دڵسۆزنەبوون بۆ ژیانی هاوسەرێتی

دڵسۆزنەبوون بۆ ژیانی هاوسەرێتی
(نازم) ئێوارەكەی پێش ئەوەی بڕیاری یەكجارەكی خۆی لە بارەی دوا رۆژی ژیانی هاوسەرێتی خۆی و (هاژە) ی ژنی بدات، ژوانێكی هەبوو لەگەڵ (ئاسۆ)ی پارێزەر و هاوڕێی، ژوانەكەیان لە كافتریایەكی شار بوو، لە كاتی دیاریكراودا (ئاسۆ) گەیشت و دەستیان بە گفتوگۆ لە بارەی كێشەكەوە كرد و یەكەم پرسیاری سەرەكی(ئاسۆ) ئەوەبوو كە بۆچی دەیەوێ لە ژنەكەی جیابێتەوە و تەڵاقی بدات، (نازم) بەر لەوەی وەڵامی (ئاسۆ) بداتەوە داوای دوو چای كرد و پاكێتی جگەرەكەشی دەرهێنا و جگەرەیەكی داگیرساند و دوو سێ قومی بە قوڵی لێدا و ئەوجا بەمشێوەیە وەڵامی هاوڕێ پارێزەرەكەی دایەوە و گوتی:
خۆت دەزانی نزیكەی ساڵێكە من لەگەڵ(هاژە) ژیانی هاوسەرێتیم پێكهێناوە، كاكە هەر لە مانگی یەكەم و دووەمەوە من لێیكەوتمە گومان، ئاخر گومانەكەشم بە خۆڕایی نەبوو، هەر لەسەرەتاوە مۆبایلەكەی ئەو تۆوی گومانەی لا چاندم، من قەت پێمخۆش نەبووە چاودێری تەلەفۆنەكانی بكەم، بەڵام هەڵسوكەوتەكانی گومانی خستە دڵمەوە، هەموو جارێ نامەی بۆ دەهات، نامەكان باسی خۆشەویستی و عەشق و ئەڤین بوون، یان تەلەفۆنی بۆ دەهات و ئەویش دەیگوت ئەوە(گەلاوێژ)ی هاوڕێمە یان(ئەڤین)ە یا فڵانەكەس، ئینجا دەچووە دەرەوە لە حەوشەكە دادەنیشت و قسەی دەكرد، دیارە ژمارەكانیشی بەناوی كچەوە تۆماركردبوو، رۆژێك مۆبایلەكەی لە ژوورەوە دانابوو، خۆشی چووبووە مەتبەخەكە، مۆبایلەكەی كردبووە بێدەنگ و تەنها گڵۆپەكەی پێدەبوو منیش هەڵمگرت و بێئەوەی قسە بكەم، دەنگێك كەهی پیاوێك بوو قسەی كرد، لەمەوە زانیم كە پیاوێكە كە قسەم نەكرد هەر زوو دایخستەوە كە سەیری ژمارەكەیم كرد دەبینم بەناوی(ئەڤینە وە تۆماركراوە، ئیتر منیش لای(هاژە) باسم نەكرد، چاودێرییەكی بەردەوام و نهێنیم لەسەر دانا، ئەو رۆژە قسەم نەكرد، شەو كە چووینە سەر جێگە ئەو رۆژە زۆر ماندووبووم هەر زوو خەوم لێكەوت، دەوری كاتژمێر(2)ی دوای نیوە شەوبوو، كە لەبەر تینوێتی بە ئاگا هاتم و دەبینم(هاژە) لەسەر جێگاكەی نەماوە، گوێم هەڵخست و چاوەڕێم كرد هیچم نەبیست، بە ئەسپایی دەرگام كردەوە و چوومە دەرەوە دەبینم بە چرپە لەبن هەیوانەكە دانیشتووە و مۆبایل بە گوێیەوەیە قسە لەگەڵ كەسێك دەكات، چەندی هەستم راگرت نەمزانی چی دەڵێ، گوتم ئەوە لەگەڵ كێ قسە دەكەی بەم شەوە، هەر كە ئەو پرسیارەم لێكرد یەكسەر راچەنی و مۆبایلەكەی لە دەست بەربۆوە و ئەوەی قسەشی لەگەڵ دەكرد گوێی لە دەنگی من و بەڕوونەوەی مۆبایلەكە ببوو بۆیە هەر زوو دایخستبوو.
ئیتر دەبینم هەمان ژمارەیەكە بەناوی(ئەڤین)وە تۆماری كردبوو، بەمشەوە بووە مشتومڕ و دەنگە دەنگمان، ئیتر مۆبایلم لێساند و سیم كارتەكەیم لێوەرگرت.
تا نزیكەی هەفتەیەك بەمشێوەیە رۆیی، كەچی دووبارە دەبینم بێ ئەوەی بە منیش بڵێ سیم كارتێكی تری كڕیووەتەوە، چەند جارێك هەمان مشتومڕ و ناكۆكی پەیدابۆوە.
دواجار بڕیارمدا بچێتەوە ماڵی باوكی، دوو رۆژ پاشتر باوكی بانگی كردین و لە هۆی كێشەكەمانی پرسی، منیش رێك و رەوان كێشەكەم بۆی باس كرد، ئەویش گوتی تۆ بڕۆوە من خۆم دەزانم چۆن چارەی دەكەم، پاش چەند رۆژێكی تر باوكی لە دوای ناردم منیش چوومەوە لای و گوتی: كوڕم دەزانم كچەكەم هەڵەی كردووە، كە بە تۆی نەگووتووە لەگەڵ كێش قسەی كردووە، بەڵام سوێندی بۆ خواردووم كە ئەو لەگەڵ ژنێكی ناسیاوی خۆمان قسەی كردووە و ئەو ژنە كێشەی لەگەڵ مێردەكەی هەبووە بۆ ئەوەی (هاژە) ناوبژیوانیان لەگەڵ بكات، من بەم قسەیەی باوكی زۆر سەرم سوڕما، گوتم یا ئەوەتا باوكی بۆی پەردە پۆش دەكات یانیش ساویلكەیە و بە قسەی كچەكەی خۆشباوەڕانە باوەڕی هاتووە، بەهەر حاڵ پاش مشتوموڕێكی زۆر و بە چەند شەرت و شروتەوە بردمەوە، بەڵام لە ماڵەوە هیچ خۆم تێنەدەگەیاند، سێ چوار هەفتە خستبوومە ژێر چاودێری خۆم ئەویش چاك دەیزانی كە چاودێری دەكەم بۆیە بە وریاییەوە هەڵسوكەوتی دەكرد شتێكی وای نەدەكرد كە گومانی لێبكەم، بۆیە ماوەیەك وام نیشاندا كەوا چاودێریم زۆر لەسەری كەم كردۆتەوە.
ئیتر دوای ماوەیەك دەستی بە بەزمەكە كردەوە و وەكو دەڵێن خووەكەی دەست پێكردەوە، لەبەر ئەوە منیش ناچاربووم لەگەڵ باوكم و دایكم باسی ئەو كێشەیە بكەم و بە یەكجارەكی بیبڕێنمەوە، باوكم لەگەڵ ئەوە نەبوو تەڵاقی بدەم یان ژنێكی تری بەسەر بێنم، كێشەكەش ئەوەبوو ژنە لە هیچی كەم نییە و كەچی ئۆقرە ناگرێ و رێز لەو ماڵە ناگرێ كە تیایدایە و بە ماڵی هاوسەرێتی دادەنرێت، ئەو هەر لەسەر ئەم رەفتارانە بەردەوام بوو، هەوڵی زۆرم لەگەڵیدا و بزانم كێشەكانی چییە و بۆ وادەكات لەگەڵ ئەوەی من كە مێردیم كەچی قسە لەگەڵ پیاوی دیكە دەكات، بەڵام ئەو سووربوو لەسەر ناڕاستی و درۆكردن، بەم بۆنەوە دووجاری تر رەوانەی ماڵی باوكی كردەوە، نەخۆی چاك بوو نە باوك و دایكشی چاكیان كرد، بە كورتی بە مۆبایل لەگەڵ پیاوی دیكە قسەی دەكرد و لەگەڵ ئەوەش كە بەسەر قسە كردنەوە دەمگرت نكوڵی لێدەكرد و هەوڵی دەدا قەرزاریشم بكاتەوە.
لەبەر ئەوە دواجار بڕیارمدا كە من و ئەو ژنە لە یەك جیابینەوە زۆر باشترە لەوەی بەو هەموو گومان و راراییە ژیانی لەگەڵدا ببەمەسەر.
یەكلایی كردنەوەی كێشەكە لە
دادگا
دوای ئەوەی(نازم) بەدرێژی هۆی كێشەكەی لەگەڵ (هاژە) بۆ(ئاسۆ)ی هاوڕێی باس كرد، ئینجا داوای لێكرد كە باشترین رێوشوێنی بۆ دیاری بكات بۆ ئەوەی دەستبەرداری یەكتر بن، ئەویش هەندێ رێنمایی كرد و گوتی: پێم باشە كێشەكە زۆر لە قەبارەی خۆی گەورە نەكەن و دواجار دەكرێ هەردوولاتان لەسەر مەبلەغێك پارە رازی بن و كۆتایی بە هاوسەڕێتییەكەتان بێنن.. پاش ئەو قسانەی (ئاسۆ) ئیتر نازم پێشنیارەكەی زۆر پێ باش بوو بۆ رۆژی دواتر هەموو هەوڵێكی خۆیدا كە لەگەڵ (هاژە) یان باوكی رێكبكەون و بەشێوەیەكی دوولایەنە پێكبێن و بە خۆشی و رەزامەندی هەر دوولا دەستبەرداری یەكتر ببن، دوای چەندین دانیشتن و گفتوگۆ هەردوولا پێكهاتن كە(نازم) بڕێك پارەیان بداتێ و رازی بن لەسەر لێكجیابوونەوەیەكی ئارەزوومەندانە.. ئەوەبوو (ئاسۆ)ی هاوڕێشی كارەكانی بۆ نازم رێكخست و داوایەكی لە دادگای باری كەسی تۆماركردو (هاژە)ش لە رۆژی دادبینییەكەدا بەخۆی ئامادەبوو و لەبەردەم دادوەردا دانی بەوەنا كە بە مەبلەغێك پارە پێكهاتوونە و مێردەكەی تەڵاقی داوە لە دەرەوەی دادگا بە رەزامەندی هەردوولایان، دادگاش دوای وردبوونەوە لە پەڕاوەكانی ناو كێشەكە پەسندی داواكەیانی كرد و پەیوەندی هاوسەرێتی نێوان(نازم) و (هاژە) بەهۆی گومان كردن و دڵسۆزنەبوونی ژنەكە بۆ مێردی، كۆتای پێهات.
Top