قـەرزاری رووداوێكی ترســناكی ل

قـەرزاری رووداوێكی ترســناكی ل
دوو برازای یەكتربوون، ماوەیەك بەیەكەوە مامەڵەی بازرگانی هێنانی جلوبەرگیان لە توركیاوە دەكرد، پاشان كە قازانجیان زۆر بوو كۆگایەكی گەورەیان دامەزراند.
رووداوێكی چاوەڕواننەكراو
(رەشید) و(یوسف) نێوانیان ئەوەندە ناخۆشی تێكەوت گەیشتە رادەی لێكدان و شەڕكردن، باوكم كە مامی گەورەی هەردووكیان بوو، وەكی بە مەسەلەكەی زانی گەیشتۆتە ئەو رادەیە، بە ئێمەی گوت بڕۆن شەوێ بیانهێننە ئێرە با لێرە بە خۆشی و بە رێكەوتن بیبڕێنینەوە، با نەگاتە ئەوێ یەكێكیان كەتنێك بكات و ئیشەكە لە دەستمان دەربچێت و ببینە گاڵتەجاری خەڵكی ، من و(عەلی و زرار) یش چووینە لای(رەشید و یوسف) و پێمان گوتن شەو بێنە ماڵی ئێمە و مەسەلەكە ببڕێنینەوە، ئیتر ئەوەبوو رووداوەكە قەوماو بە كەسمان نەگەڕایەوە).
ئەوانە قسەی(جەلیل)ی ئامۆزای هەریەك لە(رەشید و یوسف) بوو، ئەو دووانەش هەر كوڕە مامی یەكتربوون، ئەوجا پاشان(مام رەحمان) كە مامی هەر یەك لە (رەشید و یوسف)یە، كێشەی نێوان ئەو دووانە و دەرەنجامە جەرگبڕەكەی بەم شێوەیە بۆمان گێڕایەوە و گوتی:(رەشید و یوسف) هەردووكیان برازامن و هەریەكەی لە برایەكمن، ئەوانە ماوەیەك پێكەوە مامەڵەی بازرگانی هێنانی جلوبەرگ لە توركیاوە دەكەن و پاشان كە بەردەوام قازانجی لێدەكەن، دووكانێكی وەك كۆگای فرۆشتنی جلوبەرگ دادەنێن، ناوە ناوە سەفەری توركیا دەكەن بۆ هێنانی جلوبەرگی تازە و بەپێی داواكاری خۆیان و بازاڕەكەیان جا هەندێك جار یەكێكیان بە تەنیا و هەندێ جاریش پێكەوە، ئاخر جاریان(رەشید) بە تەنیا دەچێت و ماوەیەكی پێدەچێ ناگەڕێتەوە، پاشان لەوێ لە شارێكی توركیا تەلەفۆن بۆ(یوسف) دەكات و دەڵێ وەرە سەر سنوور جلوبەرگەكتان وەربگرە لەلای دوكانمان داناوە و بە پیاوێكی توركی كە پێشتر لە گەڵیان كاری دەكرد، ناردوویەتی، وەك جاری جاران(یوسف)یش، دەچێتە شوێنی مەبەست، و ناونیشانی مەبەست بەڵام نەكابرا دەبینێ و نە جلوبەرگیش، ئیدی لەو ناوە تۆزێك مشتومڕیان دەبێت، ئەو دەڵێ ناردوومە و ئەویش دەڵێ نەتناردووە، ناچار(رەشید) دەگەڕێتەوە و یەكتر دەبینن و پاشان سۆراغ وگەڕان و پشكنین دەردەكەوێ (یوسف) لە چوونی بۆ شوێنی مەبەست لە كات و ساتی خۆیدا وەدرەنگ كەوتووە و كابرای توركیش ئەوە بەدەرفەت دەزانێ و ماڵەكە كە بای دوو دەفتەر دۆلار دەبێ بە دەفتەرێك و نیو یەك جێ دەیفرۆشێ و لێدەدا دەڕواتەوە توركیا و خۆی لە هەردووكیان بزردەكات، ئەو كابرا توركەش لەو كارگەیەی كە ئیشی دەكرد و( رەشید و یوسف) جلوبەرگیان لێدەهێنا خاوەنی كارگەكە چارەكی زەرەرەكە دەخاتە ئەستۆی خۆی و ئەوی دەشمێنێتەوە دەكەوێتە سەر (رەشید و یوسف) ئەوانەش ماوەیەك دەبێتە مشتومڕیان لەسەر چۆنیەتی وە ئەستۆ گرتنی زەرەرەكە لە كۆتاییدا دەگەنە ئەو ئەنجامەی كە(رەشید) لەبەر ئەوەی لە(یوسف) دەوڵەمەندتر بوو بە كردارەكی هەموو زەرەرەكە هەڵگرێ بەو مەرجە زەرەری (یوسف) بداتەوە و بەڵام وەك قەرز لەسەر(یوسف) بمێنێتەوە، ئەوجا لە نێوان خۆیان كاغەزێك دەنووسن بڕی حەوت هەزار و پێنچ سەد دۆلار وەك قەرز دەكەوێتە سەر یوسف، بەڵام بازرگانی و مامەڵەكاریان پێكەوە رادەگرن و لێكجیادەبنەوە.. ماوەی دانەوەی قەرزەكەش بە دوو مانگ دیاری دەكەن، هەشت مانگ بەسەر قەرزاكەدا دەچێت كەچی(یوسف) هەر رۆژەی بە بیانوویەك خۆی لە دانەوەی قەرزەكە دەدزێتەوە، لەو ماوەیە یەك دووجار مشتومڕ و شەڕە قسە دەكەوێتە نێوانیان، پاشان دەگاتە ئەوەی لە یەكتریش دەدەن و دەمانچە لە یەكتر رادەكێشن بەڵام خەڵك دەكەوێتە نێوانیان و لێكیان دەكەنەوە، كوڕەكانی منیش دەچنە نێوانیان بەڵام پێكنایەنەوە، هەر چەندە لە راستیدا (رەشید) لەسەر حەق دەبێ و(یوسف) لاملی دەكات، بەڵام دواتر(رەشید)یش یەك دووجاری دیكەی یەخەی(یوسف) دەگرێتەوە دەیكەنە شەڕە مست و لێكدەدەن،... كە زانیم مەسەلەكەیان وەها لێك ئاڵۆزبووە، كوڕەكانم ئاگاداركردنەوە بەتایبەتی ئەو رۆژەی كە گەیشتبوونەوە یەكتر و لێكیان دابۆوە، گوتم بڕۆن ئاگاداریان بكەنەوە، شەو بێنە ماڵی خۆمان، من لەگەڵ مامۆستا مەلا(محەمەد) و چەند ریش سپیەكی دیكە پێكیان بینینەوە كێشەی قەرزەكەش چارەسەر بكەین، ئەوەبوو شەوێ پیاومان كۆكردنەوە و ئەوانیش هاتن و لە بەرامبەر یەكمان دانان و سەرەتا هەوڵماندا بە قسەی خۆش و شیرین دڵی هەردووكیان نەرم بكەین، بەڵكو پێك بێنەوە، ئەوجا باسی قەرزەكەشیان دێنینە گۆڕێ بەڵام رەشید گوتی: مامە پێكهانەوەی ناوێ من و(یوسف) جارێكی تر نە یەكتر دەناسین و نە لەگەڵ یەكیش دادەنیشنەوە، بەڵام لەبەر خاتری ئێوە من ناكۆكییەكە دەبڕێنمەوە، بەو مەرجەی پارەكەم یەك جێ و دەموودەست بداتەوە، قسەكانی(رەشید) نابەجێ نەبوون، بەڵام لەولاوە(یوسف) گوتی: چ پێویستم بە پێكهاتنەوە لەگەڵ تۆ نییە و دینارێكیش لەلام نییە،بەخۆت كارەكەت كردووە و هەڵەت كردووە هەر بەخۆشت ئەنجامی هەڵەكەت بخۆ، ئیتر ئەوەندە بەس بوو لێك راست ببنەوە و هێرش بكەنە سەر یەكتری و لەیەك بدەن، ئێمە كەوتینە نێوانیان، بەڵام هەر هێندەمان زانی كە(یوسف) دەمانچەی لە باغەڵی دەرهێنا و سواری كرد(رەشید) تاوی دایە لێی وەربگرێ و تووند دەستی گرت، گوللەیەك دەرپەڕی نەمانزانی بە كوێ كەوت یەكی تریش دەرپەڕی بە شانی چەپی عەلی كوڕم كەوت، ئەوجارە گوللەیەك دەرپەڕی بەسەری(یوسف) خۆی كەوت و دەموودەست بەربووە سەر زەوی ، ئیتر ئەوەبوو بووە هەڵڵا كەس ئاگای لە كەس نەما.
لێكۆڵینەوە و دەستگیركردنی هەشت كەس
ئەمە وردو دروشتی گوفتاری(مام رەحمان)ی مامی گەورەی هەر یەك لە(رەشید و یوسف) بوو لە بەردەم ئەفسەری لێكۆڵینەوە، ئەو ئەفسەرەی لێكۆڵینەوەكە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی تاوانەكەی لە ئەستۆ بوو ناوی(ی.هـ) بوو، لە خستنەرووی بەشێكی تری ئەم رووداوە بەم جۆرە وردەكارییەكانی تری بۆ گێڕاینەوە و گوتی: كە گوفتاری(مام رەحمان) مان وەرگرت لە ناوی ئەو شاهێدانەی كە ئاگاداری رووداوەكە بوون لەگەڵ ئەوانەی لە دانیشتنەكە بوون لە دۆسییەكە تۆمارمان كردن، ئینجا بە دوور و درێژی گوفتاری(رەشید) مان وەرگرت بەو پێیەی لایەنی سەرەكی رووداوەكەیە، كە وەرگرتنی گوفتارەكانمان تەواوكرد، دۆسییەكەمان بردە بەردەم دادوەرس ئەویش بڕیاریدا هەشت كەس لە كۆی(10) كەس لە ئامادەبووانی رووداوەكە بۆ سەلامەتی لێكۆڵینەوە بەشێوەیەكی كاتی دەستگیربكرێن، نزیكەی دوو سێ رۆژان ئەوانەمان لەبەر لێكۆڵینەوەبە بە بەندكراوی هێشتەوە، پاشان دادوەری لێكۆڵینەوە بڕیاری ئازادكردنی هەر هەموویانی دا تەنیا(رەشید)ی هێشتەوە، راستییەكەی (رەشید) وەك گومانلێكراو لە ژێر لێكۆڵینەوە هێشترایەوە، لێكۆڵینەوەی تایبەتیمان لەگەڵ هەموو ئەوانەی كە لە دانیشتنەكەدا ئامادە ببوون و پاشان كە بوونە ناوبژیوان كرد چەندین جاریش لێكۆڵینەوەكان بە تەنیا و جار جارەش روبەڕووی یەكترمان دەكردنەوە ، بۆ ئەوەی بگەینە راستییەكی رەهای بێ گومان، لێكۆڵینەوە لە كێشەكە پتر لە سێ مانگی خایاند دواتر دادگا تەواوی كێشەكەی رەوانەی دادگای تایبەتمەند كرد و لە ئەنجامدا دادگای تایبەتمەند بە شەش مانگ بەندكردن(رەشید)ی سزادا بەڵام(رەشید) بەهۆی گرتنی پارێزەرەوە تانەی لە بڕیارەكەی دادگای تایبەت داو دەرەنجام دوای نزیكەی كەمتر لە مانگێك دادگای پێداچوونەوە بڕیاریدا (رەشید) ئازاد بكرێت چونكە بەڵگەی تەواوی لە دژی نییە.
بەم شێوەیە لەسەر قەرزێك رووداوێكی كوشتن روویداو چەندین كەسیش تووشی زەحمەتی گرتن و لێكۆڵینەوە بوونەوە و ئاخیرییەكەی قەرزەكەی(رەشید) یش سووتا.
چونكە لە راستیدا كەس نەبوو لە جیاتی(یوسف) قەرزەكە بداتەوە و حیسابەكە پاك بكەنەوە(یوسف)یش بەخۆی لە رووداوەكەدا كوژرا(رەشید) خوا خوای بوو، لە بەندیخانە ئازاد بێ و ئەو كێشەیەی لە كۆڵ بێتەوە، بۆیە كە دوا بڕیاری دادگا بە ئازادكردنی دەرچوو پێمگوت: دوای ئەو هەموو ناخۆشی و دەردە سەرییە بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكەت چی دەكەی؟
(رەشید)یش كە تازە تۆزێك ئاسوودە ببوو، بڕیاری دادگای بە ئازادكردنی بۆ دەرچووبوو، ئاخێكی هەڵكێشا و گوتی: كاكی ئەفسەر توخوا هەر باسی مەكە، جارێكی تر من و باسكردنی قەرز؟! وەكو مەسەلەكە دەڵێ: بۆ ریش چوو سمێلیشی لەسەر دانا، من لە پیاوەتی خۆم ئەو كابرا رەحمەتییەم كردە هاوبەشم و هێنامە ناو كاری بازرگانی، كەچی ئەنجامەكەی كۆمەڵێك پارەم چوو، دوو سێ جارانیش تووشی شەڕە قسە و شەڕە مست و هەڕەشەی كوشتن و پاشان بەندیخانەش هاتم، تازە لێیان وەرناگرم، كوڕە گەردنیان خۆش و ئازادبێ، هەر بەوەندە دەربازم بێت و كێشەی ئەوانەم لە كۆڵ بێتەوە ، هیچی ترم ناوێ(مام رەحمان) یش كە رووبەڕووی ئەفسەرەكە راوەستا بوو، ئەو وەختە لەگەڵ كوڕەكانی خۆی و خێزانی (رەشید) هاتبوون بۆ بەدواداچوونی تەواوكردنی هەندێ رێككاری یاسایی و بردنەوەی(رەشید) لە بەندیخانەوە بۆ ماڵەوە، لە ناو بنكەی پۆلیس، دەستێكی لەسەر شانی (رەشید) داناو رووی قسەی لە ئەفسەرەكە كرد و گوتی: بەخوا كوڕی من ئەو رووداوە بەڵایەك بوو بەتۆش و بە ئێمەشەوە نووسا، من گوتم جوان نییە برازاكانم لەسەر پارە هەموو رۆژێ ببێتە شەڕ و ناخۆشییان با بانگی ماڵی خۆمانی كەم و كێشەكە ببڕێنمەوە كەچی ئەوەی لە چاوەڕوانی و پێشبینی كەسدا نەبوو(یوسف) بەڕەحمەت بێت، دەمانچەی پێ بێ و ئەوەندە هەڵەشەبێ لەسەر قسەیەكی سادە وهەقی (رەشید) رێزی ئەو هەموو خەڵكە بشكێنێ و پەلاماریشی بدات و دەمانچەش دەربێنێ و (عەلی) كوڕم بریندار بكات و پاشان خۆشی بە فەتارەت بچێ، خودا ئێمەی خۆشویست، ئەگەرنا لەوانەیە چەند كەسێكمان لێ بكوژرابا،(یوسف) نە رێزی خۆی گرت نەڕێزی ئێمەشی گرت و خۆشی دووچاری چارەنووسی مردن كردەوە و ئەوەندە مانگەش ئێمە كەوتینە داوی دادگا ودادگا كاری، مەمنونی خودام كە هەر لەوەندە گەڕایەوە...(مام رەحمان) قسەكانی تەواوكرد رووی لە(رەشید) كرد و گوتی: كوڕم با چیتر برینان نەكولێنینەوە تازە رووداوەكە روویدا بڕایەوە، گرنگ ئەوەیە راستی بەدەربكەوێ و كەس بەبێ گوناه، و بەغەدر زوڵمی لێ نەكرێ و حوكم نەدرێت.
Top