ئاشكرابوونی ساختەكارییەكانیر&

ئاشكرابوونی ساختەكارییەكانیر&
تەسلیم كردنی بڕە پارەی
زەوی و خانووەكان
ئێوارەبوو كە (هێرش) چووە نووسینگەیەك كە (مەجید) گوتبووی نووسینگەی خۆمە، هەموو لەوێ دانیشتبوون، كابرای خاوەن نووسینگە كە ناوی (فەرحان) بوو، دەفتەری گرێبەستەكانی ئامادە كردبوو، هەتا (هێرش) چوو بوو، لەسەر قسەی (مەجید) هەندێ زانیاری بنەڕەتی تێدا پڕكردبۆوە كە لەو قەواڵەیەدا (سەندنی زەوییەكە) هەبوو كە نیشانی ئەوی دابوو، (هێرش) گەیشت و سڵاوی لێكردن، دوای چەند خولەكێك باسەكە هاتە گۆڕێ و (فەرحان) ی خاوەن نووسینگە لەسەر بنەمای پێكهاتنی هەردوولا لەسەر كڕین و فرۆشتنی پارچە زەوییەكە، گرێبەستەكەی بۆ پڕكردنەوە و هەردوولا مۆریان كرد و (هێرش) پارەی زەوییەكەی كە كردبوویە دەفتەرێك و نیو، بە كاشی دایە دەست (مەجید) و (فەرحان)یش وەك ئەوەی كە (مەجید) پێی گوتبوو هیچ دەنگی نەكرد كە دوای ئەوەی بڕە پارەی خۆی لە فرۆشتنی زەوییەكە وەردەگرێ، گوایە وا رێككەوتوونە كە پارەی دەڵاڵی هەردوولا (مەجید) بەخۆی بیدات. ئینجا قەواڵەكە و بریكارنامەكە درایە (فەرحان) بۆ ئەوەی دواتر بیداتە پارێزەرەكەیان تا بەناویان بكات.
ئەمە ئیشی دووەمی (مەجید) بوو، پاش دوو سێ رۆژی تر، هەمدیسان قەواڵەی زەوییەكی دیكەی هێناو لەسەر نەخشەكەی سەر دیواری نووسینگەكە بۆ (فەرحان)ی روون كردەوە و بە قەڵەمێكی سوور هێڵێكی لەپێ كێشا، دوای دوو رۆژ ئەو زەوییەش فرۆشرایە كەسێكی تر و لەوێش دوو دەفتەر دۆلاری سەند، بە كورتی دوای تەنیا هەفتەیەك دوو خانووی تری بەمشێوەیە فرۆشت، ئیتر (مەجید) چیتر سەری نەكرد بە نووسینگەكەی (فەرحان) و پێی لە نووسینگەی بڕی.
دوو هەفتەی پێچوو (هێرش) تەلەفۆنی كردەوە بۆ (فەرحان) و پرسیاری درەنگ كەوتنی بەناوكردنی زەوییەكەی لێكرد، ئەویش ژمارەی مۆبایلەكەی پارێزەرەكەی دایە كە بە خۆی قسەی لەگەڵ بكات باشترە و ئەو زانیاری زیاتری لایە، تا بتوانێ مامەڵەكە گەیشتۆتە كوێ (هێرش) تەلەفۆنی بۆ پارێزەرەكەی كرد و ئەویش پێی گوت دوای دوو رۆژی تر دەست دەكات بە رایی كردنی كارەكانی (مەجید) چونكە، دوو سێ مامەڵەی تریشی هی ئەو لایە، هەموویان پێكەوە رادەپەڕێنێ. هێرش تەنگەتاو بوو، چونكە پارەیەكی زۆری بە پارچە زەوییەك داوە، كەچی هیچیشی دیار نییە. نیگەران بوو، بەڵام هەرچۆنێك بێت دانی بەخۆیدا گرت و ئەو یەك دوو رۆژەش چاوەڕێی كرد.
روون بوونەوەی كێشەكە
هەفتەیەكی پێچوو، چ دەنگوباسێك نەبوو، تا ئێوارەیەك پارێزەرەكە تەلەفۆنی بۆ كرد و پێی گوت كە بەیانی دوای نیوەڕۆ بێتە نووسینگە كارێكی گرنگی پێیە. ئەوەبوو رۆژی دواتر چووە نووسینگەی (فەرحان) بێنی، چوار پێنج كەسی تریشی لێی دانیشتووە، دوای چەند خولەكێك (فەرحان) داوای لە پارێزەرەكە كرد كە كێشەكەیان بۆ روون بكاتەوە، ئەویش بەمشێوەیە باسی كێشەكەی بۆ كردن و گوتی: من چوار پێنج بریكارنامەی (مەجید)م لەكاك (فەرحان)ەوە وەرگرت كە زەوی و خانووی (مەجید) بەناوی كڕیارەكان بكەم، بەڵام دوای ئەوەی دەستم كرد بە جێبەجێكردنی مامەڵەكان بینیم هیچ موڵكێك لەو موڵكانەی كە فرۆشتوونی بەناوی ئەوەوە نەماون و هی كەسانی ترن. منیش ئاگاداری كاك (فەرحان)م كردەوە كە بەڵكو ئاگاداری (مەجید) بكاتەوە، چونكە من كە مەسەلەكەم زانی هەوڵمدا پەیوەندی پێوە بكەم، بەڵام تەلەفۆنەكەی داخرابوو. ئەویش هەوڵی دا بەهەر جۆرێك بێت بیدۆزێتەوە، بەڵام بێسوود بوو، وا دیارە خۆی ون كردووە و هەوڵێكی زۆری داوە تا ماڵەوەیانی ناسی و قسەی لەگەڵ باوكەكەی كرد. بەڵام ئەویش بێ ئاگایی خۆی لەم مەسەلەیە نیشاندا. بە كورتی (مەجید) فێڵی لە ئێوە كردووە، هیچ یەكێك لەو موڵكانەی ئێوە لێتان كڕیوە بەناوی خۆی نەماونەتەوە و فرۆشتوونی. پێشتر كڕین و فرۆشتنی پێكردوونە. ئەو جارەش كە بە ئێوەی فرۆشتوونەتەوە خاوەنی راستەقینەكانیان كە هەمووی كەمتر لەمانگێكە كڕیویانە ئاگایان لەم بەزمەی (مەجید) نییە، دوای ئەو قسانە مشتومڕ كەوتە نێوان (فەرحان) و كڕیارەكان و دەمەقاڵەیەكی توندیان لە نێواندا دروستبوو، تا وەكو پارێزەرەكە بەوە هێمنی كردنەوە كە ئەو ئاگای لە مەسەلەكە نییە و ئامادەیە پارەی دەڵاڵییەكەیان بداتەوە و لە دادگاش شایەتیان بۆ بدات كە (مەجید) ساختەكاری كردووە و فێڵی لەخۆی و لەوانی تریش كردووە. بەمە كێشەی نێوان (فەرحان) و كڕیارەكان بڕایەوە و مەسەلەكە بە سەلامەتی كۆتایی پێهات.
بردنی كێشەكە بۆ دادگا
(هێرش) و ئەوانی تر، رێگە چارەیەكیان لە پێشدا نەما ئەوە نەبێ، پەنا بۆ دادگا بەرن، بەڵام كێشەكە ئەوە بوو (مەجید) خۆی ون كردووە و ئەوانیش نایدۆزنەوە. هەموویان رێككەوتن كە لێی خۆش نەبن تا وەكو لە بەندیخانە توندی دەكەن و پارەكانی خۆیان لێوەردەگرنەوە. بەمشێوەیە سكاڵایان لە دژی تۆمار كرد و بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەركرا. ماوەیەك بەدوای داچوون و چاودێری ماڵەكەیان كرد، بێ ئەنجام بوو. وەها خۆی ون كردبوو نەبیندرێتەوە. كێشەكە دوو هەفتەی بەسەر داچوو، ناوە ناوە ئێواران دەچوونە نووسینگەی (فەرحان) بەڵكو ئەگەر بە رێكەوت بێ یا بەهەڵە (مەجید) لەوێ ببینن و دەستگیری بكەن. ئەوان بیریان بۆ ئەوە دەچوو كە رەنگە پاسەپۆرت پەیدا بكات و لە رێگەی فڕۆكەخانە خۆی دەربازبكات، بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتەشی بێبەش كەن داوایەكیان دایە دادگا بەڵكو ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی فڕۆكەخانەش بكرێتەوە نەبادا لەو رێگەیەوە دەرباز بێت. ئەوەبوو دوای هەفتەیەك (مەجید) بە دەستگیركراوی هێنرایە دادگای لێكۆڵینەوە و بنكەی پۆلیسیش ئاگاداری (هێرش) و دادخوازەكانی تریان كردەوە كە (مەجید) دەستگیر كراوە، (هێرش) و كڕیارەكانی تر دڵیان خۆش بوو كە گوایە پارەكانیان وەردەگرنەوە و تازە ئەوە دەستگیركراوە. كە رووبەڕووی بوونەوە دادخوازەكان (هێرش) و ئەوانیتر دووپاتیان كردەوە كە هەوە، دوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی (مەجید) زۆری خۆ هێناوبرد نكۆڵی كرد. پاشان كڕیارەكان لەنێو خۆیاندا رێككەوتن ئەگەر نكۆڵی نەكات و پارەكانیان بۆ بگەڕێنێتەوە ئەوا هەموویان لێی خۆش دەبن. پتر لە هەشت نۆ رۆژێك لە بەندیخانە مایەوە، ئینجا وردە وردە خەریك بوو ورەی بەردەدا و وایلێهات بە دڵ حەزی دەكرد كێشەكەی لەكۆڵ بێتەوە. هەواڵی بۆ كڕیارەكان نارد كە لە بەندیخانە سەری بدەن بۆ ئەوەی گفتوگۆیان لەگەڵدا بكات. ئەوانیش لە رۆژی سەرداندا چوونە لای و پێیانی گوت: ئەگەر ئێوە بەڕاستی لێم خۆش بن و بڵێن ئێمە مامەڵەی كڕین و فرۆشتنمان لەنێواندا هەبووە، ئەوە ئامادەم بە هەر قیمەتێك بێت پارەكانتان بۆ بگەڕێنمەوە. هەرچەندە من ساختەچی نیم و لە مامەڵەكردندا زەرەرم كردووە. كڕیارەكان مەرجی ئەوەیان بۆی دانا یەكەمجار دەبێت پارەكانیان بداتەوە ئینجا لەپێش دادگا لێی خۆش دەبن. دوای دوو سێ رۆژ هەر كڕیارە و دوو لەسەر سێی پارەكانیان بۆ گەڕاندرایەوە ئەویدیشی لای خۆی هێشتەوە. تاوەكو لە پێش دادگا لێخۆشبوونەكە دەردەبڕن. كڕیارەكان چاریان نەما و لە رۆژی دادگایی كردندا هەموویان لە ماف و داواكەی خۆیان خۆش بوون و بەمجۆرە دادگا بڕیاری ئازادكردنی دا و ئەوانیش دوای یەك دوو رۆژ ئەو بڕە پارەیەی كە مابوویانەوە لێیان وەرگرتەوە، (مەجید) پێش ئەوەی بگیرێت لە ماوەی كەمتر لە دوو هەفتەدا بە پارەكەی ئەوان هەندێ مامەڵە و كڕین وفرۆشتنی زەوی و خانووی كردبوو، قازانجێكی چاكی لەو مامەڵانە كردبوو، بۆیە كە پارەكانی دانەوە هیچی زەرەر نەكردبوو، بەوەش باش بوو هیچی لەپارەكان خەرج نەكردبوو، بۆیە نە كڕیارەكان پارەكانیان لە قیس چوو، نە ئەویش هیچی زەرەر كرد. بەڵام ئەوەی كە چاوی (مەجید)ی ترساند زوو كێشەكە لە كۆڵ خۆی بكاتەوە و تەمبێ بێ، نوشتنی تاڵاوی بەندی و بەندیخانە بوو..
Top