ئـەقـڵ لــە دەســـتدانــی دوو Ÿ

ئـەقـڵ لــە دەســـتدانــی دوو Ÿ
\د?دكتۆرەكان گوتیان : تەنیا چارەسەری دیتن و قسەكردنە لەگەڵ(ژینۆ)ی خۆشەویستی، بەڵام براكەم رازی نەبوو گوتی: گەر (هێمن) بشمرێ جارێكی دیكە رێگە نادەم چاوی بە چاوی (ژینۆ) بكەوێ.
(ژینۆ)كچێكی ژیكەڵەی باڵا بەرزی چاولاكاڵ بوو تەمەنی 18 ساڵان دەبوو ،قوتابی شەشەمی ئامادەیی بوو كاتێك دڵی دەچێتە دڵی(هێمن)ی ئامۆزای ئەویش قوتابی دەبێت پەیوەندییەكی خۆشەویستی قووڵ لە نێوانیان دروست دەبێت، بەرنامە بۆ ژیانێكی بەختەوەر دادەڕێژن و رێك دەكەون لە دوای تەواوكردنی خوێندن ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بكەن و بچنە نێو ژیانێكی هاوبەشەوە بەڵام بەداخەوە ئەو بیركردنەوە تەسك و بەسەرچووانەی كە تا ئێستا بەشێك لە كۆمەڵگای كوردی پێوەی دەناڵێنێ زۆر جار دەبێتە هۆی لە دەستدانی ئەم پەیوەندییە، دیارە چیرۆكەكەش هەر بەوەندە كۆتایی نایە زۆرجار رووداو و كارەساتی لێ دەكەوێتەوە.
پاش ئەوەی باوك و برای(ژینۆ) بەم پەیوەندیەی نێوان(هێمن و ژینۆ) دەزانن هەڵسوكەوتیان لەگەڵ(ژینۆ) دەگۆڕێت بەتایبەت براكەی رۆژانە كۆت و بەندی تازە دەخاتە بەردەمی، كە(هێمن) بەو حاڵە دەزانێت لای خانەوادەكەی باسی ئەم پەیوەندییەی خۆیان دەكات و داواشیان لێ دەكات بەزووترین كات بچن بۆی داخوازیكردن،بۆیە شەوێك دایك و باوكی(هێمن) بەرەو ماڵی (ئەحمەدی) مامی بۆ خوازبێنی(ژینۆ) دەچن پاش بەخێرهاتن و چاكو چۆنی و چا خواردنەوە، باوكی(هێمن) داخوازی (ژینۆ) بۆ هێمنی كوڕی دەكات ، باوك و برای (ژینۆ) بە باوكی (هێمن) دەڵێن دەبێ مۆڵەتمان بدەیێ تا رای (ژینۆ) وەربگرین و ئینجا وەڵامتان دەدەینەوە، چەند رۆژێك بەسەر ئەو داواكارییە تێدەپەڕێ (محەمەد) هیچ وەڵامێك لە ماڵی براكەی نابیستێ و لە دڵی خۆشیان دەڵێن خۆخوانەخواستە داواكەشمان رەتناكەنەوە، بۆیە باوكی(هێمن) ئۆقرەی لەبەر دەبڕێ و دووبارە بۆ وەرگرتنی قسەیەك دەچێتەوە ماڵی براكەی، بەڵام وەڵامێكی ناخۆشی لە دەست دەنێن ئەویش بە دڵێكی ساردەوە دەگەڕێتەوە ماڵێ و ئەم هەواڵە ناخۆشەبە(هێمن) رادەگەیەنێ، (هێمن) ئومێد بڕوانابێ بۆ رۆژی دواتر چەندین پیاوی بە ساڵا چوو لە خزم و كەسانی لەگەڵ خۆی دەبات و بۆ جاری سێیەم بەرەو ماڵی مامی دەكەوێتە رێ، بەڵام بەداخەوە دیارە پێش ئەوەی ئەوان بچن براوباوكی (ژینۆ)، كچەكەیان بانگ دەكەن و هەڕەشەی لێ دەكەن كە دەبێت لە نێوان هەموو میوانەكاندا بڵێت من شووبە(هێمن) ناكەم، هەر ئەمەش روویدا لە كاتی خستنەڕووی مەسەلەكە لەلایەن میوانەكان، باوك و براكەی دەڵێن ئێمە ئێستا لەو مەوزوعە دەرچووینە و ئەمە پەیوەندی بە(ژینۆ)وە هەیە ئەو خاوەن بڕیارە،(ژینۆ)ی بەسەزمان و بێ دەسەڵاتیش كە نەدەوێرا وتەیەك لە دەمی بێتە دەرەوە بە چاوی پڕ فرمێسك ناچاردەبێت لە ژێر فشار و چاو لێ سووركردنەوە لە نێو میوانەكان بڵێت من شوو بە (هێمن) ناكەم هێمن وەكو برام وایە، هەر كە (هێمن) گوێی لەم قسانە دەبێت دنیایی لەبەرچاو تاریك دەبێت و مێشكی لەسەرخۆ نامینێ تووشی هێدمەی دەروونی دەبێ، چەندین دكتۆری پێ دەكەن بەڵام سوودی نابێت و رۆژ لە دوای رۆژ باری تەندروستی خراپتر دەبێ، باوكی دەڵێت: رۆژێك لەبەر ئەو لە شار دەرچووم بۆ ئەوەی كەمێك بیگەڕێنم، لە رێگای گەڕانەوەماندا هەستم كرد باری دەروونی زۆر خراپە و لەبەرخۆیەوە پێ دەكەنی و قسەی دەكرد، ئەوەبوو لە ناكاو لە كاتی لێخوڕینم برێكی ئۆتۆمبێلەكەی راكێشا و ئۆتۆمبێلەكەم یەك دووجار لە شوێنی خۆیدا سوڕا، خودا رەحمی كرد وەرنەگەڕا، باوكی (هێمن) بەردەوام بوو و گوتی:
خەڵكی ناوی هەر دكتۆرێكیان بە باشە هێنابا من دەمبرد بۆ لای بەڵام بەداخەوە سوودی نەبوو، كاروكاسبیم بۆ دەرزی و دەرمان كڕین بوو، خواردن و خواردنەوەم لێ حەرام ببوو، ناونیشانی دكتۆرێكم لە دەرەوەی كوردستان وەرگرتوو بە قەرزاری بردم بۆ لای، ئەم دكتۆرە دكتۆری مێشك بوو دوای پشكنین و تیشك گرتن دەركەوت بەهۆی كاریگەری ئەم خەمە مێشكی ئازاری پێكەوتووە، دكتۆرەكان گوتیان: ئێمە دەرزی و دەرمانی بۆ دادەنێین بەڵام تەنیا ئەوە نابێتە هۆی چارەسەركردنی، چارەسەری ئەم نەخۆشیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەم كچەی كە خۆشی ویستووە دەبێت هەرچی نەبێ ئەم كچە پەیوەندی پێوە بكاتەوە چونكە دوا چارەسەرە بۆ نەخۆشییەكەی، دیارە باری تەندروستی(ژینۆ)ش لە هی(هێمن) باشتر نەبوو، ئەویش تووشی نەخۆشی ببوو لەگەڵ ئەوەش ئەو باوكە بێ بەزەییەی نەی برد بۆ لای دكتۆریش، باوكی(هێمن) دەڵێت: ناچار بووم لەگەڵ برا گەورەكەم سەردانی ماڵی ئەم برایە بكەم و باسی نەخۆشییەكەی (هێمن) ی بۆ بكەم و پێ رابگەینم كە چارەسەر لە دەستی خودایە ئینجا لە دەست(ژینۆ)، كەوتمە تكا و پاڕانەوە لێی بۆ ئەوەی رێگە بە(ژینۆ) بدات كە قسە لەگەڵ (هێمن) بكات، بەڵام ئەو زۆر بە تووڕەیی وەڵامی دامەوە و پێی گوتم: من بە هیچ جۆرێ رێگە نادەم(ژینۆ) جارێكی دیكە چاوی بە چاوی (هێمن) بكەوێت، برا گەورەكەم قسەی لەگەڵدا كردوو، ئەویش گوتی: لەگەڵ خۆتی بەرە بەڵام بە مەرجێ جارێكی دیكە چاو بە چاوی نەكەوێتەوە من وای دادەنێم كە ڕەدووكەوتووە، بەوەش نەوەستا و لەبەرچاوی ئێمە هێرشی كردە سەر (ژینۆ) و زۆری لێدا، ئەگەر ئێمە نەمانگرتبا دوورنەبوو بشی كوژیت، بۆیە برا گەورەكەم لەگەڵ خۆی بردی بۆ ماڵی خۆیان و لەوێش بردی بۆ لای دكتۆر و دوای كەمێك باشتربوون پەیوەندی بە (هێمن) ەوە كرد ، ئەوەبوو دوای ئەو دیتنە باری دەروونی(هێمن) كەمێك بەرەو باشتر چوو .
بۆچی ئەوان هەڵسووكەوتیان لەگەڵتان بەمجۆرە بوو، خۆ زۆرجار ئامۆزا بە زەبر و لوولەی دەمانچە دەبێ شوو بە ئامۆزاكەی بكات لەگەڵ ئەوەش ئەگەر دڵی بۆی نەچێتیش، دەڵێن نابێ كچەكەمان بۆ خەڵك بێ دەبێ هەر شوو بە ئامۆزاكەی بكات كەچی ئەمجارە مەسەلەكە پێچەوانە بۆوە؟
- بەڕای من هەر كە كچ و كوڕ یەكتریان بە دڵ بوو ئەگەر خزم بوون یان بێگانە نابێ هیچ بەر بەستێكیان لەبەردەم دروست بكرێت بەڵام بەداخەوە هێشتا ئافرەتی ئێمە پابەندی چەندین گرفت كۆت و بەندو پاشماوەی ئەو رێباز و نەریتە كۆمەڵایەتییە كۆن و دواكەوتووانەن كە وای لێ كردوون دووربن لە كاركردن و ،سەربەستی و بەدی هێنانی ئازادی و كەسایەتی خۆیان.
Top