هەڵەیەك خەریكبوو پیاوێـك لــە ž

هەڵەیەك خەریكبوو پیاوێـك لــە ž
ئا: باوكی میدیا

رێكەوتێكی ناخۆش
(پێشكەوت) قەت رێی نەكەوتبوو بە بنكەی پۆلیس و دادگا و ئەو شوێنانە، وەكو ئەمجارە نەبێ، كابرا بۆ كارێكی خۆی دەچێتە بنكەیەكی پۆلیس، كارەكەشی كارێكی كارگێڕی بوو، بەڵام سروشتی كارەكەی وابوو، هەر دەبوو لە رێگەی پۆلیسەوە بێ، ئەوە بوو ئەوانیش بۆ ئەرشیفی دادگایەكی دەنێرن، لەوێ كارەكەی بۆ تەواو دەكەن و بە نووسراوێكی فەرمی كە لەناو زەرفێكی كاغەزی دەنێن و بە ختمێك دایدەخەن. ئەویش لەسەر نییەتی خۆی، نووسراوە پێچراوەكە دەباتەوە بنكەی پۆلیس و دەیداتە دەست ئەو رێپێدراوەی كە داوای نووسراوەكەی لێكردبوو، ئەویش نووسراوەكە دەكاتەوە و بە وردی دەیخوێنێتەوە، ماوەیەك لە نووسراوەكە رادەمێنێت و دووبارە سەیری ناوەڕۆكەكەی دەكاتەوە و لەگەڵ ناسنامەی (پێشكەوت) بەراوردی دەكاتەوە و پاشان سەیرێكی دەموچاوی (پێشكەوت) دەكاتەوە، ئینجا لێی دەپرسێتەوە كە ئایا ئەو ناوەی كە لەناو ناسنامەكەدا نووسراوە هی خۆیەتی یان هی كەسێكی ترە...؟ پێشكەوتیش بەسەرسوڕمانەوە لەو پرسیارە سەیرەی رێپێدراوەكەی پۆلیس دەڕوانێ و پێشی دەڵێ: كاكە جوانی تەماشا بكە، خۆ وێنەكەم دەبینی، ئەوە ختمیشی لەسەرە ناوی تەواویشم نووسراوە، رێپێدراوەكە گوتی: لێرە دانیشە ئێستا دێمەوە، چووە لای ئەفسەری بنكە و پێی گوت: گەورەم ئەگەر بە بیرت بێت كابرایەك چەند ساڵێك پێش ئێستا تاوانێكی كوشتنی كردبوو، پاش دەستگیركردن و ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەكە لەگەڵی و دوای تەواو بوونی لێكۆڵینەوەكان كە پەراوەكەی رەوانەی دادگای تایبەتمەند كرا لەوێ حوكمی هەتا هەتایی بۆ دەرچوو. ئێستاكە هەمان كەس مامەڵەیەكی هێناوەتە بنكەكەمان و لێرە ئامادە بووە، دیارە دەبێ لە زیندان هەڵاتبێ و وا تێگەیشتبێت كە ناوەكەی ناناسینەوە، ئەفسەرەكە لە قسەی كارمەندەكەی خۆی زۆر سەری سوڕما، بۆیە داوای هێنانی پەڕاوی ئەو لێكۆڵینەوەیەی كرد كە پێش چەند ساڵێك لەگەڵ ئەم تاوانبارە كراوە، هەر ئەو كاتەش بڕیاری دا كابرای گومانلێكراو واتە (پێشكەوت) لەناو بنەكەكە بەشێوەیەكی كاتی لە ژووری راگیراواندا بەند بكرێت تا مەسەلەكە یەكلایی دەبێتەوە.
چارەنووسی گومانلێكراو بەچی گەیشت؟
دوای دەستگیركردنی پێشكەوت ئەفسەری بنكە بەخۆی بەبایەخەوە دەستیكرد بە لێكۆڵینەوە لەم مەسەلەیە، بەڵام با (پێشكەوت) بە خۆی بەسەرهاتی بەندكردنی خۆی بگێڕێتەوە. (پێشكەوت) گوتی: بەڕاستی ئەو رۆژەی كە بۆ تەواوكردنی مامەڵەیەكی بازرگانی خۆم دەبوو (ئەستۆی پاكانە) بێنم وەكو بەڵگە بۆ تەواوكردنی مامەڵەكەم بیبەمە بنكەی پۆلیس، تووشی سەرئێشەیەكی زۆر و گرفتارییەكی بێ مانا بووم، كە بەڵگەكەم هێنایەوە، هێندەی پێنەچوو، كابرای رێپێدراوی پۆلیس لە ژوورێكی كردم و گوتی: لێكۆڵینەوەت لەگەڵ دەكەین و تۆ گومانلێكراوی، منیش سەرم سوڕما و دەمم بووە تەڵەی تەقیو، لە حەژمەتان دەمم بەستراو هیچم پێنەدەگوترا، ئەو رۆژ رۆژێكی تا بڵێی گەرم و وشك بوو، لەبەدبەختی منیش ئەو ژوورەی كە لێی راگیرام، یا راستتر وایە بڵێم لێی بەند كرام لە پانكەیەكی شڕ و شەق زیاتر هیچی تری لێ نەبوو، كە تەنیا گوژمە بایەكی گەرمی وشكی بڵاودەكردەوە، تەنانەت كەس نەبوو قومە ئاوێكی ساردیشت بداتێ، دوو كاتژمێری رەبەقی پێچوو، كەسێك نەهات بڵێ كاكە ئەرێ تۆ چیت كردووە و چ تاوانێكت هەیە، خەریك بوو مێشكم بتەقی. بەرێكەوت كاكی ئەفسەری بنكە لە ژوورەكەی خۆی هاتە دەرەوە و دەیویست بچێتە ژوورێكی تر، منیش دەست بەسەر شیشە بچووكەكانە و دەرگا بچووكەكەیەوە كە تاكە كونی هاتنی رۆشنایی بوو بۆ ژوورەكە، كە چاوم پێكەوت هاوارم لێ هەڵسا و پێمگوت: ئەرێ كاكە ئێوە بە چ هەقێك منتان لەم ژوورە پەستاوە؟ ئەرێ من بۆ تەواوكردنی مامەڵەیەكی ئاسایی هاتوومەتە ئێرە، یان ئێوە لەم ژوورەم بكەن؟ خەریكبوو قسەی تریش بكەم، ئەفسەرەكە بانگی دوو پۆلیس و رێپێدراوێكی كرد و پێی گوتن: وەرن ئەو برادەرە بهێننە دەرەوە لەو ژوورە گەرمە، ئەوانیش منیان دەرهێناو بردمیانە ژوورە فێنكەكەی كاكی ئەفسەر، بانگی كرد هەندێك ئاوی ساردم بۆ بێنن. نزیكەی نیو دۆلكە ئاوی ساردم خواردەوە وردە وردە ئێش وئازاری گەرمای ژوورەكەم لەسەر كەمتر دەبۆوە، ئەفسەرەكە زانی كە چەند نارەحەت و دڵبەبارم بۆیە پێی گوتم: تۆزێك پشوو بدە و دوای كەمێك قسەت لەگەڵ دەكەمەوە، بڕێكی تریش ئاوی ساردیان دامێ و بە تەواوەتی گەرمای لەشم دەرچوو، لە ژێر فێنكایی ئامێری فێنككەرەوە تەواو پشووم دا، بەڵام لە رووی دەروونییەوە زۆر نیگەران و دڵگران بووم، كە بۆچی و لەسەرچی لەو ژوورەیان كردم، ئاخۆ دەبێ چیم كردبێ؟ خۆم من هیچم بەخۆم دا شك نایە، چەندی سەرم دێناو سەرم دەبرد، هیچم بۆ روون نەدەبۆوە و لە هیچیش حاڵی نەدەبووم، بە كورتییەكەی شتێكم نەكردبوو تا لەخۆم بترسم و ترسم لە گیران و بەندیخانە و دادگا و دادگاییكردن هەبێ، من لەو خەیاڵات و تێفكرینانە بووم كە ئەفسەرەكە هاتەوە ژوورەوە و كۆڵێك پێكەنی و سەیری منیشی دەكرد و سەری دەلەقاند، لەگەڵ هاتنە ژوورەوەی ئەو رێپێدراوە، ئەو كەسەی كە یەكەمجار پرسیاری لێكردم و تەماشایەكی ئەویشی كرد و پێی گوت، وەڵڵا تۆش ئیشت هەیە!! پاشان ئەفسەرەكە رووی لە من كرد و گوتی: كاك پێشكەوت بەراستی هەڵەیەكی هونەری روویداوە دەمەوێ بەڕاشكاوی پێت بڵێم و بۆت روون بكەمەوە كە تۆ بۆچی ئەو یەك دوو كاتژمێرە لێرە راگیرای، راستییەكەی چەند ساڵێك پێش ئێستا رووداوێكی كوشتن روویداوە و بكوژەكەمان دەستگیر كردبوو، ئێمە لێرە هەر لێرە لەم بنكەیەی خۆمان لێكۆڵینەوەمان لەگەڵی كرد و پەڕاوەكەشمان بۆ دادگای تایبەتمەند رەوانە كرد، ئەوە چەند ساڵێكە وا لە زیندان دایە و ماوەی مەحكومییەتی خۆی بەسەر دەبات.
كە رێپێدراوەكەی ئێمە ناوەكەی تۆی بینی، سەری سوڕما ناوی تەواوی هەمان ناوی تەواوی ئەوە، تۆشمان بۆیە راگرت بەراستی ئێمە گومانمان هەبوو ئەگەر تۆ هەوبیت لەدەستمان رابكەی بۆ پاراستنی سەلامەتی لێكۆڵینەوە، لەو ژوورەی ئەولا رامانگرتی، ئەو یەك دوو كاتژمێرەش كە تۆ لێرە راگیراوی ئێمە تەنیا خەریكی ئەو بابەتە بووینە، ناردوومانە فایلی كابرا بكوژەكە بێت، ئینجا پەنجە مۆری تۆمان رەوانەی بەڵگەی تاوان كرد، پاشان نووسراومان بۆ بەندیخانەی گشتی كرد بۆ ئەوەی بزانین داخۆ ئەم ناوە كە رێك لەناوی تۆ دەچێ بە هی دایكیشتەوە، لە زینداندا ماوە یان هەڵاتووە، ئەم یەك دوو كاتژمێرە هەر خەریكی ئەو كێشەیە بووینە، تا وەڵامی نووسراوەكانمان دراوەتەوە كە هەمووشمان وەك بروسكە بە پەلە كردووە بۆ ئەوەی نەبادا تۆ ئەو كەسە نەبیت و لە خۆڕایش بگیرێیت، ئەوە بوو لە وەڵامی نووسراوەكاندا هاتووە كە پەنجە مۆرەكە هی تۆ نییە و زیندانییەكەش تا ئێستا هەر لە زیندانە و هەڵنەهاتووە، سەیر لەوەدایە ساڵی لە دایكبوونیشتان هەمان ساڵە و هەمان مانگە، كە ئەفسەرەكە ئەو قسانەی كرد، منیش واقم وڕمابوو، تووشی شاگەشكە ببووم، گوتم، تووشی ئەو دەردەسەرییە هاتوومە و بەخۆشم نەزانیوە كاكە وەڵڵا من نەكەسم كوشتووە و نە بەندیش كراوم و نە لە بەندیخانەش هەڵاتووم، ئەوە چ گۆبەندێكە بۆ من هاتووە.. ئینجا ئەفسەرەكە گوتی: بۆیە ئەو هەموو رێككاریانەم كرد، گوتم با دوو سێ كاتژمێر لە ژوورێكدا بمێنێتەوە، هەم بۆ ئاسایش و سەلامەتی خۆی و هەمیش بۆ سەلامەتی لێكۆڵینەوە، لەبەر ئەوە ئەگەر لەم یەك دوو كاتژمێرەدا بگەینە لێكۆڵینەوە و راستییەكان، ئەوە رەنگە لە هەڵەی یاسایش بە دوور بێ و دووچاری هیچ كێشەیەكی گەورە نەبێت، ئێمە ئەم هەموو كارەمان بۆیە كرد بۆ ئەوەی بە دڵنیاییەوە بگەینە راستییەكان و بەهۆی هەڵەوە كەس دووچاری كێشە نەبێت. نەخوازەڵڵا ئەگەر بێ لێكۆڵینەوە هەر لەسەر بنەمای گومانەوە رەوانەی دادگا و شوێنی مەبەستمان بكردیتایە، رەنگە لە ختوخوڕایی بئاخنرابایتە كونجی زیندان و دوور نەبوو لە جیاتی تاوانباری راستەقینەش حوكمی هەتا هەتاییت بخواردایە. بەكورتی ئێمە گومانێكمان لەسەر تۆ لەلا دروست بوو، ئێستاش ئەو گومانەمان رەوییەوە و نەما. ئەمەش مامەڵەكەت و زۆریش لێت مەمنوونین و زۆریش داوای لێبوردنت لێ دەكەین.
كاكی ئەفسەر كە قسەكانی تەواو كرد، منیش دامە قاقای پێكەنین و گوتم: وەڵڵا سەیرە ئەوە بەسەرهاتە كە دەڵێی فیلمێكی سینەماییە، بەسەر خۆم داهات.
چانەبوو تووشی گۆبەندێكی گەورە نەبووم، برام لەوەی كە دوو سێ كاتژمێرتان راگرتم، چ گلەییم نییە، بەڵام گلەییم لە بەختی خۆم هەیە، تێبینیم كردووە هەر جارێكی ئیشێك بكەم بە ساغڵەمی و بە بێ غەش، ئاخیرییەكەی تووشی گۆبەندێك دەبم. باشە ئەوە چ رێكەوتێك بوو ناوی من بە ناوی ئەو تاوانبارە بچێ؟ ئەی كاكی رێپێدراو چۆن دوای ئەوەندە ساڵە ئەو ناوەی بەبیرداهاتەوە. بەهەر حاڵ كە ئیشەكەم تەواو كرد، بڕیارمدا ئیدی ئەو مامەڵەیەی كە دەستم دابویێ هەر بەتەواوی دەستی لێهەڵبگرم، بەراستیش لە ترسی ئەوەی نەبادا گۆبەندێكی ترم بۆ دروست بێی و ئەوجارە لێی دەرباز نەبم..
Top