(سوزی)، بـــەهـۆی كــارەبــا گـ
June 1, 2010
کۆمەڵایەتی
(سەرباز) دەمێك ساڵ بوو نەچووبووە ماڵی(فەهمی) كوڕە خەزووری، ئەو رۆژە سەردانی ماڵێكی ناسیاوی خۆیانی دەكرد و بۆ پرسە و سەرەخۆشی چوو بووە سەردانیان ئیتر دوای پرسەو سەرەخۆشی لێكردن و نیوكاتژمێرێك دانیشتن و ئەمجا داوای عوزر خواسەی لێكردن و هەستا رۆیشت، كە هاتە دەرەوە لەسەری كۆڵانەكە پێچی كردەوەو شتێكی بەمێشكی داهات و دڵی نەرم بوو كە بچێ سەردانی ماڵی(فەهمی) یش بكات و بەڵكو ئەو ساردییەی لە نێوانیاندایە نەمێنێ، لە كۆڵانی دووەم پێچی كردەوەو رێك بەرەو ماڵی (فەهمی) گەیشتە بەر دەرگاكە و ویستی لە دەرگاكە سەیر بكات، بەڵام نەیزانی چی بوو، هەستی بە دڵتەنگییەكی سەیر كرد، شتێك وەك گرێ لەسەر دڵی دروست بوو،وەك ئەوەی بڵێی مەچۆرە ئەم ماڵە، دەمێك وەستا و خەریكی لێكدانەوەی هەڵوێستی چوونوو نەچوونەكەی بوو، تۆزێك هەناسەی سواربوو، تاریكاییەكی كورتخایەن بەری چاوی گرت، بەڵام هەر زوو بەری دا، نەیزانی وای بەسەرهات، دەتگوت دەنگێك لە ناخییەوە هاواری دەكرد و بە كزی پێی دەگوت: (سەرباز)تۆ ئەوەندە ساڵە چاوت بە ماڵی(فەهمی)نەكەوتووە، ئێستا بێ پێشەكی و لە ختو خۆڕایی، بێ بۆنە و هۆیەك، خۆت بە ماڵی دا دەكەیت، چییە، چیت بەسەر هاتووە؟
نەكەی بڕۆیە ئەم ماڵە، ئاخیرییەكەی شتێك هەر روودەدات، مەچۆرە ژوورەوە، باش نییە، تاوێك لە بەردەگا راوەستا نەیزانی چەند بوو، چەند خولەك، چەند سات بوو، نەیزانی وردە وردە هاتەوە سەرەخۆو هێمن بۆوە و بەخۆی گوت: پەككو ئەو دڵ گوشرانە چی بوو، دەتگوت گرێییەك لەسەر دڵم دروست بوو...هەندێ ناوی خودای هێناو لە دەرگاكەی دا، ئەوەندە پێنەچوو(سوزی)كە تازە هەراش دەبوو، دەرگاكەی كردەوە كە دیتی(سەرباز)ی مێردی خوشكیەتی، هاواری لێهەڵسا و خۆی بە باوەشی داكرد و (هێی هێی كاكە سەربازە......) سەرباز كە(سوزی) زۆر خۆشدەویست بەتایبەتی كە ئەمساڵ لە پۆلی شەشەمی سەرەتاییەوە بە یەكەم دەرچووبوو، (سوزی) بە ئامێزگرت و تێر ماچی كرد.
(سەرباز) لەبەر چەند شتێك(سوزی) زۆر خۆشدەویست یەكێكیان ئەوەبوو كە كچە بێ باوك بوو، كە باوكی كۆچی دوایی كرد ئەو تەمەنی هەر شەش ساڵێك دەبوو، لە قوتای زیرەك و زرنگ بوو، خۆشی هەتا بڵێی كچێكی گوێڕایەڵ و هێمن و عاقڵ بوو، وای هەست دەكرد كچێكی خۆیەتی.. (سەرباز) كە تێر( سوزی) ماچ كرد، لە باوەشی كرد و چووە ئەو ژوورەی كە(فەهمی) لێبوو(فەهمی) تازە لە دەوامی فەرمانگەی هاتبۆوە، كە چاوی بە(سەرباز) كەوت هاتە ژوورەوە، لەبەری هەستا و بە گەرمی بەخێرهاتنی كردو و ئەملا و ئەولای یەكتریان ماچ كرد، دەبێ ئەوەش بڵێم كە بێجگە لە(سوزی)(سەباح)یش كە لە (سوزی) بە ساڵێك بچووكتر بوو، هەردووكیان پاشە بەرەبوون، لە ماڵی (فەهمی) برا گەورەیان بوون(سەرباز) ئامێزی لە (سەباح)یش ناو یەك دوو ماچی لەملا و ئەولای ئەویش كرد و دەستی لە گیرفانی نا ئەو خوردەیەی لە گیرفانی بوو دەریهێناو دای بەوان و پێی گوتن: دەبڕۆن بۆ خۆتان بڕۆنە دووكان و شت بكڕن و وەرنەوە، بەڵام هەردووكیان گوتیان ئێستا نیوەڕۆیەو دنیا زۆر گەرمە دوكانەكە داخراوە، پاشنیوەڕۆ دەچین بۆ خۆمان شت دەكڕین..(سەرباز) تاوێك دانیشت و خێزانی(فەهمی) پەرداخێك ئاوی ساردی بۆ هێناو خواردییەوە لەگەڵ( فەهمی) هەندێك قسەیان كردوو، بەڵام ژوورەكە زۆڕ گەرم بوون لەبەر گەرما و ئارەق سڕینەوە كەڵكی دانیشتن نەبوو، زۆری پێ سەیرهات لەو گەرمایە بە تینەدا ئامێری فێنككەرەوەكە كوژاوەتەوە بۆیە(فەهمی) پرسی: ئەرێ ئەوە بۆ فێنككەرەوەكە پێناكەن (فەهمی)یش گوتی: وەڵلا نازانم بۆ ئیش ناكات، وا بزانم شۆرتێكی كارەبایی تێدایە، ئێمەش لەبەر ئەو شۆرتە كوژاندوومانەتەوە كوا دەرنافیسێك و پلایسێكم بدەنێ من چاكی دەكەمەوە، خێزانەكەی(فەهمی) چووە ژوورەكەی تر و هەردووكیانی بۆ هێنا، لێوەرگرت و چووە دەرەوە و خۆی بە چاككردنەوەی فێنكەرەوە كە خەریك كرد و (سوزی و سەباح)یش دەستیان لەسەر ئامێرەكە دانابوو كە ئەو وایەرێكی دەقرتاند و لەگەڵ یەكێكی دی دەیبەستەوە، ئینجا دەستێكی بە پەروانەكەدا هێنا و بە توندی سوڕاندی لەگەڵ سوڕاندنی پەروانەكە كارەبا هاتە ناو ئامێرەكە و دەموودەست(سەرباز)ی مەترێك زیاتر فڕێدا... بەڵام(سوزی و سەباح) هەروا بە فێنككەرەوەكەوە نووسابوون و(سەباح) زەیڕەی دەكرد و نەشیدەتوانی خۆی لە فێنككەرەوەكە رزگاربكات،(سەرباز) دوای ئەوەی كارەبایەكە تێهەڵدا، راست بۆوە و پاڵێكی بەهێزی بە (سەباح و سوزی) یە وەنا و لە فێنككەرەوەكەی كردنەوە ئینجا هەردووكیان كەوتنە سەر زەوییەكە و لە پەل و پۆو لە گۆكەوتن(سەرباز) هاواری لێهەڵسا و بانگی(فەهمی) كرد، ئەم رووداوە هەمووی نیو خولەكی پێچوو،كە(فەهمی) گوێی لە هاواری(سەرباز) بوو، بە هەڵەداوان خۆی گەیاندە حەوشەكە، ئەو شوێنەی فێنككەرەوەكەی لێبوو بینی(سەرباز) لەلایەك و(سەباح و سوزی)یش لە سوچێكی حەوشەكە، رەنگ زەرد و رەنگ پەڕیو كەوتوونەتە سەر زەوییەكە ، یەك بەخۆی هاواری لێهەڵسا و بانگی خێزانەكەی كر(سەرباز)یان هەڵساندەوە كە هاتەوە سەرەوە خۆ، یەكسەر هاواری لێهەڵساو پێی گوتن بگەنە(سەباح و سوزی) واز لەمن بێنن...
لەگەڵ قسەكەی بە خۆشی هەستایەوە سەرپێ، پێكرا هەردوو منداڵەكەیان گەیاندە ناو ئۆتۆمبێلەكەی(فەهمی) و بە پەلە لێیخوڕی بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتن(سەباح) هۆشی لەسەر خۆی بوو، ناوە ناوە دەیزریكاند، بەڵام(سوزی) بێهۆش و بە حاڵ هەناسەی دەدا، هەر كە گەیشتنە نەخۆشخانە،فەهمی(سوزی) لە باوەش كرد و هاواری دكتۆری كرد، لەسەر قەرەوێڵەیەك داینا و گوتی: كارەبا لێی داون، (سەرباز)یش هەروا(سەباح) لە باوەش كرد و لەسەر قەڕەوێڵەیەكی دانا، یەك دوو دكتۆر لەسەری كۆبوونەوە و ئامێری ئۆكسجینیان خستە سەردەمی و ئاویان خستە سەری و دەرزیان لێیدان ئەو حاڵی تا رادەیەك باش بوو، بەڵام (سوزی) چۆن بێهۆش بوو هەروا مابۆوە، دكتۆرەكان زۆریان لەگەڵ هەوڵدا، بەڵام هێندەی نەبرد، ئەو بڕە هەناسەیەی مابوو ئەویشی بڕا، دوای هەوڵێكی زۆری پزیشكەكان، ئاخیرییەكەی وازیان لێهێنا و چەر چەفێكیان بەسەر سەری دادا و بەجێیان هێشت، كە(فەهمی) و(سەرباز) دیتیان دكتۆرەكان وازیان لێهێنا زانیان چ كارەساتێك قەوماوە،(فەهمی) خۆی بۆ نەگیرا، تاوی دایە(سەرباز) و بە مشتە كۆڵەو شولاق و هەرچی لە دەستی هات و لە توانایدا بوو پێیدادا و لێیدا، بەڵام(سەرباز) لەسەری خۆی دەدا و هیچی نەدەگوت(فەهمی) ئەوەندەی لێدا وەك ئەوەی بڵێی هەر ئاگاشی لێنەبوو، هیچ شتێكی بەرامبەر بە(فەهمی) نەگوت تاوەكو پۆلیسی نەخۆشخانە هاتن و (فەهمی)یان بردە دەرەوە و دەستیان بە لێكۆڵینەوەكرد بۆ ئەم مەبەستە(سەرباز)یان لای خۆیان گلدایەوە، دۆسییەیان رێكخست و لێژنەیەكی پزیشكی هاتنە سەر(سوزی) بۆ زانینی هۆی راستەقینەی مردنەكەی.
دەركەوتنی راستیو پەشیمان بونەوەی (فەهمی) لە رەفتارەكانی
(سەرباز) وەكو منداڵێك كە تازە دایك یا باوكی مردبێ لەو ژوورەی كە پۆلیسەكان دایانابوو و گلیاندابۆوە، دەگریا و دەنووزایەوە، دوای ئەوەی دایكی(سوزی) و خۆشكەكانی تری هاتنە نەخۆشانە و بووە زیڕاندن و لە خۆدان و گریان و باوكەرۆ(سەرباز) هێندەی دیكە بە كۆڵ دەگریا و هاواری دەكرد وەرن بمكوژن من بوومە مردنی ئەو منداڵە بەستەزمانە، دیمەنێكی جەرگبڕ و دڵتەزین بووكاتێك ئەوانەت دەدیت وا شیما و گریان دەكەن(سەرباز) ساڵانێك بوو پێی لە ماڵی (فەهمی) بڕی بوو، دوای ئەو ماوە دوور و درێژە كە بۆ ئەوێش چوو، ئەو كارەساتە خوڵقا، خۆی بە هۆكار دەزانی، لەولاشەوە دایكی(سوزی) دەبینی كە هەمووی ماوەیەك بوو بێوەژن بوو، هێشتا لەسەرینی مردنی مێردەكەیەوە جلی رەش دانەكەناندبوو، ئەوە ئەو جارەش بە مردنی جگەر گۆشەیەكی دووبارە جەرگی سووتایەوە، ئەوانە هەمووی هورژمێكی بەهێزی بۆ سەر و دڵی دەهێنا و وەكو دەڵێن هۆڕ هۆڕ پێی دەگریا، پاش یەك دوو كاتژمێر(سەرباز)یان لە ژووەركە هێنایە دەرەوە و ئەفسەرەكە پێی گوت: چەند پزیشكێك منداڵەكەیان پشكنیوە و دەڵێن كە منداڵەكە بە كارەباكە نەمردووە بەڵكو بەخۆی پێشتر رۆماتیزمی دڵی هەبووەو بەو هۆیەوە مردووە، كەسوكاری(سوزی)یشیان بانگ كرد و هەمان شتیان پێگوتن، بەمە تۆزێك لە رق و كینە و غەزەبیان لە بەرامبەر (سەرباز) كەمبۆوە، دوای بردنەوەی تەرمەكەی و بەسەر چوونی ماوەیەكیش بەسەر ئەم كارەساتە، ئێستاشی لەگەڵ دابێ (سەرباز) هەر خۆی بەسەبەبكار دەزانێ و ئازاری ئەو رووداوە دەكێشێ و هەموو جارێك دەڵێ: ئەگەر من نەچووبامایەماڵی(فەهمی) و دەستم لە كارەبای ئامێرەكە نەدابایە ئەو رووداوە بۆ روویدەدا ، یا منداڵەكەش نەخۆشبایە، كێ دەڵێ لە نەخۆشییەكەی چاك نەدەبۆوە.....