ئەو ژنەی هەناسەی لەخۆی بڕی

ئەو ژنەی هەناسەی لەخۆی بڕی
لەبەرنەبوونی بەڵگەی تەواو ئازاد كرا
دوا رۆژی دادگاییكردن بوو كە كەسوكاری (ژیان) و هەروەها هی(مستەفا) ش لەبەردەم هۆڵی دادگا راوەستابوون چاوەڕێی دوا بڕیاری دادگا بوون، كەسوكاری (ژیان) بە دڵ حەزیان دەكرد كە (مستەفا)ی زاوایان توندترین سزا بدرێت و حوكم بدرێت، چونكە ئەوان مردنی (ژیان)ی كچیان لەنێو چەوانی ئەوەوە دەبینی، (مستەفا) سەبەبكاری یەكەم و دوایی مردنی یان راستتر وایە بڵێین خۆ كوشتنی (ژیان) بوو، لەولاشەوە بە پێچەوانەوە كەسوكاری (مستەفا) بە ئومێدی ئەوە بوون كە (مستەفا) لەم گۆبەندە رزگاری بێت و بۆ یەكجارەكی یەخەیان لە یەخەی ماڵی بوكەكەیان بێتەوە و ئەو كێشەیەیان ببڕێتەوە، هەر دوولایەن قسەیان لە گەڵ یەك نەدەكرد و جارجارەش یەكتریان دەبوغزاند. (مستەفا) دەمێك بوو لەهۆڵی دادگا بوو، پێشتر داواكاری مافی كەسی مردوو كە دایك و باوكی (ژیان) بوون، گوتەیان وەرگیرابوو، ئەگەرچی پارێزەرێكی باشیشیان گرتبوو، بۆ ئەوەی هەرچی لە توانادا بێت بكرێت تا (مستەفا) وەك دەیانگوت بە سزای خۆی بگات، لەملاشەوە ئەوانیش بەهەمان شێوە پارێزەریان گرتبوو بۆ ئەوەی بەرگری لێبكەن و ئەگەر بكرێ بەپێی یاسا ئازادی بكەن. دادگاییكردنەكە پتر لە دوو كاتژمێر و نیوی خایاند، دواجار دادگا بڕیاری خۆیدا بەوەی كە "لەبەر نەبوونی بەڵگەی تەواو لە دژی (مستەفا)ی تۆمەتبار بڕیار بە ئازادكرنی درا.." دوای تەواوبوونی دادگاییكردنەكە كەسوكاری (مستەفا) لە خۆشیان هەر زوو (مستەفا)یان بردە خوارەوە و ئەو ناوەیان بەپەلە بە جێهێشت و رۆیشتن. دایك و باوك و كەسوكاری (ژیان) یش بە دڵشكاوی و خەمبارییەوە ناچاربوون ناو دادگا بەجێبهێڵن و ملی رێگەی ماڵەوە بگرنە بەر، بێ ئومێد بوون لەوەی چیتریان پێبكرێت.
هۆی خۆلەناوبردنی (ژیان) چی بوو؟
(سابیر) كە باوكی ژیان بوو هێشتا لەگەڵ خێزانەكەی نەكەوتبوو كە لە پەیژەكاندا بچێتە خوارەوە، لەسەر رۆخی دیوارێكی بە پەنجەرەی رارەوەكەی دادگا بە تێكشكاوییەوە دانیشتبوو، دڵی پڕ خەم بوو، زۆر حەزی دەكرد بە باسكردنی كێشەی كچەكەی هەندێك لە ئازارەكانی كەمبكاتەوە، بۆیە كە پرسیاری بەسەرهاتی كچەكەیمان لێكرد بەمشێوەیە هاتە ئاخافتن و گوتی: ئەوە بۆ چوار ساڵە دەچێ كچەكەم شووی بەو كابرایە كردبوو كە ناوی (مستەفا) بوو و دادگاش بەبێ گوناهی دانا و زۆر بە ئاسانی بەرەڵای كرد، من كە كچەكەی خۆم پێدا، ئەو (مستەفا)یە هیچی نەبوو لە موچەیەكی فەرمانبەری زیاتر، دەشمزانی نەخانووی هەیە نە توانای خانووكڕینیشی هەیە، بۆیە هەر لە ساڵی یەكەمی هاوسەرێتییانەوە ئێمە یارمەتییەكی زۆریمان دان كە بتوانن خانوویەكی بچكۆلانە بكڕن و لەناویدا بحەوێنەوە و لە دەردی كرێچیاتی رزگاریان بێت، پاشان ساڵێك دوانیان رابرد وەك ژن و مێردێك و منداڵیان نەبوو، سەردانی پزیشكی تایبەتمەندیان كرد، بەڵام دوایی دەرچوو كە (مستەفا) هەر هیچ توانای منداڵ بوونی نییە و هۆكەشیان بۆ هۆكاری زگماكی گەڕاندەوە، ئینجا پاشان بۆمان روون بۆوە كە بەڵێ لەناو خێزانەكەشیاندا برای دیكەی هەیە هەمان حاڵەتی هەیە، ئەوە بێجگە لە دوو مامی تریشی دوای هەشت نۆ ساڵێك ژن و مێردایەتی بە هەزار حاڵ و هەوڵی پزیشكان ئینجا منداڵێك یا دوانیان زیاتر نەبووە، (مستەفا) ش هەمان حاڵەتی هەبوو، ئەوجا لەسەر هەموو دەردو خەمانیش، كابرا لە جیاتی ئەوەی شوكور بێت و قەدر و ڕێزی ژنەكەی بگرێت كە بەو حاڵەشەوە پێی رازییە، كەچی دەچوو كاری ناشرین و نابەجێی بەدڕەوشتی دەكرد. هەرچەندە (ژیان)ی كچم دڵی لێ پیس نەبوو بوو، بەلام قسە و شتیشی لەملاو ئەولا دەبیستەوە، كە پێی دەگوت و رووبەرووی دەبۆوە ئەو بەهەزار سوێند و قورئان خواردن نكوڵی لێدەكرد و رەتیدەكردەوە. بەم حاڵەوە مانەوە تاوەكو نیوەڕۆیەكی زوو كە هێشتا كاتی تەواوبوونی دەوامی فەرمانگەكان نەهابتوو.. پێشتر (مستەفا) پەیوەندی لەگەڵ هەندێ ئافرەتی لەشفرۆش هەبوو چەند جارێكیش بە دزییەوە هێنابووینەوە ماڵەوە، بەڵام (ژیان) پێی نەزانی بوو، كەچی ئەمجارە (ژیان) لە رۆژانی تر زووتر گەڕایەوە ماڵ، چونكە بەخۆشی كلیلێكی دەرگای حەوشەی ماڵەكەی لابوو، هەر ئەمەش بوو كە (مستەفا) لێی غافڵ ببوو، دەرگا دەكاتەوە و دەچێتە ماڵەوە و رێك بۆ ژووری نووستنی خۆیان دەچێت كە دەرگاكە دەكاتەوە دەبینێ (مستەفا)ی مێردی بە رووتی لەگەڵ ئافرەتێكی لەشفرۆش خەریكی كاری سێكسین، ئیتر ئەویش خۆی بۆ ناگیرێ دەیكاتە هەڵڵا و دەبێتە شەڕیان و قیژە و هەرایان دەگاتە كۆڵانەكەیان، كە (مستەفا) دەزانێ تازە (ژیان) كاری لە كار ترازاند، دەكەوێتە سەری، بەهەرچی و هەرچۆنێك بێت وەردەگەڕێتە سەری و لێی دەدات و هەزار جنێو و قسەی ناشرین و پیسیشی پێ دەدات...
لەم ناوەدا (مستەفا) بەهەر رێگەیەك بێت و بە پەلەپەل ئافرەتەكە دەرباز دەكات و لەبەرچاوانی ون دەكات، شەڕی ئەمانیش درێژەی دەبێت. (مستەفا)ش دوای ئەوەی لە (ژیان) دەدات و جنێوی پێدەدات یەكسەر ماڵەكە بەجێدێڵێ و دەچێتە دەرەوە، كە ئەو دەڕوات (ژیان) ماوەیەك بە گریان و هەنسك داناوە دادەنیشێ و پاشان لە ژووری نووستن گۆرەوییەكی ئافرەتانە كە وەكو لاستیك وایە دەكێشرێت، تاكە گۆرەوییەكە دێنێ و زۆر بە تووندی و خێرایی لە ملی خۆی دەئاڵێنێ و تووندتووند شەتەكی دەدات، ئەوەها تووند شەتەكی خۆی دەدات كە سەرەتا هەناسەی لەبەر دەبڕێ هەوڵ دەدات بە پەلە لە ملی خۆی بكاتەوە و شلی بكاتەوە، بەڵام ناتوانێ و پێی راناگات، ئەوە بوو بەهۆیەوە دەخنكێ، كە دەرودراوسێ گوێیان لە دەنگ و هەرایان دەبێت، حەز دەكەن بچن ناوبژیوانی بكەن، بەڵام لەبەر ئەوەی (مستەفا) دژی ناوبژیوانی هەركەسێك بوو، بۆیە ئەو كاتەی كە ئەو لەماڵ دەبێ ناچنە ماڵیان. بەڵام كە دیتیان رۆیشت و ماڵی بەجێهێشت دەچنە لای (ژیان)، جا كە بە ژوور دەكەون بانگی (ژیان) دەكەن بەڵام كەس وەڵام ناداتەوە، ئەوانیش ژوورەكان دەگەڕێن، كە دەچنە ژووری نووستن دەبینن گۆرەوییەكی لاستیكی لە ملی خۆی ئاڵاندووە و خنكاوە. ئیتر پەیوەندی بە پۆلیسەوە دەكەن و ئەوانیش دوای ماوەیەكی كەم دێنە ماڵەكە و پشكنین و لێكۆڵینەوەی خۆیان دەستپێدەكەن و لە رێگەی هاوكاری دراوسێكانیشەوە پەیوەندی بە (مستەفا) وە دەكەن و ئەویش دەگەڕێتەوە، كە رووداوەكە دەبینێ دەست دەكات بە گریان و رژاندنی فرمێسكی تیسماحانە. بەڵام پۆلیسیەكان دوای ئەوەی هەندێ زانیاری لەسەر شەڕەكەیان و هۆی ناكۆكییەكەیان لە خەڵكەكەی ئەوێ وەردەگرن، (مستەفا) دەستگیر دەكەن و پاشان رەوانەی بەندیخانەی گشتی دەكەن، دوای مانگ و نیوێك مانەوە لە بەندیخانە بە كەفالەت ئازاد دەكرێت. ئەمڕۆكەش دوا رۆژی دادگایی كردنی بوو، لەبەر نەبوونی بەڵگەی تەواو ئازاد كرا و خوێنی كچەكەی ئێمەش بە فیڕۆ چوو، ئینجا دوای ئەو قسانەی كاك (سابیر)ی باوكی (ژیان) حەزمان كرد لەسەر زاری خوشكیشی كە ناوی (سۆزان) بوو، هەندێ زانیاری تر وەربگرین.
(سۆزان) لەو بارەیەوە گوتی: خوشكەكەم بەداخەوە لەبەر پیاوێكی وا ناپاك و داوێن پیس خۆی كوشت، من تەنیا خەفەت لەوە دەخۆم و گلەیی و گازاندە لە خوشكە جوانە مەرگەكەم دەكەم و دەڵێم: باشە مێردی ئاوا چییە تۆ خۆتی بۆ بكوژی، كە ئەو شتەت لێدیت بهاتبایتەوە و پاشان داوای جیابوونەوەت بكردایە و هەموو مافەكانیشت مسۆگەر دەبوو. ئەویش ئەوسا سەری دەدا لەبەردی ئەلحەد، چونكە بەراستی جێگەی ئەسەفە ژنێكی وا جوان و جاحێڵ لەبەر شتێكی وەها خۆی بكوژێ. سەیر لەوەدایە دادگاش كە حوكمی ئازادكردنی دا لەبەر ئەوەی وەك پارێزەرەكەمان گوتی: ئەو ژنە خۆی كــــــــــوشتووە ئەویش دەوری نەبووە لەو خۆكوشتنە كە، بۆیە بڕیاری ئازادكردنیان داوە.
Top