كـاتێك چـاوت بە خۆشەویستی پێشو 

كـاتێك چـاوت بە خۆشەویستی پێشو 
زۆرن ئەوانەی خۆشەویستیان كردووە و دواتر لەبەر هەر هۆیەك بێت لەیەكتر دابڕاون و بەیەك نەگەیشتوون، دەڵێن خۆشەویستی لەیاد ناكرێت، بۆیە دوای دابڕان ئەگەر لەناكاو یان بە ڕێكەوت بۆ یەكەم جار چاوت بەو كەسە كەوت كە خۆشەویستت بووە هەست بە چی دەكەیت و كاردانەوەت چی دەبێت؟ بۆزانینی ئەو هەستە تایبەتییە لێرەدا چەند كەسێكمان دواند، بۆ ئەوەی بزانین هەستیان چۆنە لەیەكەم دیتنی خۆشەویستەكەیان دوای كۆتایی هاتنی پەیوەندی نێوانیان.

ئا: هێمن قەسرەیی

(فریشتە) لەلای سێ كچی هاوڕێی خۆی دانیشتبوو، دیاربوو ئەو پرسیارە لای ئەو نامۆ نەبوو، چونكە خۆی ئەوەی بەسەر هاتبوو، فریشتە گوتی"پێشتر كوڕێكم خۆشدەویست، خۆشەویستترین كەس بوو لای من، ئەو یەكەم كەس بوو كە خۆشمویستبێت لەژیانمدا و پێش ئەو خۆشەویستیم نەكردبوو، لەبەر هۆیەكی تایبەت خۆشەویستیمان بە دابڕان كۆتایی هات، چەند جارێك دوای كۆتایی هاتنی پەیوەندی نێوانمان چاوم پێی كەوتووە، نازانم بڵێم هەست بە چی دەكەم، ئێستا من خۆشم ناوێت و رقیشم لێی نابێتەوە، بەڵام هەر كاتێك بیبینم هەوڵ ئەدەم ئەو شوێنە بەجێبهێڵم و قەت بیر لەوە ناكەمەوە قسەی لەگەڵ بكەم، ئێستا بیری لێناكەمەوە، بەڵام هەر كاتێك دەیبینم هەستێكی سەیر دامدەپۆشێت". (سۆز)یش هاوڕێی (فریشتە)یە ویستی ڕای خۆی دەربڕێت، ئەو گوتی: من خۆشەویستیم نەكردووە، بەڵام ئەگەر ئەو دیمەنە دەهێنمە پێش چاوی خۆم، خۆشەویستنی كەسێك دواتر دابڕان و دوای ئەوە بینینی من ناتوانم پێشبینی هەستی خۆم بكەم لەو كاتەدا حەز دەكەم قەت ئەو رۆژە نەبینم لەخۆشەویستەكەم داببڕێم دواتر بیبینم". لای (ئازاد) ئەوە شتێكی ئاساییە كە ئەو كەسەی پێشتر خۆشیویستووە بیبینێت یان نا ئەویش هۆی خۆی هەیە، ئازاد دەڵێت" گەر من كچێكم خۆشبووێت دواتر بیبینم ئەوە شتێكی ئاساییە و هەستێكی وام لا دروست نابێت، ئەمەش هۆی خۆی هەیە من بۆ ماوەیەكی كەم كچێكم خۆشویست و دواتر بەبێ هیچ هۆیەك منی بەجێهێشت و پەیوەندییەكەی كۆتایی پێ هێنا بۆیە دەیان جار ئەوم بینیوە و هەستێكی وام لا دروست نەبووە لەبەر ئەوەی دابڕانەكە بەهۆی خۆیەوە بوو، بۆیە منیش ئەوم لەیاد نەماوە و بیری لێناكەمەوە". (پشتیوان) گەنجێكی ترە خۆشەویستی كردووە و ماوەیەك پێش ئێستا پەیوەندییەكەیان پچڕا، دوای ئەوە پشتیوان لە ئاهەنگێكدا كچەكە دەبینێت، بابزانین ئەو لەو كاتەدا هەستی بە چی كرد" هەستم دەكرد دڵم خێراتر لێدەدات، ئێستاش خۆشەویستی ئەو لەناو دڵی من هەر ماوە و كۆتایی پێ نەهاتووە و قەت كۆتایی نایەت، ئەو كچە یەكەم خۆشەویستی من بوو، ئەو فێری خۆشەویستی كردم، قەت ناتوانم لەیادی بكەم، دابڕانیشمان نە تاوانی من بوو نە هی ئەو، كاتێك لەئاهەنگێكدا بینیم هەموو یادگارییەكانی رۆژانی خۆشەویستیم هاتنە پێش چاو". (هەتاو)یش دەربارەی ئەم بابەتە گوتی"ناتوانم ئەو هەستە پێناسە بكەم چونكە زۆر تایبەتە، چەند جارێك خۆشەویستی پێشووم بینیوە كە كەسم هێندەی ئەو خۆشنەویستووە، وەك گوتم ناتوانم ئەو هەستە پێناسە بكەم و ناتوانم بڵێم چۆنە، تەنیا سەیری چاوەكانی دەكەم و بەهەمان شێوە ئەویش بە بێدەنگی سەیرم دەكات، وەك ئەوەی بە بێدەنگی و تەنها بە تەماشاكردن یادی رۆژانی رابردوو ئەكەینەوە".
(هونەر) پێشتر كچێكی خۆشدەویست كە هاوپۆلی خۆی بوو، بەڵام پەیوەندییەكەیان سەركەوتوو نەبوو، هەموو رۆژێك لەقوتابخانە خۆشەویستی پێشووی خۆی دەبینی، لێمان پرسی كە دەتبینی هەستت بە چی دەكرد؟ هونەر بەمشێوەیە وەڵامی دایەوە "پێش ئەوەی ئەو كچەم خۆشبووێت جیاوازی نەبوو لەگەڵ كچەكانی تر، كاتێك بووە خۆشەویستم، حەزم دەكرد هەموو كاتێك بیبینم، دوای كۆتایی هاتنی پەیوەندی نێوانمان هەرچەند دەكەم ناتوانم لەبیری بكەم، لەقوتابخانە رۆژانە دەمبینی نەمئەتوانی قسەی لەگەڵ بكەم تەنیا تەماشام دەكرد، هەموو ساتێك كە ئەیبینم هەست بە دڵخۆشیەكی زۆر دەكەم". (سنوور)یش بەم شێوەیە قسەی كرد" هەستم بە دڵەڕاوكێیەكی زۆر كرد كاتێك بۆ یەكەم جار دوای كۆتایی هاتنی پەیوەندی نێوانمان چاوم پێی كەوت، نازانم ئەو دڵەراوكێیە زۆرە چی بوو، ئەویشم وا دەهاتە بەر چاو كە هەستێكی تایبەتی لا دروست بووە، تۆ ماوەیەكی زۆر كەسێكت خۆشبووێت و دواتر لەیەكتر داببڕێن بێگومان كاتێك ئەیبینی هەستێكی تایبەتت لا دروست دەبێت". لەكۆتاییدا (هاوكار) گوتی" پێم وایە دوو جۆر هەست دروست دەبێت، یەكەمیان ئەگەر لێكجیابوونەوەی كوڕ و كچەكە بە بێ ویستی خۆیان بووبێت ئەوا حەزدەكەن یەكتر ببینن و هەستێكی خۆشیان لا دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر یەكێك لەوانە هۆكاری شكستهێنانی پەیوەندییەكە بێت ئەوا هەستكردنەكە بەجۆرێكی تر دەبێت، من خۆم كچێكم خۆشدەویست دراوسێمانە، دوای كۆتایی هاتنی پەیوەندی نێوانمان كە دەمبینی هەستم بە خۆشییەكی زۆر دەكرد لەبەر ئەوەی یادگاری خۆشمان بەیەكەوە هەبوو، بەڵام زۆربەی رۆژەكان دەمبینی و بەرە بەرە ئەو هەستە نەما و ئێستا جیاوازی نییە لەگەڵ كەسێكی ئاسایی، پێم وایە ئەگەر دراوسێمان نەبووایە لەوانەیە هەستم بە شتێكی تر كردبا.
Top