لەمردن رزگاری كرد، بەڵام هەر خۆ

لەمردن رزگاری كرد،  بەڵام هەر خۆ
پیاوێك منداڵێك لە خنكان رزگار دەكات؟
دەمێك بوو ماڵی(سەعدوڵڵا) بە خاو و خێزانەوە لە نزیك چۆمەكە دانیشتبوون و خەریكی نانخواردن بوونی،(دڵخواز)ی ژنی(سەعدڵڵا) چەند جارێك مێردەكەی ئاگاركردەوە كە ئاگای لە (رێباز)ی كوڕە یانزە ساڵییەكەی بێت، چونكە تەواو چۆتە ناو چۆمەكە و ترسی خنكان و ئاوبردنی لێی هەیە، بەڵام(سەعدوڵڵا)ش دەیگووت: ئافرەت چییە ئەوەندە لەسەر منداڵەكە دەلەرزی، لێ گەڕێ با تۆزێك بۆخۆی لە ناو ئاوەكە بێ و یاری بكات، ئەو ئاوە ئەوەندە، بەخوڕ و گوڕوتین نییە تاوەكو بیبات، لەولاشەوە ماڵی(گەیلان) ئەو شوێنەیان پێخۆش دەبێت و دێن لەوێ ئۆتۆمبێلەكەیان رادەگرن و لەوێ بارگەیان دەخەن و سەیران دەكەن، دوای دابەزاندنی كەلوپەلەكان و رایەخ راخستن ئامادەكردنی خواردنی نیوەڕۆیان، ئەوانیش دەست دەكەن بە نانخواردنی خۆیان، ئا لەوكاتەدا لە ناو ئاوەكە دەنگی قیژەی منداڵێك بەرز دەبێتەوە(دڵخواز) دەقیژێنی و لەخۆی دەدا و بەدەم هاوار كردنەوە دەڵێ: بگەنە كوڕەكەم خنكا، ئەی هاوار زوو بە فریای بكەون..)) لەبەر ئەوەی(سەعدوڵڵا) مەلەوانی نەدەزانی، لە رۆخ ئاوەكە هەر ماخوڵانی بوو، نەیدەزانی چی بكات، قیژەكانی(دڵخواز) هێندەی دیكە شپرزە و شڵەژاوی دەكات و هێندەی دیكە سەری لێدەشێوێنێ كابرا لە نێوان دوو بەرداش دابوو، نەیدەزانی چی بكات، بچێتە ناو ئاوەكە رەنگە بەخۆشی بخنكێ، ناچێ ئەگەری زۆر هەیە كوڕەكەی بخنكێ، كابرا هەستی باوكایەتی خەریكبوو دەیكوشت، هەستی بە شەرمەزاییەكی زۆر دەكرد و هیچیشی لە دەست نەدەهات بیكات.

لەو خەیاڵات وتێفكرینە كوشندانەدابوو، گوێی لە شڵپە خۆ بە ئاودانی كەسێك بوو، ئاوەڕی دایەوە بینی ئەو كابرایە كە تازە بوو بەخۆوە بە خاو و خێزانەوە لایاندابووە نزیكی ئەوان، كابرا زۆر چوست و چالاكانە هێندەی بڵێی یەك و دوو خۆی گەیاندە منداڵەكەم وەك بروسك دەریهێناو و هێنایە لای كەس وكاری ، تۆزێك ئاو چووبووە ناو هەناوی بەڵام وەیان لێكرد خۆ بڕشێنێتەوە و ئەو ئاوەشی لە سكی بێتەدەرەوە، بەیەك دوو خولەك چ عەیبی نەما و وەكو جارانی لێهاتەوە، ئیتر(سەعدوڵڵا) و خێزانەكەی نەیاندەزانی چۆن چۆنی پاداشتی(گەیلان) بدەنەوە.

ئەمجارە هەردوو خێزان لە رێورەسمی تازەیەدا پێكەوە بوون

بۆچی لە خۆشی و كەیف و سەفاوە بووە تازییە و تازیەكاری داخۆ دەبێ چی روویدابێ و چ كارەساتێك قەومابێ..؟(گەیلان) كە بەخۆی كارەساتەكەی لە دەست قەومابوو، سەربوردەكەی بە تەواوەتی بۆ گێڕاینەوە و گوتی: ئێمە كە لە گەشتەكە بووین، بەڕێكەوت لاماندایە ئەو شوێنەی كە ماڵی كاك(سەعدوڵڵا)ی لێ دانیشتبوون، دوای ئەوەی خەریكی نانخواردن و چا خواردنەوە بووین گوێمان لە دەنگی قیژەی منداڵێك بوو، بەولاشەوە دایك باوكیش قیژە و هاواریان لێهەڵسا، كە ئاوڕم دایەوە، منداڵێكمان بینی لە ناو ئاوەكەدا پەلەقاژەی بوو، خۆم بۆ نەگیرا، بێ ئەوەی جلەكانم داكەنم، خۆم هەڵدایە ناو ئاوەكە و لە چاوتروكانێكدا خۆم گەیاندە منداڵەكە و لە ناو ئاوەكە دەرمهێنا، بەمجۆرە منداڵەكەم لە مردن رزگاركردو بووە مایەی كەیف و خۆشی دایك و باوك و كەسوكارەكەی، ئیتر هەردوولامان بە تەواوەتی لێكنزیكبووینەوە و كردمانە یەك سفرە و یەكتر ناسینمان زیاتر بوو، لە كاروكاسبی و خزم و كەسوكاری یەكترمان پرسی، تاوەختێكی درەنگ بە قسەی خۆش و نوكتە و گێڕانەوەی سەربوردە و ئەو شتانە گوزەراندمان، ئیدی ژمارەی مۆبایلمان ئاڵۆگۆڕكرد و ناونیشانی یەكتریمان زانی و خۆمان كۆكردەوە بۆ رۆیشتن، منداڵەكان كەلوپەلەكانیان و خستە ناو سندووقی ئۆتۆمبێلەكە و هەرچی هەمان بوو، نەمانبوو هەموومان كۆكردەوە سواری ئۆتۆمبێلەكە بووین كە بڕۆینەوە... بە هەمان شێوە ئەوانیش كەلوپەلەكانی خۆیان كۆكردەوە بڕۆن، ئێمە كە نیوەڕۆیەكەی لاماندانە، ئەو شوێنە، ئۆتۆمبێلەكەم بەجۆرێ راگرتبوو كە ببێتە سێبەر بۆمان جا لە رۆیشتنیشدا دەبوو تۆزێك بگەڕێمەوە دواوە و تۆزێك پێچ بكەمەوە ئینجا بڕۆم، ئۆتۆمبێلەكەم بەگەڕخست خستمە گێڕ بۆ ئەوەی بۆ دواوە بكشێمەوە لەبەر ئەوەی شوێنەكە تۆزێك هەوراز بوو كە كشامەوە، تۆزێك بەهێز هاتمەوە هەمووی نیو مەترێك دەبوو كە كشامەوە و دەنگی زیڕەی منداڵك رایچڵەكاندم و دەنگە دەنگ لە ناو خێزانەكەی(سەعدوڵڵا) بەرزبۆوە و هاوریان كرد بڕۆپێشەوە منداڵەكەت كوشت..) بە خێرایی ئۆتۆمبێلەكەم بۆ پێشەوە لێخوڕی و رامگرت و هەموومان دابەزین و چووینە لای دواوە، چی ببینن منداڵ لە خوێن گەوزێندرابوو، ئەوسا زانیم من نیوەڕۆ لە ناو ئاو لە خنكان رزگارم كرد كەچی ئێوارە بە ئۆتۆمبێلی خۆم كوشتم. كە دیتم منداڵەكەم شێلاوە، ئەوسا زانیم چ كارەساتێكم بۆ ئەو خێزانە خوڵقاند. ئەو وەختە هەر ئەوەندمان پێكرا منداڵەكە بەم هەموو خوێنەوە هەڵیگرینەوە و بە پەلە بیگەیەنینە نەخۆشخانە، نیو كاتژمێرێك پێچوو تا گەیشتینە نەخۆشخانە، تا ئەو كاتیش منداڵەكە هەرمابوو هەناسەی دەدا، پزیشكەكان هەوڵی زۆریان لەگەڵدا، بەڵام سوودی نەبوو، دوای چەند خولەكێك لە هەوڵی پزیشكەكان گیانی سپارد، بەڕاستی بۆمن كارەساتێكی دڵتەزێن و ناخۆش بوو، بەخوا منداڵی خۆشم بایە هەر هێندەم خەفەت دەخوارد و سووم لێدەبۆوە، بەهەرحاڵ لە نەخۆشخانە لە دایك و باوكیان پرسی كە هۆی چی بووە بەو بریندارییەوە مرد، ئەوانیش گوتیان بە رووداوێكی قەزاو قەدەری ئۆتۆمبێل بوو، ئیدی پۆلیسی نەخۆشخانە لێكۆڵینەوەیان كرد و منیش دەستگیركرام، دوو سێ رۆژ لە بەندیخانە مامەوە و پاشان دایك و باوكی منداڵەكە خۆیان هاتن و لێمخۆشبوون و ئازادكرام، راستە من لە بەندیخانە ئازاد كرام، بەڵام تووشی ئازارێكی دەروونی گەورە ببووم و خەم و خەفەتێكی زۆر هەبوو، نەمدەزانی چی بكەم بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو خەسارەتە بكەمەوە، كە دایك و باوكی جگەر سووتاوی ئەم منداڵە دووچاری هاتن، ئەم رووداوە كە چاوەڕوانكراو نەبوو، منی تووشی شەرمەزارییەكی گەورە كرد و هەمیشە لە بەرامبەر ئەو دایكە و باوكە دڵساف و بە ئەمەكە خۆم بە تاوانبار دەزانی، هەر چەندە لە دادگاش تەنیا خۆم بە سزا درام و كێشەكە لە دادگاش كۆتایی پێهات، بەڵام تا هەنووكەش كە كێشە بڕاوەتەوە و ماڵەكە هیچ كێشەیەكیان لەگەڵم نییە، بەڵام هەمیشە وەك ئەزموونێكی تاڵ و رۆژانێكی زۆر ناخۆش و رووداوێكی تا بڵێی دڵتەزێن دێتەوە یادم، شتێكی زۆر ناخۆشە و تۆ لە ساتێكدا منداڵێك لە مردن رزگار بكەی و هەر هەمان منداڵ لە ساتێكی تردا بەهۆی تۆوە بمرێت.
Top