لەنێو زەلـــكاوی بـــەدڕەوشــ

لەنێو زەلـــكاوی بـــەدڕەوشــ
لەژیانی رۆژانەماندا، ئەو بەسەرهات و رووداوانەی دەبنە پێش هات بۆمان، پێدەچێت زۆربەیان بەلامانەوە ئاسایی بن، بەڵام هەندێك جار ئاسایی نین، دواتر بیردەكەینەوە بۆ دەبێت تووشی ئەم رووداوا یان حاڵەتانە ببینەوە؟ هەروەك دەڵێن كەس نازانێت خێر بەچییەوەیە. لەناسینێك و رێكەوتێكی ئاوادا مرۆڤە باشەكان دەردەكەون و هاوكات كەسانی دەوروبەریش سوودمەند دەبن لێیان و دەبنەمایەی خێروباشە، بەڵام ئەو كەسەی دەتوانێت كارێكی لەم جۆرە بكات نیشانەی هۆشیاری و بەرز راگرتنی رەوشتی خۆی و تەنانەت بەرامبەرەكەیەتی بەتایبەت بۆ گەنج ئەم ئەركە دوو ئەوەندە قورستر دەبێتەوە.
دروست كردنی پەیوەندی
كاتژمێر دوو نیوی نیوەڕۆ بوو، كاتی تەواوبوونی دەوامی فەرمانگەكەمان بوو، زۆر بەپەلە لەفەرمانگە هاتمە دەرەوە، پێشتر تەلەفۆنێكی زۆر گرنگم بۆ كرا كە دەبوو بەبێ دواكەوتن بگەمە ماڵەوە.هاوڕێكەم ئۆتۆمبێلی پێ بوو داوای لێكردم لەگەڵیدا بڕۆمەوە، دوای سوپاس لێكردنم چوومە شوێنی وەستانی پاس، چانسێكی باشم هەبوو، پاسەكە نەفەری كەمی تیابوو هاوكات زۆریش چاوەڕێم نەكرد كە هات. پاسەكە لەبەردەمدا وەستاو سواربووم، چووم لەسەر كوشنێك دانیشتم، بەمنەوە چوار كەس لەپاسەكەدا هەبوون، لەدوای من كچێك هاتە لەتەنیشت منەوە دانیشت، تا ئێرە ئاسایی بوو بەلامەوە، بەڵام دوای رۆیشتنی پاسەكە گەیشتینە ترافیكێك كچەكەی لەتەنیشتمەوە دانیشت بوو هەروەك بڵێی سەیری منی دەكرد یاخود دەرەوە، روون نەبوو بەلامەوە سەیری كاممان دەكات، بەهەرحاڵ پەنجەرەكەم كەمێك كردەوە تاهەوایەك بێتە ژوورەوە، لەو چركەساتەدا (هاوڕێ) دەڵێت: هەستم كرد كچەكەی تەنیشتم شتێكی بەگیرفانمدا كرد، سەرم سورما نەمزانی چی بوو؟ نەشمدەزانی چی بكەم؟ زۆر حەزم كرد بزانم چی كردووە بەگیرفانمدا؟ بەبیانووی مۆبایلەوە دوای دوو سێ خولەك دەستم بەگیرفانمدا كرد و بینیم كارتێكە وێنەی كچێكی لەسەرەو و تەواوی زانیاری وەك ژمارە مۆبایل و ناوی گەڕەك و چەندان زانیاری تر، بەلامەوە سەیر بوو ئەم كارتە بۆچی خرایە گیرفانی منەوە؟ كچەكە بەبێ پرسیاركردن كەوتە گفتوگۆ كردن و گوتی: مەترسە ئەوە كارتی تایبەتی خۆمە، هەركاتێك ویستت دەتوانیت پەیوەندیم پێوە بكەیت، لێم پرسی مەبەستت چییە؟ گوتی:تۆ سەرنجی منت راكێشاوە و زوو جێگەی خۆت كردەوە لەدڵی مندا بۆیە پێم خۆش بوو یەكتری بناسین، گوتم:بەڕێزم من حەزم لەپەیوەندی نییە دەكرێت لەگەڵ كەسێكی تردا پەیوەندی دروست بكەیت، گوتی: نا هەڵە تێمەگە من ئەو پەیوەندییە ناڵێم بەڵكو پەیوەندی سێكسی دەڵێم!!!
هاوڕێ دەڵێت: بەبیستنی ئەو وشەیە هەموو گیانم كەوتە لەرزین و ترسام لەناو پاسەكەدا كارێك بكات و ئابڕووم بەرێت، پەشیمان بوومەوە بۆچی لەگەڵ هاوڕێكەمدا نەڕۆیشتم و خۆم تووشی ئەم حاڵەتە . گەیشتینە شوێنی پاس و داوای دابەزینم كرد، توند دەستی گرتم و نەی هێشت دابەزم، گوتی: بووەستە! جارێ دامەبەزە با كەمێك قسە بكەین و یەكتر بناسین دواتر دابەزە، هەرچەندم كرد نەیهێشت دابەزم، ناچار داوای لێبوردنم لەشۆفێری پاسەكە كرد. منیش حەزم كرد بیناسم و بزانم كێیە؟ كە ئەوەندە بەئاشكرا و بەرۆژی رووناك داوای ئەو جۆرە پەیوەندییە لە رەگەزی نێر دەكات.
هاوڕێیەكی باش
لەپاش رازیكردن و پەسەندكردنی پەیوەندی نێوان ئەو كچەو هاوڕێ، دواتر هاوڕێ لەشوێنی مەبەست دادەبەزێت بەڵام زۆر دوو دڵە و بیر لەو مەسەلەیە دەكاتەوە، بۆیە ناتوانێت بە تەنها بیری لێ بكاتەوە ئەم بابەتە بۆ كاوەی هاورێی باس دەكات، كاوەش زۆر حەز دەكات بەدوای ئەمەدا بچێت. لەدوای دانانی ژوانێك و خۆ ئامادەكردن بۆی رۆژێك، تەلەفۆن بۆ ئەو كچە دەكەن دوای یەكتر ناسین زۆر بەخۆشحاڵیەوە دەڵێت حەز دەكەم لەخزمەتتدابم بەتەلەفۆن هیچ ناكرێت، هاوڕێ گوتی :بەهەرحاڵ رۆژێكمان دانا بۆ یەكتر ناسین لەباخی گشتی، كاتێك یەكترمان بینی، كاوەی هاوڕێم سەری سورما لە جوانی كچەكە و گوتی هاوڕێ هەرگیز باوەڕناكەم ئەم كچە بەو شێوازە بێت كە تۆ باسی دەكەیت؟ دانیشتین لەباخەكەدا و نزیكەی كاتژمێرێك زیاتر گفتوگۆمان كرد پێی گوتم ئافەرین هاورێ بەراستی كەسێكی راستگۆیت ئەمە یەكەم جارە توشی كەسی راستگۆی وەك تۆ ببم، حەز دەكەم هاورێیەكی باش بیت.
هاوڕێ دەڵێت: لەكاتی گفتوگۆكردنماندا باسی هۆكاری دەست پێكردنی ئەو كارەمان كرد كە دەستی پێكردووە، شێنێ گوتی : من خراپی پەروەردەی خێزانەكەم وای لێكردم دەست بدەمە ئەم كارەو فێری ببم، لەبەرئەوەی باوكم كۆچی دوایی كردووە و دایكیشم بەمنەوە سێ منداڵی بەجێ هێشتووە و شووی كردۆتەوە ئێمەش لای نەنكم دەژین، خێزانێكی پەرت و بڵاوبووین كەسێك نییە دوو قسەی باشمان بۆ بكات و بژێویمان دابین بكات. منیش ناچارم ئەم كارە بكەم، لای نەنكم دەڵێم لەكۆمپانیایەك كاردەكەم، ئەو بەم كارەی من نازانێت. هاوڕێ دەڵێت: من و كاوە زۆر ئامۆژگاریمان كرد و پێمان گوت دەكرێت واز لەم خوە ناشرینە بهێنیت و كارێكی تر بكات، شێنێ گوتی پێم بڵێ: من چی بكەم لەكاتێكدا نیوەی كوڕی ئەم شارە بەم رەوشتە دەمناسێت، بەلامەوە سەیرە كە ئێوە نامناسن؟ ئیتر چۆن كاری ترم دەست دەكەوێت؟ هاوڕێ دەڵێت: كاوە گوتی: من یارمەتیت دەدەم و كارێكت بۆ دەدۆزمەوە، بەڵام تۆش هەوڵبدە لەئێستاوە واز لەو كارە بهێنیت، سەرەتا بەشداری خولێكی فێربوونی كۆمپیوتەر بكە و كەمێك شارەزایی پەیدا بكە دواتر لەشوێنێك دات دامەزرێنم. بەراستی كاوە هاوكارێكی باش بوو بۆئەوەی شێنێ بهێنیتەوە سەر رێگەی راست، تەنانەت شێنێ ئەوەندە گۆڕا كە بۆ هەموو كارێك پرسی بە من و كاوە دەكرد، شێنێ توانی تەواو رەوشت و رەفتاری خۆی بگۆڕێت تەنانەت لەچۆنیەتی پۆشینی جلوبەرگیشدا گۆڕانی بەسەردا هات.
راستە شێنێ لەدوای چەندین پەیوەندی لەگەڵ رەگەزی نێردا بەهاجوانەكانی رەوشت لە دەستداوە، بەڵام توانی خۆی بكاتەوە بەمرۆڤێكی تر ولەناو خەڵكدا بەجۆرێكی تر دەربكەوێت، هەرچەند لەزۆركاتدا بەفرمێسك رشتن باس لەو رۆژە تاڵانەی ژیانی دەكات كە چۆن بەدەست پیاوەوە گیرۆدە بووە و بۆ ئارەزووە سێكسیەكانی خۆیان بەهەموو جۆرێك بەكاریان هێناوە، بەڵام ئێستا خۆشحاڵە وەك مرۆڤێكی سەربەست ژیان بەسەر دەبات.
Top