تا ئێستاش شووكردنەوەم بە نهێنی 

تا ئێستاش شووكردنەوەم بە نهێنی 
لای هەموان روون و ئاشكرایە، كاتێك ئافرەتێك خاوەنی كەسوكاری زۆر و بنەماڵەیەكی دیار و خانەدان و بەرچاوە، رێزی زیاتری لێی دەگیرێتن بەڵام ئایا ئەو ئافرەتانەی كە بەهۆی كارەسات كەسوكار و بنەماڵە لەدەست دەدەن یا ئەوەتا هەر لە رۆژی لە دایك بوونیان لەباوەشی دایك و باوك و ناز و نیعمەت و خۆش گوزەرانی و جیهانی جوانی منداڵی بێ بەش دەبن. ئاخۆ تاوانیان چییە، كە بە چاوێكی ترەوە سەیر دەكرێت؟..
دیارە لە بارودۆخی چەندین ساڵەی رابردوو لە عێراق و كوردستان چەندین خێزان ئاوارەبوون و هەر لە منداڵیەوە ژیانێكی سەخت و ناهەمواریان هەبووە تا قۆناغی هەرزەكاری، دوایش نەگبەتییەكانی هاوسەرگیری و مامەڵەی خەراپ و سوكایەتی كردنی لەلایەن هاوسەران زیاتر برینەكانیانی كولاندەوە یەكێك لەو ئافرەتانە خۆی حەزی كرد باسی ژیانی سەختی سەردەمانی منداڵی و بێ رێزی و زولم كردنی لەلایەن مێردەكەیەوە بكات.
تەنیا وەكو دیلێك لە ژێر دەستی هاوارم دەكرد دوای لێدانێكی زۆر لاشەم ئەوەندە گەرم ببوو كە وەكو سەرەتا هەستم بە ئازاردنەدەكرد هێشتا شوێنە شین هەڵگەراوەكانی سەر روخسارم چاك نەببۆوە بێگومان ئەگەر كەسێكی لێم شك بردایە ئەیناردمەوە لای، بەڵام
ئەو كەسی شك نەدەبرد بەئارەزوی خۆی مامەڵەی خراپی لەگەڵ دەكردم منیش هەمووشتێكم ئەوم قەبول دەكرد، دراوسێكان ئاگاداری ژیانی من و دەنگە دەنگ و هاواری من بوون، دەرگای ماڵەوەی لەسەر دادەخستم و نەمدەوێرا باسی هیچیان بۆ بكەم، دوای كۆچی دایك و باوكم لە ماڵی باپیرم بووم، دوای مردنی باپیریشم شووم بەم پیاوە كردبوو، مالی باوكم لە شاری رانیە بوو، ئەو بۆ كاری خۆی هاتبوو رانیە و لە ماڵی دراوسێكان منی دیتبوو، منی هێنایە هەولێر و هەر لەوكاتە شووم پێی كردوە رۆژێك قسەیەكی خۆشی لەگەڵ نەكردم، تەنیا ئەو كاتە نەبێی كە بەدەستگیران بووین وام زانی بە شووكردنم دەرگایەكی خێرم بە ڕوویاكرایەوە بەڵام بەداخەوە، هەمووكات خۆی بە پارەوپول هەڵدەكێشاو منی بە نەبوونی و ژیانی سەخت و كەم دەرامەتی باوكم و بێ كەسی سەرزەنشت دەكرد. ئەوكاتەی دووگیان بووم بەهۆی ئەشكەنجە و ئازاری زۆر تووشی نەخۆشخانە بووم و دراوسێیەكان یارمەتیان دام، دوای ئەوەی منداڵەكەم لەدایك بوو وامزانی لەوانەیە بەهۆی منداڵەكەمان حیسابم بۆ بكات و ژیانم بگۆڕێت و بەڵام ژیانم خرپتر بوو خەرجی نەدەكردین، چونكە وای بۆ دەچوو كە ئیتر جیابوونەوەمان مەحاڵ بێت، فرمێسكی سەرومەتەكانم هەرگیز وشك نەدەبۆیەوە، هەمووكات دەیوت.
(ئاواتم دووركەوتنی تۆیە، كەی ماڵەكەم جێی دەهێڵی..) كەچی من لەبەر كچەكەم نەمدەویست خۆم تەڵاق بدەم، چوار ساڵ تێپەڕی وەكو گوڵێكی سیس و وشك هێز و تاقەتی هیچ نەمابوو، دەستی چەپم بەهۆی لێدانی زۆر هەمیشەس سارد و سڕبوو، نەمدەتوانی شتی قوڕسی پێ هەڵبگرم، لە كۆتایی دا ئەو رۆژە داهات كە ئەو چاوەڕێی دەكرد، شەوێكیان لێمان بوو بە شەڕ و مشت و مڕی نێوانمان دەستی پێكرد، بەهانەی هەموو شتێكی پێ كردم، دوای دەمەقاڵەی زۆر لەگەڵ كچەكەم فڕێی دامە دەرەوە.
داروسێكان هەر یەكە تكاو رجایان لێ كرد كە ئەم بێچارەیە دەرنەكات و بەجۆرێك ئارامی بكەنەوە، بەڵام بێ سوود بوو، تەڵاقی خوارد و سوێندی ئەوەشی خوارد كە ئیتر پێم لە ماڵەكەی نەنێمەوە، دوای ئەمە دراوسێیەكان منیان لەگەڵ خۆیان برد و دوای هەفتەیەك هەموو شتێك تەواوبوو، تەڵاقم وەرگرت و لە ماڵی یەكێ لە دراوسێكان بووم، هەر ئەو هەفتەیە بیستم كە كچە پوورەكەی هێناوە، ئەو كاتە زانیم كە هەموو شتێك لە ژێر سەری ئەو كچە پورەی بوو، هەر ئەویش بەمجۆرە پێی رازی ببوو كە دەبێ من كچەكەم لەگەڵ خۆم ببەم چونكە جارێكیان لە چونكەی شەڕەكەمان دا وتی: ئەگەر تۆ وازم لێ بێنی ئامادەن شووم پێ بكەن و دەڵێن تۆ بێ كەسی و شایانی ئەوە نی لەم ماڵە بژی) ئەو من و كچەكەمان كردە قوربانییەك بۆ بەدی هێنانی ئاواتی خۆی و كچە پوورەكەی.

دوای تەڵاق وەرگرتنم
وابوو كە دراوسێیەكان لە یەكێك لەگەرەكەكانی ئەم هەولێرە ژورێكیان لە ناو خانووی پیرە ژنێك بۆ بەكرێ گرتم و هندێك كەلوپەل و خواردنیشیان بۆ كۆكردمەوەو یارمەتیس زۆریان دام، ئەو دراوسێیەمان پیاوێكی باش بوو، زۆر دەوڵەمەندبوو، بڕێ پارەشی دامێ تا شتی پێویستی پێ بكڕم، و پێشی گوتم هەر كات پێویستت بە پارە بوو سەردانی دوكانەكەم بكە، لە ژوورێكی ساردو سڕی تەنگ و تاریك، شەو و رۆژم جیاوازی نەبوو، تەنیا فرمێسك هەلوەران ئیش و كاری من بوو، تەنیا دڵم بە كچەكەم خۆش بوو، مانگێك بەسەر ئەم باسە تێپەڕی، نە خواردن و نە پارەم مابوو، چەند رۆژێك لەماڵی دراوسێكان شتم بە قەرز دەهێنا، بەڵام رۆژێك دوو رۆژ، ماڵ نەما نەچمە بەر دەگای، تەنیا جووتە گواری گوێی كچەكەم شك دەبرد، بەڵام دڵم نەهات لێی بفرۆشم، توانای ئیشكردنم هەبوو بۆیە لە ناو گەڕەكەكەمان بەدوای كاردا گەڕام، بەڵام دەستم نەكەوت، چونكە دراوسێكانیشمان هەر هەموویان هەژاربوون، بۆیە بەباشم زانی بچمە لای پیاوە دەوڵەمەندەكەی دراوسێ پێشوومان، چارەیەكی ترم نەبوو، بەشەرمەوە چوومە دوكانەكەی و داوای پارەم لێ كرد، بەڵام بەخۆشحاڵییەوە خێرا هەندێك پارەی لە گیرفانی دەرهێناو ژمارەی و دایمێ و، پێشی وتم هەموو سەرە مانگێك دەتوانم بچم و پارەی خۆم وەربگرم كەگوایە وەكو دیارییەك بۆ كچەكەم و وەكو ئەركی سەرشانی بەبۆنەی دراوسێ یەتیمان زۆر سوپاسم كرد، لە خۆشیان گریانم بۆ نەدەوەستا، دوای ئەو هەموو سەرەمانگێك دەچوولای پارە وەرگرتن، بەڵام ئەوەشی پێ وتم حەزناكەم كەس بەمە بزانێت، منیش وتم بەچاوان، چارەیەكی ترم نەبوو، شەش حەوت مانگی پێچو تا رۆژێكیان، داوای لێ كردن مارەم بكات بۆ ئەوەی لێك حەڵال بین، بەڕاستی داواكارییەكی ناخۆش بوو بۆ من، بەڵام بیرم لەوەكردەوە ئەگەر قەبوڵی نەكەم ئیتر لە رووم نایەت بچمەوەلای، بەناچاری قەبوڵم كرد و لای مامۆستایەكی نەناسراو مارەی كردن، ئەوەی كە بۆ من لە هەموو شتێك ناخۆشتر بوو ئەوەبوو كە هاوسەرگیركەمان بەنهێنی بوو، ئەمەش مەرجی ئەو بوو، ئەو كوڕ وكچەی گەورەی هەبوو، خاوەنی عەشیرەت بوو، حەزی نەدەكرد كەس بەمە بزانێت، هەفتەی دووجار یا كەمتر دەهاتە لام و سەردانی دەكردم، هەموو پێداویستی ماڵی بۆ كڕیم، پارەیەكی باشی دەدامێ، مەكینەیەكی دوورمانم كڕی تا خۆم لەسەر دوورمان كردن رابمێنم، ئەو بویە هۆی ئەوەی زەردەخەنەیەك بۆ سەر لێوەكانی من و كچەكەم بگەڕێنێتەوە، ساڵ و مانگێك بەمجۆرە تێپەڕی، بەڵام ئەو وەكو مانگەكانی رابردوو هات و چۆی نەدەكردم، مانگی جارێك دەهات و پارەی بۆ جێ دەهشتم، منیش زۆریم لێ نەدەكرد كە زیاتر چاومان بەیەك بكەوێت، دواین جار بۆ سێ مانگ دەچو كە سەردانی نەكردبووم، لە راستیدا نیگەرانی تەندروستی بووم، چونكە ئەو هندێك نەخۆشی درێژخایەنی هەبوو، بۆیە چوومە دوكانەكەی.
كە منی بینی شڵەژا، بە پەشۆكاوی گوتی: نەدەبوایە بیێت منداڵەكانم هەستیان بە هاوسەرگیری ئێمە كردووە، ئێستا چاودێریم دەكەن، دەرفەتی ژن و منداڵەكانم نایەم). ئەوكات بە پەلە هەندێك پارەی دامێو و تەكسیەكی بۆ گرتم و گەڕامەوە، هەر چەندە ئەم حاڵەتە بۆمن زۆر ناخۆش بوو، بەڵام من لەسەر بەڵێنەكەی خۆم مابووم كە هاوسەرگیرییەكەمان بە نهێنی بمێنێتەوە، ئەو بۆیە هۆی بۆ نوواندنەوەی من و كچەكەم، پیاوێكی باش بوو، هەرگیز لە بیری ناكەم، دڵ و دەروونێكی سادە و پاكی هەبوو، لەوكاتەوە تا ئێستا سەردانی نەكردووم نەمبینیووە، منیش لە قسەی دەرنەچووم و سەردانم نەكرد و نەمویست بەهۆی من ژیانی تێك بچێت، بۆیە لە ماڵی خۆم خەریكی دورمان كردن بووم و بژێوی ژیانی و خۆم و كچەكەم پێ دابین دەكرد، ئێستا 5 ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر ئەم رووداوە و بەهۆی دورمان دەر دراوسێی زۆرم لە دەوربەر لێ كۆ دەبێتەوە و هەست بەبێ كەسی و تەنیایی ناكەم، هەست دەكەم كچەكەم وەكو من هەست بە تەنیای ناكات و خەڵكی زۆر دەناسین و دڵمان پێیان خۆشە، ئەمەش هەموو بەهۆی هاوسەری دووەم و هاوكارییەكانی كە حەزم دەكرد تەنیا جارێك بمدیتبایە تا بە دڵ سوپاسی بكەم، چونكە دەزانم دابڕاین بە ویستی خۆی نەبوو، بەڵام هاوسەرێكی نهێنی، ئێستا شەش ساڵ بەسەر ئەم شووكردنەوەم دا تێدەپەڕێت كە چی تا ئێستاش بە نهێنی ماوەتەوە!.
ئامادەكردنی: هەستی سەڵاح
Top