چــــۆن بێ دایـــك و باوك ژیان د

چــــۆن بێ دایـــك و باوك ژیان د
پرسەیەكی خەمبار و بە كەسەر
بەو بەرە بەری نیوەڕۆیە گەرمەی هاوین خەڵكەكە دوو دوو و سێ سێ لە خانووە هەشت مەترییەكە دەهاتنە دەرەوە و كۆمەڵێكی دیكە دەچوونە ژوورەوە.
چووینە ناو خانووەكە بۆ ئەوەی بزانین ئەو خانووە چی تێدایە و ئەو خەڵكە بۆچی بە خەمباری و سەربادان و ئاخ و ئۆف و كەسەرەوە دێنە دەرەوە! كە پێمان نایە ناو حەوشەكە و بەشێكی زۆری خەڵكی گەڕەك، هەندێكیان بەپێوە و هەندێكیان بە دانیشتنەوە بەدیار تەرمی نیمچە ئاوسا و و ئەستوور بووی (قادر)ەوە بوون، كابرا پێدەچوو، كرێكاری زۆری كردبێت، چونكە هەم قۆڵ و باسكی بە قۆڵ و بە باسكی كەسێكی ئیشكەر دەچوو، هەمیش ناو لەپی هەموو زەبرو داڕووشاو بوون، ئەو سێ منداڵەشی كە لە پاشی بەجێمابوون، هوڕ هۆڕ دەگریان و بەو چاوە پڕ گریان و فرمێسكانەشیانەوە تەماشای خەڵكەكەیان دەكرد و وەك بڵێی لێیان دەپرسین: ئەوە بابیشمان مرد، دایكمان نەمابوو، باوكمان جێگەی بۆ گرتبووینەوە، ئەوە ئەو پشت و پەنایەشمان رۆیی و ئێستا روو لە كوێ بكەین و كێ داڵدەمان دەدات. خەڵكە هەندەی پێنەچوو چوون مامۆستای مزگەوتی گەڕەكەكەیان هێناو، دەستیان كرد و بە دوعا خوێندن و پاشان ناردیان دارەباز بێت و دوای كەمێك دارەباز هات و تەرمەكەیان بردە مزگەوت و شۆردیان، پاشان كەسانی خێرومەند كفنیان هێناو چەند پیاوێكیش چوون قەبر لێدەن، نەگەیشتنە پاش نیوەڕۆ، مەیتەكە بە خاكیش سپێردرا، مایەوە پاشەرۆژی ئەو سێ منداڵە بێ دایك و باوكە چ لێبكەن.
(قادر) كە سێ منداڵی بچووكی هەبوون، كە گەورەكەیان تازە گەیشتبووە چواردە ساڵی و ناوی (رزگار)بوو، (رزگار) تابڵێی منداڵێكی عاقڵ و هۆشمەند و بە فكر بوو، دەتگوت قەت ئەوە تەمەنی چواردە ساڵ نییە. قسە و بیركردنەوەی گەلێك جوان و بەجێ و رێ بوو، كە دایكیان مرد، (قادر) ی باوكیان دەچووە سەركار و ئەویش خواردنی بەیانیانی بۆ هەردوو برا بچووكەكەی ئامادە دەكرد و پاش نانخواردن لەگەڵ خۆی دەیبردنە قوتابخانە. لەوێش بەڕێوەبەڕی قوتابخانەكە حانووتی قوتابخانەی پێدابوو، بۆخۆی شتی تێدا بفرۆشێ، لەگەڵ چاودێرێكی قوتابخانە پێكەوە كارەكەیان دەكرد و لەكاتی دەرفەتدا كە لە پۆل دەهاتنە دەرەوە خۆی دەگەیاندە كۆشكەكە و كاروبارەكانی رای دەكرد، یانی هەم دەیخوێند و هەمیش هەر لە هەمان قوتابخانەدا لە حانووتەكەی كارێكی دەكرد، ئەوهاشی رێكخستبوو بە جۆرێك لە خوێندنەكەی بێبەش نەبێ و كاری پێنەكا.
(رزگار) هەم دەیخوێند و كاریشی دەكرد و ئاگاداری دوو برا بچوكەكەشی بوو.
(رزگار) ئومێدێكی بەوە خۆش ببوو، كە باوكی مابوو، چونكە كە دایكیان مرد، باوكیان بە هەموو شێوەیەك هەوڵێ دەدا جێگەی دایكیشیان بگرێتەوە، دایكیان بە كەسەرێكی گەورەوە مرد، هێشتا تەمەنی نەگەیشتبووە چل ساڵ، لە پڕ نەخۆشییەكی كوشندەی لە هەناوی پەیدابوو، پاش هەفتەیەك لەسەردانی پزیشك و خەواندنی لە نەخۆشخانە، بەیانییەكی زوو، بۆ دواجار چاوی لێكنا، (قادر) بە مردنی خێزانەكەی كۆستی كەوت، چونكە نە دڵی دەهات جارێكی تر، لەبەر منداڵەكانی ژن بێنێتەوە، نە دەشیزانی چ لەو منداڵانە بكات، بێ دایك و بێ سەرپەرشتیار مانەوە، تاكە شتێك دڵنیایی پێدەبەخشی (رزگار)ی كوڕە گەورە و ئەو خانووە بچووكە بوو، كە بەهەر دەردەسەرییەك بێت كڕیبووی. (قادر) كە ژنەكەی بەو كتوپڕەییە مرد، هەستی بە كەساسی و تەنیاییەكی زۆر كرد، چونكە بەخۆی نە برایەكی هەبوو، نە خوشكێكیش، ژنەكەشی برایەكی نەخۆش و پەككەوتە و لە جێ كەوتە، لەگەڵ خوشكێكی دێوانەی هەبوو، جار جار دەچوو خزمەتی هەردووكیانی دەكرد و ئاگای لێدەبوون، بەڵام بەوەندە باش بوو، دراوسێكانی (قادر) تا بڵێی كەسانی باش و بەرەحم و بەزەیی بوون. كە ژنەكەی مرد هەر جارەی دراوسێییەكیان، دەچوون جلوبەرگیان دەشووشتن، تا ئەوەی رۆژێك یەكێ لە دراوسێكانیان گوتیان با پارە كۆ بكەینەوە و ئامێرێكی جلشۆریان بۆ بكڕین و (رزگار)یش وردە وردە فێر بكەین چۆنییەتی بەكارهێنان و سوود لێوەرگرتنی بزانێ، بەوە پشت بەخۆیان دەبەستن و هەروەها ئێمە دەتوانین لەلایەنی دیكەوە یارمەتیان بدەین، منداڵەكان توانیان بە یارمەتی باوكیان و دڵنەوایی دراوسێكانیان، باشتر بەرگەی بێ دایك مانەوەیان بگرن. باوكیان تەنیا كەسێك بوو كە وەك دیوارێك مابۆوە و پشتیان پێدادابوو، كە باوكیان مرد ئەو دیوارەشیان رووخا.
چۆنییەتی مردنی قادر
(قادر) كرێكاری كارگەیەكی بەرد شكاندن بوو، بەیانیان زوو دەچووە سەركار و پاش نیوەڕۆیەكە دەستیان لەكار هەڵدەگرت، دەهاتەوە ماڵەوە. (قادر) و كۆمەڵێك كرێكاری تر بەشێوەیەكی فەرمی لەو كارگەیە وەكو فەرمانبەر دامەزرابوون، رۆژێك پێشینوەڕۆ بوو، خەریكی كارەكەی بوو، وەستا و كرێكارەكانی دی، خەریكی كاری خۆیان بوون، ئەویش خەریكی كاری خۆی بوو، لەو وەختە یەكێك لە بەڕێوبەەرایەتی كارگێڕی كارگەكە بانگی دەكات، ئەویش كە لەسەر ئامێرەكە دەبێت، پێی دەڵێ وا دێم، بەڵام كارگێڕەكە دووپاتی دەكاتەوە كە كارێكی پێویستی پێیە و هەر ئێستا بێت باشترە، (قادر) كە لەسەر ئامێرەكە دێتە خوارەوە پێیەكی دەخلیسكێ و بەر دەبێتەوە و دەكەوێتە سەر زنجیر و رەوڕەوەی ئامێرەكە و شەت و پەتی دەكا و هەر ئەو دەمی هەتا فریای كوژاندنەوەی ئامێرەكە دەكەون، ئەو دەمرێت و حەیاتی لەبەر دەبڕێت، ئیتر وەستای سەر ئامێرەكە و بەڕێوەبەری كارگێڕی و یەك دوو كرێكار و وەستای تریش بۆ لێكۆڵینەوە بۆ ماوەی یەك دوو كاتژمێر لە بنكەی پۆلیس رادەگیرێن، دواتر كە دەزاندرێ رووداوكە بە ئەنقەست نەبووە و كەسیش بە هەڵە نەیخزاندۆتە ناو ئامێرەكەوە، ئازاد دەكرێت.
پاش رووداوەكە
كە رووداوكە روودەدات، پاشان بەڕێوەبەری كارگێڕی و بەڕێوەبەری راستەوخۆی كارگە، دەچنە لای منداڵەكانی (قادر) و تەماشای ماڵیان دەكەن و ئەو پێداویستیانەی كەوەك هەر ماڵێك پێویستیان پێیەتی دەینووسن و پاشان لەسەر حسابی كارگە دەیكڕن و بڕێكی پارەی باشیش وەك قەرەبوو كردنەوەو دواتر موچەیەكی مانگانەش بۆ منداڵەكانیان دەبڕنەوە و، لەیەكێك لە بانكەكانیان بۆیان دایدەنێن و (رزگار) تێدەگەیەنن كە چۆن و لە چیدا ئەو پارەیە راكێشن و مانگانە چەندی خەرج بكەن و بەردەوام بن لە خوێندن و كاری تر نەكەن، چونكە ئیتر پێویستیان بەپارە نییە بچن ئیش بكەن.
لە رووی مادییەوە ژیانی منداڵەكان دابین كرا، بەڵام ئەی لە رووی سۆز و خۆشەویستی باوكایەتییەوە ئاخۆ منداڵ تەنیا پێویستی بە پاروە نانێكە بیخوا و بژی؟ ئایا منداڵێك كە شەو دەخەوێت پێویستی بەوە نییە كەسێك هەبێ سۆزی دایكایەتی یان باوكایەتی پێبدا؟ لێرەدا ئەركی (رزگار) زۆر گران و باری زۆر قورسە، بۆیە نازانین ئاخۆ هەتا سەر هەتا ئەو دوو برا هەتیوەی گەورە دەكات، بێ كێشە دەبن، تا سەر دەتوانێ ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵبگرێ، كە لە بنەڕەتدا بەرپرسیارێیتی ئەو نییە؟ ئەوە رۆژگار وەڵاممان دەداتەوە.
Top