موئەیەدی شـــەش ساڵان لە چـــا 

موئەیەدی شـــەش ساڵان لە چـــا 
لەكۆتایی ساڵانی هەشتاكان بوو محەمەدوخێزانەكەی روویان لە شاری موسڵ كرد، ئەمەش دوای ئەوەی لە ئاكامی شەڕی نێوان ئێران و عێراق و هێرشە دڕەندەكانی رژێمی بەعس بەرامبەر بە گەلی كورد، دۆخێكی وایان لێكەوتەوە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان گەر وێرانیش نەبووبێت بەكەڵكی ژیان نەیەت، ناوچەكانی دەوروبەری ئاگرێش لەم بارودۆخە دژوارە جیاواز نەبوو، گەڕان بەدوای ژیانێكی بەختەوەرو بژێوییەكی باشتر هەموو ئومێدو ئاواتێكی محەمەد بوو، ئاڵای (ناوێكی خوازراوە) خێزانیشی بە هەمانشێوە حەزی لەوە دەكرد، هاوسەرەكەی لە كوێ كاربكات لێوەی نزیك بێت، چونكە لە لایەك پێش پرۆژەی هاوسەرگیرییان محەمەدی مێردی خزمی خۆی بوو، هاوكات بە خۆشەویستیش هاوسەرگیرییان پێكهێنابوو، پاش تێپەڕبوونی چەند ساڵێك ئەم خێزانە كوردە بوونە خاوەنی چوار منداڵ و، بۆ زیاتر لە 18 ساڵ لە شاری موسڵ نیشتەجێبوون و ژیانی ئەم خێزانە كوردەش رووی لە باشی كرد، تەنیا گرفتێك كە رووبەروویان بووەوە، نەخۆشییەكی موئەیەدی كوڕیان بوو كە دوای ئەوەی تەمەنی گەیشتە 4 ساڵان بۆیان دەركەوت كە تووشی نەخۆشی ئۆتیزم بووە، بۆیە هەموو هەوڵ و كۆششێكی محەمەد بۆ خزمەتكردن و بەخێوكردنی خێزانەكەو چارەسەركردنی موئەیەد بوو،لەم پێناوەشدا محەمەد تەكسییەكی كڕی و شەوو رۆژ كاری دەكرد، بۆ ئەوەی خەرجییە زۆرەكانی تەندروستی منداڵە نەخۆشەكەی دابین بكات . تاوەكو رووخانی رژێمی بەعس و كەوتنەوەی كاری تیرۆرستی كۆنە بەعسی و ئیسلامییە توندڕەوەكان...
چیرۆكی موئەیەدی شەش ساڵان كە نەخۆشەو تیرۆرستان باوكیان شەهید كردووە، لە ناو دەیان چیرۆكی تری ئەم نەتەوەیەدایە، كە رۆژانە تیرۆرستە ئسلامییە توندڕەوەكان و شۆفێنییە قەومییەكان رۆڵەكانی كورد شەهید دەكەن و، دەیان منداڵ لە نازو خۆشەویستی باوك و دایكیان بێ بەش دەكەن و شیرازەی خێزانەكان تێك دەدەن و زەوی بە گوناح و تاوان سوور دەكەن، بڕینەوەی شەهیدانەیەك بۆ خێزانەكەی محەمەد لە لایەن وەزارەتی شەهیدانەوە كارێكی باشە، لەوەش باشتر بوونی بەزەیی و سۆزە بۆ منداڵە شەهیدەكان و یارمەتیدانیانە بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییەكان و دابینكردنی لانی كەمی پێداویستییەكانیانە، ئا لێرەدا وەزارەتیكاروباری كۆمەڵایەتی بە هاوكاری وەزارەتی شەهیدان پێویستە توێژینەوەی كۆمەڵایەتی هەبێت و رێ نیشاندەری دووبارە رێكخستنەوەی شیرازەی ئەو خێزانانە بێت، كە تیرۆرستان تێكیان داوە... ئاڵای خێزانی موحەمەد بەمشێوەیە بارودۆخەكەمان بۆ دەگێڕێتەوە: محەمەدی مێردم ئەوەندە موئەیەدی كوڕی خۆش دەویست رۆژانە دیاری بۆ دەهێنا و بە تەكسییەكە دەیبردە دەرەوەو سەردانی بزیشكی بێ دەكرد، چەند جارێكیش نەشتەرگەری دەمی بۆ كرد، چونكە موئەیەد چكە لەوەی نەخۆشی ئۆتیزمی هەبوو، لە منداڵیشەوە دەمی باش نەبووەو پێویستی بە چەند نەشتەرگەرییەك هەیە، ئەم باشییەی محەمەدی باوكی موئەیەد وای لەم منداڵە نەخۆشە كرد، رۆژانە حەزی لەوە بێت لە پەنچەرەی ماڵەوە سەیری دەرەوە بكات بزانێت باوكی كەی دێتەوە، هەر ئەمەش وایكردووە ئێستاكە لە بەنچەرەكانەوە هۆگری سەیركردنی دەرەوەی لا دروست بێت، لەگەڵ تێكچوونی بارودۆخەكەی موسڵ و كوشتنی كوردەكان و پۆلیس و كەسایەتییەكانی تری ئەم شارە، بە محەمەدم گوت با بچین بۆ كوردستان لەوێ بارودۆخەكە سەقامگیرەو ژیانمان پارێزراو دەبێت، ئەو دەیگوت من خاوەنی چوار منداڵم و سەرقاڵی بژێوی ژیان و بەخێوكردنی منداڵەكانم و كەسابەتی تەكسی دەكەم كێ ئازارمان دەدات، ئەو رۆژەم هەرگیز لە بیر ناچێتەوە كاتێك بەیانی بوو موئەیەدی ماچ كردوو بەڵێنی دیاری بێ داو بە منیشی گوت بەمنزیكانە سەرجەم نەشتەرگەرییەكانی بۆ دەكەم، تا بە تەكسییەكە رۆشت موئەیەدی سەیری باوكی دەكردو نەشی دەتوانی قسە بە جوانی بكات، محەمەدی باوكی موئەیەد ئاوڕی دایەوەو گوتی خۆزگە ئەو ئومێدەم دەهاتە دی وكوڕە جوانەكەم قسەت دەكرد، دەمەو ئێوارە بوو موئەیەدی كوڕم لە چاوەڕوانیدا بوو، ئەو دەمەی لەبری هاتنەوەی باوكی هەواڵی تیرۆر كردنی محەمەدمان بیست، كاتێك چووە بۆ مزگەوتێك بۆ نوێژكردن و ئیسراحەتكردن تەكسییەكەی لە بەردەمی مزگەوتەكە دادەنێت و دەیەوێت بچێتە مزگەوتەكە. تیرۆرستان بە دوو سێ ئوتومبێل دێن و باوكی موئەیەدی شەش ساڵان دەستگیردەكەن و دەیخەنە پشت سندوقی ئوتومبێلێكەوە و بەوە تۆمەتباری دەكەن كە ئێوەی كورد عەمیلن. بۆیە دەیفڕێنن و دوای ئەشكەنجەدانێكی زۆر كەدواتر بەسەر لاشەكەیەوە دیاربوو چەند فیشەكێك بەسەریەوە دەنێن و دەیكوژن، من ئەو حەقیقەتە دەزانم كە باوكی موئەیەد چەند لەو تیرۆرستە بێ بەزەییانە باڕاوەتەوە كە نەیكوژن، چونكە موئەیەدی كوڕە بچوكی شەش ساڵانی نەخۆشەو پێویستی بە سۆزو خزمەت هەیەو، منداڵێكی ئۆتیزمی وا بەخێوكردنی زۆر زەحمەتە، بەڵام ئەوان كەی بیریان لەو هەموو منداڵە كردۆتەوە كە هەتیویان كردوون و ئەو هەموو ژنە گەنجە كە بەدەستی تیرۆرستان بێوەژن كراون و دڵی دایك و باوكەكانیان سوتاند،من ئێستا هاتوومەتە شاری هەولێر نەوەكو تیرۆرستەكان هێرش بكەنە سەر ماڵەكەی محەمەدو منداڵەكانیشی بكوژن،چونكە ئەمە پیشەیان بووەو چەندین منداڵیان كوشتووە، بەڵام لێرە باری بژێوی ژیانم زەحمەتەو موئەیەدیش پێویستی بە دوو نەشتەرگەری هەیە،موئەیەد رۆژانە كەلە بەنچەرەكەوە دەڕوانێتە دەرەوە، دەزانم بە بێ دەنگی بێم دەڵێت :(ئەگەر تیرۆرستان نەبوونایە من وا بێ ناز نەدەبووم و ئێستا هەموو رۆژێك دیاریم بۆ دەهات و چارەسەریش دەكرام )،كاتێك دەچێتە دەرەوە منداڵان گاڵتەی بێ دەكەن، چونكە نەخۆشەو وەكو منداڵەكانی تر هەڵسوكەوت ناكات و دەمی كەموكورتی تێدایە، خۆزگە ئەو نەشتەرگەرییەم بۆ منداڵە نەخۆشەكەم دەكرد كەبێ رەحمانە لە موسڵ باوكیان شەهید كرد...
Top