوونە. ئەو تازە پۆلی شەشەمی تەواو كردووە و هێشتا ناوی لە هیچ كۆلیژێك دەرنەچووە، لەم ماوەیەی دوایی هەستم دەكرد بەشێوەیەكی ناسروشتی خۆی لە كچە گەورەكەم، ئەمەی وا لەبەردەمتدایە و ناوی (سەبیحە)یە نزیك دەكاتەوە، هەتا رۆژێك بینیم بە زۆر زۆرانبازی لەگەڵدا دەكات و خستوویەتییە ژێرەوەی خۆی و ئەمەیش هاوار دەكات، وا بزانم دەیویست پڕی بداتێ. ئەوجا لەبەر هەندێ من سكاڵام لە دژی هەیە و دەمەوێ دەستگیر بكرێت و حوكم بدرێت،بۆ ئەوەی بۆخۆی و كەسانی وەك خۆشی ببێتە پەند و عیبرەت.
كە قسەكانی تەواو بوو، ئەفسەرەكە بە (سەبیحە)ی گوت تۆچی دەڵێی؟ ئەویش تۆزێك راما، زمانی هەندێك تەتەڵەی كرد، رارایی و دوو دڵییەكی زۆر لەسەر زاری بەدەردەكەوت. ئەفسەرەكە هەستی كرد، بەڵام نەیویست زوو پێش رووداوەكان بكەوێت، لێیگەڕا كچەكە بەخۆی گوزارشت لە هەڵوێستی خۆی بكات. كچە هەر ئەوەندەی گوت: باوكم چ دەڵێ منیش هەروا دەڵێم. باوكی كەتا ئێستا چاوی ئەبڵەق مابوو، سەیری دەمی كچەكەی دەكرد بزانێ چ دەڵێ كە كچەكەی دوو دڵە لەگوتنی قسەكانی، شپرزە بوو، بەڵام كە دووپاتی قسەكانی باوكی كردەوە، هێور بۆوە و كەفوكوڵی ناوەوەی دڵی كەم بۆوە و نەما، ئۆخەیەكی هەڵكێشاو رووی لە ئەفسەرەكە كرد بزانێ چ دەكات،
ئەفسەرەكە دیتی باوكی ئەو قسانە دەكات و كچەكەشی هەمان قسە دەكات، كۆنووسی كردەوە و پوختەی رووداوەكە و سكاڵاكەیانی لە دژی (رێدار) نووسی و بەهەردووكیانی ئیمزا كرد. هەموو پێداویستییەكی كێشەكەی ئامادە كرد و ناوی هەردووكیانی وەك دادخواز تۆمار كرد، دۆسیەی ئامادە كرد بۆ بەردەم دادوەر بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدات، دادوەرەكە تەماشای دۆسییەكەی كرد، داوای لێكۆڵینەوەی كرد لەگەڵ (رێدار) وەك تۆمەتبار. كە پۆلیس چووە بەردەم دوكانەكەی و بەڵگەی ئامادەبوونی پێدا كە لەبەردەم ئەفسەری لێكۆڵینەوە ئامادە بێ سەری سوڕما، باشە چی كردووە تا داوای ئامادەبوونی لێبكەن، بەهەرحاڵ لەگەڵ پۆلیسەكە چووە بنكە و لەبەردەم ئەفسەری لێكۆڵینەوە ئامادە بوو، ئەفسەرەكە بابەتەكەی تێگەیاند و پێی گوتە چییە؟ ئەویش گوتی:من بەهیچ شێوەیەك شتی وام نەكردووە و ناشیكەم، ئەو ئەگەرچی نە لەدایكمە و نە لە باوكیشمە بەڵام بە خوشكی خۆمی دەزانم، ئایا كەس هەیە دەستدرێژی بكاتە سەر خوشكی خۆی، مەگەر كەسێكی تا ئەوپەڕی بێڕەوشت بێت. دوای تۆماركردنی وتەكانی بە ئەفسەرەكەی گوت: ئەم زڕ باوكەم هەر لەسەرەتای هاتنە ماڵی ئێمە و دوای مارەكردنی دایكم هەوڵیدا من و براكانم دەربكات و خوشكەكانم بهێڵێتەوە بۆ ئەوەی دوارۆژ بەخۆی بەشوویان بدات و نەختەكەیان وەربگرێت. هەروەها دەیویست ئەو دوكانەشم لەبن دەست دەربێنێ كە دایكم و خوشك و براكانی پێ بەخێو دەكەم، كە منیش رازی نەبووم دوكانەكەی بخەمە بەردەستی، ئەوجا دەستی بە ململانێ كرد و هەر رۆژەی بیانوویەكی پێدەگوتم، تا ئەو رۆژەی دایكم هەڕەشەی لێكرد كە ئەگەر وازم لێنەهێنێ خۆی بە تەڵاق دان دەدات، ئێستاش بێ ئاگاداری دایكم ئەو بوختانەی پێكردووم. ئەفسەرەكە وتەكانی تۆماركرد و لای خۆی گلی دایەوە و پەڕاوی گەیاندە لای دادوەر تا بزانێ چ بڕیارێك لەسەر چارەنووسی دەدات. دادوەرەكە گوتەكانی خوێندەوە، بڕیاریدا بۆ ماوەیەكی كاتی دەستیگر بكرێت و قسەی دایك و كچەكەش دووبارە وەربگرێتەوە و بشزانێ كچە تەمەنی چەندە.
ئەفسەرەكە دەستی بە جێبەجێكردنی فەرمانەكانی دادوەر كرد. سەبارەت بە تەمەنەكەی كە باوكی وای نیشاندابوو كە جارێ هەژدە ساڵی تەواو نەكردووە، دەركەوت كە هەژدە ساڵی تەواو كردووەو ناسنامەكەی ئەو راستییەی سەلماند. ئاگاداری كچە كرایەوە كە بێتە بنكەی پۆلیس. تا ئاگادار كردنەوەو ئامادەبوونی لەبەردەم لێكۆڵینەوە دوو رۆژێكی خایاند و (رێدار) لە بەندیخانە بوو، كەدایكی بە مەسەلەكەی زانی لەگەڵ مێردەكەی بووە مشتومڕیان، چووە بنكەی پۆلیس و ئەو تۆمەتانەی بە بوختان دانا، پاشان كچەكە ئامادەی لێكۆڵینەوە و دووبارە وەرگرتنەوەی قسەكانی كرایەوە، ئەفسەرەكە داوای كرد (سەبیحە) بەتەنیا بێتە ژوورەوە بە (سەبیحە)ی گوت: لە قسەكانی باوكتدا درۆو دەلەسەی زۆر دەبینم، بەخۆشت ناڕاست بووی، كە باوكت گوتی: هەژدەت تەواو نەكردووە كەچی بەپێی ناسنامەت تەواویشت كردووە و قسەشت نەكرد، ئەگەر بەراستی پێم نەڵێی خۆت زەرەر دەكەی و دوایی نەڵێی بۆ پێت نەگوتم (سەبیحە) تەنگەتاو بوو، نەیدەزانی چ بڵێ، ئاخیرییەكەی پێی لێناو گوتی: ئەگەر راستی بڵێم باوكم لەوانەیە بمكوژێ، ئەفسەرەكە گوتی: ناهێڵم باوكت بەراستی مەسەلەكە بزانێ، خۆم دەزانم چۆنی تێدەگەیەنم، (سەبیحە) گوتی: دە مادام وایە، وەڵڵا ئێستاكە ئەگەر بزانم، سەریشم دەبڕێ، راستییەكەی هەر دەڵێم، باوكم خۆشی لە چارەی (رێدار) نایە، (رێدار) زۆر بەڕەوشت و ئاكارە بەرزە، باوكم دەیوسیت من بداتە ئەو، بەڵام ئەو گوتی (سەبیحە) وەكو خوشكی خۆمە، بێجگە لەوەش جارێ تەمای ژن هێنانم هەر نییە، باوكم دواتر وسیتی دوكانەكەی لە بن دەست دەربێنێ، كە زانی هیچی پێناكرێت لەگەڵیدا، ویستی لەماڵ دەریپەڕێنێ. لەوەش هیچ هۆ و بیانوویەكی لەبەردەست نەبوو، ناچار ئەو تۆمەتەی بۆ رێكخست. من و (رێدار)وەكو خوشك و برایەك، كە خۆشەویستییەكی خوشك و برایانە بەیەكیان ببەستێتەوە وەهاین، لە وەتەی باوكم دایكمی خواستووە و ئێمە هەموو لەیەك ماڵ دەژین، بایی تۆزقاڵێكیش رەفتارێكی نائاساییم لێنەدیتووە، ئەو قسانەی باوكم بەناوی منەوە كردوویەتی هەمووی بوختانە و هیچی راست نین كە (سەبیحە) ئەو قسانەی كرد، گوفتارەكانی نووسیەوە رەوانەی بەردەم دادوەری كرد، كە دادوەر قسەكانی خوێندەوە، نزیكەی چارەگە سەعاتێك قسەو پرسیاری لەگەڵدا كرد، بۆی دەركەوت قسەكانی باوكی هیچی راست نین. دەمودەست بڕیاریدا (رێدار) ئازاد بكرێت و كێشەكەشی داخست و بانگی باوكی و (سەبیحە)ی كرد و پێی گوت: ئەمجارە بێنەوە ئێرە درۆ و بوختانی وەها بكەیتەوە یەكسەر دەتخەمە زیندان و نایەڵم وەها بە ئاسانیش بێیتە دەرەوە. هەر كێشەیەكی تریش بۆ ئەم كوڕە دروست بكەی من تەنیا تۆ دەخەمە زیندان.
هەر ئەو رۆژە دوای بڕیارەكەی دادوەر (رێدار) لە زیندان هاتە دەرەوە و ئەفسەرەكە مەسەلەكەی تێگەیاند و هەڵوێستی (سەبیحە)شی بۆ روونكردەوە كە ئەو بووە هۆی دەركەوتنی راستی مەسەلەكە.
كە دایكیشی بە مەسەلەكەی زانی یەكسەر داوای تەڵاقی كرد، بەڵام بەهەر جۆرێك بێت (مەولود)ی باوكی (سەبیحە)یان تەمبێ كرد، ئەوجا وازی لە مەسەلەی تەڵاقەكەی هێنا، ئیتر (مەولود) جارێكی تر نە وێرای شەڕ بە (رێدار) بفرۆشێتەوە نە ئەو سەنگەی جارانیشی لە ماڵەوە ما، بەمجۆرە كێشەی بوختان پێكردن و شەڕ پێفرۆشتنی (مەولود) لە كۆڵ (رێدار)بۆوە.
Top