لە چاوەڕوانی حوكمی دادگادا

لە چاوەڕوانی حوكمی دادگادا
بۆ چەندەمین جار بووە كەفیلی كوڕەكەی
(رەئوف) لەگەڵ دوو كەس لە شكایەتكاران لەبەردەم دادوەر راوەستابوون و چاوەڕێ بوون ئەم كێشەیەش وەكو كێشەكانی تری كوڕە تاقانەكەی، تا كێشەكە دەبرێتە دادگای تایبەتی بۆ ماوەیەكی كاتی دەرفەتێك وەربگرێ و شكایەتكارەكان داوا لە دادگا بكەن كە خەریكی پێكهاتن و ئاشتەوای ببن، دەرفەتێكیش بە كوڕەكەی بدرێ بەڵكو بواری ئازادكردنی بەدەستەبەری بۆ مەیسەر بكرێ.
شكایەتكاران بەدادوەریان گوت: ئێمە داوای مۆڵەتێك دەكەین كە رەنگە لەگەڵ كەسوكاری (هەردی) ی كوڕی (رەئوف) كە پارەیەكی زۆری لێوەرگرتینە، پێكبێین، تەماشاكردنی داواكە ئەمڕۆكە دوا بخرێ بۆ دوو هەفتەی تر، ئەوەبوو مۆڵەتیان پێدرا، قەرزی ئەم دوو شكایەتكارە لەسەر (هەردی) دەفتەرێك دۆلاربوو، پێدەچوو باوكی (هەردی) چارەسەرێكی دیتبێتەوە كە وابكات ئەم دوو شكایەتكارە جارێ واز لە شكایەتەكەیان بێنن. ئینجا دادوەر دۆسییەكەی رەوانەی لای لێكۆڵەری دادگا كرد بۆ ئەوەی رێككاری پێویست بگرێتەبەر سەبارەت بەم كێشەیە، بۆ ئەوەی زیاتر بچنە بنج و بنەوانی ئەم كێشەیە چووینە لای لێكۆلەرە دادییەكە و پرسیاری كێشەی ئەو پیاوەمان لێكرد كە بەلامانەوە كێشەیەكی سەرنجراكێش بوو، پێدەچوو باوكی ئەو كوڕەی كە ناوی (هەردی) یە بەدەست رەفتارە دزێوەكانی كوڕەكەی گیری خورادبێت و تووشی داوی خۆی هاتبێت. لێكۆڵەرەكە بە وردی و بە درێژی كێشەی (هەردی) بۆ باسكردین و گوتی: مام (رەئوف) وەكو خۆی بە درێژی بۆی باس كردوین بەم دواییە گیرۆدەی كارە هەڵە و ناشایستەكانی كوڕەكەی بۆتەوە، ئەم پیاوە سێ كچ و هەر ئەو تاقە كوڕەی هەیە، بۆخۆی پێشتر كابرایەكی دەوڵەمەند و بازرگان بووە، لە جیاتی خانوویەك سێ خانوو ودوو پارچە زەوی و دوكانێك و دوو ئۆتۆمبیلیشی هەبووە، كوڕەكەی تا ئێستا پێنج كێشەی هەیە، ئەوە (7) مانگە گیراوە، كێشەكانی تری هەمووی لابەلا بوونەتەوە ئەم كێشەیەی نەبێ كە جارێ لە قۆناغی لێكۆڵینەوە دایە ئەگەر پێكبێن لەوانەیە دادوەر پێكهاتنەكەیان قبوڵ بكات و داواكە دوا بخات. ئەگەر پێكیش نەیەن ئەوە كێشەكە رەوانەی دادگای تایبەتمەند دەكرێت، ئەم كوڕەی ئەندازیاری بیناسازی بوو، كاروكاسبییەكی باشی هەبووە، خاوەن نووسینگەی ئەندازیاریش بوو، پارەیەكی باشی لەكارەكەی دەست دەكەوت و بارە داراییەكەی تا بڵێی باش بوو، ئەویش خاوەنی خانوو و ئۆتۆمبێل بوو، بەڵام ئەم دوو ساڵەی دوایی كەوتە ناو قەرز و قۆڵەوە، هەروەها پارەی لە زۆر كەس وەرگرتبوو لە بەرامبەردا ئیشیان بۆ بكات و كار رایی ئەندازیاری وسەرپەرشتیاری و كاری بەڵێندەرایەتیان بۆ بكات، كەچی هیچ بەڵێنێكی بۆ جێبەجێ نەدەكردن. لەبەر ئەمە لەگەڵ هەندێكیان دووچاری دەمەقاڵی و مشتومڕ دەبوون و یەك دوو جاریش یەخەگیری یەكتریش بوونە. سەیر لەوە دایە لە كارەكەی خۆیدا كابرایەكی زۆر شارەزا و لێهاتوو بووە، خەڵكیش متمانەیان پێكردووە، كەچی بەم دواییە لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆریان درۆی كردووە و پارەیانی خواردووە، كۆی هەموو قەرزەكانی خۆی لە (30 تا 35) دەفتەر داوە، بێ ئەوەی كەسێك بزانێ كەچی لەو پارانە كردووە، باوكی لە پێش ئێمە بە (هەردی) كوڕی دەگوت: كوڕم دەمەوێ هەر ئەوەندە بزانم كە تۆ ئەو بڕە پارە زۆرەت لە چیدا خەرج كردووە، نە باڵاخانەیەكت كڕیوە، نە ژنێكی ترت هێناوە، كەچی كوڕەكەی توڕە دەبوو دەیگوت ئەگەر لەم وەزعەم دەرناهێنی سووكایەتیشم پێمەكە، وەزعێكە و تێیكەوتوومە، تازە بڕایەوە. ئینجا هەندێ لە پارەكانیان بە فرۆشتنی خانوو و زەوی و دوكان و ئۆتۆمبێلەكان داوەتەوە، هەندێكیشیان كردۆتە قیست و مانگانە بڕە پارەیەكیان بۆ دیاریكردوون و دەیدەنەوە. بارودۆخی مام (رەئوف)ی باوكی (هەردی) زۆر گران و سەخت بوو، ئەو لەو هەموو سامانەی كە هەیبووە تەنیا یەك خانووی ماوەتەوە ئەویش خێزان و منداڵەكانی خۆی و خێزان و منداڵەكانی (هەردی) كوڕی تێدا نیشتەجێ بوونە، كابرا سەیری بەوە دێ ولەوە داخبارە كە كوڕەكەی وەك دەڵێن هێناویەتییە سەر ساجی عەلی و نابووتی كردووە، كەچی پێی ناڵێ چۆن وبە چ تووشی ئەم هەموو قەرز و قۆڵە بووە و ئەوەندە پارەیەی خەڵكی خواردووە، تەنانەت خێزانەكەشی نازانێ چۆن چۆنی مێردەكەی كەوتۆتە ئەم دۆخەوە، ئێمەش كە لێكۆڵینەوەمان لەگەڵیدا كردووە نەمانزانی ئەو پارانەی بۆ وەرگرتووە و لەچیدا خەرجی كردوون؟ ئەوەندە نەبێ دەڵێ زەرەرم كردووە، ئێ باشە كابرا لە چیت زەرەر كردووە؟ وەڵڵا لە بارزگانێتی، باشە بازرگانێتیت بەچی كردووە؟ چ جۆرە بازرگانییەكت كردوە، بۆچی بەپارەی خەڵك بازرگانی دەكەی و بۆ بە راستگۆییەوە بە خاوەن پارەكانت نەدەگوت و بۆ بەراستگۆییەوە بەدادگا ناڵێیت؟ كەچی ئەو هیچ وەڵامێكی راستەقینەی پێ نەبووە و نەگوتووینە، بەراستی كێشەكەی سەیرە، تا ئێستا من نەگەیشتوومەتە هۆیەكی راستەقینە و راستییەكی قەناعەت پێكەر كە ئەم كابرایە، نە بازرگانی كردبێ و نە ژنێكی تری هێنابێ و نە موڵكێك یا شتێكی گەورەی كڕیبێ. بۆیە دادگاش لە كاتی سەیركردنی كێشەكە و وتەكانی گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی ساختەكاری كردووە و قسەكانی جێگەی متمانە نین. هەر لەبەر ئەوەشە لە زۆربەی كێشەكاندا ئەگەرچی پێكهاتنیش كراوە بەڵام دادگا یەكی دوو سێ مانگی لەسەر بەند كردووە، هەر چەندە هەر ئەو كێشەیەی ماوە ئەگەر سوڵحەكە بكەن و پارەی شكایەتكارەكان بدەنەوە رەنگە هیچ كێشەیەكی نەمێنێ و هەر ئەم مانگە ئازاد بكرێت. بەڵام ئەگەر بە خۆشی كۆتایی پێنەیەت ئەوە هەر لە زینداندا دەمێنێتەوە تاوەكو لە دادگای تیابەتمەند چارەنووسی دیاری دەكرێت. ئەوجا یان بە پێ بژاردن یان بە زیندانیكردن ئازاد دەكرێت، پێموابێ باوكی بەتەواوەتی نابووت بووە و پارەی نییە بیداتەوە، ئەم شكایەتكارانە بۆیە داوای مۆڵەتێكی لێكردوون بۆ ئەوەی بزانێ هەوڵبدات لە یەكێكی قەرز بكات. مام (رەئوف) بەرامبەر بەم كوڕی زۆر باش بوو، چونكە لەبەر ئەوەی كوڕەكەی تاقانە بووە و زۆری ناز پێداوە بۆیە كە ژنی بۆ هێناوە، خانووی بۆ كڕیوە و ئۆتۆمبێلی داوەتێ و ژیانێكی باشیشی بۆ دەستەبەر كردووە جگە لەوەی بەخۆشی ئیشی باشی هەبووە، بەڵام ئێستا وەزعەكەی باش نییە، پێش دوو سێ مانگان هەر لەم دادگایە دوان لە خاوەن قەرزەكان یەخەی مام (رەئوف)یان گرتبوو، ببوە دەمەقاڵی و ناخۆشیان و تەنانەت ببووە شەڕیشیان و لە یەكیان دابوو، لەسەر ئەوە مام (رەئوف) هاتبوو شكایەتیانی لێكردبوون و یەك دوو سێ رۆژ بەندكرابوون، تا مام (رەئوف) لێیان خۆش نەبوو بوو، دادوەر ئازادی نەكردبوون. ئیتر بەمجۆرە وازیان لە ململانێ هێنابوو، بەڵام وازیان لە پارەكەیان نەهێنابوو، بۆیە مام (رەئوف)یش بەهەر جۆرێك بووبێ پارەكەی بۆ پەیداكردبوون و وازیان هێنابوو. مام (رەئوف) بەڕاستی باوكێكی جگەرسۆز و دڵ گەورەیە، ئەگەرنا هەر باوكێكی دیكە بێت چ مەجبورە كوڕەكەی ئەم قەرز و قۆڵە لەسەر خۆی بكاتە ماڵ و باوكیشی بیداتەوە بەهۆیەوە نابووت و هەژار بكەوێت و نەشزانێ هۆكاری ئەم هەموو كێشەیەی چی بێت. لێكۆڵەرەوەكە بەردەوام بوو و گوتی: لە یەكێ لە لێكۆڵینەوەكان بە مام (رەئوف)م گوت: باشە تۆ بۆخۆت وا دێنیە سەر سفر و هەموو ماڵ و موڵكی خۆتی بۆ دەفرۆشی، بۆ لێناگەڕێی لە زینداندا بمێنێتەوە. تەمبێ خواردو بكرێت و باجی هەڵەكانی خۆی بداتەوە و بزانێ كە خواردنی پارە و پول خەڵكی و مافی كەسانی دیكە وەها ئاسان نییە، با سزاكەی خۆی وەربگرێت. كەچی مام (رەئوف) بەخەمبارییەوە دەیگوت: كوڕەكەم قسەكەت راستە، بەڵام هەر ئەو تاقە كوڕەم هەیە و جەرگمە، دڵم بەرایی نادات بەمشێوەیە لەم وەزعەیەدا وازی لێبهێنم ئەو هەڵەیەكی كرد و سەد سوێند و و قورئانیشی خواردووە، جارێكی تر ببڕای ببڕ شتی وا دووبارە نەكاتەوە و و بەڵێنی داوە كەوا هەموو ئەو زەرەر و زیانەم بۆ قەرەبوو بكاتەوە، من ئەگەر قەرەبووی بكاتەوە یان نە، كێشە نییە لام، بەڵام پێمخۆش نییە لەم وەزعەی بەجێ بهێڵم و ماڵ و منداڵیشی رەزیل بن و بكەونە دەركان، ئەوەیە هۆیەكە. هەندێ حاڵەت هەیە مرۆڤ ناچار دەبێ پێ لە جەرگی خۆی بنێ و بەرگەی زیانەكانی بگرێ.
Top