كۆمەڵگەی تەندروست بەرهەمی سیاس
June 1, 2010
کۆمەڵایەتی
گەورە سۆسیۆلۆلژیست و ئابووریناسی ناودار (ماك كۆلێر) لەكتێبی (لایەنە ئابوورییەكانی سیاسەتی كۆمەڵایەتی) دەربارەی ئەو پرسە دەڵێت: وابەستەیی و تێكەهەڵكێشێك لەنێوان سیاسەتی كۆمەڵایەتی و پرسە سیاسییەكاندا هەیە، ئایدیۆلۆژیای حزبە حوكمڕانەكان راستەوخۆ كار لەو سیاسەتە دەكات، ئامانجی سەرەكیش دۆزینەوەی چارەسەرییە بۆ ئاریشە كۆمەڵایەتییەكان، (كۆلێر) بۆ روونكردنەوەی زیاتر دەڵێت: كۆمەڵە راستییەك هەیە كە نەك هەر گرنگە، بەڵكو دەبێ رەچاویش بكرێن ئەوانیش.
- سیاسەتی سۆسیۆلۆژی سیاسەتێكی رەمەكی بێ بەرنامە نییە كە تەنیا بەشێوەیەكی كرداری جێبەجێبكرێ بەڵكو پلانێكی ئەقڵانی مەحكەمە كە جۆری كێشەكان و میكانیزمی چارەسەركردنیان دیاری دەكات.
- نابێ بەهیچ شێوەیەك لێكجیاكردنەوە لەنێوان سیاسەتی كۆمەڵایەتی و هەندێ لەئاریشەكانی كۆمەڵگە بكەین، واتە سیاسەتەكە تەنیا بۆ چارەسەكردنی چەند گرفتێكی دیاریكراو دابڕێژرێ و ئەوانی دیكە پشتگوێبخات.
- تونس یەك لەو وڵاتە رۆژهەڵاتیانەیە كە تەجرەبەیەكی سەركەوتووی لەم بوارە هەیەتی لەوێدا، بیمەی كۆمەڵایەتی و سیستمی پارێزی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی زۆر چالاكە، ئاریشە كۆمەڵایەتییەكان، رێژەیان كەمترە، ساڵانێكی زۆرە ئافرەتێك بەبیانووی نامووس پارێزی نەكوژراوە، تەجرەبەی تونس وێرای جەخت كردنی لەسەر یاسای دروست لەو بوارەدا هاودەم بەهۆی سیستەم و سیاسەتە كۆمەڵایەتییەكانەوە، توانییوویەتی وێنەیەكی جوانی رەوشی كۆمەڵایەتی وڵاتەكەی نیشانی دنیا بدات.
سۆسیۆلۆژیست و بیرمەندانی بواری كۆمەڵناسی پێیانوایە هەر سیاسەتێكی كۆمەڵایەتی پێویستە كار بۆ هێنانەدی چەند ئامانجێكی گشتی بكات و لەچەند خاڵێكدا كۆیان بكاتەوە ئەوانیش:
- تێركردنی پێداویستییە سەرەكییەكانی مرۆڤ لەخۆراك و شوێنی نیشتەجێبوون و خوێندن و كاركردن.
- پەرەپێدان بەتواناكانیان و دەرگە واڵاكردن بۆ زیاتر لە بژارێكی ئابووری و كۆمەڵایەتی.
-دەستەبەركردنی هەلی كاركردنی یەكسان بۆ هەموو هاووڵاتیان لەپێناو هێنانەدی عەدالەتی كۆمەڵایەتی.
- رێگە خۆشكردن لەبەردەم تێكەڵاوی كۆمەڵایەتی و رەشكردنەوەی تەواوی شێوەكانی جیاكاریی.
- دوا خاڵی گرنگ، بەشدارپێكردنی هاووڵاتیان و پسپۆڕ و پێكهاتەكانی كۆمەڵگای مەدەنییە لەداڕشتن و جێبەجێكردنی سیاسەتی كۆمەڵایەتییدا.